ئەو وتەیەی کە دەڵێت؛”هەموو ڕێگاکان دەچنەوە ڕۆما” لە کوێوە هاتووە؟



ئایا بەڕاستی هەموو ڕێگاکان بەرەو ڕۆما دەڕۆن؟

وتەی “هەموو ڕێگاکان بەرەو ڕۆما دەچن، یان دەچنەوە ڕۆما” وەک نموونەیەک بۆ بیرۆکەی هاوشێوە یان لێکچوون بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەم وتەیە مێژوویەکی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست.

لە ڕابردوودا شاری ڕۆما یەکێک بووە لە پایتەختە گرنگەکانی جیهان، کە کۆنتڕۆڵی باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باڵکانی دەکرد، جگە لە حەوزی دەریای ناوەڕاست، لە ڕێگەی ئەو لەشکرکێشییەی کە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بۆ سەر وڵات و شارەکان دەستیپێکرد و لکێندرا پێیەوە.

شارەکە سەردەمانێک بە سێگۆشەی ژیان ناسرابوو، بەو پێیەی شارستانیەتی ڕۆمانی بەدرێژایی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست درێژ دەبووەوە.

زۆر گۆڕانکاری گەورە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمادا ڕوویدا، سەرەتا ملکەچی دەسەڵاتی شاهانە بوو و دواتر گۆڕا بۆ حوکمڕانی کەمینەی کۆمارییەکان و دوای ئەوە بوو بە ئیمپراتۆریەتێکی تاکڕەو.

ڕۆما یەکێکە لە دێرینترین شارەکانی كیشوه‌ری ئەوڕوپا، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ١٣-٤ی ساڵی ٧٥٢ پێش زاین، لەلایەن دوو برای دوانە بەناوەکانی (رومولوس و ریموس) دروست كراوه‌ و رومولوس بەیەکەم پاشای شاری ڕۆما ناوزەد دەکرێت.

هەموو ڕێگاکان دەچنەوە ڕۆما

بەگوێرەی ماڵپەڕی “carpediemtours”ی ئەمریکی، دوای ئەو فراوانبوونەی کە ڕۆما لە سایەی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی دەستیپێکرد، شارەکە ڕووبەڕووی سەختییەکی گەورە بووەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتان بەهۆی سەختی گواستنەوە و خراپی ڕێگاکان، بۆ ئەوەی هەموو شارەکان بێنە ژێر کۆنترۆڵی ڕۆما و بە ئاسانی وڵاتانی نێو ئیمپراتۆریەتەکە کاری بازرگانی و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت بڕیار درا بە چاککردنی ڕێگاوبانەکان و بەستنەوەیان بە ڕۆما.

دواجار هەموو ئەو ڕێگایانەی بەرەو ڕۆما دەچوون، چاککران، لێرەوەیە، کە دەوترێت “هەموو ڕێگاکان بەرەو ڕۆما دەچن”.

تۆڕی ڕێگاوبانەکان لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا لە دارستانە چڕەکانی گالەوە تا شارەکانی یۆنان و لە ڕووباری فوراتەوە تا مانش درێژ دەبووەوە، ئەم ڕێگایانە ئاسانکارییان کرد بۆ کاری بازرگانی و بوارەکانی گواستنەوە و  جوڵەی سوپای ڕۆم کە ڕۆما بەکاری دەهێنا بۆ ئاسانکاری کۆنترۆڵکردن و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی بەسەر هەموو بەشەکانی ئیمپراتۆریەتەکەدا.

زۆرێک لە ڕێگا لاوەکییەکانی دیکە لەم ڕێگایانەوە لقیان لێ دروست بوو کە دەچوونە ناو پارێزگاکانی ڕۆم.

درێژی ئەو ڕێگایانەی شارەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بەیەکەوە دەبەستەوە گەیشتە زیاتر لە ٨٠ هەزار کم و ئەم ڕێگایانە لە ڕێگەی نەخشەیەکەوە بە ناوی نەخشەی پۆتینگەر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٤.

لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە لەسەر ڕێگاکانی ڕۆمای کۆن کە لە نێوان “٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٢” بەردەوام بوون لە توێژینەوە، تۆڕێکی یەکگرتووی ٥٠٠ هەزار خاڵیان لە نەخشەی ئەوروپادا پێشبینی کرد و دواتر ڕوون بووەوە، کە چەندین تۆڕی ڕێگاوبانی ڕاستەوخۆ لە پاریس و لەندەن و ئەستەنبوڵەوە بەرەو شاری ڕۆما دەڕۆن کە لە ڕابردوودا بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتەکە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، زۆرێک لەو ڕێگا مۆدێرنانەی ئێستا لە ئەوروپان، زنجیرەیەک ڕێگای ڕۆمانی کۆنن، تەنها ئەوە نەبێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا کەمێک گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی “carpediem tours”ی ئەمریکی، زانایەکی ئایینی فەرەنسی کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە زمانی لاتینی نووسیویەتی، ئەم وتەیەی هێناوەتە ئارا کە دەڵێت؛ ڕێگاکان هەموو دەچنەوە ڕۆما.

 

ئەو شۆفێرەی 3 كەسی كرد بە ژێرەوە و هەڵهات دەستگیركرا
پێشت ئەو شۆفێرەی 3 كەسی كرد بە ژێرەوە و هەڵهات دەستگیركرا
بەرشەلۆنە لە كێبڕكێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دووردەخرێتەوە ؟
دواتر بەرشەلۆنە لە كێبڕكێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دووردەخرێتەوە ؟
ەیوەندیدار