ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نامەیەك ئاڕاستەی مستەفا كازمی دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی مستەفا كازمی كردووە ڕایدەگەیەنێت:”بەڕێز كازمی و كابینەی نوێی عیراق، بەرپرسیاریەتی گەورە و هەستیاریان لەسەر شانە، كە ئەگەر بە هاوكاری هەموو لایەك دابین نەكرێت و شەقامی ناڕەزایی جەماوەریش ڕازی نەكرێت، سەركەوتن دەستەبەر نابێت.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژە بەوەش دەكات:” پێویستە هێزە كوردستانییەكانیش، كێشە لاوەكییەكان ئارام بكەینەوە و ڕیزی كوردایەتی یەك بخەینەوە، بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان لە بەغدا، لەسەر بنەمای دەستووری عیراق و ڕێككەوتنی سیاسی و ئابووری نوێ، بەو ئومێدەی، دەروازەیەك بكرێتەوە، لە كوردستانیشدا، داخوازییە بنچینەییەكانی خەڵك، لە پێشەوەدا مووچە و گرفتەكانی بازاڕ و كاسبی و پڕۆژەكان دابین بكرێت، دۆخەكە لەخۆبوردن و سیاسەتی بەرپرسیاریەتی نوێی گەرەكە”.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نامەیەك ئاراستەی مستەفا كازمی دەكات

بەڕێز مستەفا كازمی دەوڵەتمەداری عێراق

سڵاوێكی گەرم

پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی رێژەیی، جەنابتان و زۆرینەی وەزیرەكانی، وەكو سەرۆكی حكومەت و حكومەتی نوێی عێراق، پەسند كرد.

هەڵبژاردنی ئەم كابینەیە، لە دۆخێكی جیهانی و ئیقلیمی ناوخۆیی دژواردا، كە جگە لە مەترسیە بەردەوامەكانی پەتای كۆرۆنا، قەیرانی دارایی كوشندەو كێشمەكێشی مەترسیداری سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش، بەرپرسیارێتی كابینەكە قوڕستر بووە.
ئەوەی عێراق دووچاری قەیران هاتووە، یەكێتی بەردەوام، پەیڕەوی لە رێبازی سەرۆك مام جەلال كردووەو دەكات، كە كورد و یەكێتی نیشتمانی، بەشێكی چارەسەری كێشەكان بن، لەسەر بنەمای هاوسەنگی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق و بەغداد و هەرێمی كوردستان.

ئاشكراشە، جگە لە كێشەی تیرۆرستان و پاشماوەی هێزی رووخاوی سەدام، پابەند نەبوون بە دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەتا رادەی بەكارهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان و دەستی دەستی كردن بە مادەی (140)ی ناوچە كێشە لەسەرەكان، وەكو كارتی فشار لەلایەن حكومەتەكانی بەغداوە، بەشێكی بنچینەیی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان بەغدادو هەولێرن، ئەمە لە كاتێكدایە، ئەگەر مادەكانی دەستوور دوور لە روانگەی تەسكی دەسەڵاتخوازی ئەم و ئەو پێكهاتە، جێبەجێی كرابان، بێگومان عێراق دەیتوانی لەكێشەی نەخوازراوی، بە قەیرانی دارایی و گەندەڵی، خۆی بپارێزێ.

بەڕێز كازمی و كابینەی نوێی عێراق، بەرپرسیارێتی گەورەو هەستیاریان لەسەر شانە، كە ئەگەر بە هاوكاری هەموو لایەك دابین نەكرێ و شەقامی ناڕەزایی جەماوەریش رازی نەكرێ، سەركەوتن دەستەبەر نابێ.

هێزە كوردستانییەكانیش، پێویستە، كێشە لاوەكییەكان ئارام بكەینەوەو ریزی كوردایەتی یەك بخەینەوە، بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان لە بەغداد، لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و رێكەوتنی سیاسی و ئابووری نوێ، بەو ئومێدەی، دەروازەیەك بكرێتەوە، لە كوردستانیشدا، داخوازیە بنچینەییەكانی خەڵك، لە پێشەوەدا مووچەو گرفتەكانی بازاڕ و كاسبی و پرۆژەكان دابین بكرێ، دۆخەكە لەخۆبوردن و سیاسەتی بەرپرسیارێتی نوێی گەرەكە.

جارێكی تر بەهیوای سەركەوتنی بەڕێز مستەفا كازمی و كابینە بەڕێزەكەین.

 

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
8/5/2020

کوردستان

هەپەگە؛لە هەفتانین و خواكورك و دێرسیم چالاكییان ئەنجامداوە و سێ سەرباز كوژرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە ڕایدەگەیەنێت، لە هەفتانین خواكورك و دێرسیم لەگەڵ گەریلاكانی یەژاستار دژی سوپای توركیا چالاكییان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە هەفتانین خواكورك و دێرسیم لەگەڵ گەریلاكانی یەژاستار دژی سوپای توركیا چالاكییان ئەنجامداوە و سێ سەرباز كوژرا.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكەی هەپەگە :
هەفتانین
گەریلاكانی یەژاستار لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێریی جەنگی هەفتانین، ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە كاتژمێر ٠٣:٥٠ خولەكی دوانیوەڕۆ، دژی سوپای تورك لە گردی شەهیدان چالاكیی نیشانشكێنیان ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا سەربازێك كوژرا.

خواكورك
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە كاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەرەبەیان، هێزەكانمان لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێریی شەهید باگەڕ و شەهید ڕۆنیا-دا، لە گردی شەهید دەروێش دژی سوپای داگیركەری تورك چالاكییان ئەنجامدا، لە چالاكییەكەدا مۆڵگە و حەشارگەی دووژمن كرانە ئامانج، بەڵام ژمارەی كوژراو بریندارەكان ڕوون نەبووەتەوە.

دێرسیم
سوپای داگیركەری تورك لە نزیك گوندی چاكماكلی لە ناوچەی خۆزاتی دێرسیم بارەگایەك دروست دەكات، گەریلاكانی یەژاستار ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە كاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی دژی پاسەوانانی بارەگاكە چالاكییان ئەنجامدا، لەم چالاكییەدا دوو سەربازی دووژمن كوژران و دووی دیكەش برینداربوون، یەكینەكەمان بە سەلامەت گەڕایەوە شوێنی خۆی.

هێرشی ئاسمانیی
فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای داگیركەری تورك، ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە كاتژمێر ٠١:٠٠ی بەرەبەیان ناوچەی خانتوری هەفتانین، ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە كاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە ناوچەی بەكتۆریا و هەروەها ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەش كاتژمێر ١٠:٣٠ خولەكی شەو گردی ئامێدی لە ناوچەی ئامێدی سەربە دهۆك-یان بۆردوومانكرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەولێر؛دزێك دەستگیركرا كە ماددەی هۆشبەریشی بەكارهێناوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت ، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون كەسێكیان دەستگیركرد ، كە تۆمەتبارە بە دزینی 2 ماتۆڕسكیل، دەشڵێت،”لە ماڵەكەیدا دەست بەسەر ماددەی هۆشبەر و كەرەستەكانی بەكارهێنانی و جلوبەرگی سەربازی بە پلەی عەمید گیرا”.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، تیمەكانمان دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، لە ماوەی كاتژمێرێكدا لە گەڕەكی پۆلیسان كەسێكیان بە ناوی (س.ع) بە تۆمەتی دزینی 2 ماتۆڕسكیل دەستگیر كرد.

ڕاشیگەیاندووە، لە ماڵەكەیدا ماددەی هۆشبەر و كەرەستەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و دەمانچەیەك و 2 ماتۆڕسكیلەكە و كۆمەڵێك فیشەك و هەندێك (جلوبەرگی سەربازی بە پلەی عەمید) دەستیان بەسەردا گیرا.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان بەند كرا و دۆسیەیەكی دیكەی سەربەخۆش لەسەر تۆمەتبار كرایەوە بەپێی ماددە (14)ی هۆشبەرەكان، لەبەر ئەوەی ماددەی هۆشبەری بەكارهێنابوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەقینەوەیەك لە كەركوك ڕویدا

 

خەڵك- بەشی هەواڵ

تەقینەوەیەك لە كەركوك ڕویدا و سەرچاوەیەكی ئەمنیش دەڵێت، ڕووداوەكە جگە لە زیانی ماددی، قوربانی لێنەكەوتۆتەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شاری كەركوك ڕایگەیاند”تەقیتەوەیەك لە ناوەڕاستی شاری كەركوك و لە نزیك كۆلێژی یاساوە ڕویدا”.

بەوتەی سەرچاوەكە”تەقینەوەكە بەهۆی كەوتنەخوارەوەی گوللـەیەكی هاوەنەوە بووە لە نزیك كۆلێژی یاسا لە ناوەڕاستی كەركوك”، ڕەتیشكردەوە جگە لە زیانی ماددەی، ڕووداوەكە هیچ قوربانییەكی لێكەوتبێتەوە.

پێشتر سەرچاوەكان لە شاری كەركوك، ئاماژەیان بە تەقینەوەیەك كرد لە نزیك كۆلێژی یاسا لە شارەكە، بەبێ‌ ئەوەی زانیاریی لەبارەی سروشتی تەقینەوەكەوە بخەنەڕوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان