ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

“نانمان نه‌بوایه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بیخۆین، بەڵام ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بووینایه، دواتر‌ هه‌ر هه‌ڵده‌ستاینه‌وه‌”

خەڵك – بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیوایە دەبوو هەرێمی كوردستان زووتر پابەندبووایە بە پرسی ڕادەستكردنی نەوت بە بەغدا و لەگەڵ ئەوەشدا هیوادەخوازێت كە هەرێم دەوڵەتێكی سەربەخۆ بووایە “نانمان نه‌بوایه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بیخۆین، كێشه‌مان نه‌بوو دوای ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌ڵده‌ستاینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌ستكه‌وتێكی وا مێژوویی بۆ كورد، شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قوربانی بۆ بده‌ین”.

موسه‌نا ئه‌مین ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی عیراق سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەكەی شاندنی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە لێدوانێكی بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ ته‌واوی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ كه‌ ڕێكه‌وتنێكی كۆنكرێتی و مه‌حكه‌م و ڕوون ڕووینه‌داوه.

دەربارەی بڕینی مووچەش لە دوایین ڕۆژەكانی تەمەنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی وتی: “بڕوام وایه‌ ئه‌میندارێتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕی زیاتر له‌وه‌ی كه‌ عادل عەبدلمه‌هدی بیبڕێت وه‌ كێشه‌كه‌ش فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ كه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ ئیلتزام نه‌كردنی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ته‌سلیم كردنی به‌شێك له‌ داهات، به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به‌ ڕووخانی نرخی نه‌وت و خۆ ئاماده‌كردنی عیراق بۆ چه‌ند مانگێكی سه‌خت له‌ تێپه‌ڕاندنی نرخی شكاوی نه‌وت و مه‌ترسی كه‌وتنه‌ سه‌ر كۆی داهاتی عیراق دەگەڕێتەوە”.

ئاماژەشیدا بەوەی ئومێد هەیە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

ڕەتیشیكردەوە كە چوونی شاندی هەرێمی بۆ بەغدا و ڕازی بوونی بە ڕادەستكردنی نەوت بە سازش دابنرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: “بۆچی سازش بێت كاتێك كه‌ ئیلتزاماتی ده‌ستوری بێت، ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ی كه‌ ملی جه‌ڕاندبوو پێشتر، ئه‌مه‌ شكسته‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم به‌س له‌ بنه‌مادا سازش نیه‌. شكسته‌ بۆ حكومه‌تێك كه‌ بانگه‌شه‌ی كردووه‌ كه‌ خۆی ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی ئابوری هه‌بێت و مووچه‌ی خۆی دابین بكات و منه‌تیشی به‌ به‌غداد نه‌بێت ، ئێستا كه‌ جارێكی تر ملی كه‌چ ده‌كات و ده‌چێته‌وه‌ بۆ به‌غداد بۆ ئه‌و شكسته‌ و عه‌یبه‌یه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر حكومه‌تێكی تر كه‌ بێته‌ سه‌ر كارله‌ هه‌رێمی كوردستان یان به‌ده‌ر له‌و لێدوان و لاف و گه‌زافه‌ی هه‌رێم لێی داوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌بتوانێت ئێستا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات به‌ده‌ر له‌وه‌ نه‌خێر حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌ عیراق به‌ ئه‌مری واقیع یا بڵێین به‌داخه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نیه‌ كه‌واته‌ ده‌بێت به‌شداری له‌ داهاتی گشتی عیراقدا بكات و ئیلتزاماتی خۆی جێ به‌جێ بكات له‌ ڕووی ده‌ستورییه‌وه‌، عیراقیش ده‌بێت ئیلتزاماتی ده‌ستوری خۆی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات و قوت و مووچه‌ی هاوڵاتیان بپارێزێت به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیكات”.

لەو بڕوایەشدا بوو كە “ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌رێم ئاماده‌یی ده‌ربڕیووه‌ بۆ به‌غدای بكات ئه‌گه‌ر پێشتر بیكردایه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ باشتر ده‌بوو، ئه‌و كاته‌ متمانه‌یه‌كی باشتر ئه‌بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی و داهاتی هه‌رێمیش باشتر ده‌بوو، وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌وتیان ده‌رنه‌هێنایه‌ ، زۆر باشتر ده‌بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ به‌ ته‌سلیم كردنی داهاتێكی كه‌م، نه‌وته‌كه‌شمان بۆ ئه‌مایه‌وه‌ و مووچه‌كه‌شمان له‌ به‌غداد مسۆگه‌ر ده‌كرد بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده‌شمان زۆر باشتر ده‌بوو”.

موسەننا ئەمین پەڕلەمانتاری یەكگرتوو یەكێك بوو لەو كەسانەی داكۆكی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكرد و سەبارەت بە هەڵوێستەكانی ئێستا و ئەوكاتیشی دەڵێت: “یه‌كه‌م من به‌سه‌رسه‌ختی به‌رگریم له‌ ئیراده‌ی میله‌ته‌كه‌م كردووه‌ نه‌ك له‌ هه‌نگاوی ڕیفراندۆم وه‌كو هه‌نگاوێك كه‌ من سێ رۆژ پێش ڕیفراندۆم وتم خراپترین ساته‌ وه‌خته‌ بۆ هه‌ركارێك له‌م جۆره‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ میلله‌تی ئێمه‌ ده‌یه‌وێت ڕیفراندۆم بكات یان زۆرینه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌كانی یا هه‌ركه‌سێ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی به‌ده‌سته‌ و ده‌یه‌وێت كارێكی وا بكات له‌م موقابیله‌وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بێت به‌ هه‌ڵسوكه‌تی ده‌ستوری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات نه‌ك جه‌یش و جاش بنێرێته‌ سه‌ر هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ بكوژێ و ده‌ هه‌زار كه‌س له‌ دوز و ده‌وروبه‌ری ئاواره‌ بكات و ماڵی كورد بسوتێنن، من له‌دژی ئه‌مانه‌ وه‌ستامه‌وه‌، قه‌ناعه‌تیشم وابوو ئێستاش قه‌ناعه‌تم وایه‌ ڕیفراندۆم مافێكی ده‌ستورییه‌و قانوونی میلله‌تی ئێمه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی ناوه‌ندیش ڕێگای ده‌ستوری هه‌یه‌ ده‌یتوانی په‌نا به‌رێت بۆ دادگای فیدراڵی و په‌رله‌مان.”

وتیشی: “خۆزگه‌ ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بووینایه‌ نانمان نه‌بوایه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بیخۆین، كێشه‌مان نه‌بوو دوای ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌ڵده‌ستاینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌ستكه‌وتێكی وا مێژووی بۆ كورد، شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قوربانی بۆ بده‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ گریمانه‌یه‌كه‌ بوونی نیه‌، بێگومان ته‌نها خه‌ڵك به‌ده‌وڵه‌تیش ناژی، به‌ڵام ده‌ستكه‌وتێكی وا سه‌دان ساڵه‌ كورد خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت و ‌ده‌یان ساڵه‌ خوێنی بۆ ده‌به‌خشێت، ئه‌گه‌ر كورد ده‌ستكه‌وتێكی وه‌های ده‌ست بكه‌وتایه‌ له‌ ڕیفراندۆم و بیتوانیایه‌ به‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و مادده‌ی 140 ببوایه‌ به‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، من دڵنیا بووم ئێستا حاڵمان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ده‌بوو كه‌ ئێستا هه‌یه‌، به‌هه‌رحاڵ واش بووایه‌ ده‌مانتوانی ساڵێك و دوو ساڵ و پێنجی تر بكه‌وتینایه‌ سه‌رپێی خۆمان وه‌كو هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دنیا بتوانیین كه‌م كه‌م ئابوری خۆمان بنیاد بنێین پاشان ئه‌وه‌ ئه‌ركی هه‌موومانه‌ كه‌ دیموكراسیه‌ت و شه‌فافیه‌ت و نه‌زاهه‌ت له‌م وڵاته‌ جێبه‌جێ بكه‌ین. بوونمان له‌گه‌ڵ عیراقدا، ته‌نها گه‌ره‌نتی هه‌ندێك پاره‌مان هه‌یه‌، خۆ زه‌مانه‌تی ترمان چیه‌ له‌ عیراقه‌وه”.

سەبارەت بە ئامانجی هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا كە ئایا پۆستیان دەوێت یان مووچە، پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو ڕایگەیاند “ئه‌و دوو مه‌سه‌له‌ په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه‌ كورد چه‌نده‌ پۆستی له‌ناو به‌غداد زۆر بێت، ئه‌وه‌نده‌ پێگه‌ی له‌ناو حكومڕانی عیراقدا به‌هێزتر ده‌بێت و ئه‌وه‌نده‌ ده‌توانێت زیاتر مووچه‌و ئیستحقاقات دابین بكه‌ن ئه‌گه‌ر بابه‌تی سه‌یری بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێت وابێت ئه‌وان وه‌ختیك پۆست وه‌رده‌گرن ، مووچه‌و بودجه‌ له‌بیر ده‌كه‌ن، نه‌خێر چونكه‌ مووچه‌و بودجه‌ ده‌چێته‌ گیرفانی ئه‌وان پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌ گیرفانی خه‌ڵك”.

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەش كە دەوترێت شیعەكان كاندیدەكانی كورد بۆ حكومەت ڕەتدەكەنەوە موسەننا ئەمین ده‌ڵێت” شیعه‌ كاندیدی كورد ڕه‌ت ناكه‌نه‌وه،‌ به‌ڵام هه‌ندێك كاندید ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدیان ده‌كات، پارتی دیموكراتی كوردستانیش هاوپه‌یمانی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ هێزه‌كان، هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانیش كه‌ هاوپه‌یماننین له‌گه‌ڵی حه‌زیان پێی نیه‌ و دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ پێیان وایه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێكی باش نیه‌ بۆ ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ دابه‌ش بوونێك له‌ناو هێزه‌ شیعه‌كاندا هه‌یه‌، هه‌ندێكیان ته‌بان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌ندێكیشیان دژن. ئه‌وانه‌ی كه‌ دژن هه‌ر كاندیدێك له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بێت مه‌گه‌ر به‌ڕێكه‌وتنێكی زۆر كۆنكرێتی كرا بێت ئه‌گینا ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه”.

ڕاشیگه‌یاند” هۆكاری ره‌تكردنه‌وه‌ی فوئاد حسێن له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق بێت هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بوو كه‌ ده‌نگۆیه‌كی به‌هێز هه‌بوو له‌ناو شیعه‌كاندا كه‌ كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان قبوڵ نه‌كرێت و ده‌رئه‌نجام ده‌ریش نه‌چوو، به‌رهه‌م ساڵح ده‌رچوو، ئێستاش ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ فوئاد حسێن بهێنرێت بۆ ده‌نگدان ، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هێزه‌ شیعه‌كان ده‌نگی نه‌ده‌نێ و تێنه‌په‌ڕێت له‌ په‌رله‌مان”.

لەبارەی هۆكاری ڕەتكردنەوەی عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فاش بۆ پۆستی وەزیری داد، پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو ڕایگەیاند “به‌شێك له‌ شیعه‌كان كه‌ زانیان‌ كاندیدی هیچ حیزبێكی تر نیه‌و دیاره‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕه‌تیان كردووه‌، ئێمه‌ش ده‌نگمان پێنه‌داوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت سێ كاندید بهێنێت بۆ هه‌ر سێ پۆسته‌كه‌ی كورد هیچ لۆژیكێك له‌م بابه‌ته‌دا نیه‌ و ئێمه‌ پەیوەندیمان نییە به‌و ململانێیه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی، كاتێك پارتی زۆری بۆ بێت هه‌میشه‌ باسی یه‌كڕیزی كورد ده‌كات، ئێمه‌ چه‌ند كه‌سێك چووبووین له‌گه‌ڵ (محەمەد)عه‌لاوی قسه‌مان كردبوو ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مووچه‌و بودجه‌ی خه‌ڵك ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنێكی لێ وه‌ربگرین، براده‌رانی پارتی كردیانه‌ هه‌ڵا له‌سه‌ر ئێمه‌ و له‌ڕێی حیزبه‌كانمانه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ فشار كردن گوایه‌ با یه‌كڕیزی كورد تێك نه‌چێت، له‌كاتێكدا ئێمه‌ هیچ كاتێك یه‌كڕیزی كوردمان له‌به‌غدا تێك نه‌داوه‌، پێشمان وانیه‌ تێكدانی به‌رژه‌وه‌ندی بێت، وه‌ پێمان وانیه‌ له‌ پشت سه‌ری یه‌كێتی وپارتی ڕیز بینه‌وه‌ ئیتر ئه‌وه‌ یه‌كڕیزی كورده”.

جگە لەوەش وتی: “یه‌كێتی وتیان عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا كاندیدی ئێمه‌ نیه‌ و براده‌رانی پارتی كاندیدیان كردووه‌”.

پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو لەو بڕوایەدایە كە نەدەبوو پشكە وەزارییەكانی كورد بەو شێوەیەی ئێستا دووانیان بۆ پارتی بوونایە، بەڵكو دەبوو یەكێكیان “بدرایه‌ به‌و 15‌ كورسیه‌ی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی كه‌ ناشی ده‌ن لانی كه‌م بێن پرسێكمان پێ بكه‌ن كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان پێ بكه‌ن و بڵین كه‌ ئێمه‌ سێ كه‌سمان هێناوه‌ و ئێوه‌ بۆچونتان له‌سه‌ر كامیانه‌؟ یا ئه‌م پۆستانه‌ با ئاوا دابه‌ش بكه‌ین و پێمان بڵین لانی كه‌م له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بۆ ئێوه‌، و‌ ئایا كاندیدێكی باشتر نیه‌ كه‌ ئێمه‌ش ڕه‌نگه‌ سه‌رنجێكمان له‌سه‌ری هه‌بێت، وه‌ختێ ئه‌وان (پارتی دیموكراتی كوردستان) پرس به‌ ئێمه‌ ناكه‌ن ، ئێمه‌ هیچ وه‌ختێ پەیوەست نین بەوەی ده‌نگ به‌و كاندیده‌ بده‌ین كه‌ ئه‌وان هێناویانه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك ڕێزیان له‌ ئێمه‌ گرت و پرسیان پێ كردین له‌ جۆری كاندیده‌كاندا، ئێمه‌ش ئه‌و كاته‌ ئیلتزامێكی ئه‌خلاقی و سیاسیمان ده‌بێت له‌گه‌ڵیان، ئێمه‌ش ئه‌و كاندیده‌ی كه‌ ده‌یهێنن عه‌قڵمان بڕی ده‌نگی پێ ده‌ده‌ین و عه‌قڵمان نه‌یبڕی ده‌نگی پێ ناده‌ین”.

ریکلام

چاوپێکەوتن

عەبدولواحید محەمەد: سیستەمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن

خەڵك-ئارام سەردار
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و پەیوەندی بە ژێرخانی كۆمەڵگا و باش بەڕێوەچوونی هەیە، واتە ئەگەر باش بەڕێوەبچێت كۆمەڵگایەكی باش دروست ببێت و داهاتوویەكی باشیش بەرهەم بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە كێشە و ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە و كۆمەڵگا زیانی لێ‌ دەكات، مامۆستا عەبدولواحید محەمەد لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (خەڵك) دەڵێت، “لەوڵاتانی پێشكەوتووش تائێستا سیستەمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن، ڕاستە كاری پێكراوە و هەیە، بەڵام سیستەمی ئەلیكترۆنی ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە”.

خەڵك: ئەگەر پڕۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین دەست پێبكات، پێشبینیتان چیە بۆ پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ؟
عەبدولواحید محەمەد: پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و پەیوەندی بە ژێرخانی كۆمەڵگا و باش بەڕێوەچوونی هەیە، واتە ئەگەر باش بەڕێوەبچێت كۆمەڵگایەكی باش دروست ببێت و داهاتوویەكی باشیش بەرهەم بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە كێشە و ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە و كۆمەڵگا زیانی لێ‌ دەكات، هەمووانیش لەم ڕووانگەیەوە كۆك بووین، كە پڕۆسەی پەروەردە بەباشی بەڕێوەبچێت و حكومەت لەئەولەویەتی بەرنامەكانی دابنێت، لەهەموو وڵاتانی پێشكەوتووش پەروەردە لەئەولەویەتی بەرنامەكاندایە، كەواتە بۆ ئێمە گرنگە دووجار لەئەولەویەتی بەرنامەكاندا بێت، چونكە لەڕابردوو زۆر زیانمان كردوە كە پڕۆسەی پەروەردە باش بەڕێوەنەچووە لەسەردەمی ڕژێمەكانی پێشوو.

خەڵك: پڕۆژەكانی ئێوە لەچیەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دەست پێكردنەوەی دەوام؟
عەبدولواحید محەمەد: لەگەڵ هاتنی كۆڤید 19 لەكۆتایی ساڵی 2019 هەمووان كۆك بووین لەسەر ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە ڕابگیرێت، چونكە ڤایرۆسەكە نوێ بوو و زانیاری ئەوتۆی لەسەر نەبوو، بەئومێد بووین ڤایرۆسەكە بەزوویی لەكۆڵمان ببێتەوە لەسەر ئەو بنەمایە ناوەندەكانی خوێندن داخران، كەچی تائێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەردەوامە و درێژەی كێشا دەرەنجامەكەشی دیار نیە، ڕاستە بەهەوڵی هەموو لایەك ئەزموونەكان كران بەسەركەوتوویی بەهەموو سەرنجەكان، بەڵام ئێستا لەبەردەم قۆناغێكی نوێداین و هەموو جیهان دەڵێت دەبێ ژیان لەگەڵ كۆرۆنا بكەین و تازە ژیان ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، واتە دەبێ لەگەڵ كۆرۆنا ژیان و پەروەردە بەردەوام بكەین، ناكرێت پڕۆسەكە لەسەرەمەگدابێت و بەڕێوەنەچێت، چونكە هەمووان دەزانن پڕۆسەكە بەڕێوەنەچێت لێكەوتەكانی چی دەبێت لەسەر كۆمەڵگا چۆن ڕەنگ دەداتەوە، ئێمە پێمان وابوو ئامادەكاری باشتر بكرێت بۆ پڕۆسەی خوێندن و چاومان لەوە بوو بۆچوونی دایك و باوكان و مامۆستایان و لایەنەكانی پەیوەندیدار وەرگیرێت، كە چۆن مامەڵە بكەن لەگەڵ ئەم بابەتە، ڕاستە لێكەوتەخراپەكانی كۆرۆنا ماوە، بەڵام دەبێ ژیان بەردەوام بێت، پڕۆژەكانی ئێمەش بەسوود وەرگرتن بووە لەوڵاتان و بۆچوونی دایك و باوك و مامۆستایان بووە تاوەكو پڕۆسەكە دەست پێبكاتەوە و گفتوگۆش كرا لەئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەرەتا بڕیاربوو تەنها پۆلی 12 لەناو پۆل بخوێنن، بەڵام دوای كۆبوونەوەی تر، بەهۆی پۆلی 1 و 2ی بنەرٍەتی دوو قۆناغی سەرەكی گرنگن بڕیاردرا ئەوانیش لەناو پۆل بن ئەوانەی تریش بە ئەلیكترۆنی.

خەڵك: خراپیەكان و ئالنگاریەكانی خوێندنی ئەلیكترۆنی چین؟
عەبدولواحید محەمەد: لەوڵاتانی پێشكەوتووش تائێستا سیستەمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن، ڕاستە كاری پێكراوە و هەیە، بەڵام پێمان وایە ئەو تێبینیانەی هەن لەسەری گفتووگۆی لەسەر بكرێت، سیستەمەكە گرفتی زۆری دێتە بەردەم، هەموو ئەو ڕاستیە دەزانین كۆرۆنا لێكەوتەی خراپی هەبووە، بەڵام ناكرێت بوەستین تا ڤایرۆسەكە كۆتایی دێت، چونكە كۆتایی هاتنی ڤایرۆسەكە دیارنیە، گفتووگۆش كراوە، بەڵام پێویستیش بوو ڕاوێژی زیاتر بكرایە بۆ بڕیارەكان بەتایبەت لەگەڵ دایك و باوكان، چونكە ئەوان لەناو كێشەكاندا بوون، كە منداڵەكانیان لە خوێندنی ساڵی ڕابردوو تووشی چ كێشەیەك بوون، سیستەمی ئەلیكترۆنیش كۆمەڵێك پێداویستی خۆی دەوێت، بۆیە دەبێت بەباشترین شێوە چارەسەر بدۆزینەوە، لەبەر ئەوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە شوێن هەیە ئەنتەرنێتی نیە یان گرفتی كارەبا و شارەزایی مامۆستا لەتەكنیكی نوێ سنوردار بێت، توانای كڕینی ئامێریش لای خێزانەكان ئەمەش گرفتێكی ترە، جگە لەوەش خوێندنی ئەلیكترۆنی ئەگەر بەباشی بەڕێوەبچێت تەنها فێركردنە، بەڵام لە قوتابخانە پەروەردە و فێركردنە و لێك جیاناكرێنەوە ، بۆیە فێركردن بەتەنها ئامانجی خۆی ناپێكێت، ئێمە ناڵێین هەمووی بەیەكەوە بكرێتەوە بەڵكو هەنگاو هەنگاو، ئێستاش باشە هەنگاو نراوە، ئەگەر دۆخەكەش باشبوو دەبێ هەنگاوی تریش بنرێت، چونكە خوێندن لەناو هۆڵەكان باشترە نەوەك ئەلیكترۆنی و ساڵی ڕابردووش ئەو پڕۆسەیە سەركەوتوو نەبوو و بڕیاردرا تاقیكردنەوە بكرێت، دەكرێت بەشێوەی گروپ و دەوامی 3ڕۆژ بە 3 ڕۆژ بكرێت، لەهەر ناوچەیەكیش تەشەنەی ڤایرۆسەكە هەبێت دەكرێت تەنها لەم شوێنە دەوام ڕابگیرێت.

خەڵك- ماوەیەكی زۆرە خوێندكاران لەماڵەوەن، پێتان وایە ئەم ماوە زۆرە گرفتی دروست كردوە؟
عەبدولواحید محەمەد: مانەوەی خوێندكاران لەماڵەوە تووشی كۆمەڵێك كێشە بوونەتەوە و كاریگەری خراپیشی لەسەر دەروونیان هەبووە، لەزۆربەی ماڵەكانیش مۆبایل هەیە و بەهۆی كاتی بەتاڵی زۆریش منداڵان سەرقاڵی یاری ئەلیكترۆنی و پۆپ جی و تیك تۆك و چەندین بەرنامەی تر، یان چاویان لاواز بووە و مێشكیان هیلاك بووە و خواردن و خەویان لێ تێكچووە، ئەمەش گرفتی بۆ دایك و باوكان دروست كردوە، بۆیە دایك و باوكان دەیانەوێ منداڵەكانیان بگەڕێنەوە ناو قوتابخانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی گرفتی ئەوەی بەشێكی زۆری دایك و باوكان فەرمانبەرن، لەبەر ئەوە پێمان وایە ئەگەر سێ ڕۆژ دەوام بكرێت باشترە لەوەی بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت.

خەڵك: چ هەوڵێك هەیە بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی مامۆستایان؟
عەبدولواحید محەمەد: زۆر پێداگیریمان كردوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەت، بەمەش ناوەستین بەڵكو كێشەكانی مامۆستایان دەگەیەنین بەڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و لەسەر حكومەتیش واجبە ژیانی مامۆستا دابین بكات، چونكە پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و داهاتووی كۆمەڵگای لەسەر بونیاد دەنرێت و مامۆستاش سەركردەی پڕۆسەیەكەیە، بۆیە پەروەردەی باش نەوەی باش بەرهەم دەهێنێت و پەروەردەی باشیش بەمامۆستایی لەخەم ڕەخساو دەبێت، لەسەر حكومەت پێویستە مووچەكان لەكاتی خۆی دابین بكات بەدڵنیایی پڕۆسەكە بەباشی بەڕێوەدەچێت سەرەڕای بوونی مەترسیەكانی كۆرۆنا مامۆستایان ئامادەی ئەو ئەركەن بەڵام بەپێچەوانەوە پڕۆسەكە بەباشی بەڕێوەناچێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

تەندروستی سلێمانی: بڕیاری ئاساییكردنەوەی دەوام نا مەنتیقییە

خەڵك – بەشی هەواڵ
لەم چاوپێكەوتنەدا د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كۆرۆنا ده‌ڵێت: بارودۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی جێگیرە، بەڵام سەقامگیر نییە، چونكە ژمارەی مردن بە پەتاكە زیادیكردووە. سه‌باره‌ت به‌ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانیش د.هێرش ده‌ڵێت: “ئه‌م بڕیاره‌ی كه‌ ده‌ركراوه‌ بۆ بارودۆخی ئێستا شتێكی عه‌مه‌لی نییه‌، مه‌نتقیش نییه‌، به‌م هه‌موو بارودۆخه‌ سه‌خته‌ی كه‌ته‌ندروستی تێدایه‌ به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ پزیشك و كارمه‌ندمان هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ده‌وام، ده‌كرێت ده‌وام به‌شێوه‌ی نۆره‌ بێت”.

“ئێستا ئێمه‌ له‌سه‌ر هێڵێكی ئاسۆیی ڕێكداین كه‌ ده‌توانم بڵێم بارودۆخه‌كه‌ جێگیره‌ به‌ڵام سه‌قامگیر نییه‌ ”
له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندوستی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سلێمانی له‌ڕووی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆناوه‌ ده‌ڵێت” ئێمه‌ پێشتر ڕامانگه‌یاندبوو بارودۆخی ته‌ندروستی له‌ سلێمانی جێگیره‌، وه‌ ئێستاش ده‌توانم هه‌روا بڵێم بارودۆخی ته‌ندروستی سه‌باره‌ت به‌كۆرۆنا له سلێمانی جێگیره‌. ڕاسته‌ ناوبه‌ناو ڕۆژی وا هه‌یه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ئاماره‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه‌ ئاماری تووشبوون و ئاماری گیانله‌ده‌ستدان به‌ڵام وه‌كو ڕێژه‌ی تووشبوون ئێستا ئێمه‌ له‌سه‌ر هێڵێكی ئاسۆیی ڕێكداین كه‌ ده‌توانم بڵێم بارودۆخه‌كه‌ جێگیره‌ به‌ڵام سه‌قامگیر نییه‌.”

” له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی پێشوودا ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌كۆرۆنا زیادی كردووه‌ “
د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ئه‌وه‌شی وت” ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی پێشوودا ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌كۆرۆنا زیادیكردووه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ هۆكاره‌كه‌ی ده‌كه‌ین ئایا خۆی به‌ڕێكه‌وت ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ژماره‌كان له‌ڕۆژێكدا دوو هێنده‌ زیادی كردبێت یاخود هۆكاریتر هه‌یه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زیادبوونی ئاماری گیانله‌ده‌ستدان بكه‌ین به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانم بڵێم كه‌ سلێمانی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بڵێن نه‌خۆشخانه‌كانی جێگه‌ی نه‌ماوه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ كۆی گشتی نزیكه‌ی 380 قه‌ره‌وێڵه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌مانه‌ له‌ 180 تێنه‌په‌ڕیووه‌ كه‌ پڕبۆته‌وه‌ واته‌ی نیوه‌ی له‌ نیوه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانمان پڕن ئه‌وه‌ی ده‌وترێت له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی نافه‌رمیه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ بڵاویده‌كه‌ینه‌وه‌ خۆمان لێی به‌رپرسین له‌ ڕاست و دروستی ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نیین.”

” به‌م هه‌موو بارودۆخه‌ سه‌خته‌ی كه‌ته‌ندروستی تێدایه‌ به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ پزیشك و كارمه‌ندمان هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ده‌وام كردن ئه‌گینا ماوه‌ی پێشوو هه‌موویان له‌ مانگرتندا بوون “
ده‌رباره‌ی بڕیاری ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌ڵێت” ئه‌م بڕیاره‌ی كه‌ ده‌ركراوه‌ بۆ بارودۆخی ئێستا شتێكی “عه‌مه‌لی نییه‌، مه‌نتقیش نییه‌ “كه‌ له‌ ئێستادا بتوانرێت ده‌وام به‌و شێوه‌ خه‌ستیه‌ زیاد بكرێت، ده‌بێت له‌ژێر ڕێكار و هۆكاری خۆپارێزی چڕ و پڕدا بتوانرێت قه‌ڕه‌باڵغی ته‌واو دروست بكه‌یته‌وه‌ و ده‌وام پڕبكرێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ش پێویستی به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ حكومه‌ت ده‌بێت پابه‌ندبێت به‌دابینكردنی هه‌موو ئه‌و پێداویستیه‌ خۆپارێزیییانه‌ ئینجا ده‌توانێت ده‌وامه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ لێبكاته‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ڕووی مه‌سه‌له‌ی خۆپارێزییه‌وه‌، له‌ڕووی بابه‌تی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و شایسته‌ی دارایی كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت ئه‌رك بخاته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ران به‌ڵام له‌ هه‌ماندا كاتدا مافه‌كانیان پێنه‌دراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ تۆزێك قورسه‌ بتوانیین ئێمه‌ خه‌ڵك ناچار بكه‌ین به‌م هه‌موو بارودۆخه‌ سه‌خته‌ی كه‌ته‌ندروستی تێدایه‌ به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ پزیشك و كارمه‌ندمان هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ده‌وام كردن ئه‌گه‌رنا ماوه‌ی پێشوو هه‌موویان له‌ مانگرتندا بوون، وه‌ ئێستاش ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدایه‌ كه‌ له‌ هه‌ر بارودۆخێكی سه‌ختردا دیسانه‌وه‌ ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ مانگرتن ، هیوادارین بڕیارێك به‌جێ بێت كه‌ قابیلی ئه‌وه‌ بێت كه‌ جێبه‌جێبكرێت نه‌ك بڕیارێك بێت كاردانه‌وه‌ی خراپتری لێبكه‌وێته‌وه‌ یاخود بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌ران بچنه‌وه‌ به‌ گژ بڕیاره‌كانی حكومه‌تدا.”

” ده‌كرێت ده‌وام به‌شێوه‌ی نۆره‌ بێت ، به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ ئیش و كاری هاوڵاتیانیش بڕوات په‌كنه‌كه‌وێت به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا هۆكاری خۆپارێزی و مه‌سه‌له‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و حكومه‌تیش ده‌ستكراوه‌ بێت له‌ دابینكردنی پێداویستی و پێدانی مووچه‌.”د.هێرش سه‌ید سه‌لیم وایوت”

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند” ئه‌م بڕیاردانه‌ بڕیارێكی گشتگیره‌ یان فره‌ لایه‌نه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ته‌نها ته‌ندروستین، وه‌كو وتم به‌گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌كان ده‌توانرێت له‌زۆر شوێن ده‌وام ده‌ست پێبكاته‌وه‌ به‌ڵام به‌ڕاستی ئێمه‌ گره‌نتی ئه‌وه‌ ناده‌ین ئایا جێبه‌جێده‌كرێت یان ناكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت به‌دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌ش هه‌بێت و ڕێ و شوێن بگیرێته‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌بڕیاری ته‌ندروستی جێبه‌جێناكه‌ن. ”

“شه‌ڕێكی گه‌وره‌مان به‌ماسك كردووه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا “

د.هێرش ئاماژه‌ی به‌ڕێ و شوێنه‌كانیان دژ به‌كۆرۆنا له‌سلێمانی كرد و ده‌ڵێت” ئێمه‌ له‌ سلێمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا هه‌ڵمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری خۆپارێزی تاك-مان یان پیاده‌كردنی مه‌سه‌له‌ی پۆشینی ماسك له‌ سلێمانی ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ چه‌ند ڕۆژێك ده‌خایه‌نێت 60 تیم له‌سنوری پارێزگای سلێمانی دابینكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هۆشیاری تاك به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا بڵاوبكه‌نه‌وه‌ به‌پێدانی پروشه‌ر و ماسك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ شوێنی گشتیه‌كان و زۆربه‌ی شوێنه‌كاندا خه‌ڵك ماسك بپۆشێت ، ئه‌مه‌ ئه‌و ڕێوشوێنانه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ی ماسك وه‌كو چه‌كێكی كاریگه‌ر به‌رامبه‌ر كۆرۆنا به‌كارده‌هێنین چونكه‌ هه‌موو ڕێكاره‌ خۆپارێزییه‌ ته‌ندروستیه‌كانی تر كه‌ له‌پێشتردا گیراوه‌ته‌به‌ر هیچیان وه‌كو مه‌سه‌له‌ی به‌كارهێنانی ماسك كاریگه‌ری نه‌بووه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ئێستاش له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ده‌وام یاخود ڕێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندان تاكه‌ هۆكاره‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی به‌باشی بزانیین به‌كارهێنانی ماسكه‌ كه‌ ده‌توانم بڵێم شه‌ڕێكی گه‌وره‌مان پێكردووه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنایه‌، ڕێكاره‌كانی تریش ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ تێبینیمان كردووه‌ له‌هه‌موو دنیادا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌ماوه‌ كه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌، ئێستا هه‌موو وڵاتانی تر پیاده‌ی پۆشینی ماسك ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی خۆیانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ شوێنه‌ گشتی یه‌كاندا.”

“به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌نیازی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆنین به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین ڕێكاره‌كان له‌وه‌رزی پایز و وه‌رزی په‌تاكانی تردا تۆزێك توندتر بكه‌ینه‌وه‌ “
سه‌باره‌ت به‌پێشبینییان بۆ هاتنی وه‌رزی پایز و ته‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كۆرۆنا هاوكاتی ئه‌نفلۆزاكانی تر؟ د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ده‌ڵێت ” وه‌كو خۆمان به‌ڕاستی ئێمه‌ تا ئێستاش به‌رچاو ڕوون نیین له‌مه‌سه‌له‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه‌وه‌ یاخود سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی پایز و سه‌رما، “خوانه‌خواسته‌ ” ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕووبدات ده‌بێت ڕێكاره‌كان تۆزێك توندتربكرێنه‌وه‌، ده‌بێت بابه‌تی پاراستنی ماوه‌ی نێوان دوو كه‌س خه‌ڵكی جێبه‌جێی بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕێكاره‌كانی ئێمه‌ دیارن، ئێمه‌ ڕێنماییه‌كانیشمان زۆر زۆر ڕوون و ئاشكرایه‌. ”

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند ” هاتنی وه‌رزی پایز یه‌كسانه‌ به‌هاتنی كۆمه‌ڵێك په‌تای وه‌رزی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ په‌تایانه‌ كه‌ له‌وه‌رزی پایزدا هه‌ن له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن كه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رلێشێوانێك دروست ده‌كات، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ڕێكاره‌كان له‌وه‌رزی پایز و وه‌رزی په‌تاكانی تردا تۆزێك توندتر بكه‌ینه‌وه‌ و ڕێنمایی زیاتر بده‌ین به‌ هاوڵاتیان. ”

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌نیازن قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی گشتی ڕابگه‌یه‌ننه‌وه‌، د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ده‌ڵێت” نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تازه‌ ئێمه‌ به‌كارهێنانی مادده‌ پاكه‌ره‌وه‌كان بۆ ڕووه‌كان ئه‌مانه‌ش له‌ ڕێنماییه‌كانی WHO دا زۆر باسی ناكرێت و زیاتر بابه‌تی ئه‌م ماسكه‌ بووه‌ به‌ چه‌كێكی باش و كاریگه‌ر له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا.”

VOA

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

عادل عوسمان: وڵاتانی داگیرکەر سنوورەکانیان بۆ لێدان لەتێکۆشانی گەلی کورد سڕیوەتەوە

خەڵک – نزار جەزا

ئەندامێکی دەستەى بەڕێوەبەریی بەرەی دیموکراسیی گەل لەگفتوگۆیەکیدا لەگەڵ (خەڵک) باسی لەیەکگرتوویی گەل و یەکێتیی هێزە سیاسییە کوردییەکانی کرد، کە چەندێک گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران، چونکە داگیرکەران سنوورەکانیان بۆ لێدان لەتێکۆشانی گەلی کورد سڕیوەتەوە، هاوکات بەگرنگیزانی هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستانیش بەرگری لەیەکێتیی نەتەوەیی کورد بکەن و نەبنە مۆرەى شاراوەی دەستی داگیرکەران.

 

عادل عوسمان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی بەرەی دیموکراسیی گەل بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، دۆخی باشووری کوردستان دۆخێکی تایبەتە و دابڕاو نییە لەپەیوەندییە گشتییەکەی گەلی کورد، کە لە هەر چوار پارچەدا دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتدا، کە شیکردنەوەى لەسەر ناکرێت، لەبەرئەوەی تێکۆشانی گەلی کورد سنوورەکانی تێپەڕاندووە و داگیرکەرانیش سنوورەکانیان سڕیوەتەوە.

   داگیرکەرانی کورد یەکێتییەکیان لەنێوان خۆیاندا دروستکردووە و سنوورەکانیان بۆ لێدان لە تێکۆشانی گەلی کورد سڕیوەتەوە

زیاتر ڕوونیکردەوە، دەبینرێت تورکیا بەئاسانی دێتە سنووری باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تورکیا ناتوانێت ئەگەرنا بۆ ئەوێش دەچوو، بەڵام لەڕێگەی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە کوشتن و سەرکوتکردنی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆیە داگیرکەرانی کورد یەکێتییەکیان لەنێوان خۆیاندا دروستکردووە و سنوورەکانیان بۆ لێدان لە تێکۆشانی گەلی کورد سڕیوەتەوە.

 

وتیشی: گەلی کوردیش دابەشبووە بەسەر دوو هێڵدا، هێڵێکیان دەستەمۆی داگیرکەرانە، کە بەپێی سنوورە تەقلیدییەکانی کۆن کە داگیرکەران لەکوێ ویستیان بەکاریدەهێنن و پارچەبوون لەناو ماڵی کورددا دروستدەکەن. هێڵەکەی دیکەش مەیلە بەلای تێکۆشانی دیموکراتیک و ئازاد، کە پەکەکە ڕابەرایەتی دەکات و سنوورەکانی سڕیوەتەوە و لەهەرکوێیەکدا پێویست بکات، بۆ هاوکاری و تێکۆشان و شەڕ لەدژی داگیرکەری و بەرگری لەگەل بەشداری دەکات.

   بونی هێزە شۆڕشگێڕییەکان بە هۆکاری دەستدرێژییەکانی داگیرکەران دەزانرێت، لەکاتێکدا داگیرکەران جیاوازی لەنێوان حزبەکان و هەر شوێنێکی کوردستاندا ناکەن.

زیاتر ڕوونیکردەوە، هێزەکانی باشووری کوردستان ستاتۆیەکیان بەناوی حکومەتى هەرێمەوە دروستکردووە، بەپێی ئەو پێوانانە دەڕۆنە پێشەوە، کە “لە هەرکوێدا لەبەرژوەندیدابوو ئاوا بکات و لەکوێ لەبەرژەوەندی نەبوو لێبدات”، بۆیە سنوورەکانیان وا لێکردووە، بەبەهانەى ئەوەی پەکەکە لەباشووری کوردستان هەیە بۆیە تورکیا وا دەستی واڵا بووە، و بەهۆی ئەوەی پژاک و حزبەکی دیموکرات و کۆمەڵە هەیە ئێران دەستی واڵا بووە، واتە بونی هێزە شۆڕشگێڕییەکانی گەلی کورد بە هۆکاری ئەم دەسترێژییانە دەزانن، لەکاتێکدا ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە بۆ نەمانی گەلی کورد هەوڵدەدەن و جیاوازی لەنێوان حزبەکان و هەر شوێنێکی کوردستاندا ناکەن.

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە، وڵاتانی داگیرکەر هاوکاری ئەو هێزانەش دەکەن، کە بەشداردەبن لەقڕکردن و لەناوبردنی ئەو هێزانەى نەخشەکانی دوژمن تێکدەشکێنن و خەبات دەکەن، بەڵام لەئەزموونەکانی ساڵانی پێشوودا ئەوە سەلماوە کە سیخوڕ و خائینەکان چییان بەسەرهاتووە و داگیرکەران هەموو کوردی بەیەکچاو سەیرکردووە و سزادراون.

   ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێت شەڕێکی ئاشکرا و شەڕێکی شاراوەیە

ناوبراو ئاماژەى بەئەوەشدا، یەکگرتویی گەل یەکێتیی هێزە سیاسییەکانە، واتە ئەگەر یەکگرتویی گەل توانی ئەوە بسەپێنێ بەسەر هێزە هێزە سیاسییەکاندا، ئەوا دەتوانرێت ئالوگۆڕ لەڕەوشی هێرشکانی داگیرکەر ڕووبدات، بۆیە ئەوەی داگیرکەر بەشوێنیەوەیەتی پارچەکردنی ناو گەلە و پارچەکردنی هێزە سیاسییەکانی ناویەتی، بۆئەوەی نەتوانن ئەو یەکێتییە دروستبکەن، کە دڵخوازی تێکۆشانی گەلی کوردە بۆ ئازادی، بۆیە ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێت شەڕێکی ئاشکرا و شەڕێکی شاراوەیە.

   پێویستە هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان نەبنە مۆرەى شاراوەی دەستی داگیرکەران

لەبارەى ئەو دوو جۆرە شەڕەوە زیاتر دووا و وتی: شەڕە ئاشکراکە دیارە داگیرکەر بەچەک و تەقەمەنی و تەکنەلۆژیا و سەربازەکانیەوە هێرش دەکات، بەڵام  شەڕە شاراوەکە کارەساتە، چونکە لەڕێگەی سیخوڕییەوە ئەنجامدەدرێت و هیچ هێزێکیش خۆی ناکات بەبەرپرسیار، بۆ لێپرسینەوە لەو کارە سیخوڕییانە، ئەمە خەتەرییەکەی دروستکردووە و یەکێتی نەتەوەیی کورد پەکدەخات، بۆیە گرنگە ئەو شەڕە بەشارەوەیی نەکرێت و هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستانیش بەرگری لەیەکێتی نەتەوەیی کورد بکەن و نەبنە مۆرەى شاراوەی دەستی داگیرکەران.

 

ئەوەشی خستەڕوو، گەلی کورد خۆی یەکگرتویی گەلی پێکهێناوە بۆنمونە کوردانی هەر پارچەیەکی کوردستان دەبینرێت لەپارچەیەکی دیکە شەهید دەبێت، بۆیە پێویستە یەکێتیی هێزە سیاسییەکانیش لەسەر ئەم بنچینەیە پێکبێت و بگاتە ئاستێکی باڵا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان