ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

لیژنەهاوبەشەكانی سلێمانی؛ هۆشداری لەبارەی جۆرە برنجێكەوە دەدات

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی لیژنەی كۆگاكانی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی خراپی و نەشیاوی بۆ خواردن و بەكارهێنان، دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر برنجی ڕوسی داگرت، كە لەبازاڕەكاندا بە برنجی كوردی بە هاووڵاتیان دەفرۆشرا.

هاوڕێ محەمەد، سەرۆكی لیژنەی كۆگاكانی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، بەهۆی خراپی و نەشیاوی بۆ خواردن و بەكارهێنان ، لیژنەكەیان لە ناوچەی كانی بەردینەی شاری سلێمانی دەستیان بەسەر (10) تۆن برنجی ڕوسیدا گرت.

ڕاشیگەیاندووە، لەكاتی سەردانی لیژنەكە بۆ شوێنەكە تێبینی هەبوونی پاشەڕۆی قرتێنەرەكان لەناو برنجەكەدا كراوە، كە لە پاش پاككردنەوە و خاوێنكردنەوەی بە نرخی برنجی كوردی لەبازاڕ و سەرشەقامەكان بە هاووڵاتیان فرۆشراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی، بەفەرمان كە گشتاندنی بۆ كردوە و تیایدا ئەوەی خستوەتەڕوو ، كە ئەو خۆراكانەی ماوەیان بەسەر دەچێت یان شیاوی خواردن و بەكارهێنان نین، بۆ خواردنی مرۆڤ شیاو نییە و هەروەها بەكەڵكی ئەوەش نایەت وەك ئالیك دەرخواردی ئاژەڵ بدرێت.

ئاشكراشیكردووە، لە ئێستادا بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبونی هاووڵاتیان، تەواوی برنجەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

کوردستان

كۆدەنگی لەسەر داخوازییەكانی مامۆستایان دروست دەبێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

فڕاكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك نوێنەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پشتیوانی لە داخوازییەكانی مامۆستایانی هەرێم دەكەن.

لەگەڵ بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوام لە ناوەندە پەروەردەییەكانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە، مامۆستایان ڕایانگەیاند، سبەینێ یەك شەممە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەشارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن، لەپێناو دابین كردنی مووچە لەكاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕین و جەختیش لە بایكۆت دەكەنەوە.

لەوبارەیەوە، فڕاكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك نوێنەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنن: پشتیوانی لە داخوازییەكانی مامۆستایانی هەرێم دەكەن.

فڕاكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراویكدا ئاماژە بەوەدەكات: ئێمە پشتیوانی تەواوی خواست و داخوازییەكانی مامۆستایان دەكەین و دەبینە بەشێك لەو فشارانەی مامۆستایان بە ئاڕاستەی هێنانەدی داواكارییەكانیان.

فڕاكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەش دەخاتە ڕوو، لە هەرێمێكدا كە ژمارەی دانیشتووانەكەی ناگاتە شەش ملیۆن كەس و لەسەر دەریایەك نەوت و دەیان سەرچاوەی گرانبەهای سامانی سرووشتی هەبێت، خاوەنی چەندین دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی و داهاتێكی زەبەلاحی ناوخۆ بێت، ستەم و عەیبەیەكی گەورەیە مامۆستایان و كادیرانی پەروەردە بێنە سەر شەقام و داوای مووچەی پێنج مانگ پێش ئێستایان بكەن.

لە ڕاگەیەنراوەكە فڕاكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، دڵنیاین لەوەی كە هەرێمی كوردستان هیچ قەیرانێكی دارایی و نەبوونی داهاتی نییە، بەڵكو كێشەی نەبوونی دەسەڵاتداری دڵسۆز و دەستی پاك و ویژدانی زیندووی بەرپرسیارێتیی هەیە و سامانی خەڵك و داهاتی گشتی لە دەستێكی نائەمیندایە و بانگەشەی چاكسازیش لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە جگە لە قسەیەكی بەتاڵ شتێكی دیكە نییە. بۆیە بەتەواوی پشتگیریی داوا و خواست و خۆپیشاندانی مەدەنییانەی مامۆستایانین و پێویستە دەسەڵات بە زووترین كات وەڵامی ئەرێنیان بداتەوە و دەست هەڵبگرێت لە بەلاڕێدابرنی قەیران بە قەیرانێكی دیكە.

هاوكات، 15 نوێنەری كورد لە فڕاكسیۆنە جیاوازەكان كە نوێنەرایەتی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێن: پشتیوانی داواكاری مامۆستایان و فەرمانبەران و ناڕەزایەتییەكانیان دەكەین و داوا لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین دەستھەڵگرێت لە سیاسەتی چەوساندنەوەی فەرمانبەران و بڕینی مووچەكانیان و مانگانە و لە كاتی خۆیدا مووچەكانیان دابین بكات.

 

ئەو نوێنەرانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە پشتیوانی لە داخوازییەكانی مامۆستایان دەكەن:

(ئەحمەد حاجی ڕەشید، غالب محەمەد عەلی، سروە ونس، یسرا ڕەجەب، ڕێبوار كەریم مەحمود، ڕابوون مەعروف، سەركەوت شەمسەدین، جەمال كۆچەر، موسەننا ئەمین، كاوە محەمەد، هۆشیار عەبدوڵا، سەلیم هەمزە، یوسف محەمەد سادق، بەهار مەحمود، عەبدولباری مودەریس).

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئاماری ئەمڕۆی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی بڵاوكرایەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

تەندروستی سلێمانی دواین ئاماری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، كە تەنها شەش كەس گیانیان لەدەستداوە.

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروسستی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی ڕێنمایەكان و پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە تاك پارێزییەوە، جارێكیتر ئامارەكان هەڵكشانی خێرا دەبینن و نەخۆشخانەكان پڕ دەبنەوە.

ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە 26ی ئەیلولى2020، تەنها 18 كەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا خراونەتە ناو نەخۆشخانە و لە هەمان كاتدا 24 كەس چاكبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا 184 نەخۆش لە نەخۆشخانە ماون و ژمارەیەكیان لە چاودێری چڕ خەوێنراون و تەنها 6 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مەسرور بارزانی داوای كۆبونەوەیەكی تایبەتی پەرلەمان دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان داوای دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات .

لە راگەیەنراوێكدا نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لە سەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تایبەت ڕێكبخات كە تێیدا سەرۆكی حكومەت لە سەر جێبەجێكردنی كارنامەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم و ڕێڕەوی گفتوگۆكان لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی و شیكردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، وتارێك پێشكەش دەكات.

راشیگەیاند، بە پێی ماددەی 66 بڕگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ، سەرۆك وەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بكات بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوە لە سەر بابەتێك بدات و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش دەبێ لە ماوەیەكدا كە لە 14 ڕۆژ تێپەڕ نەكات ئەو دانیشتنە ڕێك بخات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان