ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ڕەنگە دەستکردەکان بونەتە شێرپەنجەیەکی لەسەرخۆ بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان


خەڵک – نزار جەزا

ڕەنگە دەستکردەکان لەهەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی هەرەمەکی لەدروستکردنی خواردن و خواردنەوەکاندا بەکاردەهینرێن، کە ئەمەش زیانی تەندروستی هەیە و هۆکارێکن بۆ دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان، لەگەڵ ئەمەشدا تاکو ئێستا لیژنەیەکی تایبەتمەند نییە، بۆ دیاریکردنی بڕی بەکارهێنانی ئەم ڕەنگانە لە خواردن و خواردنەوەکاندا.

 

هەرکات گەڕانێک بەناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بکەیت دەبینیت هەموو شەربەتخانەکان کیسە شەربەتیان بۆ فرۆشتن داناوە، کە هیچ زانیارییەک لەسەر بڕی پێکهاتەکانی نەنوسراوە، یاخود لەچێشتخانەکان و دوکانی شیرینییەکان هەندێک لەو ڕەنگانە بەکاردەهێنرێن بێ ئەوەی زانیاری لەبارەوە بدەنە کڕیارەکان.

  ساڵانە لەجیهاندا ٧ بلیۆن کیلۆ ڕەنگی دەستکرد بەکاردەهێنرێت

ساڵانە لەجیهاندا ٧ بلیۆن کیلۆ ڕەنگی دەستکرد بەکاردەهێنرێت، کە ئەمەش بۆ تەندروستی باش نییە و هەرێمی کوردستانیش پشکی خۆی لەو ڕێژەیە بەردەکەوێت.

 

لەوبارەیەوە د.گەشە عەبدوڵا پزیشکی دەرمانساز بۆ (خەڵک)ی  ڕوونکردەوە، ئەم ڕەنگە دەستکردانە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی دەرمان و خواردنەوە(FDA) ڕێگەپێدانى بۆ کراوە، بەڵام ئاماژە بەزیانە لاوەکییەکانیشی دراوە و هۆشداری لەبارەیەوە دراوە، بەڵام لەکوردستان ڕەچاوی ئەو هۆشدارییانە نەکرێت.

 

   د.گەشە عەبدوڵا: FDA هۆشداری لەچۆنیەتى بەکارهێنانی ڕەنگەکان داوە، بەڵام لەکوردستان ڕەچاوناکرێن

 

لەبارەى پیکهاتەى ڕەنگەکانەوە ناوبراو باسی لەئەوەکرد، شێوگی کیمیایی ئەم ڕەنگە دروستکراوانە لەپێکهاتەکەیاندا بەنزین هەیە، واتە لەبەرهەمەکانى نەوت دروستدەکرێن، کەواتە لەئەگەری زۆر بەکارهێنانى ئەم رەنگانە، دەبێتە هۆی دروستکردنی خانەى شێرپەنجە، ئەگەریش کەسەکە خانەى شێرپەنجەى هەبێت گەشەی پێدەدات.

ناوبراو لەبارەى کاریگەری ئەم ڕەنگانە بۆ سەر منداڵ باسی لەئەوەکرد، نەخۆشی (ADHD)  لە منداڵدا دروستدەکات، کە وا لەمنداڵەکە دەکات نەتوانێت تەرکیز بکاتە سەر هیچ شتێک و ترسی نییە و جوڵەى ناشایستە و ناشرین دەکات، بەپێی ١٥ توێژینەوەش کە لەڕابردوودا کراون دەرکەوتووە، ئەو جوڵە ناپێویستانەى کە لەمنداڵدا هەیە، بەهۆی ئەو ڕەنگە دەستکردانەوەبوون.

 

نۆ ڕەنگی دەستکردی سەرەکی هەیە، کە هەر یەکێکیان بەپێی تایبەتمەندی خۆی زیانی لاوەکی هە یە، لەبارەى ئەو زیانانەوە ئەو پزیشکە ئاماژەى بەئەوەدا، ڕەنگی سووری ژمارە سێ، ڕەنگی زەردی ڕەقەم شەش و ڕەنگی زەردی ڕەقەم پێنج خراپترین جۆریانن، کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و بوونتە هۆی دروستکردنی شێرپەنجە یان دروستکردنی لوو لەناو غودەکاندا و بەگشتى ئینسان تووشی هەستیاری دەکەن.

   لەهەرێمی کوردستان بەهەرەمەکی ئەو ڕەنگانە بەکاردەهێنرێن

لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا بەنمونە هەرێمی کوردستان هیچ ڕێنماییەک بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم ڕەنگانە بڵاونەکراوەتەوە و خاوەنکارەکانیش کە لەپێکهاتەى خواردن و خواردنەوەکانیاندا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ بوونی زانیاری بەکاریدێنن.

 

د.دارار محەمەد جەمیل  پسپۆڕ  لەبواری شیکاری و کوالیتى کۆنتڕۆڵی خۆراک لەگفتوگۆیەکیدا لەگەڵ (خەڵک) ئاماژەى بەئەوەدا، لەپێکهاتەى شەربەتە دەستکردەکاندا بەشێوەیەکی گشتى چەند ڕەگەزێک هەیە، کە پێکهاتوون لە شەکر، ئاو، لیمۆندۆزی، ڕەنگ و تام، کە بەداخەوە زۆرێک لەخەڵک بێئاگان لەزیانەکانی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش کارانین لەناساندنی زیانەکانی ئەم ماددانە.

باسی لەئەوەشکرد، ئەم ڕەنگە دەستکردانە بۆ بابەتی بازرگانى و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و بەتایبەت منداڵ بەکاردەهێنرێن، چونکە هەر شتێک بێ ڕەنگ بوو یان ڕەنگی ناشرین بوو، خەڵک زۆر حەزی ناچێتە سەر.

   د.دارا محەمەد: ئەم ڕەنگانە دەبنە هۆی دروستکردنی خانی شێرپەنجە، یان گەشپێدانی خانەى شرپەنجە

ناوبراو لەبارەى زیانەکانەوە ئەوەی خستەڕوو، بێگومان زیانی ئەم رەنگانە زۆرن، بۆ نموونە دەبنە هۆی دروستکردنی چالاکی زۆر و ناپێوست لەمنداڵدا یان توندوتیژی، دروستکردنی هەستیار، دروستکردنی خانی شێرپەنجە، یان گەشپێدانی خانەى شرپەنجە.

 

وتیشی: ئەو شەکرە زۆرەى دەکرێتە ناو شەربەتەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەلەوی زیاد، هاوکات شەکر خۆراکی سەرەکی نەخۆشییە خراپەکانە بە خانەى شێرپەنجەشەوە، بۆیە شەکر بە ژەهری سپی ناسراوە و یارمەتی دوژمنە نەبینراوەکانە.

 

لەجیهاندا لیژنەیەکی تایبەت هەیە بۆ دیاریکردنی مادە ژەهراوییەکان، کە کاریان دیاریکردنی ژەهرەکانە و ڕێژەی ئاسایی بەکارهێنانی ئەو مادە ژەهراوییانە دیاریدەکەن، کە ئەم ڕەنگانەش دەچنە چوارچێوەی کاری ئەم لیژنەیەوە و ڕێژەى بەکارهێنانیان دیاریدەکەن، بەڵام ئەم لیژنەیە لەکوردستان نییە و وەک ئەو پسپۆڕەش باسی دەکات، پێشنیازی دامەزراندنی ئەم لیژنەیەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە.

 

لەبارەی چۆنیەتی خۆپارێزی لەم قۆناغەدا ناوبراو ڕوونیکردەوە، تەنها بوونی هۆشیاری تەندروستی لای هاوڵاتییان گرنگە، بەڵام لەڕاستیدا ئەرکی خەڵک نییە، کە خۆی لەم مادانە لابدات، بەڵکو ئەرکی حکومەتە چۆنیەتی بەکارهێنانی دیاریبکات، کە زیانی بۆسەر خەڵک نەبێت، نەک خەڵک بەگۆترە ڕەنگ بەکاربهێنێت.

 

ئەگەر لەناوەندی بڕیاربوومایە نەمدەهێشت یەک قەترە شەربەتی ڕەنگکراوی ناو بازاڕ بفرۆشرێت

د.دارار محەمەد جەمیل  پێداگیری کرد لەوەی، ئەگەر لەناوەندی بڕیاربووایە، یەکسەر بڕیاری دەردەکرد، هەر شەربەتێک لەبازاڕدا هەیە و هیچ زانیارییەکەی لەسەر نییە، نابێت یەک قەترەى لێ بفرۆشرێت، دواتر هەموو ئەو شەربەتانەى کە لەکوردستان هەیە و بەلەیبڵ زانیارییان لەسەرە نمونەى پشکنینیان لێ وەربگیرێت، بۆئەوەی بزانرێت ڕێژەى بەکارهێنانی ئەو ڕەنگانە دروستن و ڕێگەپێدراون.

 

جیاواز لەڕەنگە دەستکردەکان لەبازاڕەکاندا ڕەنگی سروشتی بوونی هەیە، کە دەکرێت بکرێنە خواردن و خواردنەوەکانەوە و لەجێگەى ئەو ڕەنگە دەستکردانە بەکاربهێنرێن، چونکە سروشتین و کاریگەری خراپیان نییە، مەگەر کەسەکە خۆی هەستیار لەگەڵ ئەو بەرهەمە هەبێت کە ڕەنگە سروشتییەکەی لێوە وەرگیراوە.

 

   د.بینایی کامەران: لەماڵەوە عەسارەیەک بکڕن و لەماڵەوە شەربەتى فرێش دروستبکەن

 

بۆ زانیاری زیاتر لەگەل د.بینایی کامەران پسپۆڕی زانستى خۆراک گفتوگۆیەکمان ئەنجامدا، کە تێیدا باسی لەئەوەکرد، هەر شەربەتێک فرێش نەبێت نابێ پێی بوترێت شەربەت، بەڵکو ڕەنگ و تام و هەندێک مادەى دیکەیە و میوە سروشتییەکەى تێدانییە.

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەو شەربەتانەی فرێش نین، بۆ شەکرە و قەڵەوی و شێرپەنجە خراپن، بەتایبەت بۆ منداڵ زۆر خراپترە.

 

داوای لەخێزانەکان کرد، کە عەسارەیەک بکڕن و لەماڵەوە خۆیان شەربەتى فرێش دروستبکەن.

 

هەرێمی کوردستان بۆتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا بەسەرچوو و خراپبووەکان، کە ڕۆژانە لیژنە تایبەتمەندەکان دەست بەسەر هەندێکیاندا دەگرن، بەڵام هەندێک مادەى دیکە لە بازاڕەکاندا بەکاردەهینرێن، کە زیانی خراپیان هەیە و بەئاسایی بەکاردەهینرێن بێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەک هەبێت، بۆئەمەش پێوستە لایەنی بەرپرس پێداچوونەوە بەڕێنماییەکانیدا بکات، بۆئەوەی سەلامەتی هاوڵاتییان بپارێزن.

 

ریکلام

راپۆرت

تەندروستی جیهانی: سلێمانی دەچێتە قۆناغی نوێوە
ژمارەیەكی زۆری تووشبووان بە كۆرۆنا چاكبوونەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی داوای پابەندبوونی زیاتر لە هاووڵاتیان دەكات و دەڵێت: ” كۆرۆنا یەكسان نیە بە مردن” و پزیشكێكی پسپۆڕیش ئاشكرای دەكات، كە ژمارەیەكی زۆری تووشبووان بە كۆرۆنا چاكبوونەوە.

نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە سلێمانی ڕایگەیاند، تووشبوون بە كۆرۆنا خاوبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لەهەفتەكانی داهاتوودا سلێمانی لە ڕووی كۆرۆناوە بچێتە قۆناغێكی دیكە.

لای خۆشیەوە، د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، هاووڵاتیانی خۆشەویست كۆرۆنا یەكسان نیە بە مردن، چونكە تەنانەت نەخۆش هەیە شێرپەنجە و شەكرەی هەبووە و چاكبۆتەوە، دڵنیابن ژمارەی چاكبوونەوە زۆر زیاترە لە ژمارەی گیانلەدەستدان.

ڕاشیگەیاندووە، بوونی تەنها یەك حاڵەتی گیانلەدەستدان زۆرە بۆ خێزانێك، بۆیە تكا ئەكەم پابەندبن.

هاوكات، د. چالاك محێدین، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت: “دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گەرمیان تووشی پەتای كۆرۆنا بوون و ڕێژەیەكی زۆریان چاكبوونەوە ڕێژەیەكی تریان لە قۆناغی چاكبوونەوەن و ڕێژەیەكی تری كەم لە تووشبووندان.

دەشڵێت: “وەكو پێشتریش ئاماژەم پێی كرد بەھۆی دروست بوونی Herd Immunity لەمەولا تووشبوون بەرەو خاوبوونەوە ئەچێت و لە داھاتوویەكی نزیكدا ئەگەر تووشبوونیش ھەبێت تاك و تەرا ئەبێت و لە خاڵێكدا ئەوەستێت”.

ئاشكراشی كردووە، كە ئەمڕۆ پەیوەندیم كرد بە ھاوڕێم دكتۆر ئەیاد محەمەد لە تاقیگەی نەخۆشخانەی قەڵا وتی، دركی پێ ئەكەین ژمارەی تووشبووان بەرەو كەمبوونەوە ئەچێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

(خەڵک) هۆکاری درەنگ دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکانی کۆرۆنا ئاشکرادەکات


خەڵک – نزار جەزا

بەهۆی کەمبوونەوەی کیت بۆ پشکنینی کۆرۆنا لەشاری سلێمانى، ئەنجامی پشکنینەکان لەوادەی خۆیان دوادەکەون، بەجۆرێک هەندێک پشکنین دوای زیاتر لە ۱۰ ڕۆژ ئەنجامەکەیان دەردەچێت، لەئێستاشدا هەزار و ٦٠٠ پشکنین لەسەرەدان، کە ٢٠٠ دانەی کۆتایی لە دوای نزیکی هەشت ڕۆژی دیکە ئەنجامەکەیان دەردەچێت، بەو هۆیەشەوە بەشێک لەتووشبووانی کۆرۆنا، تا ئەوکاتەى ئەنجامەکەیان دەردەچێت، چاکدەبنەوە.

 

هێڤی نمونەیەکە لەدەیان تووشبووی دیکەی کۆرۆنا، کە ئەنجامی پشکنینەکەی پاش ١١ ڕۆژ وەرگرتۆتەوە، ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، چونکە ئەو کەسانە بێ ئەوەی دڵنیابنەوە کە تووشبووی کۆرۆنان بەرکەوتەیان لەگەڵ خەڵکانی دیکە زیاتر دەبێت.

 

هێڤی خالید، ڕۆژنامەنوس بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ٢٢ی مانگی ڕابردوو واتە ١١ ڕۆژ پێش ئێستا لەگەڵ هاوڕێیەکی نمونەی پشکنینیان لەنەخۆشخانەى عەلی ناجی لێ وەرگیرا، چونکە پێشتر بەرکەوتەیان لەگەڵ چەند تووشبوویەکی کۆرۆنا هەبوو، بۆیە لەدواى ئەوەوە نزیکی هەفتەیەک خۆیان لەماڵەوە کەرەنتینەکرد، بەڵام کە هیچ نیشانەیەکیان نەبوو و لەنەخۆشخانەشەوە پەیوەندییان پێوەنەکردن، پێیانوابوو، کە چاکبوونەتەوە، بۆیە دەستیان بەژیانی ئاسایی خۆیان کردەوە، بەڵام لەدوای ١١ ڕۆژ نامەیەکی لەنەخۆشخانەوە پێ گەیشت کە تووشبووی کۆرۆنایە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، پشکنینێکی تر ئەنجامدەدەنەوە بۆئەوەی بەتەواوی دڵنیاببینەوە کە ئایا ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە یان نا.

 

لەشاری سلێمانی نمونەى پشکنین لەنەخۆشخانەی عەلی ناجی لەهاوڵاتییان وەردەگیرێت و هەروەها لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا بەهەمانشێوە نمونەى پشکنین وەردەگیرێت، پاشان کۆی نمونەکان بۆ نەخۆشخانەى شەهید تاهیر عەلی والی بەگ دەنێردرێت، بۆئەوەی پشکنینی بۆ بکرێت.

 

د. ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ماوەیەک ڕێژەى کیت بۆ پشکنینی کۆرۆنا زۆر کەمببۆوە، هاوکات نمونەکانی پشکنین زۆربوون و پشکنینێکی زۆریان لەسەربوو، بۆیە ئەمانە بوونە هۆکاری درەنگ دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکان.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، کەمی ئەو کیتە جیهانی بوو، واتە تەنها لەسلێمانی نییە، پێشتر ڕۆژانە ٤٠٠ تاکو ٥٠٠ پشکنینیان ئەنجامدەدا دواتر دابەزی بۆ نزیکی ١٤٠ پشکنین لەڕۆژێکدا، بەڵام لەئێستادا دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت و کیتی پێویستیان لەبەردەستە بۆیە ئێستا ڕۆژانە سەروو ٢٠٠ پشکنینی ئەنجامدەدەن، ئەمەش بەهۆی کوالیتی کیتەکەوەیە، کە هێواشترە لە جۆرەکانی پێشتر.

 

بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیە ئاشکراشی کرد، لەئێستادا هەزارو ٦٠٠ نمونەى پشکنین لەسەرەدان بۆ پشکنین.

 

بەپێی خەمڵاندنێکی (خەڵک)، ئەو هەزارو ٦٠٠ نمونەی پشکنینە، کە  لەنەخۆشخانەى  شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لەسەرەدان بۆئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت، بەپێی توانای پشکنینی ڕۆژانەی ئەو نەخۆشخانەیە بێت، لەماوەى هەشت ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامەکانیان دەردەچێت، ئەگەر زوو بەفریای ئەو نەخۆشخانەیەوە نەچن و پێویستییەکانیان بۆ دابین نەکەن.

 

دواکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکان کاریگەری خراپی لەسەر بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لەسلێمانی هەیە، چونکە ئەو کەسانەى پشکنین دەکەن، تاکو دوای زیاتر لەهەفتەیەک دڵنیانابنەوە لەوەی تووشی کۆرۆنا بوون یاخود نا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

هەرێم پێیوایە غەدری لێدەكرێت
ڕەنگە هەولێر و بەغدا نەگەنە ئەنجام


خەڵك- ئیدریس جەبار
ڕەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ نەگاتە ڕێكەوتن لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە سێ‌ گەڕی گفتووگۆ لەنێوانیاندا لەم ماوەیەی دواییدا سازكران.

ناكۆكییەكان لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی دارایی و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە و هەناردەكردنی نەوت و ناوچە جێناكۆكەكانی پەیوەست بە ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراقن.

لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە”شێوازی گفتووگۆكانی ئێستای نێوان هەردوولا مزگێنی بەخش نیین، و بەرەو بنبەستن دەچن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و گیروگرفتانە”.

بە وتەی سەرچاوەكە”بەداخەوە حكومەتەكەی كازمی بەرانبەر بە كورد بەندەكانی دەستور جێبەجێ‌ ناكات، چونكە لە زۆربەی گفتووگۆكانی ئەم دواییە هەوڵی بەغدا بەدیكراوە بۆ دەستگرتن بەسەر مەرزە سنورییەكانی هەرێم، ئەمەش لەلایەن هەرێمەوە هێڵی سورە و بە زامنكردنی مافی گەلی كوردستان دادەنرێن، وەك لەگەڵ حكومەتەكانی پێشوودا رێكەوتنیان لەسەركراوە”.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت”چ كاتێك حكومەتی عیراقی توانی بەشێوەیەكی تەواوەتی دەست بگرێت بەسەر مەرزە سنورییەكانی ناوچەكانی تری عیراق و فڕۆكەخانە و بەندەرەكان، ئەوا حكومەتی هەرێم لەو دەمەدا ئامادەیە گفتووگۆیەكی یاسایی لەو بارەیەوە ئەنجام بدات كە تێیدا مافی هەرێم پارێزراوبێت”.

لەبارەی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش، سەرچاوەكە ڕایگەیاندووە”هەڵوێستی ئێستای بەغدا پشت بە دەستور و یاسا نابەستێت، بەڵكو گوشارێكی سیاسییە و حكومەتی عیراق دەیەوێت لەبەرانبەر دۆسێی ناوچە جێناكۆكەكان بەكاریبهێنێت، پرسی هەناردەكردنی نەوتیش بەداخەوە بە هەمان شێوە فێڵێكی سیاسییە”.

سەرچاوەكە پێیوایە”ئەركی حكومەتی عیراقە وەك چۆن مووچەی بەسرە و بەغدا و موسڵ دابین دەكات، بە هەمان شێوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دابین بكات، نەك وەك كارتی سیاسی و قۆڵبادان لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكاریی بهێنێت، حكومەتەكەی كازمیش هەمان سیاسەتەكانی مالیكی و عەبادی دژ بە كورد دووبارە دەكاتەوە، لەمەشدا شكستخواردوو دەبێت كە لە بەرژەوەندی عیراق نییە”.

حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی، لەماوەی گفتووگۆكانی ڕابردووی لەگەڵ شاندنی هەرێمی كوردستان، بەپێویستی زانیوە وەك چۆن پارە و داهاتی نەوت و مەرزە سنورییەكان و بەندەرەكان و داهاتەكانی تری ناوخۆ لە بەسرە و پارێزگەكانی تر دەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت لە بەغدا، پارەی هەناردەی نەوت و داهاتی گومرگ و داهاتەكانی تری ناوخۆی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستانیش ڕادەستی بەغدا بكرێن، تا لەبەرانبەردا حكومەتی فیدراڵ مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی تر ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.

زۆبەری هێزە سیاسییەكانی عیراقیش بە سوننە و شیعەوە پێیانوایە، تائێستا حكومەتی هەرێم داهاتی هەناردەی نەوت و داهاتی گومرگی بۆخۆی هەڵگرتووە و لە بودجەی گشتی عیراقیش كە لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشوور پێكدێت لەگەڵ داهاتەكانی تری گومرگ و ناوخۆی پارێزگەكانی تر، پشكی هەبووە بەبێ‌ ئەوەی بە یەك فلس بەشداریی لە دەوڵەمەندكردنی بودجەی گشتی عیراقدا بكات، بۆیە بە پێویستی دەزانن چی دی حكومەتی فیدراڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە نەكات و لێبگەڕێت هەرێم لە داهاتەكانی خۆی مووچە بۆ خەڵكی هەرێم دابین بكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/30 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ شاندی دانوستانکار لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، تیشکی خستەسەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر بەردەوامبوونی گفتووگۆكانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا كردبۆوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان تێدا پارێزراو بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان