ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهان

فەیلەقی قودس ڕەتیدەكاتەوە
دەنگۆی كوژرانی جێگرەوەی قاسم سلێمانی بڵاودەبێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ ئاماژە بە كوژرانی دوو جەنەراڵی ئێرانی دەكەن لە بۆردومانی فڕۆكەكانی ئیسرائیل لە سوریا و دەڵێن یەكێك لە كوژراوەكان ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسە كە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە بەغدا كوژرا، نوسینگەی فەرماندەیی فەیلەقی قودسیش لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە.

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ ڕایانگەیاندووە”عەمید ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و عەمید ئەحمەد ڕەزا بوردستان سەرۆكی سەنتەری توێژینەوە ستراتیژییەكانی سوپا لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە سوریا كوژراون”.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە”دوایین هێرشی ئیسرائیل كە دوێنێ‌ سێ‌ شەممە كرایە سەر فڕۆكەخانەی شوعەیرات لە شاری حمسی سوریا، بووە مایەی كوژرانی هەردوو جەنەراڵ قائانی و بوردستان، وێڕای كوژرانی چەند فەرماندەیەكی تری حزبوڵڵا”.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ چوار شەممە لەلایەن نوسینگەی فەرماندەیی فەیلەقی قودسی ئێرانیەوە بڵاوكرایەوە” دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی و گەلی ئێرانی هەوڵدەدەن لەڕێی خەون و خوازیا پوچ و شەڕەنگێزەكانیانەوە، درۆ و پڕوپاگەندە و هەواڵی بێ‌ بنەما بڵاوبكەنەوە”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، حسێن دلێریان پسپۆڕی ئێرانی لە كاروباری بەرگری لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر)ەوە ڕەتیكردبۆوە هەواڵی كوژرانی بوردستان ڕاستبێت.

بە هەمان شێوە تۆڕی (ئافتاب نیوز) لە زاری چەند سەرچاوەیەكی بەرپرسی ئێرانەوە، ئەو هەواڵانەی ڕەتكردەوە كە باسیان لە كوژرانی عەمید ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی سوپای پاسدارانی ئێران كردبوو.

جیهان

چین؛ ڤایرۆسێكی دیكە بڵاوبۆتەوە لە كۆرۆنا زۆر كوشندەترە سی مرۆڤ توشی هەوكردنی بەهێز دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەوڵاتی چین نەخۆشییەكی نوێی كوشندە بڵاوبۆتەوە، كە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر كوشندەترە، لە وڵاتی كازاخستان هەزار و ٧٢٢ كەس بەو نەخۆشییە نوێیە گیانیان لەدەستداوە، كە ژمارەیەكیان ڕەوەندی چینین كە كار لەو وڵاتە دەكەن.

ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویكردەوە، وەزارەتی تەندروستی كازاخستان ئاشكراشیكردووە، نەخۆشیەكە بریتیە لە هەوكردنی سییەكان ، نازانرێت سەرچاوەكەی چییە و هیچ زانیارییەكیان لەسەری نیە.

ڕۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، كە باڵیۆزخانەی چین لە كازاخستان ڕایگەیاندوە هەزار و ٧٢٢ كەس بەو نەخۆشییە نوێیە گیانیان لەدەستداوە، كە ژمارەیەكیان ڕەوەندی چینین كە كار لەو وڵاتە دەكەن و هۆشداریی لەوەشداوە، كە ڤایرۆسەكە زۆر كوشندەیە و و رێژەی مردنیش بەهۆیەوە زۆرلە كۆڤید ١٩ زیاترە و نەخۆشیەكە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردوەوە لە كازاخستان بڵاوبوەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی كازاخستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ٣٢ هەزار كەس توشی ڤایرۆسەكە بوون و تەنها ٤٥١ توشبوو گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

حكومەتی لوبنان دەستی لە كاركێشایەوە
ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكەی بەیروت بەرزدەبێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
میدیاكانی لوبنان، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمالرەی قوربانیانی تەقینەوەكەى بەندەری بەیروت دەكەن، ئەمەش دوای دەرهێنانەوەی ژمارەیەك تەرم لەژێر داروپەردووی ڕووخاوی تەقینەوەكە.

بەپێی میدیاكانی لوبنان، ئەمڕۆ دوو شەممە، تیمەكانی سەر بە سوپا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرگری مەدەنی و ئاگركوژێتنەوە و دوو تیمی گەڕان و فریاكەوتنی ڕوسی و فەرەنسایی، توانیان پێنج تەرمی نوێ‌ لەژێر داروپەردووە ڕووخاوەكاندا دەربهێنن، پرۆسەی گەڕان بەشوێن بێسەروشوێنەكانى تريشدا بەردەوامە بەهیوای دۆزینەوەیان.

میدیاكانی لوبنان ئاماژەیان بە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان كرد بۆ 162 كوژراو، وێڕای برینداربوونی زیاتر لە پێنج هەزار كەسی تر.

هەر ئەمڕۆ دوو شەممە، حكومەتی لوبنانی بەسەرۆكایەتی حەسان دیاب، بەهۆی تەقینەوەكەی هەفتەی ڕابردووی بەندەری بەیروتەوە، بە فەرمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە پەرلەمانی و ڵاتەكە كرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

حاڵەتەكانی چاكبوونەوە زیاترن
سعودیە، 1257 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا ڕاگەیەندرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
وزارەتی تەندروستی سعودیە، تۆماركردنی 1257 تووشبووی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە شانشینی عەرەبی ڕادەگەیەنێت، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو بە ژمارەیەكی كەمتر دادەنرێت.

ئەمڕۆ دوو شەممە، وەزارەتی تەندروستی سعودیە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 1257 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا‌ (كۆڤید-19) تۆماركرا”، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتری توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو لە وڵاتەكەدا دادەنرێت.

وەزارەتی تەندروستی سعودیە دەڵێت”لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوو 32 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تۆماركرا، بەمەش كۆی گشتی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی كۆرۆناوە لە سعودیەوە گیانیانلەدەستداوە گەیشتە 3199 كەس، لەئێستاشدا كۆی گشتی ئەوانەی لە سعودیە دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بۆ 289947 حاڵەت بەرزبۆتەوە”.

هەر بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی سعودیە، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا، 1439 كەس نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، بەمەش كۆی گشتی ژمارەی ئەوانەی چاكبوونەتەوە، گەیشتە 253478 كەس.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان