ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

پێشنیازێك بۆ پاشەكەوت كردنی ڕێژەیەك لە مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، كە پێشنیازێك كراوە بۆ پاشەكەوت كردن و بڕینی ڕێژەی 10%ی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق و پەڕلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت: “لێبڕینەكە وەكو پاشەكەوتی ناچاریە تا كۆتایی ئەمساڵ”.

حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی نیمەچە فەرمی عیراقی ڕاگەیاندووە، “عیراق لە دۆخێكی خراپ و قەیرانی داراییدایە، پەڕلەمان و حكومەت كار دەكەن بۆ ئەوەی چارەسەرێكی ئەو دۆخە بكەن، بەتایبەت بۆ مووچەی فەرمانبەران”.

ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی دارایی لە هەوڵی ئەوەدایە مووچەی فەرمانبەران بەتەواوی لە پێش جەژنی ڕەمەزان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پێشبینی باشبوونی نرخی نەوت دەكرێت.

وتیشی، “مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و سەرجەم چین و توێژەكان دەبێت زامن بكرێت بۆ ئەمساڵ و ئەوەش لە پێشینەی كارەكانی حكومەتە، بۆ ئەوەش ئەنجوومەنی وەزیران و شانەی قەیرانەكانی پەڕلەمان و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری جەختیان لە دابین كردنی مووچە و پارەی چاودێری كۆمەلایەتی كردۆتەوە و بە ئەولەویەتی حكومەتیان داناوە لەگەڵ دابین كردنی ئاسایشی خۆراك و دەرمان و ماددەكانی بەشەخۆراك و شایستەكانی جوتیاران”.

لای خۆشیەوە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، پێشنیازێكی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق هەیە بۆ بڕینی 10٪ی مووچەی فەرمانبەران و پێشنیازەكە وەكو پاشەكەوتی ناچاری تا كۆتایی ئەمساڵ دەبێت.

وتوشیەتی، “ئەو بڕینە تا ئێستا تەنها پێشنیازە و پێویستی بە داڕشتنی یاسا، یان بڕیار و ڕەزامەندی حكومەت و دەنگدانی پەڕلەمان هەیە”.

ئەو پەڕلەمانتارە كوردە وتویەتی، “دەكرێت بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی بانكی ناوەندی قەرز بە حكومەت بدات، چونكە بانكی ناوەندی دەتوانێت چارەكێك ملیار دۆلار بداتە حكومەت بەبێ ئەوەی كاریگەری لەسەر بەهای دراو دروست بكات”.

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی كۆڕۆناوە، عیراق داهاتێكی زۆری لەدەست داوە بەو پێیەی زیاتر لە 95%ی داهاتی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەكەوێت، بۆیە كێشەی لە دابەشكردنی مووچە بۆ دروست بووە.

راپۆرت

وردەكاریی نوێ‌ لەسەر ڤاكسینی دژە كۆرۆنا ئاشكرادەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ڕوسیا وردەكاریی نوێ‌ لەبارەی ڤاكسینە ڕوسییەكەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرادەكەن.

چاوەڕوان دەكرێت یەكەمجار بۆ پزیشكان و مامۆستایان بەكاربهێنرێت كە دەكرێت لە كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی ئەیلوبی داهاتوو پرۆسەی بەكارهێنەكەی دەستپێبكات.

لەڕێنماییە تایبەتەكانی بەكارهێنانی ڤاكسینە نوێیەكە كە لەلایەن ناوەندی (گامالی) ڕوسی بۆ پەتاكان و بایۆلۆجی دەركراوە هاتووە”ڤاكسینەكە بریتیە لە دەرزییەك كە لە دەماری (دەلتوید) لە شان دەدرێت. گەر ئەستەمیش بوو لەو شوێنە بدرێت، ئەوا لە دەماری پانی ڕان دەدرێت”.

لەپێناو پتەوكردنی بەرگری لەش، دوو جار دەرزییەكە لێدەدرێت كە یەكەمیان پێكهاتەیەكی ڤاكسینەكەی تێدایە، دوای 3 هەفتەش جارێكی تر كەسەكە ڤاكسینێكی تر وەردەگرێت كە پێكهاتەی دووەمی ڤاكسینەكەی تێدایە.

ڕێنماییەكان ئاماژە بە تێبینییەك دەكەن كە بریتییە لەوەی، ئەو كەسەی دەرزییەكەی لێدەدرێت، پێویستە بۆ ماوەی 30 خولەك لەژێر چاودێری پزیشكان یان پەرستاراندا بێت.

پێشتر ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، كچەكەی ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لەسەر خۆی تاقیكردۆتەوە كە بە وتەی ئەو، لەگەڵ وەرگرتنی یەكەم ڤاكسیندا پلەی گەرمای لەشی گەیشتۆتە 38 پلەی سەدی، بەڵام لەكاتی وەرگرتنی دووەم ڤاكسیندا پلەی گەرمای بەرزنەبۆتەوە و پاشان پلەی گەرمای جەستەی ئاسایی بۆتەوە، لەئێستاشدا تەندروستی زۆر باشە.

دەزگای (روس زدراڤ نادزور) چاودێری تەندروستی ڕوسی ڕایگەیاندبوو، پلانی هەیە لە دوای بەكارهێنانی ڤاكسینەكە توێژینەوە لەسەر چەندان هەزار كەس بكات، تا چاودێری ئەگەری دەركەوتنی دیاردە لاوەكییە ناچاوەڕوانكراوەكان بكات لەنێو ئەوانەی ڤاكسینەكەیان بەكارهێناوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

وردەكارییەكانی دەخرێنەڕوو
لێكۆڵینەوەكان بەشێك لە هۆكاریی تەقینەوەكەی بەیروت ئاشكرادەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرچاوە ئاگادارەكان ڕایدەگەیەنن، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژە بە چەندان ساڵ پشتگوێخستتن و بێخەمی دەسەڵاتداران دەكەن لەڕووی عەمباركردنی ماددەیەكی مەترسیدار لە بەندەری بەیروت كە بووە هۆی ئەو تەقینەوەیەی تێیدا زیاتر لە 100 كەس بونە قوربانی.

ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە:”مەسەلەی سەلامەتی عەمباركردن، چەندان جار خراوەتە بەردەست لیژنەكان و دادوەران، بەڵام هیچ فەرمانێك دەرنەكرا بۆ گواستنەوەی ئەو ماددەیە كە خێرا گڕدەگرێت، یان لەناوبردنی”.

بە وتەی سەرچاوەكە:”ئاگرێك لە گەنجینەی ژمارە نۆی بەندەرەكە كەوتەوە و گەیشتە گەنجینەی ژمارە 12 كە نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدا عەمباركراوە”.

سەرچاوەكە دەڵێت:”تەقینەوەكەی 4ی تەمموز بەهێزترین تەقینەوە بوو كە بەیروت بەخۆیەوە بینی، لەكاتێكدا شارەكە هێشتا برینەكانی جەنگی ئەهلی كە سی ساڵ درێژەی كێشا ساڕێژ نەبوون، سەرباری ئەوەش بە تەنگژەیەكی دارایی تونددا تێدەپەڕێت كە دەرهاویشتەی دەیان ساڵ لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابورییە”.

بەدەری زاهیر، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی لوبنان بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە”گەمرگ شەش بەڵگەنامەی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی بەرزكردۆتەوە و هۆشداریی داوە لەبارەی مەترسی گەورەی ماددەكە”.

بە وتەی ئەو بەرپرسە لوبنانییە”داوامان كرد سەرلەنوێ‌ هەناردە بكرێتەوە، بەڵام ئەوە ڕوەینەدا و هۆكارەكەشی بۆ شارەزایان و پەیوەنیدارەكان بەجێدەهێڵین”.
سەرچاوەیەكی تر كە فەرمانبەرە لە بەندەرەكە بە (رۆیتەر)ی ڕاگەیاندووە”شەش مانگ لەمەوبەر تیمێك نیتراتی ئەمۆنیۆمی نێو گەجینەكەی تەماشاكرد و هۆشداریدا لەوەی كە گەر نەگوازرێتەوە،هەموو بەیروت دەتەقێنێتەوە”.

بەپێی ئاژانسەكە، دوو بەڵگەنامە هەن كە تێیاندا گومرگی لوبنانی لە ساڵانی 2016 و 2017 داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی كردووە، تا داوا لە دامەزراوە دەریاییە پەیوەندیدارەكان بكات، ماددەكە هەناردەبكەن، یان ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نیتراتی ئەمۆنیۆم دەرببڕن كە لەڕێی كەشتی باری (رۆسۆس)ەوە هێنرا و لە گەنجینەی 12دا بۆ زامنكردنی سەلامەتی بەندەرەكە هەڵگیراوە”.

یەكێك لە بەڵگەنامەكان، ئاماژە بە چەند داواكارییەكی هاوشێوە دەكات لە ساڵانی 2014 و 2015.

ماڵپەڕی شیب ئەرستید. كۆم، كە تۆڕێكە مامەڵە لەگەڵ سكاڵا یاساییەكانی كەرتی بار دەكات، لە ڕاپۆرتێكیدا لە ساڵی 2015 ڕایگەیاندووە، كەشتی رۆسۆس كە بە ئاڵای مۆڵدافیاوە لە دەریادا گەشتی كردووە، كاتێك ڕووبەڕووی كێشەی تەكنیكی بووە لە گەشتە دەریاییەكەی لە جۆرجیاوە بۆ مۆزەمبیق، ، لە مانگی ئەیلولی 2013 لە بەیروت لەنگەری گرت و 2750 تەن نیتراتی ئەمۆنیۆمی هەڵگرتبوو.

بەپێی ماڵپەڕەكە”دوای ئەوەی پشكنینی بۆكراوە، ڕێگە لە بەڕێكەوتنی گیراوە، پاش ماوەیەكی كەمیش خاوەنی بارەكە دەستبەرداریی بارەكەی بووە، ئەمەش دوو قەرزاریی ناكۆكی ناچار كردووە سكاڵای ئاسایی بەرزبكەنەوە”.

ئەو ماڵپەڕە دەڵێت”بەهۆی مەترسییەكانی پەیوەست بە هێشتنەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لەسەر كەشتییەكە، دەسەڵاتداران ناچاربوون بارەكە بگوازنەوە بۆ نێو گەنجینەكانی بەندەرەكە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

حەوزێكی ماسی سەلەمون گەشتیاران بۆ گوندێكی شارباژێڕ ڕادەكێشێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەدووری ٤٢ كم لە باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی و لەنێو جەرگەی شارباژێری سەختدا، بەقەدپاڵی شاخی سوركێوە-وە لە خاڵی سفری سنووری وڵاتی ئێران و نزیك شاری بانە، لە گوندی بارێی بچووك، لەنێو دارگوێزی چڕ و خوڕەی ئاوی كانیاوەكاندا، لە چەند حەوزێكی سارد و فێنكدا، ماسی سەلەمۆن كە بەدەگمەن لە هەرێمی كوردستاندا دەست دەكەوێت، خۆیان لەنێو حەوزەكانی ئەو قەدپاڵەدا مەڵاس داوە، پەیتا پەیتا گەشتیاران و سەردانیكەران دەچن تاكو لە كەشێكی فێنكی نێو گەرمای هاویندا، ماسی سەلەمۆن نۆش بكەن.

ماسی سەلەمۆن جۆرێكی زۆر بەسوودی ماسیە كە لە هەرێمی كوردستاندا بەدەگمەن دەست دەكەوێت، هەر بۆیە رەغبەتێكی زۆر لەسەر ئەو جۆرە ماسیە هەیە.

ماوەی ٦ ساڵ دەبێت كە لەنێو گوندی بارێی بچووكدا پرۆژەیەك كراوەتەوە و تێیدا ماسی لە جۆری سەلەمۆن لە شاری پێنجوێن-ەوە دەهێنرێت و لە چەند حەوزێكی قەدپاڵی شاخەكەدا لە ئاوێكی سازگاری كانییەكاندا گەورەیان دەكەن و دواتر گەشتیاران بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش دێن بۆ ئەو چێشتخانە بچكۆلەیەی لە تەنیشت حەوزەكانەوە دروست كراوە.

لە بارێی بچوك، كە بە چوار وەرزی ساڵ سەرەڕای رێگا سەختەكەی، گەشتیاران و سەیرانكەران رووی تێ دەكەن، چەندین سەكۆی تایبەت بە گەشتیاران دروست كراوە تاكو لەوێدا لەنێو سروشتە جوانەكەی بارێی بچووكدا چاوەڕێی میوانی سەر سفرە و خوانەكەیان بكەن كە ئەویش ماسی سەلەمۆنە.

رابەر حاجی سیروان ئاغا، كە لەگەڵ باوكیدا ئەو پرۆژەیەیان بەگەر خستووە، ئاماژە بەو دەكات كە ماوەی ٦ ساڵ دەبێت و لە هاوینی ٢٠١٤دا ئەو پرۆژەیەیان كردۆتەوە و ئامانج لێی ئاوەدان كردنەوە و راكێشانی گەشتیارێكی زۆرە بۆ گوندەكەیان. ئەو باس لەوە دەكات كە جگە لەو پرۆژەیە كە بەخێوكردنی ماسی سەلەمۆنە، هاوكات بەرهەمەكانی گوێز، هەنگوین و گێلاس و چەندین میوەی تری هاوینە و وشككراوی زستانە كە لە گوندی بارێی بچووك بەرهەم دەهێنرێن پێشكەش بە میوانەكان دەكرێن.

ئەو باس لەوە دەكات كە لە چێشتخانەكەیدا كە ٦ ساڵە كردوویانەتەوە ماسی سەلەمۆن كە خواردنێكی بەتام و بەسوودیشە پێشكەشی میوانانی دەكات لە وڵاتی ئێرانەوە دەیهێنێت، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی رێگاوە لە شاری پێنجوێنەوە ماسیەكانی دەهێنێت.

رابەر، كە ئێستا سەرقاڵی خوێندنی ماستەرە لە بواری مێژوودا لە زانكۆیەكی ئەنقەرە، ئاماژە بەوە دەكات ئێستا بەهۆی سەرقاڵیەوە ناتوانێت وەك پێویست لە پرۆژەكەدا بمێنێتەوە، زیاتر باوكی لەگەڵ وەستایەك كە لە وڵاتی ئێرانەوە هێناویانە، پرۆژەكە بەڕێوەدەبەن.

ئەو باس لەوە دەكات، كە سەیرانكەران و گەشتیاران جگە لە خواردنی ماسی بۆ مانەوە و سەیران و گەشت روودەكەنە پرۆژەكەیان كە لە رێی ئەو كەپر و شوێنی حەوانەوانەی دابینیان كردووە كەشێكی ئارام بۆ گەشتیاران دروست دەكەن و دەڵێت، “جگە لەوەی گەشتیاران بۆ ماسی خواردن روومان تێدەكەن، بەڵام هاوكات شوێنی حەوانەوەش هەیە بۆ ئەو كەسانەی خوازیارن بەشەو بمێننەوە كە زۆربەی كات لە شەوانی پێش پشووەكانی هەفتەدا دێن و دەمێننەوە و لەو رێیەوە توانیومانە گەشتیارێكی زۆر بۆ ئەم گوندە دوورە دەستە رابكێشین، هەرچەندە ئێمە حەز دەكەین كە تەواوی گوندنشینان سوود لە هێنانی گەشتیاران بكەن بە كردنەوەی شوێنی تری حەوانەوە و ساغكردنەوەی بەرهەمە خۆماڵیەكانی گوندەكە، چونكە ئێستا خەڵكانێكی زۆر بە حەسرەتەوەن بۆ بەرهەمێكی خۆماڵی لە میوە و سەوزە و هەنگوین و گوێز كە بەشێوەیەكی سروشتی بەرهەم دێن”.

لە كاتی گەشتكردنتدا لە سلێمانی-یەوە بۆ گوندی بارێی بچووك، ئاشنا دەبیت بە سروشتی جوانی شارباژێری سەخت، هەرلە گوندەكانی سەر رێگا، بەرهەمی پێگەیشتووی هاوینە بە درەختەكانی سەر رێگاكە، كانیاوەكان، شاخە بەرزەكان، ئاژەڵی كێوی وەك رێوی، سمۆرە، كەروێشك و چەندانی تر جۆرێك لە دڵخۆشیت بۆ دەستەبەر دەكەن و دوورت دەخەنەوە لە جەنجاڵی ژیانی ناوشارەكان و ئاشنات دەكەنەوە بە سروشت.

ماسی سەلەمۆن تەنها لە ئاوی سازگاردا دەژیت، هەر بۆیە لە قەدپاڵی شاخەكەدا ئاوی چەندین كانی كۆكراوەتەوە و دەڕژێتە سەر حەوزی ماسیەكان تاكو پلەی گەرمای ١٦ پلەی سیلیزیان بۆ دەستەبەر بكرێت، ئەمە دیمەنی ناوچەكەی سەرنجڕاكێش تر كردووە.

حەسەن سەلیمی، كە ماوەی زیاتر لە ٧ مانگە لەو چێشتخانەیەی بارێی بچووك كار دەكات و خەڵكی شاری بانەی ئێرانە، ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی داخستنی سنوورەكانەوە نەیتوانیوە بڕواتەوە بۆ ماڵەكەی كە لە شاری بانە نیشتەجێن و دەڵێت، ”من بۆ ماوەی ٧ مانگە لێرە كار دەكەم، پێشتر لە ئێران سەرقاڵی باخداری چەندین كاری تر بووم ئێستا خانەنشین بووم و دوای ئەوە هاتمە ئێرە، لێرە بوومە شێفی دروستكردنی ماسی و لەم چێشتخانەیە كار دەكەم”.

وەستا حەسەن-ی ٥٢ ساڵ كە مانگانە ٤٠٠ هەزار دیناری عێراقی پێدەدرێت لەبەرامبەر مانەوە و كاركردنیدا لەو چێشتخانەیە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو لە پێناو دابینكردنی بژێوی ژیانیدا لە ئێرانەوە هاتۆتە هەرێمی كوردستان و هەوڵی دابینكردنی بژێوی ژیانی دەدات، چونكە لە وڵاتی ئێران ئێستا بژێوی زۆر سەخت بووە و پەیداكردنی بژێوی زۆر ئەستەم بووە بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری سەر ئەو وڵاتەوە.

وەستا حەسەن دەڵێت، ”لێرەوە ئەگەر بە پێ بتەوێت بڕۆی تەنیا سەعات و نیوێك رێگایە بۆ نێو ئێران، بەڵام رێگایەكی كراوە نیە، ئێستا بەهۆی كۆرۆناوە ناتوانم بچمەوە وڵاتی خۆم، چونكە ئەگەر بڕۆمەوە ناتوانم بێمەوە هەرێمی كوردستان ئەویش بەهۆی رێكارەكانی بەرگرتن لە كۆرۆنا”.

مام حەسەن باس لە چۆنیەتی برژاندنی ماسی سەلەمۆن دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە هەر ماسیەك ٣٥-٤٥ دەقەی پێویستە ببرژێت، بەهۆی ئەوەی كە وشكە دەبێت رووبەهەناری پێوە بكرێت تاكو چێژێكی سەرنجڕاكێش بداتە ماسیەكە و باس لەوە دەكات كە ماسیەكە بە سۆسێكی تایبەت خۆش دەكەن تاكو تامو بۆنێكی جیاوازی پێببەخشێت.

گەشتیار زانا مستەفا دەڵێت، یەكەمجارە سەردانی ئەو شوێنەی دەكات و پێشتر بۆیان باس كردووە كە زۆر فێنكە و بۆیەش بڕیاری داوە كە لەم وەرزەدا سەردانی بارێ بكات و دەڵێت: “رێگەكە دوورە بەڵام شایەنی ئەوە هەیە سەردانی بكرێت، لێرە ماندوو بوونت لەبیر دەچێتەوە”.

ئومێد لەتیف، كە بە خێزانی سەردانی ئەو ناوچەیەیان كردبوو ئاماژە بەوە دەكات، زۆر جار رێی دەكەوێتە گوندی بارێ بەتایبەت لە هاویناندا چونكە كەشوهەوایەكی فێنكی هەیەو دەڵێت، ”من بە زستانان كەمتر دێم، بەڵام هاوینان زۆر جار دێم چونكە كەشو هەوایەكی فێنكی هەیە، خەڵكی ئێمە فێری ئەوە بوون كە بۆ گەشتی پشووەكان بچنە نێو باخ و ڤێلاكان، لەكاتێكدا تامی دەشتودەرە فێنكەكان زۆر خۆشترە و كەشێكی هێور تر و ئارامت پێ دەبەخشێت، لێرە ماسیەكەیان زۆر خۆشە، بۆخۆمان لەگەڵ منداڵەكان و هاوسەرەكەم و هاویێكانمدا دێینە ئێرە. دەنگی كانیاو، خوڕەی ئاو، زیرەی شنەبای درەختەكان، دەنگی سروشت و دووكەڵی برژاندنی ماسیەكە كەشێكی تەواو خۆشت بۆ دەخوڵقێنێت'”.

سەرچاوە: ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان