کارەساتێکی دیکەی نێو خێزان، سەیرکردنی فیلمە پۆڕنەکان بە خێزانی


د. دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری، مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی باس لە چیرۆکی منداڵێک دەکات کە لەگەڵ سێ براکەیدا سەیری فیلمی پۆرنیان کردووە و دواجار دووبارەی کردووەتەوە.

ئەو پزیشکە دەشڵێت:”زۆر جار پەروەردەی منداڵ، تەنیا لە چەند شتێکی لاوەکیدا کورت دەکرێتەوەو پێمان وایە بەفێرکردنی چەند شتێکی سەرەتایی بۆ منداڵاکانمان ئیدی ئێمە توانیومانە منداڵەکانمان پەروەردە بکەین”.

هەروەها نووسیویەتی: زۆر کات دیاردەی سەیر و نامۆ دەبیستین لە زۆرێک لە خێزانەکان، بەتایبەت ئەو خێزانانەی بە دەست کێشەو گرفتی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن.

لەو وتارەدا چیرۆکێکی سەیرتان بۆ دەگێڕمەوە بەو هیوایەی کە ببێتە هۆی سوود گەیاندن و وشیارکردنەوەی خێزانەکان، بۆ ئەوەی زیاتر ئاگاداری منداڵەکانیان بن. بەر لەوەی بەهۆی هەڵەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کارەساتێک دروست ببێت.

چیرۆکەکە لێرەوە دەست پێدەکات، ڕۆژێک دایکێک منداڵێکی کچی خوار تەمەنی ١٠ ساڵی هێنایە پشکنین بۆ ئەوەی پشکنینی پەردەی کچێنی بۆ بکات.

منیش پرسیاری ئەوەم لێکرد کە بە چ بیانویەک و هۆکارێک دەیەوێت پشکنین بۆ کچێکی تەمەن بچووک بکات؟

وەڵامی دایکەکەش ئەوە بوو، کە ڕۆژێک کچەکەی ناردووە بۆ دوکانێکی نۆیک ماڵیان، بۆ ئەوەی هەندێک پێداویستی بۆ بکڕێت. بەڵام لە گەڕانەوەدا درەنگ کەوتووەو کاتی زۆری پێچووە.

کە منداڵەکە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ، لێی پرسیوە بۆچی ئەوەندەت پێچووە؟ منداڵەکەش پێی وتووە کە پیاوێک لە ڕێگای چوونی بۆ دوکان، بانگی کردووەو دەستی لە جەستەی داوەو پێی وتووە کە شوێنێکی هەستیاری نیشان بدات. لەبەرامبەر ئەوەدا دەیبات بۆ دووکان و شتی بۆ دەکڕێت.
دایکەکە ترسی هەبوو، کە شتێک ڕوویدابێت و ببووبێتە هۆکاری لە دەستدانی پەردەی کچێنی لە لایەن کچەکەیەوە.
ئەوەی بەلای منەوە سەیر بوو کە دایکەکە دەیوت ئەوە سێیەمجارە کچەکەم ئەوەی بەسەردێت. تەنانەت بۆ ئەمە دایکەکە گلەیی لە بەختی خۆی دەکردو دەیوت نازانم ”بۆ وا بەد بەختم. کچی من ئەو دەستدرێژیانەی دەکریتە سەر؟”.

لای خۆمەوە سەیرم بە دایکەکە هات. چونکە تاوانەکەی بە لاوە گرنگ نەبوو، بەڵکو ئەوەی بە لاوە مەترسیدار بوو کە کچەکەی پەردەی کچێنی نەمابێت. لەوەش سەیرتر ئەوەبوو کە بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی دەیوت ”ئەمە سێیەم جارییەتی وای بەسەردێت”.
بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوy یونیسێف، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕزگاربوانی دەست دریژی سێکسی، پێویستی بە شارەزایی هەیە وەک پسپۆری پزیشلی دادوەری ئەو خولانەمان بینیوە.
بەپێی هەنگاوە زانستییەکان، دەستمان بە گفتوگۆ کرد، لەگەڵ منداڵەکە.
بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆکانمان توشی شۆک بووم. ئەو منداڵە باسی ئەوەی دەکرد کە ئەو لە ماڵەوە سێ برای هەیە، لەگەڵ براکانیدا سەیری فیلمی ڕووتیکردووە. کە مەبەستی سایتە پۆرنەکان بوو.

ئەو منداڵە بە وتەی خۆی دیمەنی یەکێک لە فیلمە پۆڕنەکانی دووبارە کردووەتەوە کە پێشتر بینیویەتی کە چۆن کچێکی تەمەن بچووک لە ڕێگەی نیشاندانی سینگی خۆیە بە پیاوانی تەمەن گەورە پارەی دەستکەوتووە.

بە قسەکانی ئەو منداڵە توشی شۆک بووم کە چۆن دەکرێت منداڵێک بە ئاسانی دەستی بگات بەو دیمەنانەو لەوەش کارەساتتر دووبارەکردنەوەی دیمەنەکانە لە ژیانی ڕۆژانەیدا.
منداڵەکە وەک ئەوەی دەست و پەنجەی نەرمکردبێت لەگەڵ ئەم دیاردەیەو زۆر بەشێوەیەکی ئاسایی باسی هەندێ کاری دەکرد کە لەگەل تەمەنی ئەو نەدەگونجا.

بۆیە ڕووم لە دایکەکە کردەوە پرسیاری ئەوەم لێکرد کە هۆکاری ئەوە چییە کە ئەو کچە ئەو دەرفەتەی هەیە بەو شێوەیە مامەڵە بکات و بەشێوەیەکی جەماعی لەگەڵ براکانیدا سەیری فیلمی پۆڕن بکات؟ کۆمەڵێک پرسیاری دیکەم لێیکرد لەبارەی ئەوەی چۆن دەکرێت منداڵێک بەبێ چاودێری هێڵی ئینتەرنێتی لەبەر دەست بێت؟

بەڵام وەڵامەکانی ئەو دایکە زۆر سەرسوڕهێنەر بوون، دەیوت دکتۆرە کێ تاقەتی ئاگا لێبوونی منداڵی هەیە؟ باوکیان هەموو ڕۆژ دێتەوە بۆ ماڵ و ئیهانەم دەکات و پێم دەڵێت تۆ ناشیرینی و تۆ ژن نیت و دەیان قسەی ناشیرین. تەنانەت زۆربەی کات شەڕەکانمان دەگات بە کۆڵان.

ئەو ژینگە ناتەندروست و نالەبارە بۆ بەخێوکردنی منداڵ، کارەساتی لەو شێوەیەی لێدەکەوێتەوەو دواجار ئەو جۆرە منداڵانە بەهۆی شارەزاییان لەو جۆرە کارانە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت تێکەڵ ببن لەگەڵ دەیان جۆر باندی تاوانکاری.

ناکرێت شەڕی نێوان دایک و باوک، بەو شێوە بێسنور لەبەر چاوی منداڵ بکرێت. یاخود هیچ بەدوادانەچوونێک بۆ منداڵەکان نەکرێت و هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ نەکریت. یاخود بەبێ هیچ سانسۆرێک هێڵی ئینتەرنێت بخرێتە بەر دەستی منداڵ.

بۆ چارەسەرکردنی دۆخی لەم شێوەیە جگە لەوەی دەبێت دایکان و باوکان کەشێکی ئارام بۆ منداڵەکانیان فەراهەم بکەن لە هەمان کات دەبێت پەروەردەیەکی جوانی سێکسی منداڵ بکرێت و بە هەموو شێوەیەک فێری خۆپارێزی بکرێت.

چونکە لە بنەڕەتەوە خێزان دروستکردن پیرۆزە. منداڵ زۆر پیرۆزە. بەڵام کەسانێک ئەگەر توانای خێزان دروست کردنیان نەبێت. پێویست ناکات خێزان دروست بکەن. یاخود ئەگەر توانای منداڵ پەروەردە کردنیان نەبێت تاوانێکی گەورەیە ئەو هەموو منداڵە بخەیتەوە. چونکە دەبێت ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان بەخێوکردنی منداڵ و تەنانەت فێرکردنیش نابێتە بەدیلی پەروەردە. کە بە داخەوە لە زۆرینەی خێزانەکانمان تەنیا بەخێوکردن هەیە. بەڵام پڕۆسەی پەروەردە پشگوێخراوەو ئەسڵەن بیری لێناکرێتەوە.

زۆر کاتیش خێزانەکانمان لە نێوان فێرکردن و پەروەردەکردنیش جیاوازی ناکەن. کە ئەم دوانەشیان جیاوازن و جگە لە بەخێوکردن و فێرکردن دەبێت دایکان و باوکان هەوڵی پەروەردەیەکی دروست بدەن بۆ منداڵەکانیان بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت و منداڵەکانمان ڕووبەڕووی ئەو جۆرە تاوانانە نەبنەوە.

دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
پێشت دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
د. پشدەر عەبدوڵڵا: چوار ساڵە هاوار دەکەم کەس گوێم لێ ناگرێ
دواتر د. پشدەر عەبدوڵڵا: چوار ساڵە هاوار دەکەم کەس گوێم لێ ناگرێ
پەیوەندیدار