ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

لەماوەی یەك مانگدا لیژنە هاوبەشەكانی سلێمانی زیاتر لە 300 شوێنیان داخستووە

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەمانگی ئازاردا لیژنەهاوبەشەكانی قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 6 هەزار شوێنیان بەسەركردووەتەوە و لە ئەنجامی گەڕان و پشكنینەكان بەهۆی سەرپێچیەوە “345” شوێن داخراون و زیاتر لە 600 شوێنیش ڕووبەڕووی سزای یاسایی كراونەتەوە.

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ، ئاماری مانگی ئازار بۆ ڕای گشتی بڵاودەكاتەوە و بەپێی ئامارەكە لەو مانگەدا لیژنەكان سەردانی (6) هەزار و (379) شوێنیان كردووە و بە ووردی لە چۆنیەتی پابەندبون و جێبەجێ كردنی مەرج و رێنماییە تەندروستیەكانیان كۆڵیوەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە ئەنجامی گەڕان و پشكنینەكان بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەكان (637) شوێن پسوڵەی سەرپێچیان بۆ كراوە و (424) شوێنیش ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی مەرج و رێنماییەكان بن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهۆی جۆرەكانی سەرپێچیەكانەوە (345) شوێن داخراون و لەبەرامبەر سەرپێچیەكانیان سزادراون و (2) شوێنیش رووبەڕووی دادگا كراوەتەوە, لە ئامارەكەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە، لە مانگی ئازاردا بڕی 68 تۆن و 500 كیلۆگرام موادو خۆراكی ماوەبەسەرچوو زیان بەخش لە ناوبراوە.

بە پێی رێنماییەكانی لیژنە ھاوبەشەكان ھەرشوێنێك پابەند نەبێت، سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێن و لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی سەرپێچیەكاندا رووبەرووی داخستن یان دادگا دەكرێنەوە.

کوردستان

سبەینێ‌ لە سلێمانی گەڕەكێك بێ‌ كارەبا دەبێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی تۆڕی زیرەكی كارەبا لە سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتیانی دانیشتووی گەڕەكی بەختیاری دەكات، كە سبەینێ‌ بەهۆی بەستنی پێوەری زیرەكەوە بێ‌ كارەبا دەبن.

لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی تۆڕی زیرەكی كارەبا لە سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئاگاداری دانیشتوانی گەڕەكی (بەختیاری) نزیك بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكان، فیدەری (۱۹) دەكەین، سبەینێ پێنج شە‌ممە (6/8/2020) پێوەری زیرەكی كارەبایان بۆ دەبەسترێت.

دەشڵێت: “سبەینێ لە كاتژمێر (7 ی بەیانی بۆ 12ی نیوەڕۆ) كارەبای نیشتمانی و مۆلیدەیان نابێت، واتە مۆلیدەی ئەهلی سەر ئەو فیدەرە نابێت كار بكەن‌، ئەوەش لە پێناو سەلامەتی گیانی تیمەكانی كارەبا و هاووڵاتیان خۆیان”.

جەختیشی كردۆتەوە، بەستنی پێوەرەكە بێ بەرامبەر و هیچ بڕە پارەیەك لە هاووڵاتی وەرناگیرێت و خەرجییەكەی لەسەر حكومەتە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، لە پێناو پاراستنی ئامێرە كارەباییەكان ئێوارە پێش لێدانەوەی كارەبا بۆ یەكەمجار هەموو ئامێرە كارەباییەكانیان بكوژێننەوە و دواتر لەدوای یەك هەڵیان بكەنەوە .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە نزیك پردی كۆبانێ‌ ئۆتۆمبێلێك ئاگری گرت

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە لە نزیك پردی كۆبانێ‌ ئۆتۆمبێلێك لە جۆری تایبەت ئاگری گرتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە ئۆتۆمبێلێك لەجۆری شۆفرلێت بلایزەر، لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود نزیك پردی كۆبانێ ئاگری گرت و سووتا.

ڕاشیگەیاندووە، زیانی گیان بەدواوە نەبووە، تەنها زەرەری ماددی بەر ئۆتۆمبێلەكە كەوتووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تووشبوانی كۆرۆنا زیادیان كردووە
پارێزگایەكی هەرێم ئاماژە بە سەپاندنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
پارێزگاری دهۆك ڕایدەگەیەنێت، پارێزگاكەیان پەنادەباتەوە بەر قەدەغەكردنی هاتووچۆ، گەر ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون بكەن.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لە میانی سەردانێكیدا بۆ هەردوو قەزای ئاكرێ‌ و بەردەڕەش لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە هاووڵاتیان كرد “پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و بڕیارە حكومییەكان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

عەلی تەتەر، هۆشداریدا لەبارەی”گرتنەبەری سزای توند دژ بەوانەی سەرپێچی ڕێنماییەكان دەكەن”.

پارێزگاری دهۆك دەڵێت: “ئیدارەی پارێزگەكە پەنادەباتەوە بەر قەدەغەكردنی هاتووچۆ بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، گەر ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون بكات”.

تائێستا ژمارەی ئەوانەی لە پارێزگەی دهۆك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون گەیشتۆتە 801 كەس و لەو نێوەندەشدا 6 كەس گیانیانلەدەستداوە و 376 كەسی تر چاكبوونەتەوە.

كۆی گشتی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 15173 كەس كە 586 كەسیان گیانیانلەدەستداوە و 9551 كەسی تر نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، 5036 كەسی تر تائێستا لە نەخۆشخانەدان و چارەسەر وەردەگرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان