ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

لەیادی 1ی ئایاردا وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هێڵی گەرم بۆ كرێكاران ئاشكرا دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەیادی جەژنی كرێكاراندا كە ڕۆژی 1ی ئایارە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایدەگەیەنێت: هەرچەندە ناتوانین وەك پێویست بەرزی ئەم ڕۆژە ڕابگرین (لەبەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی تیایدا دەژین لە ڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە)، بەڵام لەگەڵ ئەوەش وەك نەریتێكی هەمیشەیمان ئەم ڕۆژە لە سەرجەم كرێكارانی جیهان بە گشتی و كرێكارانی كوردستان بە تایبەتی پیرۆز دەكەین.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم ئەوەشدەخاتەڕوو: هێڵی گەرمی وەزارەت (بە ژمارە ٥٥٠٠)ـە و تایبەتە بە كرێكاران و كرێكارانی بیانی بۆ ئەوەی هەمیشە بە ئاسانترین شێوە و دوور لە ڕۆتین لە پەیوەندی دابین لەگەڵ سەرجەم كرێكاران و لە ڕێگای ئەم ژمارەوە بتوانن هەر پرسیار و گازاندە و پێشێلكارییەك هەبێت بەزووترین كات و باشترین شێوە بگەیەنرێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

وتەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە بۆنەی ١ی ئایار/ ساڵڕۆژی جیهانی كرێكاران

كرێكاران هەمیشە چینێكی خۆبەختكارو خەمخۆری میللەتن و هەموو ساڵێك لە ١ی ئایاردا وەك نەریتێكی جیهانی پیرۆزبایی پێشكەشی كرێكاران دەكرێت و ئاهەنگ و بۆنەی تایبەتیان بۆ سازدەكرێت، وەك پێزانینێك بەرامبەر رۆڵی گرنگیان لە نێو كۆمەڵگاو لەبەر چاوگرتنی ماندووبوونیان و مافەكانیان.

ئێمەش لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە ناتوانین وەك پێویست بەرزی ئەم رۆژە رابگرین (لەبەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی تیایدا دەژین لە رووی تەندروستی و ئابوورییەوە)، بەڵام لەگەڵ ئەوش وەك نەریتێكی هەمیشەیمان ئەم رۆژە لە سەرجەم كرێكارانی جیهان بە گشتی و كرێكارانی كوردستان بە تایبەتی پیرۆز دەكەین.

بەسەرجەم كرێكاران رادەگەێنین كە باوەڕی تەواومان هەیە بەوەی كە رێزی كرێكاران و داواكردنی مافەكانیان نابێت لە تەنها رۆژێكی ساڵدا قەتیس بكرێتەوە، بەڵكو لەسەرجەم رۆژەكانی ساڵ دەبێت هەوڵ و ماندووبوون و تێكۆشانیان لەلایەن سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگا لەبەرچاو بگیرێت و هەموو پێكڕا داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان بین.

لای هەمومان روونە كرێكارانی كوردستان لەم بارودۆخەی ئێستادا (وەك سەرجەم كرێكارانی جیهان) زیاتر لە پێكهاتەكانی تری كۆمەڵگا پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە، چونكە بژێوی ژیانیان رۆژانەیەو نەبوونی رۆژێكی كار كاردەكاتە سەر داهاتیان و شێوازی ژیانیان، چ جای ئەوەی بۆ نزیكەی دوو مانگ لە كارەكانیان داببڕێن.

بۆیە داواكارین لە سەرجەم خاوەن كارو كارگەو كۆمپانیاكان كە پابەندی یاسا بەركارەكان بن و مووچەی كریكارەكانیان بدەن، هەروەها داواكارین لە كەسانی تواناداری یٔەم نیشتمانە كە هەموو هەوڵ و تینێكیان بخەنە كار بۆ هاریكاری و خزمەتكردنی كرێكاران
بە تایبەتی و خەڵكی هەژار بە گشتی.

ئێمەش وەك وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە زیاترو راستەوخۆتر لە وەزارەتەكانی تر پەیوەندیمان لەگەڵ كرێكاران هەیە.. خزمەتی ئەم چینە كەم نازو ماندوو نەناسە بە ئەركی سەرەكی سەرشانی خۆمان دەزانین و بە شانازییەوە هەموو هەوڵێكمان دەخەینە كار بۆ زیاتر خزمەتكردنیان لە رووی چەندیەتی و جۆریەتییەوە.

لەم ماوە كورتەی كابینەی نۆیەمیش ویرای كورتی ماوەو نالەباری سەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابووری و تەندروستی هەوڵمان داوە چەندین خزمەتی كاریگەرو بنەڕەت پێشكەش بە كرێكارانی كوردستان بكەین، لەوانە:

1. ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای كار، كە ئێستا لە ئەنجومەنی شورایە، تا ببێتە زامنی پاراستن و فراوانكردنی مافی كرێكاران، لە چوارچێوەی یاسا بۆ ئەوەی هەمیشە بەردەوامیەتی مافەكان هەبێت.

2. كاركردن لەسەر ئامادەكردنی رەشنووسی هەمواری یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، بە جۆرێك لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و داهاتووی كوردستان گونجاوتر بێت و مافی زیاتر بۆ كریكاران بە تایبەتی و خانەنشینان بە گشتی دابین بكات.

3. چالاككردنی لێژنەكانی بەدواداچوون بۆ دەستەبەركردنی كرێكاران، تاكو بتوانین هەموو كرێكاران دەستەبەر بكرێن و مافەكانیان پارێزراو بێت، لە كاتی روودانی هەركارەساتێك یاخود دوای گەیشتنە تەمەنی خانەنشینی.

4. كاراكردنی لێژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی كار بۆ زیاتر بەدواداچوونی مافی كرێكاران و نەهیشتنی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر كرێكاران دەكرێن.

5. لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ چالاككردنی هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی (الصحە والسلامە المهنیە)، تاكو ژیانی كرێكاران لە كاتی كاركردندا پارێزراو بێت و دوور بن لە بەركەوتەی ترسناك لە كاتی كاركردن.

6. هەڵمەتی نیشتیمانیمان دەست پێكردووە بۆ هۆشیاركردنەوەی كرێكاران لە هەردوو بواری دەستەبەركردن و تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی (الصحە والسلامە المهنیە)، كە هەردووكیان لە بەرژەوەندی كرێكاراندایە.

7. هیلێ گەرمی وەزارەت (بە ژمارە ٥٥٠٠) ی تایبەت بە كرێكاران و كرێكارانی بیانی بۆ ئەوەی هەمیشە بە ئاسانترین شێوەو دوور لە رۆتین لە پەیوەندی دابین لەگەڵ سەرجەم كرێكاران و لە رێگای ئەم ژمارەوە بتوانن هەر پرسیارو گازاندە و پێشێلكارییەك هەبێت بەزووترین كات و باشترین شێوە بگەێندرێت.

8. ئەمە جگە لە بەردەوامی خزمەتگوزاری لە بنكەكانی مەشق و راهێنانی پیشەیی و خولی بەردەوام لە ئەكادیمیای سویدی بە گوێرەی پێداویستی بازاڕ، بۆ ئامادەكردنی دەستی كرێكاری پێویست لە بازاڕو، دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ئەو كەسانی ناویان لە وەزارەت تۆماركردووەو، هەوڵدان بۆ رەخساندنی زۆرترین دەرفەتی كار لە رێگای جەخت كردنەوە لە خاوەن كۆمپانیاكان و پێدانی قەرزی بچووك بۆ رەخساندنی هەل ودەرفەتی زیاتری كاركردن.

لە كۆتاییشدا پەیمان بە سەرجەم كرێكارانی كوردستان دەدەین كە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا هەوڵی جدیمان دەبێت بۆ دابینكردنی زۆرترین مافی كرێكاران و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەرجەم كرێكاران.. هاوكاتیش داوا كارین لە كۆمپانیا و خاوەن كارەكان و كارگە ئەهلییەكان كە بە جوانترین شێوە مافی كرێكاران دەستەبەر بكەن و، چاكترین خزمەتیان پێشكەش بكەن و رەچاوی ئەو بارە ناهەموارەی هەرێمی كوردستان بكەن، وەك ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی.

هەروەها داوا لەسەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن و سەندیكای كرێكاران و پسپۆڕانی بواری كار دەكەم كە هاوكارمان بن لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ پیشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە كرێكاران و، سەرجەم ئەو لایەنانەو كرێكارانیش ئاگاداردەكەمەوە كە دەرگای وەزارەتمان هەردەم واڵایە بۆ هەر پێشنیار و هاوكارییەك كە ببێتە مایەی زیاتر خزمەتكردن بە كرێكاران.

دووبارە پیرۆزو شەكاوە بێت ١ی ئایار رۆژی جیهانی كرێكاران و بە هیوای هاتنەدی سەرجەم داوكارییە رەواكانیان لە كورستانێكی ئارام و ئاوەدان و لە ژێر چەتری دادوەری و خزمەتگوزاری بۆ هەمووان.

كوێستان محمد عبدالله
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی
١ی ئایاری ٢٠٢٠

کوردستان

وەزیری تەندروستی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزیری تەندروستی هەرێم لە پەیامێكدا ڕایدەگەیەنێت: كەمبوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا مانای نەمانی ڤایرۆس نییە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لە پەیامێكدا كە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە ڕایگەیاندووە: هاووڵاتی بەڕێز، كەمبوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا مانای نەمانی ڤایرۆس نییە، بە خۆپاراستنمان زیاتر كۆنتڕۆڵ دەبێت و مردن كەمتر دەبێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاماری ڕۆژانەی تایبەت بە كۆرۆنا ئەمڕۆ 26/11/2020 بڵاویكردەوە، 379 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا و تۆماركردنی 17 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش كردووە بەهۆی پەتاكەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قەرەیڵان: بۆ یەكەمجار یەكێتی پەكەكەی بردە ئەمریكا

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە ئاشكرایدەكات: بۆ یەكەمجار یەكێتی، پەكەكەی بردووەتە ئەمریكا.

موراد قەرەیڵان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرای دەكات لە ساڵی 1990 بۆ یەكەمجار مام جەلال، پەكەكەی بردە ئەمریكا و جەختیشیكردووەتەوە لەوەی كە لە پەیامێك كە بە ناوی پارتەكانی كوردستانەوە دەنووسرێت، ناوی پەكەكە لەسەرەوە بێت.

قەرەیلان وتیشی:” لە دوای شەڕی كوەیت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای كردبوو شاندێكی پێكهاتوو لە نوێنەرانی هەر چوار پارچەی كوردستان سەردانی واشنتۆن بكات، كە بەتایبەتی داواكرابوو پەكەكەش لەو شاندەدا جێبگرێت، بەڵام پەكەكە بە هۆی ئەوەی توركیا بە پشتیوانی ئەمریكا و ناتۆ شەڕی ئەوانی كردووە، ڕەتیكردبووەوە كە نوێنەری خۆیان بنێرێتە ئەمریكا”.

قەرەیڵان ڕوونیشی دەكاتەوە، لەو كاتەدا مام جەلال نامەیەك بۆ پەكەكە دەنێرێت و تێیدا دەنووسێت: “ئەگەر پەكەكە بەشداریی لەو شاندەیەدا نەكات ئەوا، ئەو شاندە قورسایی و بایەخی خۆی لەدەست دەدات بۆیە مام جەلال داوای لە پەكەكە كرد بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی باشوور و بۆ گەلی باشوور، بەشداریی لەم شاندەدا بكات”.

ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە ئەوەشی خستەڕوو:”مام جەلال وتبووی دەبێت لەو پەیامەدا كە بە ناوی كوردەوە دەنووسرێت، ناوی پەكەكە لە سەرووی هەمووانەوە بێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

محەمەد حاجی مەحمود بۆ حكومەت: ئیدارەیەكی گونجاو ڕێكبخەن و شەهیدەكان ئاسوودە بكەن

خەڵك – بەشی هەواڵ

لە شەشەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی كوڕەكەیدا، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە گوڵەخانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ماڵی كوردستان رێكبخەن و داهات و بەروبوومی كوردستان كۆبكەنەوە و ئیدارەیەكی گۆنجاو ڕێكبخەن و شەهیدەكان ئاسودە بكەن.

محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان نووسیویەتی، كوڕەكەی “لە 26ی تشرینی دووەمی 2014دا لە باشووری كەركوك بەبێ پشتیوانیی هاوپەیمانیە نێودەوڵەتییەكان، لە شەڕێكی قارەمانانەدا لە بەرامبەر هێرشێكی هێزەكانی داعش، توانیی ئەفسانەی داعش تێكبشكێنن، ئەم سەركەوتنەش بە خوێنی ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان و شەهید عەتای جوانە مەرگ تۆماركرا”.
محەمەد حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەش كردووە”ئاواتی عەتا و هەموو شەهیدەكانی دیكەش ئەوە بوو، ئەوەی كورد قارەمانانە توانیویەتی دووژمن بشكێنێت، وەكو هەمیشە تێكیشكاندووە و راویناوە، بەڵام لەدوای شەش ساڵ جگە لەوەی ئەو ناوچانە بە كەركوكیشەوە تەسلیم بە دووژمن و بەغداد كردووە، ئێستاش دەیانەوێت لەپێناو مشتێك پارەی تەزویری عێراقدا خوێنی شەهیدەكانیش بخرێتە ژێر پرسیارەوە..؟”
لە كۆتاییشدا نووسیویەتی “ماڵی كوردستان ڕێكبخەن و داهات و بەروبوومی كوردستان كۆبكەنەوە و ئیدارەیەكی گونجاو ڕێكبخەن و شەهیدەكان ئاسوودە بكەن”.

دەقی نووسینەكە:

بۆ یادی شەهید عەتا

لە ۲٠۱٤/۱۱/۲٦ لە باشوری كەركوك بە بێ پشتیوانی هاوپەیمانیە نێودەوڵەتیەكان لە شەڕێكی قارەمانانەدا لە بەرامبەر هێرشێكی هێزەكانی داعش، توانی ئەفسانەی داعش تێك بشكێنن، ئەم سەركەوتنەش بە خوێنی ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان و شەهید عەتای جوانە مەرگ تۆمار كرا.
ئەمڕۆ وا ئەم یادە شەش ساڵ بەسەریدا تێپەڕ دەبێت، بۆ من وەك ڕۆژێكی ئاسایی وابوو، چونكە ئەو ڕۆژەی عەتاو هاوڕێكانی شەهید بوون، هەموو عەتاكانی تر لەسۆسیالیست و لە هێزەكانی تر هەموویان وەك عەتا وان لە لای من.
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ من بیرم لێ ئەكردەوە ئاواتی عەتاو هەموو شەهیدەكانی تریش ئەوەبوو ئەوەی كورد قارەمانانە توانیوێتی دوژمن بشكێنێ وەك هەمیشە تێكیشكاندوەو ڕاوی ناوە، بەلام لە دوای شەش ساڵ جگە لەوەی ئەو ناوچانە بە كەركوكیشەوە تەسلیم بە دوژمن و بەغداد كردووە، ئێستاش ئەیانەوێ لە پێناو مشتێك پارەی تەزویری عێراقدا خوێنی شەهیدەكانیش بخرێتە ژێر پرسیارەوە..؟

بۆیە لەم یادەدا داوا لە حكومەت و پەڕڵەمان و هەموولایەك دەكەم چی تر خۆتان تەسلیم دەستی قەدەر مەكەن و خۆتان ئیدارەی خۆتان بدەن و خۆتان ڕێكبخەن، چاوەڕێی شۆڤێنی عەرەب لە بەغداد مەبن.

مالی كوردستان رێكبخەن و داهات و بەروبومی كوردستان كۆبكەنەوەو ئیدارەیەكی گۆنجاو ڕێكبخەن و شەهیدەكان ئاسودە بكەن.

محەمەد حاجی مەحمود
۲٠۲٠/۱۱/۲٦
گوڵەخانە

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان