ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پارێزەی ڕاوێژكار و ڕاوێژكاری یاسایی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز پڕۆژەیاسایەكی پێشنیاركراو تایبەت بە دۆخی كرێنشینان ئامادەدەكات


خەڵك – بەشی هەواڵ

بەرهەم ڕەئووف پارێزەی ڕاوێژكار و ڕاوێژكاری یاسایی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز پڕۆژەیاسایەكی پێشنیاركراو تایبەت بە دۆخی كرێنشینان ئامادەدەكات و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و سەرجەم فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانی دەكات.

 

دەقی بڕۆژە یاساكە:

پرۆژە یاسایەكی پێشنیاركراو تایبەت بە دۆخی كرێنشینان كە ئامادەكراوە لە لایەن پارێزەری راوێژكار(بەرهەم رۆوف علی)

بەرێزان/

-ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
-سەرجەم فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان

پڕۆژە یاسایەكی پێشنیاركراو تایبەت بە كرێنشینان بەهۆی ئەم دۆخە لە ناكاوەی كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە.

ناوی پڕۆژە یاسای پێشنیاركراو:
پڕۆژە یاسای ڕەچاوكردنی دۆخی كرێنشینان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

ماددەی یەكەم/ كات و چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاساكە (سریان و مدة هذا القانون):
أ/ كار بەم یاسایە دەكرێت لە ڕێكەوتی (١٥/٣/٢٠٢٠) تا ڕۆژی كۆتایی هاتنی ئەم دۆخە لەناكاوە و ڕاگەیاندنی كۆتایی هاتنی دۆخەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
ب/ ئەم یاسایە ئەو ماڵە بەكرێدراوانە وەك (دوكان، ماركێت، مۆڵ، شوێنە بازرگانییەكان بە گشتی) ناگرێتەوە كە سوودی لێ بینراوە وە بەدرێژایی ئەم دۆخە بەكارهێنراون.

ماددەی دووەم/ تایبەت بە ئەو خانووبەرانەی كە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون بەكرێدراون كرێچی تەنها لەسەدا پەنجا (%50) كرێی بەكرێدراوەكە دەداتە خاوەن موڵك لەسەر بنەمای ئەو كرێیەی كە لە پێشووتردا پێی داوە.

ماددەی سێهەم/ تایبەت بەو خانووبەرانەی كە بۆ مەبەستی غەیری نیشتەجێبوون بەكرێدراون ئەوا كرێچی تەنها ڕێژەی (%30) لەسەدا سی كۆی كرێكە دەداتە خاوەن موڵك، ئەمەش تەنها ئەو دوكان و شوێنە بازرگانییانە دەگرێتەوە كە لە ماوەی (قەدەغەكردنی هاتوچۆ) و بارودۆخی ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەیانتوانیوە سوود لە بەكرێدراوەكە وەربگرن وە شوێنەكانیان داخراوە.

ماددەی چوارەم/ ئەو كرێیەی لەلایەن كرێچییەوە دەدرێت بە خاوەن موڵك بە درێژایی بەردەوامی ئەم دۆخە بە كرێی تەواوەتی دادەنرێت تا دۆخەكە كۆتایی پێ دێت وەك لە ماددەی یەكەمدا باسكراوە.

ماددەی پێنجەم/ بەمەبەستی جێبەجێكردنی ماددەی سێهەمی ئەم یاسایە لیژنەیەك پێك دەهێنرێت بە بڕیاری سەرۆكی یەكە كارگێرییەكان بەمەبەستی جیاكردنەوەی ئەو بەكرێدراوانەی كە لەم دۆخەدا نەیانتوانیوە سوود ببینن لە بەكرێدراوەكانیان كە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.

ماددەی شەشەم/ ئەم یاسایە هەموو ئەو موڵك و ماڵانەش دەگرێتەوە كە هاووڵاتیان لەوەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەتیان بەكرێگرتووە.

ماددەی حەوتەم/ پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت چاوپۆشی لە باجی خانووبەرە و دەرامەتی ئەو موڵك و ماڵانە بكەن كە بەندەكانی ئەم یاسایە دەیگرێتەوە بۆ ماوەیەك كە كەمتر نەبێت لە شەش مانگ بەڕەچاوكردنی دۆخەكە.

ماددەی هەشتەم/ ئەم یاسایە یاسایەكی كاتییە و كاركردن پێی كۆتایی دێت بە تێپەڕبوونی ئەم دۆخەی كە هەرێمی كوردستان پیایدا تێدەپەڕێت.

ماددەی نۆیەم/ كار بەهیچ بڕیار و دەقێكی یاسایی و ڕێككەوتنێك ناكرێت كە پێچەوانەی دەقەكانی ئەم یاسایە بن.

ماددەی دەیەم/ پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان دەقەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن.

هۆكارەكانی دەرچوواندنی یاساكە:

بەمەبەستی ڕەچاوكردنی ئەم دۆخەی كە هەرێمەكەمانی پێدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمی داهاتی كرێنشینان بە گشتی و سوودمەند نەبوونی زۆرێك لە كرێنشینان لە شوێنەكانیان بەهۆی داخستنیانەوە لە بەرئەوەی بنەماكانی عەدالەت و دۆخی لەناكاو وا دەخوازن ئەم یاسایە دەركرا.

کوردستان

هەولێر، سێ‌ كەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیركران


خەڵك- بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، دەستگیركردنی سێ‌ كەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل و كێبڵی كارەبای دوو كۆمپانیا، ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ڕاگەیەراندراوێك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێرەوە بڵاوكرایەوە‎ ‎ هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەی ورد، درەنگانی شەو توانییان ناسنامەی سێ تۆمەتبار بە ناوەكانی (ا.ق.ف) و (م.ع.ت) و (س.س.هـ) یاشكرا بكەن”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە”ئەو سێ‌ تۆمەتبارە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (بیك اب) و (دوو تەن) و كێبڵی كارەبایان لە دوو كۆمپانیا دزیبوو”.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت”تۆمەتباران دانیان نا بە تاوانەكەیاندا، بۆیە بە پیێ ماددە (444) لە یاسای سزادان، بەند كران و درانە دادگا”.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

شارەزوور، شۆفێری دەڕاسەیەك گیانی لەدەستدا


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژە بە گیانلەدەستدانی شوفێرێكی دەڕاسە دەكات لە قەزای شارەزوور و دەڵێت، ڕووداوەكە لەكاتی دروێنەدا ڕویداوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانییەوە بڵاوكرایەوە:”لە قەزای شارەزوورو لەكاتی دروێنەدا،‌ شوفیِرێكی دەڕاسە بەربووەتەوە بۆ بەردەم دەڕاسەكەی ‌و كەوتوەتە ناو جەنجەڕی دەڕاسەكەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە”.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت:”شۆفێرەكە‌ ناوی (ع.م) و ئەمرۆ هەینی 5ی حوزەیرانی 2020، لەكاتی دروێنەدا بەربوەتەوە و گیانی لەدەستداوە، لە دوای ڕووداوەكەش تەرمەكەی‌ ڕەوانەی‌ پزیشكی دادوەری كراوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

105 كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون و دوانیش گیانیان لەدەستدا


خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی هەرێمى كوردستان ئاماژە بە بەرەنجامی 24 كاتژمێری ڕابردوو دەكات و دەڵێت 105 كەسی تووشی كۆرۆنا بوون و 2 كەسیش گیانیانلەدەستدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە” دەرەنجامی 24 كاتژمێری ڕابردوو: (2) گیان لەدەستدان، و ( 105) تووشبووی نوێ تۆماركرا بەم شێوەیەی خوارەوە:

پارێزگای هەولێر (12) پۆزەتیڤ كە پیاو و (٤) ئافرەت و كچێكی گەنج و (2)منداڵ، ھەموویان بەركەوتووی تووشبووی پێشوون.

دانیشتووی گەڕەكەكانی كوێستان، ھەولێری نوێ، بەهار، فەرمانبەران، باداوەی شاری هەولێر، دوو تووشبوو دانیشتووی ناحیەی خەلیفان.
پارێزگای سلێمانی (٨٤) پۆزەتیڤ و (٢) گیان لەدەستدان: شاری سلێمانی (77) پۆزەتیڤ: 40) پیاو و (25) ئافرەت و (3) كچی گەنج و (3) كوڕی گەنچ و (6) منداڵ، بیست و یەك تووشبوو بەركەتووی تووشبووانی پێشوون و پەنجا و شەش تووشبووەكەی دیكە نیشانەیان هەیە، پێنج تووشبوو دانیشتووی قەزای چەمچاماڵ، پێنج تووشبوو دانیشتووی قەزای پێنجوین، یەك تووشبوو دانیشتووی كۆمەڵگەی باریكە سەر بە ناحیەی عەربەت، شەست و شەش تووشبوو دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.

ئیدارەی گەرمیان (7) پۆزەتیڤ : 3 ئافرەت و (3) پیاو و كچێكی گەنج ، ھەموویان بەركەوتووی تووشبووانی پێشوون، دوو تووشبوو دانیشتووی گەڕەكی بنگرد لە قەزای كەلار، سێ تووشبوو دانیشتووی گەڕەكی شەھیدان قەزای كەلار، دوو تووشبوو دانیشتووی كوڵەجۆ قەزای كفری.

پارێزگای دهۆك (6) پۆزەتیڤ: (2 ) ئافرەت و (4) منداڵ ، یەك تووشبوو بەشداربووی داوەتەكەی نان خواردن بووە، تووشبووەكانی دیكە بەركەوتووی بەشداربوونی داوەتێكی نان خواردن بوونە، ھەموویان دانیشتووی شاری دھۆكن.

پارێزگای ‌هەڵەبجە (3) پۆزەتیڤ: پیاوێك و ئافرەتێك و منداڵێك ، پیاوەكە نیشانەی هەیە و ئافرەت و منداڵەكە بەركەوتووی هەمان تووشبووە،هەموویان دانیشتووی ناحیەی خۆرماڵن.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەڵێت:”كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 1015) تووشبوو، لەنێویاندا (18) مردن هەیە و (44) نەخۆش چاكبووەتەوە، وە ئێستا (555) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكی دان، بۆ زانیاری زیاتر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان