ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

كۆتایی بۆمب‌ و ژەنەڕاڵەكان؟


هەندرێن شێخ راغب

ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بە قوڵی ماناكانی گۆڕی. ئاراستەی بیركردنەوەی سەربازی‌و ململانێی دەوڵەتیش دەگۆڕێت؟؟ پرسیاری جدی لەپشتی كۆڕۆنا هەیە. چۆن؟ ئەگەر جەنگی جیهانیش بوایە، ئاسان نەبوو زۆرینەی هەرە زۆری وڵات‌و شارو شەقامەكانی جیهان بەم جۆرە چۆڵ ببێت‌و خەڵك ئاوا لە ماڵەكانیان بمێننەوە؟ لەداهاتوو جەنگەكان چۆن دەبن، ئایا پێویست بەوە دەكات هەزاران سەرباز‌و ئەفسەرو ژەنەڕاڵ بڕۆنە مەیدانی جەنگ؟ سەدان تۆپ هاوێژ‌و فڕۆكەی جەنگی‌و تانك‌و زرێ پۆش مل لە سنور بنێن‌و بۆمبەكان دا بارێن بەسەر دوژمندا؟. بۆ ئەوەی وڵاتێك ببەزێنیت ئەم هەموو جەنگ‌و كوشتارەی دەوێت..یاخود لەبری ئەم هەموو چەك‌و سەرباز‌و تۆپ‌و تەیارەیە، تەنها سێ چوار دكتۆرو یەك دوو زانای بایۆلۆجی بەسە..؟ كە لەناو تاقیگەیەك‌و بە كەرەستەی پزیشكی، ڤایرۆسێك‌و پەتایەك یان نەخۆشیەك دروست بكەیت‌و چەند توشبوویەك وەك گەشتیار بنێرە ناو وڵاتەكەی دوژمن، یان ناو سوپاكەی، یاخود بە فڕۆكەیەك‌و بار هەڵگرێك، یان لە رێگای ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی، بەسە بۆ وێرانكردنی ئەم وڵاتە، لەناوبردنی ئابوریەكەی، شڕكردنی سوپاكەی. تەنازول پێ كردنی..
ئایا جەنگی بابۆلۆجی جێگای جەنگی ژەنەڕاڵەكان دەگرێتەوە..
بۆ داهاتوو پرسیارێكی زۆر جدی‌و قوڵە..مرۆڤ داهاتوو چۆن جەنگ دەكات..
چۆن تفەنگەكان دروست بوون، جەنگی تیروكەوان كۆتایی هات..ئێستاش كە ڤایرۆسێك دروست دەبێت، جەنگی بۆمب‌و فڕۆكەو سوپا‌و ژەنەڕاڵەكان كۆتایی دێت..
داهاتوو ئەگەر تەمەن رێگا بدات، گۆڕانكاری زۆر دەبینین..وەك چۆن لە رابردوو بینیمان لە شاری هەڵەبجە، بەعس لەبری ژەنەڕاڵ‌و بۆمب‌و هەزاران سەرباز، بە كیمیایی جەنگی لەناوبردنی شارێكی كرد..ئایا ئەم جەنگە كیمیایی‌و بابۆلۆجیە ئیدی دەبنە حەقیقەتی جەنگەكانی داهاتوو؟؟. هیوادارم نەبێت..؟ بەڵام هیواخواستن شتێكە‌و روداوەكان شتێكی دیكە.

ریکلام

وتار

بنەماکانی دادپەروەری لەیاسای چاکسازی دا


رێبوار محمد صالح *

ئاشكرایە کە نادییەکانی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی تهۆکاری دروست بوونی ئەم دۆخەیە کە بەرٶکی هەرێمی گرتووە، ئەمەش پاڵنەربوو بۆ پەرلەمانی کوردستان هەوڵ بدات بۆدۆزینەوەی رێگاچارە و رێگرییەک بۆ ئەم دۆخە  ، ئەمە هەوڵەش لە دەرکردنی یاسای یاسای چاکسازی ژمارە ٢ ی سالی ٢٠٢٠ ی خۆی بینیەوە.

ئامانجی سەرەکی لە دەرچواندنی یاسای چاکسازی بریتیە لە بەرجەستەکردنی بنەماکانی دادپەروەری لە هەرێمی کوردستاندا،  وەهەروەها لە زۆربەی ماددەکانیدا ئاماژەی بە بنەماکانی دادپەروەری کردووە لە جێبەجێ کردنی یاساکەدا، و ئاماژەدان بە بنەماکانی دادپەروەری دەستەواژەیەکی گشتیە و مەترسی خراپ راڤەکردنی هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە ،ئێمەش هەوڵ دەدەین کورتەیەک لەسەر بنەماکانی دادپەروەری و رەگەزەکانی باسبکەین، و زانایانی بواری یاساو فەلسەفەو ئەخلاق بە شێوەی کتێب وتوێژینەوە زۆر رەهەندی دادپەروەرییان تاوتوێ کردووە بەڵام بەشێوەی ووتار و بە زمانێکی سادە کە خوێنەری ئاسایی لێی تێبگات قسەلەسەر دادپەروەری نەکراوە هەربۆیە ئەم بابەتەمان هەڵبژارد، پاشان تیشک دەخەینە سەر گرنگتیرن ئەحکامەکانی یاسای ناوبراو .

لەرووی مێژووییەوە بنەماکانی دادپەروەری پەیوەستە بە گەشەی فکری مرۆڤەوە ، وەک پلاتۆ ئەلێ لەسەرتادا مرۆڤ دادپەروەری نەناسیوە دواتر بەهۆی گەشەی عقلییەوە پێیگەشتووە، واتە هەرکاتێک مرۆڤێکی تەواوی یاسایی هەبێت هەستی دادپەروەری لەناخیدا دروست دەبێت ، هەربۆیە ناتوانرێت مێژووی دادپەروەری بدرێتەپاڵ کاتێکی دیاری کراو بەلکو لەدێر زەمانەوە مرۆڤایەتی رەچاوی دادپەروەری کردووە لەیاساکانی دا ، بۆنمونە لەیاسای دوانزەلەوحەکەدا گرنگی زۆر بە دادپەروەری دراوە ، وەهەروەها جوستیانی ئمپراتۆری رۆما لە یاسا بەناوبانگەکەیدا بەناوی ( مدونة جوستیان)  رەچاوی بنەماکانی دادپەروەری کردووە .

لەراستی دا ناتوانین چوارچێوەیەکی دیاری کراو بۆ دادپەروەری دابنێین و بەلکو فکرەیەکی فەلسەفییەو لەگەل گەشەی عقلی مرۆڤەکان دا دەگٶرێ ، سەرەڕای ئەم راستیەش زانایانی بواری یاساو فەلسەفەو ئەخلاق چەندین پێناسەیان بۆ کردووە ، ئێمە ئاماژە بە چەند پێناسەیەکی یاسای دەدەین: پێناسەکراوەبەوەی کە بریتیە لە هەستێکی شاراوەی دەروونی کە عقلی دروست ( عقل سلیم) پەی پێدەبات و ئامانج لێی پێدانی مافە بە خاوەنەکەی( اعطاء کل ذی حق حقە) ، وە پێناسەیەکی تری یاسایی بۆ دادپەروەری ئەوەیە کەهەستێکی شارەوەی دەروونیە و هەوڵ دەدات بۆ رێگریکردن لە پێشخستنی ئەو بەرژەوەندیانەی کە گرنگیییان کەمترە بەسەر ئەو بەرژەوەندیانەی کە گەورەتر و گرنگرن، وە ئەفلاتون ئەلێ دادپەروەری واتە راستگۆیی لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکان و بەرژەوەندییەباڵاکانیان ، کەواتە دەتوانین بڵێین دادپەوەری هۆکارە بۆ بەرجەستەکردنی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئاسایشی کۆمەلایەتی.

لەبواری پەیوەندی یاسا بەدادپەروەرییەوە فەیلەسوفی ئینگلیزی بواری یاسا ( سامند) ئەلێ یاسا تەنها ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، بەمانایەکی تر بەدیهێنانی دادپەوەری ئامانجی یاسایە و هەریاسایەک دادپەروەری تێدانەبێ بەیاسا ئەژمار ناکرێ ،لەگەڵ هاورابوونمان بەم ووتەیە دەڵیین بنەماکانی دادپەروەری یەکێکە لەسەرچاوەکانی یاسا هەروەک لە مادەی ١ ی یاسای شارستانی عێراقی دا هاتووە ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە جێبەجێکردنی دادپەوەری ئەرکێکی یاساییە لەسەر تەواوی دامەزراوەکان .

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەم باسە بەپێویستی دەزانین رەگەزەسەرەکییەکانی دادپەروەری روون بکەینەوە کە بریتین لە یەکسانی ( المساواة) و شایستەبوون ( الاستحقاق) :

یەکسانی لێرەدا بریتیە لە مامەڵەکردنی یەکسان  و پێدانی دەرفەتی یەکسان بە هەمووان ، وە پێدانی کرێ ومووچەو شایستەی دارای یەکسان بەوکەسانەی هەمان  کار ئەنجام ئەدەن ، واتە مووچەی یەکسان بۆ کاری یەکسان .

وشایسەتبوون ( الاستحقاق) بریتیە لە پێدانی ماف و مووچەی شایستە بە کەسانی شایستە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو قورسی و مەترسیانەی کە بەهۆی کارەکایانەوە روبەروویان دەبێتەوە ، واتە دەبێت هەرکەسێک بە ئەندازەی قورسی و مەترسی کارەکەی شایستەی دارایی وەربگرێت ، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە رەگەزی یەکسانی بەتەنها دادپەوەری بەدیناهێنی بەڵکو دادپەروەری تەواو و دروست پێویستی بە رەچاوکردنی رەگەزی شایستەبوونە .

زانایان چەند جۆرێکی سەرەکی دادپەوەرییان باسکردووە کە برتین لە دادپەروەری بەرامبەری ( عدالة التبادلیة ) و دادپەوەری دابەشکاری ( عدالة التوزیعیة ) و دادپەوەری مامەڵەکاری ( عدالة التعاملات) :

  • دادپەوەری بەرامبەری: ئەو جۆرەیە کە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان رێکدەخات لەنێوان خۆیاندا و بنیادنراوە لەسەر یەکسانییەکی تەواو بۆنمونە لە ئەنجام دانی گرێبەستەکان دا هەموو لایەنەکان ئیرادەیان یەکسانە و رەزامەندی هیچ کەسێ پێش ئەوی تر ناخرێ ، شوێنی جێبەجێکردنی ئەم جۆرە لە دادپەوەری لە یاسادا بریتیە لە یاسای تایبەت وەک یاسای شارستانی.
  • دادپەوەری دابەشکاری ( عدالة التوزیعیة ) : دادپەروەری دابەشکاری پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان رێکدەخات بە کۆمەڵگاو و دەوڵەتەوە ، ئەرک و مافی تاک دیاری دەکات بەرامبەر بە دەوڵەت و کۆمەڵگا و بەهەمان شێوە ئەرک و مافی دەوڵەت دیاری دەکات بەرامبەر بە تاکەکان ، بەمانایەکی تر هەرکەسێ لەکۆمەڵگا بەپێی رێژەی ئەو ئەرکەی ئەنجامی دەدات مافی لەسەر دەوڵەت هەیە ، دەوڵەتیش لە دابەشکاری داهاتەکاندا دەبێت مراعاتی دۆخی هەرکەس و ئەرکی هەرکەسێ بەجیابکات، وە ئامانج لەدادپەروەری دابەشکاری ئەوەیە کە خەلك بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی لە کەرتی گشتی و تایبەت دا هەست بە دادپەوەری بکەن لە دابەشکردنی داهات و وەرگرتنی مافەدارییەکانیان ، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم جۆرە لە دادپەروەری لەیاسای گشتی دا جێبەجێ دەکرێ وەک یاسای کارگێڕی .
  • دادپەوەری مامەڵەکاری( عدالة التعاملات) : مەبەست لێی ئەوەیە کە هاووڵاتیان و فەرمانبەران هەست و شعوری دادپەروەرییان بۆ دروست بێت لەکاتی مامەلەیان لەگەڵ دامەزراوەکاندا ، بەمانایەکی تر دەبێت کاربەدەستانی ووڵات دادپەروەربن لەکاتی مامەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتیان دا و جیاکاری کردن لەنێوانیاندا لەسەر هەربنەمایەک بێت پێچەوانە و پێشێلی دادپەروەرییە .
  • دادپەوەری گواستنەوە و راگوزەری ( عدالة الانتقالیة ) : دادپەروەری ڕاگوزەری جۆرێک نیە لە جۆرەکانی دادپەوەری بەڵکو مەبەست لێی بەدیهێنانی دادپەروەرییە لە قۆناغی گواستنەوە ( مرحلة انتقالیة) وەک گواستنەوە لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراسی و لە پێشێلی مافەکانی مرۆڤەوە بۆ رێزگرتن لێی ، بەمانیەکی تر داواکاری و هەوڵدانە بۆ پارستنی مافەکانی مرۆڤ وقەرەوبوکردنەوەوەی زەرەرمەندان لەو ووڵاتانەی کە لە قۆناغی سەرەتایی دیموکراسیدان، هەرێمی کوردستان بۆ ئەم جۆرە باشترین نمونەیە ، وەک بینیمان کە مامۆستایان لەسەر داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیان چەندین رۆژە لە زینداندان .

 

ئەوەی باس کرا کورتەیەک و سەرەتایەک بوو بۆ ئاشنابوون بە بنەماکانی دادپەروەری، ئیستاش هەوڵ دەدەین شرۆڤەی گرنگترین ئەحکامەکانی یاسای چاکسازی بکەین و بەراوردی بکەین لەگەڵ بنەماکانی دادپەروری دا، ئەم باسەش دەکەین بە دوو تەوەرەوە ، تەوەری یەکەم بریتیە لە تێبینیە گشتیەکانمان لەسەر یاسای چاک سازی ، تەوەری دووەم بریتی دەبێت لەشرۆڤە و  تێبینی تایبەتمان لەسەربەشێک لە مادەکانی یاسای چاکسازی :

تێبینیەگشتیەکان :

یەکەم/  پێویستی دەرچواندنی یاسای چاکسازی :

لەزانستی یاسادا کاتێک پەرلەمان هەڵدەستێت بە دەرکردنی یاسا کە بۆشایی یاسایی هەبێت بۆ رێکخستنی بوارێک یان کەیسێکی دیاری کراو ، ئەویش بە دەرچواندنی یاسایەکی نوێ بۆ رێکخسنتی سەرجەم رەهەندەکانی ئەو بوارە ، یاخود بە هەموارکردنی یاسایەکی پێشتر کە ئەوبابەتەی رێکخستووە بەشێوەیەکی ناتەواو، لێرەوە دەتوانین بڵێین یاسای چاکسازی هیچ پێویستیەک نەبووە بۆ دەرچواندنی چونکە ئەوبابەتەتانەی لەم یاسایەدا هاتووە کۆمەڵەتاوانێکن کە بە پێی یاسا جیاوازە بەرکارەکانی تری وەک یاسای سزادان و یاسای راژەی شارستانی و یاسای مافی کەس وکاری شەهیدان و ئەنفال کراوان و یاسای زیندانیانی سیاسی و چەندین یاسای تردا رێکخراون ، کەواتە ئەوەی کە ئەم دۆخەی دروست کردووە نەبوونی یاسا نیە بەڵکو جێبەجێ نەکردنی یاسایە و چاوپۆشیە لەوتاوانە گەورانەی کە دژ بە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ئەمجام دراوە .

دووەم/ رێکخستنی چەند بابەتێکی جیاواز لە یەک یاسادا:

لە زانستی یاسادا، یاسا رەهەندەجیاوازەکانی بابەتێکی دیاری کراو رێکدەخات ، بەلام یاسای چاکسازی کۆمەڵە بابەتێکی جیاوازی پێکەوە لە یاسایەکدا کۆکردۆتەوە کە پێمان وایە ئەمە جۆرێکە لە هەڵەی یاسا دانان و دەتوانرا لە رێگەی جێبەجێ کردن یان هەموارکردنی ئەویاسایانەوە کە ئاماژەمان پێداوە ئەو ئامانجە بهێنریتە دی کە  مەبەستە .

سێیەم/ ناونانی یاساکە بە یاسای چاکسازی:

بەکار‌‌هێنانی ئەم ناوە بۆ یاساکە و و شێوازی رێکخستنی گشتی یاساکە ئەوەدەگەیەنێ کە پەرلەمان و حکومەت دانیان ناوە بە بوونی ئەو ڕێژەیە لە تاوان و گەندەڵی لە هەرێم دا ، لێرەوە دەپرسین ئایا ئەرکی پەرلەمان چاودێری حکومەتە لە جێبەجێ کردنی یاساکاندا یان تەنها دۆزینەوەی گەندەڵییەکان و پێشاندانی شێوازی چارەسەر ؟  ، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین کارێکی ئیجابیە پەیوەندی هاوکاری هەبێت لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا و هەندێک لە زانایان بە گەشە و پێشکەوتنی سیستەمی پەرلەمانی ناوزەندی دەکەن ، بەڵام لەکاتی سەرپێچی کردنی زۆربەی یاساکان و بەهەدەردانی سامانی گشتی و پێشیێلکردنی مافەسەرەتاییەکانی فەرمانەبەران ونادادی لە دابەشکردنی سامانی نیشتیمانی بەسەرناوچەکاندا و چەندین نادادی تر ، لەدۆخێکی لەم شێوەیەدا وەزیفەی پەرلەمان تەنها هاوکاری نیە ، بەڵکو دەبێت بە ئەرکی سەرەکی پەرلەمانی خۆی هەستێت کە بریتیە لە گرتنەبەری رێگا و ئامرازەکانی لێپرسینەوە لە حکومەت بە گشتی و سەرۆکی حکومەت بە تایبەتی تا دەگات بە لێسەندنەوەی متمانەی پەرلەمانی  .

چوارەم / بەشێکی زۆر لە حوکمەکانی یاسای ناوبراو زیادەیە و بۆشاییەکی پڕنەکردووەتەوە ، ئاماژەبەهەندێکی دەکەین لە تێبینیەتایەبتیەکاندا.

شرۆڤە وتێبینی بەشێک لە مادەکانی یاسای چاکسازی :

لە ماددەی (١) ی یاساکەدا باس لە رێگەگرتن دەکات لە سوودمەندبوونی ناشایستە و بەهەدەردانی سامانی گشتی ، لێرەدا رەخنەمان لەیاسادانەر ئەوەیە کە هاتووە باس لە تاوانێکی گەورە ( جنایات) دەکات کە ئەنجام دراوە دەیەوێ بەم مادەیە رێگری لێبکات ، لەکاتێکدا ئەگەر پەرلەمان جدی بێت لەوپرسەدا دەبێت لەرێگەی لیژنەپیوەندارەکانەوە یان بە دروست کردنی لیژنەیەکەی تایبەت بەدواداچوونی بۆ بکات و دواتر ممارەسەی ئالیەتەکانی لێپرسینەوە لە دەسەلاتی جێبەجێکردن بکات ، ئەمە جگەوەی هەرکەسێک لەهەرئاستێکدا بێت تاوانی بەهەدەردانی سامانی گشتی یان رێگەدان بە سوودمەندی ناشایستە ئەنجام بدات دەبێت بە پێی  یاسای سزادان و  یاسای دەستەی دەستپاکی لێپرسینەوەی سزایی لەگەڵ بکرێت .

کۆتا قسەمان لەسەر ئەم ماددەیە ئەوەیە کە رێگەدان بە سوودمەندی ناشایستە جۆرێکە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و پێویستی بەباسکردن نەدەکرد ، و لە هونەر و زانستی دەرچواندنی یاسادا  جەخت لە بەکارنەهێنانی ووشە و دەستەواژەی زیادە دەکرێ ، واتە هەر وشەیەک مانادارو پێویست نەبێ نابێت بەکاربهێنرێ ( خیر کلام ما قل و دل )  .

لەبەشی چوارەمی یاساکەدا لە برگە (٤) ی مادەی (٤) دا کە تایبەتە بە پاسەوانی دامەزراوە حیزبییەکان ، یاسادانەرهیچ میکانیزم و پێوەرێکی گونجاوی دیاری نەکردووە بۆ رێکخستنی ژمارەی پاسەوان ، بەڵکو ئەم بابەتەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەجێهیشتووە ئەمەش واتە گەرانەوە بۆ خالی سەرەتا ، لێرەدا باس لە کێشەیەک دەکات کە ژمارەی پاسەوانی دامەزراوە حیزبییەکانە بەبێ دیاری کردنی چارەسەری یاسایی ، بۆ نمونە هەرحیزبێک دەکرێ بە پێی ژمارەی کورسییەکانی رێژەیەک لە پاسەوانی بۆ دیاری بکرێت ئەمەش گونجاوە لە گەل بنەماکانی دادپەروەری دا .

ئەوەی کە خوێندنەوەی زۆر و جیاوازی بۆ دەکرێت و بەشێکی گرنگی ئەم یاسایەیە بریتیە لە بابەتی رێکخستنەوەی دەرماڵەکان ، دەقی مادەی ( ٥) ئەڵێ (( پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران گشت دەرماڵەکان لەبەر رۆشنایی یاسابەرکارەکان، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە رێکبخاتەوە ))، ئەم مادەیە دەسەڵاتێکی زۆر و ناروونی داوە بە حکومەت بەشێوەیەک راڤەی جیاواز هەڵدەگرێ  و دواجار لە زیانی مووچەخۆران کۆتای دێت چونکە دەستەواژەی ( رێکخستنەوەی گشت دەرماڵەکان) ی بەکار‌ێناوە ئەمەش دەستواژەیەکی رەهاو گشتیە، نەدەبوو لەم دۆخەدا پەرلەمان بەم جۆرە لە سیاغە یاسا دەربکات چونکە  باش دەزانێ دەسەلاتی جێبەجێبەکردنی هەرێم لە زیانی مووچەخۆران راڤەی دەکات ، بۆیە باشتر ئەوە بوو کە پەرلەمان لەبری ئەم یاسایە یاسای رێکخستنی دەرماڵەکان دەربکات و سەرجەم دەرمالەکانی رێکبخستایە ، راستە ئەویاسایانەی کە رەهەندی داراییان هەیە پێویستی بە راوێژکردن هەیە بە حکومەت لەرووی داراییەوە بەپێی بۆچوونی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بەڵام رێکخستنی ئەم بابەتە لەپەرلەمان دا جۆرێک لە متمانەی بۆ مووچەخۆران دروست دەکرد و مافەکانیانی لەژێر رەحمەتی حکومەت دەردەکرد بەپێچەوانەی ئێستاوە کە فەرمانبەران لەدۆخێکی نائارانی داراییدان و ترسیان لە بڕێنی دەرماڵەکانیان هەیە .

دەقی مادەی (٥) کە لەسەرەوە نوسراوە حکومەتی پابەند کردووە بە هەمواری گشت دەرمالەکان ، لێرەدا دوو پرسیار دروست دەبێ یەکەم ئایا بەپێی ئەم مادەیە حکومەت دەسەڵاتی بڕینی چی دەرماڵەیەکی هەیە؟؟ دووەم ئایا مەبەست چیە لە رێکخستنەوەی دەرماڵەکان ؟؟

بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان چەند جۆرێک لە دەرماڵەدا ، دەرماڵەیەک هەیە بە یاسا دراوە و چەسپێنراوە بە روونی ، دەرماڵەیەکی تر بە رێنمای دراوە، ئەمەی کۆتاییش دووجۆری هەیە دەرماڵەیەک بە رێنمایی دراوە بە هەموو شایستەیەک لەگەڵ دەرمالەیەک کە هەر بە رێنمایی دراوە بە مووچەخۆرانی ناوچەیەک یان دامەزراوەیەکی دیاری کراو بەتەنها و نەدراوە بە ئەوانی تر .

سەبارەت بەودەرماڵانەی کە بە یاسا دراون ئەوە ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی دەستکاریکردنی نیە  چونکە رێنمای هەرچەند پشت بەست بێت بە یاساش بەڵام توانای هەمواری یاسای نیە ، ئەمەش وەک دەوترێ الف و بێی زانستی یاسایە کە لە هەرەمی یاسایی دا رێنمای و تعلیمات کە یاسای فرعی پێدەوترێ لە خوار یاسای ئاساییەوەن کە لە پەرلەمانەوە دەردەچێ، کەواتە ئەم مادەیە تەنها پابەندی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی کردووە بە جێبەجێ کردنی بنەماکانی دادپەوەری لە رێکخستنەوەی دەرماڵەکاندا، لێرەوە دەڵێین ئەگەر حکومەت نیەتی بڕینی ئەودەرماڵانەی هەبێت کە بە یاسا جێگیرکراون  ئەوا دەبێت لە رێگەی پەرلەمانەوە و بە هەمواری یاسای پەیوەندیدار ئەنجامی بدات ، بۆ نمونە لە یاسای ڕاژەی زانکۆێی ژمارە ( ٢٣ ) ساڵی ( ٢٠٠٨ ) دەرماڵەی نازناوی زانستی و خۆتەرخانکردنی زانکۆیی بۆ مامۆستایانی زانکۆ دانراوە ، ئەم جۆرە لە دەرماڵە تەنها پەرلەمان بە هەمواری یاسای ناوبراو دەتوانێ دەستکاری بکات ، وەهەروەها دەرماڵەی بروانامە یان دەرماڵەی شوێنی جگرافی بە یاسای ژمارە ٢٢ ی سالێ ٢٠٠٨ دیاری کراوە .

ئەو دەرماڵانەی کە بەرێنمایی ( یاسای فرعی ) دیاری کراون ئەوجۆرەن کە حکومەت دەتوانێ دەستکاری بکات چونکە خۆی سەرچاوەی پێدانی ئەو مافەیە و هەرخۆشی دەتوانێ هەمواری بکات بۆ نمونە دەرماڵەی مەترسی کە بە رێنمایی وەزارەتی دارایی دیاری کراوە ، دەتوانرێ هەر بە رێنمایی هەمواربکرێ .

سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری دووەم کە بریتیە لە مانای رێکخستنەوە لەژێر سایەی بنەماکانی دادپەروەریی دا،  لێرەدا  وەک ووتمان  دووجۆر دەرماڵە هەیە یان ئەو دەرماڵەیە بۆ هەموو فەرمانبەرێکە کە هەمان ناونیشانی کاری هەبێت بەڵام لە واقعدا نەدراوە بە هەندێک لە فەرمانبەران بۆ نمونە دەرماڵەی مەترسی یاسایی لە هەندێک دەەمەزراوە دا دراوە بە پسپۆرانی یاسایی و لەهەندێکی تردا نەدراوە ، ئەمە نادادپەروەرییە ومەبەستی سەرەکی لە رێکخستنەوە ئەم بوارەیە، واتە حکومەت پابەندە بەوەی ئەودەرماڵەیە بدات بە هەر فەرمانبەرێک کە هەمان ناونیشان و مەترسی هەیە ئەمەش گونجاوە لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری دا ، جۆرێکیترلە دەرماڵە  هەیە تەنها دراوە بە فەرمانبەرانی دامەزراوەیەکی دیاری کراو بەهۆی دۆخێکی دیاری کراوەوە کە لە ناوچەکە یان دامەزراوەکە بوونی هەیە ،  بۆ نموونە دەرماڵەی هاندان کە بە تەنها دەدرێت بە مامۆستایانی زانکۆی زانکۆ نوێیەکان وەک زانکۆی گەرمیان و راپەرین و هەڵەبجە و چەرمۆ زانکۆ نێیەکانی تر بەپێچوانەی زانکۆ گەورەکانەوە کە ئەم دەرماڵەیەیان پێنادرێ وەک  زانکۆی سلێمانی و زانکۆی صلاح الدین و ….، لێرەدا دەڵێین لە پێدانی دەرماڵەی هاندان بە زانکۆ نوییەکان رەچاوی بنەماکانی دادپەروەی کراوە چونکە ئەرکی مامۆستا تەنها وانە ووتنەوە نیە بەڵکو توێژینەوەی زانستی ئەرکێکی سەرەکی مامۆستای زانکۆیە ، وە لە راستی دا ئەو زانکۆ نوێیانە سەرچاوەی زانستی زۆر کەمە لە بەردەست توێژەردا ئەمەش وا دەکات توێژەر بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی زانستی ئەرک بکێشێ و لە شارەکانی تری وەک سلێمانی و هەولیر بەردەستی بکات، جگەلەمەش ئەوزانکۆ نوێیانە پێویستیان ئەزموون و زانستی استاذەکانی زانکۆ گەورەکانە بەمەش دەکرێ دەرماڵەی هاندان پاڵنەرێک بێت بۆ گەشەدان بەو زانکۆ نوێیانە ، لێرەوە دەڵێین ئەمجۆرە لە دەرماڵە راستە بە رێنماییی دراوە و تەنها بە هەندێ زانکۆ دراوە بەلام لەبەرئەوەی پێویستیەک پاڵنەری پێدانی بووە و هاوتا بووە لەگەل بنەماکنی دادپەروەری دا ، وەک لە سەرەتا باسمان کرد دادپەروەری بەمانی یەکسانی نیە بەڵکو بریتیە لە  پێدانی ماف بە خاوەنەکەی بەپێی قورسای ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیەتی ، لەدەرئەنجامی ئەم راڤەیەدا دەڵێین بڕینی ئەوجۆرە لە دەرماڵە ناکۆک و پێجەوانەی بنەماکانی دادپەوەرییەو وبەمەش ئەو رێنماییەی کە دەردەچێت پێچەوانەی رۆحی یاساکە دەبێت .

خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی و زانستی دەبێت بێلایەنانە بێت و لایەنی خراپ و باشی لەخۆبگرێت، لەم رووانەگەیەوە دەمەوێ ئاماژە بەخاڵێکی ئیجابی ئەم یاسایە بدەم ئەویش بریتیە لە وەی کە ئەم یاسایە دەستی خستووەتە سەر گەندەڵییەکی زۆر و بەهەدەردانیێکی زۆر لە سامانی گشتی کە بریتیە لە سوودمەندبوونێکی زۆری ناشایستە و نایاسایی کە لە کۆمەڵگادا بە (بندیوار) نازەند کراون ، لە راستی دا ئەوانە کۆمەڵە کەسانێکن مافی خۆیانە بە شیوەیەکی یاسایی سوودمەندبن  بەڵام ئەمان دووجار قوربانین یەکەم کەوتوونەتە بەر لۆمەی کۆمەلگا  دووەم ئەوان تاوانبارنین بەڵکو تاوانبار حکومەتە کە بە نایاسایی سوودمەندی کردوون ، ئەم کەیسە  دوو کێشەی تێدایە یەکەم دامەزراندیانە بە نایاسایی دووەم پێدانی پلەی نایاساییە، واتە ئەگەر گریمانە بکەین  بڕیاری دامەزراندیان یاسایی بێت ئەوە پلەکانیان نایاسایی و ناشایستەیە ، بۆ نمونە بۆ  ناونیشانی بەرێوەبەری جێبەجێکار پێویستە لانی کەم ١٧ ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت لەکاتێکدا ئەم ناونیشانە دراوە  بەبێ رەچاوکردنی ساڵانی خزمەت ، سەرەرای ئەوەی کە ئاماژەمان بەوەدا کە ئەم خاڵە لایەنی باشی یاساکەیە بەڵام لە بنەرەتدا ئەرکی لایەنە پیوەندیدارەکانە کە لیستی مووچەخۆران لە ناشایستەکان پاک بکەنەوە ، ئەو دامەزراوانەی کە ئەرکیانە لەسەر ئەم کەیسە بەدواداچون بکەن پەرلەمان و داواکاری گشتیە، پەرلەمان حورمەتی شکێنراوە بە مەبەست و داواکاری گشتییش خۆی بەشێکە لە دەسەلاتی جێبەجێ کردن بۆیە توانای لێکۆلینەوە و بەدواداچوونی نیە مەگەر لەسەر راسپاردەی خودی حکومەت خۆی وەک لەم دۆخەی پەتای کۆرۆنادا دەینینین .

سەبارەت بەهەڵوەشانەوەی دامەزراندنە نایاساییەکان ئەوە یاسادانەر پشتبەست بە بنەمای مافی بەدەست هاتوو ( حقوق المکتسبة) حیمایەی کردوون ، بەڵام حکومەتی پابەند کردووە بە کەم کردنەوەی پلە و ناونیشانی وەزیفیان بۆ پلەی گونجاو لەگەل خزمەتی فعلی دا ، لێرەوە دەڵێین ئەم حوکمە گونجاو تەبا نیە لەگەل بنەماکانی دادپەروەری دا و چونکە بنەمای مافی بەدەست هاتووکاتێک کاری پێدەکرێت کە لە بنەرەتدا دامەزراندنەکەیان یاسایی و دروست بێت، و لەهەمان کاتدا حکومەتی پابەند کردووە بە لێسەندنەوەی پلەو مافی ناشایستە بەشێوەیەک بگونجێ لەگەل خزمەتی فعلی دا ئەمەش هاوتەریبە لەگەل ئەوکورتەیەی کە باس کرا لەسەردادپەروەری.

ئەوەی پەیوەندی بە مافی خانەنشینیەوە هەیە بە تایبەت خانەنشینی پەرلەمانتاران ، دوو تێبینیمان هەیە یەکەم دادپەروەرترین یاسا لەم بوارەدا بریتیە لە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی  ( ٢٠١٤    )ی عێراق ، نەک ئەو شێوازەی کە لەم یاسایەدا جێگیرکراوە ، دووەم لە برگەی (٤) ی ماددەی ( ٧) ی یاساکەدا هاتووە کە دەڵێ پەرلەمانتار بۆی هەیە دەستبەرداری مافی خانەنشینی بێت بەمەرجێ لەماوەی (٣٠) رۆژدا  لەبەرواری بەرکاربوونی ئەم یاسایەوە داواکاری پێشکەشبکات، ئەم حوکمە دوو هەڵەی یاسایی تێدایە ، لەلایەکەوە تەنها ماوەی (٣٠) رۆژی دیاریکردووە بۆ دەستبەرداربوون لە مافی خانەنشینی ، لەکاتێکدا ماف لەهەرکاتێکدا بێ خاوەنەکەی دەتوانێ تنازکی لێ بکات ، لەلایەکی ترەوە باسی دەستبەرداربوون ( تنازل) لەمافێک دەکات کە هێشتا بەدەستنەهاتووە بۆ ئەوانەی کە ئێستا پەرلەمانتارن ، ئەوەش هەڵەیەکی یاسای روونە و چونکە مافێک هێشتا بەدەست نەهاتبێ نابەخشرێ( فاقد شئ لا یعطی ) .

سەبارەت بەو خانەنشینیانەی کە بەنایاسای رێکخراون و پلەی ناشایستەیان پێدراوە ، یاسادانەر لە مادەی ١٠ی یاساکەدا حکومەتی پابەند کردووە بە هەڵوەشانەوەی ئەوانەی کە نایاسایین و کەمکردنەوی ئەوانەی کە پلەی ناشایستەیان پێدراوە، لێرەدا یاسادانەر کەوتووەتە دژیەکیەکی یاساییەوە ، لە دامەزراندنی نایاسایی فەرمانبەران دا ( بندیوارەکان) پێی وایە ئەوە مافی بەدەستهاتووە و نابێ پێشێل بکرێ ، بەلام لێرەدا ئەڵێ دەبێ هەڵبوەشێتەوە ، واتە  خانەنشینی نایاسایی بە مافی بەدەست هاتوو ئەژمار نەکردووە ،لەکاتێکدا هەردووکیان یەک حکومی یاساییان هەیە کە بطلانە ( ما یبنی علی باطل فهو باطل ) .

لەکۆتایدا هیواخوازین کە چاکسازی جدی و راستەقینە لە سەرجەم سێکتەرەکانی هەرێم دا بکرێت ، و دووپاتی دەکەینەوە کە چاکسازی ئیرادەیەکی سیاسی جدی دەوێ نەک یاسایەکی تایبەت چونکە یاساکانی تر رێگەیان بە گەندەڵی نەداوە بەڵکو ئەوە حکومرانانن کە بە پێچەوانەی یاسا سامانی گشتیان بەهەدەرداوە و دەسەڵاتی یاسادانان و داواکاری گشتی بێدەنگیان هەڵبژاردووە .

 

*مامۆستای زانکۆ

 

 

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

گره‌و له‌سه‌ر كه‌وتنی نیویۆرك-ه‌


لوقمان غەفوور

هیچ شوێنێك به‌ قه‌د نیویۆرك سه‌خت نییه‌ بۆ پۆلیسی ئه‌مریكا، چونكه‌ بۆته‌ سه‌نته‌ری سه‌ختی ململانێی نێوان خۆپیشانده‌ران (پیاوه‌ شین و سپییه‌كان)ی ئه‌و ویلایه‌ته‌ له‌لایه‌ك و (پیاوه‌ جلڕه‌شه‌كان) و خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌كی تره‌وه‌.

له‌ نێو ئه‌و ویلایه‌ته‌دا هه‌ردوو كه‌رتی مه‌نهانتن و برۆكلین سه‌خترین شوێنن له‌ نێو ئه‌م دوانه‌شدا، برۆكلین كاونتی كه‌ زیاتر له‌ 2 ملیۆن كه‌سی تێدا ده‌ژی قورستره‌ بۆ پۆلیس و داونتاونی برۆكلین هه‌شت شه‌وه‌ ئارام ناخه‌وێت.

(پیاوه‌ شین و سپییه‌كان) و (پیاوه‌ جلڕه‌شه‌كان)-ی كه‌ ره‌نگ و سیمای پۆلیسی ویلایه‌ته‌كه‌ن، كه‌بشی فیدان له‌م نێوه‌نده‌دا. ئه‌م دوو گروپه‌ی پۆلیس هیلاكن، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌ (دی بیلاسیۆ) سه‌رۆكی شاره‌وانی و (ئه‌ندریۆ كۆمۆ) حاكمی ویلایه‌ته‌كه‌ قه‌ناعه‌تیان وایه‌ پۆلیس ته‌نیا له‌وكاته‌دا بۆی هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌ستگیر بكات و كه‌له‌پچه‌ی بكات كه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ری، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك دۆخدا ناتوانن پارێزگاری له‌ تاڵانكردنی دوكان و بازاڕه‌كانیش بكه‌ن، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی خۆپیشاندان نه‌بنه‌وه‌ و لێدان و پێكدادانی ده‌سته‌و یه‌خه‌ دروستنه‌بێت.

خۆپیشانده‌ران ئه‌م دۆخه‌ بێده‌سه‌ڵاتییه‌ی پۆلیس-یان قۆستۆته‌وه‌ و چه‌قۆ و ئامێری برینداركه‌ر و بكوژ به‌كارده‌هێنن به‌رامبه‌ریان.

پۆلیس له‌لایه‌ك، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ره‌وه‌ لێی ئه‌درێت، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خۆپیشانده‌ر بدات ئه‌وه‌ له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی لاده‌برێت. له‌هه‌مانكاتدا بۆشیان نییه‌ گازی فرمێسك رژێنیش به‌كاربهێنن.

ئه‌م دۆخه‌ گره‌وێكی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ دروستكردووه‌، چونكه‌ ئه‌و هه‌ر له‌ چواره‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ داوای له‌حكومه‌تی هه‌موو ویلایه‌ته‌كان كرد كه‌ ئه‌گه‌ر پێویستیان به‌ گاردی نیشتمانی بوو، بۆیان ده‌نێرێت، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پۆلیس پارێزگاری له‌ویلایه‌ته‌كانیان بكه‌ن له‌ تێكدان، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ حكومه‌تی ویلایه‌ته‌كان سه‌ره‌تا ره‌تیانكرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌شی زۆریان ره‌زامه‌ندبوون، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ 5ی جون، حكومه‌تی نیویۆرك رازی نییه‌، گاردی نیشتمانی بێته‌ ناو نیویۆرك-ه‌وه‌.

ئێستا نیویۆرك خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نێوان كاربه‌ده‌ستانی ویلایه‌ته‌كه‌ و دۆناڵد تره‌مپ-ه‌. سه‌رۆكی شاره‌وانی و حاكمی ویلایه‌تی نیویۆرك كه‌ سه‌ر به‌ حزبی دیموكراته‌كانن، به‌رامبه‌ر ئه‌م چالێنجه‌ وه‌ستاون، نیویۆرك 85%ی به‌ره‌و ژووری پاڵپشتی دیموكراته‌كان ده‌كه‌ن و شوێنگه‌ی سه‌ره‌كی دیموكراته‌كانه‌.

كۆماریییه‌كان و به‌شێكی زۆر له‌خاوه‌ن بزنس و دوكانه‌كان باوه‌ڕیان وایه‌ پۆلیس نه‌ك ناتوانێت به‌و (دار)ه‌ی ده‌ستی پارێزگاری له‌ دوكانه‌كان بكه‌ن، به‌ڵكو ناتوانێت به‌رگری له‌خۆشی بكات، به‌ڵام (دیمۆرس شی) به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی نیویۆرك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانی و حاكمی ویلایه‌ته‌كه‌ تا ئێستا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گاردی نیشتمانی پێویست ناكات بێته‌ ناو نیویۆركه‌وه‌.

گره‌و له‌سه‌ر كه‌وتنی نیویۆرك، كه‌وتۆته‌ ده‌ستی خۆپیشانده‌ران، كه‌ ئایا به‌رده‌وام ئه‌بن له‌سه‌ر ئه‌و توندوتیژییه‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌مڕۆ به‌دواوه‌ واز له‌ توندوتیژی و تێكدان ئه‌هێنن و قسه‌كه‌ی تره‌مپ شكست پێئه‌هێنن، چونكه‌ به‌رده‌وامبوونیان له‌سه‌ر توندوتیژی و ئه‌ناركییه‌ت وا له‌و سێ كاربه‌ده‌سته‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ ده‌كات تووشی شه‌رمنده‌یی زیاتریان بكات.

هه‌رچه‌نده‌ بردنه‌وه‌ی ئه‌م گره‌وه‌ی دی بیلاسیۆ مایه‌ری (سه‌رۆكی شاره‌وانی) و (ئه‌ندریۆ كۆمۆ) حاكمی ویلایه‌ته‌كه‌ و (دیمۆرس شی) به‌رێوه‌به‌ری پۆلیس، له‌تره‌مپ، زۆر زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ 10 كه‌س به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كار و به‌رنامه‌ی ئه‌م سێ كه‌سه‌ بشێوێنن.
ته‌نانه‌ت ئه‌م گره‌وه‌ خاڵی به‌هێزی هه‌ڵبژاردنی 2020 ده‌بێت له‌ناو نیویۆركدا، ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر توندوتیژی و ئه‌م سێ به‌رپرسه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ شكستبێنن و گاردی نیشتمانی بێته‌ ناو نیویۆرك-ه‌وه‌ ئه‌وه‌ 100% ده‌نگی كۆمارییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی2020 داهاتوو له‌و ویلایه‌ته‌ ئه‌گۆڕێت و كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ ویلایه‌ته‌كانی تریش.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

رقی لە حزبە‌و جنێوەكانی حزب دوبارە دەكاتەوە


ژوان ئەحمەد

چەند رۆژێك لەمەوبەر، كۆچكردوو ئازادی بێكاران، بەوپەڕی ماندوێتی، لەرێی شاشەوە ویستی بە خەڵك بڵێت: تكایە ئاگاتان لە خۆتان‌و ئازیزانتان بێت، كۆرۆنا هەیە‌و ئەوەتا منیش توش بوم.

سوپاسی خەڵك بۆ ئەو كۆچكردوە، تانەو تەشەر‌و جنێو بوو، جنێوی وەها مەگەر لە فەرهەنگی ئەوانەو دروستكەرانیدا جێی ببێتەوە.

بەداخەوە میدیا رۆڵێكی خراپی گێڕاوە كە هەم ئەم قوربانیە‌و هەم خەڵكی والێكردوە كۆرۆنا بە شەرم ببینن، چ لە ترسی تەشەری خەڵك بێت یان وەك باری تەندروستی كە ئەو بەڕێزە لە ڤیدیۆیەكدا دەڵێت پشكنینەكانم نێگەتیڤ بوە، بەڵام گرفتەكە لێرەدا كەلتوری جنێودانە.

ئاسایی یە لەم دۆخەدا، كە حكومەت‌و حزبەكان بێباكن، خەڵك چەواشە دەكەن بۆ موچەو هەموو بوارێكی تر، حزبەكان یان پۆپۆلیستین یان پۆلیسی، خەڵك بروا بە حزب‌و حكومەت نەكات، بەڵام هاوڵاتیەك بۆچی جنێو باران دەكرێت؟

ئەم خەڵكە، كە نارازین لە حكومەت، خۆیان بونەتە دەسكەلای حكومەت، خۆیان ئەو نەریتی جنێوە بەكاردەبەن كە نیو سەدەیە ئامرازی ململانێی نێوان حزبەكانە، دوێنێ لە رێگەی میدیاكانەوە ئەم جنێوانە بە یەكتر دەدرا، ئێستا بۆتە كەلتوری ئەو خەڵكە.

خەڵك ئەگەر بێزارە لە حزب، پێویستە لە كەلتوری باوی ئەو حزبانەش بێزار بێت‌و بەكاری نەهێنێت.

خەڵك ئەگەر قێز لە سیاسەت دەكاتەوە، پێویستە قێز لە سیاسەتی جنێوفرۆشی حزبەكانیش بكاتەوە، نەك حزب رەت بكاتەوەو خۆی نەریت‌و كەلتوری داهێنراوی ئەوان بەكاربێنێت.

تۆی گەنج، ئەگەر ئەمە تورەییە،پێویست ناكات لە هاولاتیەكدا خاڵی بكەیتەوە، خۆ داهێنەرانی ئەم كەلتورە، تەنیا بۆ بەتاڵكردنەوە جنێویان داهێناوە، بەمەش تۆ لە سۆشیال میدیا بەتاڵ دەكەنەوە بۆ ئەوەی لەسەر جادە، حزبیەكان‌و بەرپرسانی حكومەتت بینی، رێك سێڵفیەك بچركێنی، چونكە بە جنێو هەموو تورەیی خۆت بەتاڵ كردۆتەوە.

تەنیا پیاچونەوەیەك بكە: كامە بەرپرست نەبینیوە لە حكومەت‌و حزب كە لەسەر شاشە یان سۆشیال میدیا، یان لە كۆبونەوەی حزبەكانیاندا كەف بە دەمیاندا نەهاتبێـە خوارەوە كاتێك جنێو بە یەكتر‌و باوك‌و قەبری ئەجدادی یەكتر دەدەن؟؟ ئێ تۆش هەر ئەوەی ئەوان دەكەیت ئیتر بۆ جیاوازیت؟

بۆ كۆرۆناش: باوەر بە حزب‌و حكومەت مەكە، بەڵام بروا بە پزیشكەكان بكە كە وەك تۆ موچە وەرناگرن‌و خۆیشیان لە سەنگەری پێشەوەی مەترسیدان.

سبەی تۆی جنێودەریش توش دەبیت‌و ناچار بۆ پاراستنی خزم‌و ئازیزانت دێیتە سەر شاشە‌و قسە دەكەیت، خەڵكە هاوكەلتورەكەشت رێك ئەو جنێوانەت پێدەدەن كە بە كۆچكردوو ئازادی بێكارانت داوە.. حكومەت‌و حزبیش لە پۆپۆلیستی‌و پۆلیسی خۆی ناكەوێ.

وێنەکە، قوربانییەکی دەستی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کە لەم وتارەداـناوی براوە، کە پێش چەند ڕۆژێک باسی لەدۆخی تەندروستی خۆی دەکرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان