ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ڕەتیدەكاتەوە قوتی هاووڵاتیان تێكەڵ بە ململانێكان بكرێت
یەكێتی: ئەركی حكومەتە مووچە بۆ هاونیشتمانیان دابین بكات


خەڵك- بەشی هەواڵ
یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەخت لەسەر پێویستی چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و بە ئەركی حكومەتی دەزانێت مووچە بۆ هاونیشتمانیان دابین بكات، ڕەتیشیدەكاتەوە پرسی مووچە و  قوتی هاووڵاتیان تێكەڵ بە ململانێكان بكرێت.

‎بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە” سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هاوسەرۆك و دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری سلێمانی كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر پێویستی چارەسەركردنی كێشەی ئێستای پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ هاوسەرۆك و دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی كوردستان، عێراق و قەیرانەكانی ناوچەكەو هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی پرسەكان و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ چارەسەری بنەڕەتی قەیرانەكان”.

لە كۆبوونەوەكەدا”‎بەوردی گفتوگۆ لەبارەی ئامانجەكانی یەكێتیی و هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكانی دوای كۆنگرەو كاركردنی سەرجەم ئۆرگانەكان وەك یەك تیم لەپێناو یەكێتیی و خزمەتكردنی هاونیشتمانیان كراوە”.

‎لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە كراوە بە هاوڕایی “سەرجەم بەشداربووانی كۆبوونەوەكە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەرە بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم هێزولایەنە سیاسییەكان بدات و ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێ لە نەهێشتنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان، جەختیش كرایەوە كە یەكێتیی پێداگری دەكات لەسەر چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان لەڕێگای دانیشتن و دیالۆگ و گفتوگۆ، هەرچەندە ناكۆكییەكان گەورەبن قابیلی چارەسەرن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان، بە‎تایبەت دۆخی مووچەو گوزەرانی هاووڵاتیان، دووپاتیشی كردەوە كە نابێ مووچەو قووتی هاووڵاتیان تێكەڵ بەهیچ ململانێیەك بكرێ، ئەركیشە حكومەتی هەرێم هەنگاوی جدی و پێویست بنێ بۆ دابینكردنی مووچەی هاونیشتمانیان”.

کوردستان

فراكسیۆنی پارتی؛ بە شانازییەوە یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەینەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، بە شانازییەوە یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەینەوە، كە خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان.

فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە ، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، كە لە 25ـی ئەیلوولی 2017 ئەنجام درا، رۆژێكی نیشتمانیی شكۆدارە و شانازییەكی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی بە بەڵێ، دەنگیان بۆ سەركەوتنی دا.

ڕاگەیەنراوى فراكسیۆنی پارتی لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان
بە شانازییەوە یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەینەوە، كە خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، كە لە 25ـی یٔەیلوولی 2017 یٔەنجام درا، رۆژێكی نیشتمانیی شكۆدارە و شانازییەكی گەورەیە بۆ هەموو یٔەوانەی بە بەڵێ، دەنگیان بۆ سەركەوتنی دا.
لە ساڵیادی ریفراندۆمدا، بەڵێن بە سەرۆك بارزانی دەدەین تا بمێنین پێشمەرگەی یٔەو ڕێیە دەبین كە یٔەو بۆ گەلەكەی هەڵیبژاردووە، كۆڵنەدان و وەفای یٔەو بۆ گەلەكەی دەنگی یٔازادیخوازانی كوردی بە گوێی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یار و نەیارانی گەلی كوردستان، گەیاند.
یٔێمە وەك فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان هەردەم شانازی بەو دەستكەوتە مەزنەی گەلەكەمان دەكەین و بە رابەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی و بە پێشڕەویی پارتە نەتەوەییخوازەكەمانەوە، خەبات بۆ بەدیهاتنی دەكەین.
سڵاو بۆ هەموو یٔەو كەسانەی بەشداربوون لە سەركەوتنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و دروود بۆ گیانی شەهیدانی كاروانی رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان.
فراكسیۆنی پارتی
لە پەرلەمانی كوردستان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئاسایشی سلێمانی ؛ باندێكی باندێكی‌ چوار كەسی‌ دەستگیركرد

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایشی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایدەگەیەنێت، باندێكی‌ چوار كەسیان دەستگیركردووە، كە كاریان بارزگانی بووە بە شوێنەوار و ماددەی‌ هۆشبەرەوە و بە چەكی بێ ‏مۆڵەتەوە هەستاون بە ‏هەڕەشەكردن لە خەڵك .

بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایشی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی‌ ئەیلولی‌ 2020، لە ڕاگەیەندراوێكدا ، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) هاتووە ڕایگەیاندووە، هێزەكانیان لە رۆژی 10ی ئەیلوولی 2020 باندێكی چوار كەسییان ‏دەستگیركرد كە بازرگانییان بە شوێنەوار و ماددە هۆشبەرەكانەوە ‏كردووە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو چوار كەسە هەستاون بە ‏هەڕەشەكردن لە خەڵك بە چەكی بێ ‏مۆڵەت و بازرگانییان بە شوێنەوار و ‏ماددە هۆشبەرەكانەوە كردووە، هاوكات بە چەقۆ و چەكیش خەڵكیان بریندار ‏كردووە.‏

ئاشكراشیكردووە، ئەو چوار كەسە ‏تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 44 ساڵدا بووە، سیانیان دانیشتووی وڵاتی ‏بەریتانیان ‌و یەكێكیشیان دانیشتووی شاری سلێمانییە‌ و سەرجەمیشیان دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە، ئێستاش رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە و ‏لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.‏

 

بۆ بەڕێز / كەناڵەكانی ڕاگەیاندن
بابەت / دەستگیركردنی باندێكی تۆمەتبار
لەدرێژەی كارو چالاكیەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی , بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵا و كەرامەتی هاوڵاتیان و ڕوو بەڕوو بونەوەی هەرجۆرە كارێكی هەڵخەڵەتاندن و فریودان و ئەنجامدانی كاری نایاسی تێكدانی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان
هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی توانیان لەڕۆژی (10/9/2020 ) لە چالاكیەكدا چوار تۆمەتبار دەستكیربكەن بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ( 431) لەیاسای سزادانی عێراقی بە ناوەكانی ( ك،ع،خ لەدایكبوی ساڵی 1981 ڕەگەز كورد دانیشتوی وڵاتی بەڕیتانیا / س،م،ص لەدایكبوی 1985 ڕەگەز كورد دانیشتوی وڵاتی بەڕیتانیا / ب،ص،ڕ لەدایكبوی 1980 ڕەگەز كورد دانیشتوی وڵاتی بەڕیتانیا / ز،م،م لەدایكبوی 1976 دانیشتوی سلێمانی) ، تۆمەتباران هەستاون بە هەڕەشەكردن لەخەڵكی بەچەكی بێ مۆڵەت و بازركانی كردن بە شوێنەوار و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و برینداركردنی هاوڵاتیان بەچەقۆ و،هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت ، سەرجەمیان دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە و ڕوبەڕوی یاسا كراونەتەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە .

لەگەڵ ڕێزدا….

ڕاگەیاندنی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مەسرور بارزانی؛ سەرەڕای قەیرانی دارایی بەردەوامن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریییەكان

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگی سەقامگیرییە لە عیراق و ناوچەكەدا ، دەشڵێت،”سەرەڕای قەیرانی دارایی حكومەت بەردەوامە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی”.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/9/24 پێشوازی لە مارتن هوس، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق كردووە، ‎لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عیراق و پەڕەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپایان تاووتوێ كردووە.

ڕاشیگەیاندووە، ‎سوپاسی پشتگیری یەكێتی ئەوروپای كردووە، لە هەرێمی كوردستان و جەختیشی لەوە كردوە، كە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگیی سەقامگیرییە لە عێراق و ناوچەكەدا .

باسی لەوەشكردووە، كە سەرەڕای قەیرانی دارایی بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی، لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری هەرێم.

هاوكات ‎باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا، كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتوو و گەشەسەندووە لە عیراق و یەكێتی ئەوروپاش ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەوروپایی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان