ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سەرۆكی پەڕلەمان پەیامێك ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووسان دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا كە بەبۆنەی یادی 122 ساڵەی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردییەوە بڵاویكردووەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەم یادە پیرۆزەداو لەسۆنگەی بەرپرسیاریەتیی یاساییمانەوە بەدەرفەتی دەزانم جارێكی تر پشگیری و پاڵپشتیی خۆم بۆ هەموو ئەو قەڵەمە ڕاستگۆ و هەقبێژانە ‌دووپات بكەمەوە كە داكۆكیكاری سەرسەختی ماف و ئازادی و داوا ڕەواكانی میللەتەكەمانن.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە..
‎ڕۆژنامەوانانی بەڕێز..
پارێزەرانی ڕاستی و داكۆكیكارانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، ڕۆژنامەنووسانی بوێرو چاونەترس، لەناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی یادی 122 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردی-تان لێدەكەین و سەری ڕێزونەوازش بۆ شەهیدانی خاوەن خامە ئازاو ئازادەكان دادەنەوێنین كە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لەتاریكترین ڕۆژگاردا ڕووبەڕووی جەلادەكەیان بوونەوەو ڕۆڵی بەرچاویان لەبونیادنان و دروستكردنی مێژووی پڕ لەسەروەریی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا گێڕا.

لەم یادە پیرۆزەداو لەسۆنگەی بەرپرسیاریەتیی یاساییمانەوە بەدەرفەتی دەزانم جارێكی تر پشگیری و پاڵپشتیی خۆم بۆ هەموو ئەو قەڵەمە ڕاستگۆ و هەقبێژانە ‌دووپات بكەمەوە كە داكۆكیكاری سەرسەختی ماف و ئازادی و داوا ڕەواكانی میللەتەكەمانن.

ئومێدەواریشم دادگاكانی كوردستان سەربەخۆیی و بێلایەنیی خۆیان لەجێبەجێكردنی یاسای ڕۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستان و چەسپاندنی ئەحكامەكانی ئەو یاسایە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بسەلمێنن و بەدەر لەوە كار بەهیچ دەق و یاسایەك نەكەن كەسنووری ئازادیی ڕۆژنامەگەری بەرتەسك دەكاتەوە، هاوكات پاراستنی گیان و كەرامەتی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخساندنی دەرفەتی كاری یەكسان و زەمینەی لەباری ئازادیی كاری ڕۆژنامەوانی پابەندی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم و تەواوی دامەزراوە دەستوورییەكانییەتی.

بەڕێزان ‌دیارە ڕۆژنامەگەریی كاغەز بیست ساڵێك لەمەوبەر بەهۆی هەژموونی تەكنەلۆژیاو ئینتەرنێتەوە بەرامبەر ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی ‌‌وردە وردە پاشەكشەی كردو كۆڵیدا، ئەم بەرەو دواوە چوونەی وەشاندن و چاپیش هەرزوو لێكەوتە ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكەی بەسەر زۆرێك لە كایە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەكاندا بەدیاركەوت و لەم ڕوانگەیەوە دەبێت پەرلەمانی كوردستان خۆی ئامادە بكات بۆ دووبارە هەمواركردنەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری، كە تێیدا ئازادیی كاری ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگیرێت لەچوارچێوەی پاراستنی مافە گشتی و تاكەكەسییەكان و تایبەتمەندیی هاووڵاتییاندا، لەبەرئەوەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 بەدەرە لە ئاماژەكردن بۆ بەكارهێنانی سۆشیال میدیاو میدیای ئەلیكترۆنی و تەلەڤزیۆن، ئومێدەوارین تا هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە ڕۆژنامەنووسان لەژێر كاریگەری و ئەحكامی هیچ یاسایەكی دیكەدا ڕووبەڕووی دادگا نەكرێنەوە.

لەم بۆنە مێژووییەدا هیواخوازم ژمارە (19)ی ڕۆژنامەی (كوردستان) كە تاوەكو ئێستا بزرە لەچاوی خوێنەرانی كورددا بەزووترین كات بدۆزرێتەوەو لەپاڵ 30 ژمارەكەی تریدا جارێكی دیكە بێتە وەشاندن و كتێبخانەی كوردی ڕۆشن بكاتەوە هەروەكو چۆن ژمارەكانی دیكەی بەهەوڵ و تەقەلای ڕۆشنبیران و توێژەرو خەمخۆرانی ڕۆژنامەگەریی كوردی دۆزرانەوە.

هەر شادو سەرفرازبن، بەرزو پیرۆز بێت یادی 122 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردی
‎د.ڕێواز فایەق
‎سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
22ی نیسانی 2020

ئابوری

ڕوونکردنەوە لەسەر کاتی دابەشکردنی ١٠٠ هەزار دینارەکەی حکومەتی هەرێم دەدرێت

خەڵک – بەشی هەواڵ

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەرکاتێک وردبینی لەو فۆڕمانە کرا، کە هاوڵاتییان پڕیانکردۆتەوە، وەزارەت پارەکە خەرجدەکات.

 

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتى هەرێم لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕوونکردنەوەی لەسەر کاتى دابەشکردنی بڕی ١٠٠ هەزار دیناری هاوکاری بەسەر خێزانە هەژارەکاندا دا.

 

ناوبراو ئاماژەى بەئەوەدا، فۆڕمە پڕکراوەکان لەلای بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییە، ئەوان وردبینی دەکەن، هەرکاتێک ئەوان لە وردبینی تەواوبوون بۆ وەزارەتی دەنێرن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، پاشئەوەی بەدەستیان گەیشت، ئەو پارەیە خەرجدەکەن، کە ١٠٠ هەزار دینارە.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

داوای کەمکردنەوەی نرخی بینینی پزیشک و دەرمان و پشکنینە پزیشکییەکان دەکرێت

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

لەگەڵ ئەوەی داهاتی تاک لەهەرێمی کوردستان کەمیکردووە و ڕێژەى بێکاری و هەژاری بەرزبۆتەوە، بەڵام هێشتا نرخی بینینی پزیشک و دەرمان و  پشکنینەکان هەر بەرزە، بۆیە ئەنجومەنی فشار لەهەوڵدایە کە ئەم نرخانە دابەزێنن و هاوتای داهاتی تاکی بکەن.

 

دڵشاد بابانی ئەندامی ئەنجومەنى فشار لەسلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، پێشتر لەگەڵ سەندیکای پزیشکان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەتەوە و ئەم هەفتەیەش لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و سەندیکای دەرمانسازان و سەندیکای بایۆلۆجی کۆدەبنەوە و دواتر سەردانی وەزیری تەندروستی دەکەن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانی هاوکارە و سەندیکای پزیشکانیش بەهەمانشێوە هاوکارن، بەڵام چەند گرفتێکیان هەیە و داوادەکەن، ئەوەیان بۆ چارەسەربکەن.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، پزیشکەکان گرفتی دەرمانخانە و تاقیگەکان و باج و هەندێک شتی دیکەیان هەیە، ئەوان داوای چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە دەکەن، بۆئەوەی بتوانن نرخ بهێننە خوارەوە.

 

باسی لەئەوەشکرد، دوای ئەوەی بۆچوونی هەموو سەندیکاکان و ڕا جیاوازەکانیان کۆکردەوە، سەردانی وەزیری تەندروستی دەکەن و لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن.

 

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەشنەکردنی موچە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، ئاستی داهاتی تاک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، کە ئەرکی حکومەتە هەموو سێکتەرەکانی هەرێم ڕێکبخاتەوە، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٠دا تەنها دوو موچەى بەتەواوی دابەشنەکردووە و هیچکام لەسێکتەرەکانی ژیانی لەگەڵ ئەو بێ موچەیی و بێکارییەدا ڕێکنەخستۆتەوە، لەو چوارچێوەیەدا نرخی بینینی پزیشک هاوشێوەی ساڵی ئاڵتونی هەرێمە کە ٢٠ هەزار یان ٢٥ هەزار دینارە، کە تەنها چەند خولەکێکی کەم نەخۆش دەبینرێت، ئەمەش بۆتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتییانەوە.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

حكومەتی هەرێم دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 3 دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت بەمزوانە هەرێم و بەغدا ڕێككەوتنێك واژۆ بكەن و لەم ڕۆژانەشدا مووچەی مانگی سێ دابەش بكرێت.

د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەڕلەمانی كوردستان بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاند، لە ئێستادا پێشبینیەك هەیە كە هەواڵێكی دڵخۆشكەرە و لەم ڕۆژانەدا ڕێككەوتنێك لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا واژۆ دەكرێت.

وتیشی”بەپێی زانیارییەكان حكومەتی بەغدا بڕێك پارە بۆ مووچە دەنێرێت و حكومەتی هەرێمیش لە داهاتی ناوخۆ پارە ئامادە دەكات و بەو شێوەیە مووچەی مانگی سێی پێ دابەش دەكات”.
ئاشكراشیكرد، تا ئێستا ڕوون نیە كە مووچەی تەواوەتی دابەش دەكرێت یاخود بە لێبڕینەوە دەبێت و پێشبینی ئەوەش دەكرێت مانگانە مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان