ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

دیندار زێباری: ماوەیەكی زۆرە ئاوارەكان لە هەرێم ماونەتەوە و ناكرێت وەك كەیسێكی كاتیی تەماشا بكرێت


خەڵك – بەشی هەواڵ
هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند پێشوازی لە ڕاپۆرتی بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان دەكەن و داواش دەكات كە دۆسێی ئاوارەكان لە هەرێمی كورستان وەك پرسێكی كاتیی تەماشا نەكەن.

لە ڕۆژانی ١٥ تاوەکو ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠ سیسیلیا خیمینێز بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان سەردانی عیراق و هەرێمی كوردستانی كرد، بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوونیان لە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە نێو كەمپی ئاوارەكان و تێبینی و سەرنجەكانی خۆی بە نەتەوەیەكگرتووەكان بگەیەنێت.

دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی سەردانی بەرپرسە نێودەوڵەتییەكە و ئەو ڕاپۆرتەی ئامادەی كردووە وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاپۆرتی خاتوو سیسیلیا خیمینێز بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان دەكەین، ناوبراو لە ڕاپۆرتەكەیدا ستایشی ڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە لە پێشوازی كردنی زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە ناوخۆی و سەرەڕای دۆخی نالەباری ئابووری و شەڕی نەگریسی داعش، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی توانا خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی پێشكەش كردوون.

دیندار زێباری ئەوەی ڕوونكردەوە كە نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان. هەروەها لە میانەی سەردانی ناوبراودا بۆ هەرێمی كوردستان تێبینی و سەرنجەكانی خۆمان خستەروو سەبارەت بۆ چۆنیەتی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ئاوارەكان، بەتایبەتی لە بوارەی مامەڵەی كردنی لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ ئەم كەیسە، چونكە ماوەیەكی زۆرە ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان ماونەتەوە و ناكرێ وەك كەیسێكی كاتی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێ و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.

رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەربارەی ڕاپۆرتەكە زیاتر وتی: لە میانەی سەردانەكەیدا بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان سەردانی كەمپی ئاوارەكانی كرد، هەروەها چەند تێبینی و سەرنجی لە ڕاپۆرتەكەیدا خستویەتیەروو سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارە ناوخۆییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەندیان وەردەگرێت. لە هەمان كاتدا بە هاوکاریی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ یارمەتێدانی ئاوارەكان، بەپێی دوایین داتا و سەرژمێری نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) تا ئێستا (165,000) ڕاگوێزراو لەو کەمپانەدا دەژین کە حکوومەتی هەرێم دابینی کردوون، لەوانە (135،399) لە دهۆک و (15،981) لە هەولێر و (13,620) لە سلێمانی، هەروەها لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم ژمارەیەکی زۆری ڕاگوێزراو لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین، لەوانە (190,000) لە دهۆک و (170,000) لە هەولێر و (120,000) لە سلێمانی. لەلایەکی دیکەوە، نزیکەی (21,000) ڕاگوێزراو لە کەمپە نافەرمییەکاندا دەژین.

زێباری سەبارەت بە مانەوەی ئاوارەكان لە كوردستان و نەگەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە وتی: لە ئێستادا نزیکەی (٥٠%)ی ئاوارەكانی ناوخۆ لە كوردستان ماون، حکوومەتی هەرێم (70%) و نەتەوە یەکگرتووەکان (25%) ی و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تریش (5%)ی پێداویستییەکانیان دابین دەکەن، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر هەرێمی كوردستان درووستكردووە و ئەستەمە لەو بارودۆخەی ئێستادا بتوانێت وەك پێویست هاوكارییان بكات.

ئەوەشی دووپاتكردەوە لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە ناوچەکە تا ڕاددەیەک ناسەقامگیرە، وەک بوونی ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش و مین و تەقەمەنی و بێبەشبوونی ناوچەکانیان لە خزمەتگوزاریی پێویست، وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبا، ئەمانە هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئەم ئاوارانەیە بۆ سەر زێدی خۆیان بەتایبەتی ناوچە كێشە لەسەرەكان، تەنانەت بەشێکیان کە کەمپەکانیان جێ هێشتبوو دووبارە ژیانی نێو کەمپەکانیان هەڵبژاردووە و ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، چونكە پێویستە زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەیان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە گەڕانەوەیان ناكات لە هەمان كاتدا بەزۆر هیچیان ناگەڕێنێتەوە.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییە یاساییەكانیش ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: زۆربەی ھەرە زۆری ئاوارەكان بەڵگەنامە ڕەسمییەكانیان نەبوو كاتێك ئاوارە بوون، بۆیە فۆرمێكی تایبەتیان بۆ درووست كرا بە ناوی (استمارە استبدال) بە شێوەیەكی كاتی بۆ ڕایی كردنی كاروبارەكانیان لەلایەن دام و دەزگاكانی حكوومەتەوە كاری پێدەكرێت بۆ نموونە ئەوانەی كە لە شنگال ڕزگار بوون نووسراویان بۆ دەكرێت بۆ فەرمانگەی باری شارستانی لە شێخان دواتر نووسراوێكی تریان بۆ دەكرێ بۆ فەرمانگەی ڕەگەزنامە لە شێخان بۆ دەستخستنی ڕەگەزنامە ئەم دوو فەرمانگەیەش سەر بە بەغدان و بە ھەماھەنگی لەگەڵ دام و دەزگاكانی حكوومەتی ھەرێم كار دەكەن، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و نشینگەی دھۆك پاسپۆرتیان بۆ دەردەكات، بەمەش ئەو ئاوارانە دووبارە دەبنەوە خاوەن ئەم بەڵگەنامە پێویستانە”.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتی بڕیاردەری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ڕەوشی مافەكانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەكان باس لە پرۆسەی دادگایی كردنی تیرۆریستانی داعش دەكات بەتایبەتی مێردمنداڵەكان، لەم بارەوە دیندار زێباری وتی: هەر كەسێك تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە داعش یان هاوكاریكردنی داعشیان بەسەردا ساغ بووەوە، ئەوە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگاداردەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان لە هەمان كاتدا هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانیكردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات.

له‌سه‌ره‌تای 2014ه‌وه‌ تا ساڵی 2017 دەیان ژن و مێردمنداڵی داعش دەستگیر كرابوون ئەو مێردمنداڵانە تەمەنیان لەنێوان (12-16) ساڵی بوو ولەگەڵ زیندانیەکانی تر دانه‌نرابوون بەڵکو لەبەشەكانی چاکسازی گه‌وران بوون، ومامەڵەیەکی تایبەتمان لەگەڵیان كراوه‌، تەنانەت بەپێی بەرنامەیەك پرۆسەی خوێندنی زمانی عەرەبیشیان بۆ دابین دەكرێت، بەشێک لەمانە ژمارەیەكیان ئازاد کراون گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان هەندێکی تریان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان سزاکانیشیان ناگات بە 2 ساڵ، تەنانەت ئەوانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە وەك قوربانیانی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە نەك تاوانبار.

سەبارەت بە ئازادی هاتووچۆی نێو كەمپەكان ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: لە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم چەندین ڕێوشوێنیان گرتە بەر بۆ حەواندنەوەیان و دروستكردنی كەمپ بۆیان، یەكێك لەو ڕێوشوێنانە بریتی بووە لە ڕێكخستنی هاتوچۆی كەمپەكان، ئەویش بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی كەمپەكان و ڕێكخستنی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕێگری هاتوچۆ لە كەس نەكراوە بەتایبەتی كەسانی نەخۆش كە لە بنكەی تەندروستیی كەمپەكە چارەسەر ناكرێن و پێویستیان بە سەردانی نەخۆشخانەی شارەكان هەیە بە مەبەستی چارەسەری، بەڵكو هاوكارییان دەكەن بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بكەن، تەنیا خاڵەكانی پشكنینی هەرێم داوای دڵنیابوونەوە دەكەن لە ناسنامە و بەڵگە فەرمییەكان.

دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە وەڵامی ڕاپۆرتی بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ڕەوشی مافەكانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەكان سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی ئاوارەكان وتی: حکومەتی هەرێم خزمەتگوزاری جۆراروجۆری پێشکەش بە ئافرەتە ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە هەر کەمپێک یەکەیەکی تەندروستی داندراوە بۆ تەندروستی دایکایەتی و منداڵبوون، نووسینگەی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی و دەیان هەزار ئافرەتی دووگیان پشکنینی جۆراوجۆریان بۆ کراوە، لەگەل پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ منداڵانی تازە لە دایکبوو. لە ڕێکەوتی (22/8/2017) لەکەمپی حەسەن شام خانەیەکی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک دامەزراوە بۆ چاودێری کردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایک و باوکیان لە دەستداوە. لە لایەكی دیكەوە چەندین هەڵمەتی کوتانی دایکان و منداڵان ئەنجامدراوە بەپێی وەرز و تەمەن لەگەڵ چارەسەر کردنی زیاتر لە (١٢٧٨) کەس لە سەنتەری ڕاوێژکاریی پارێزگای دهۆک، ئەمە سەرەڕای تۆمار کردنی کەیسی (٢٠٣٦) ئەو ئافرەتانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.

لە كۆتاییدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە ڕفاندنی ئافرەتانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆیستانی داعشەوە وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێندراوانە چەندین بڕیاری داوە لەوانە بڕیاری ژمارە(5170) ی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی 21/8/2014 بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدراون وەک جینۆساید و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە 25/11/2014 کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و ڕزگارکردنی ڕفێندراوانە، بەپێ زانیارییەکانی نووسینگەی ئازاد کردنی ڕفێندراوان تا ڕۆژی 16/2/2020 ژمارەی ڕزگار کراوەکان بریتی بوو لە (3530)، لەوانە (1199)ئافرەت، (339) پیاو، (1041) منداڵی کچ، (651)منداڵی، هەروەها زیاتر لە (1000) ڕزگاربووی دیکە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر کردن بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و حکومەتی هەرێم.

کوردستان

تەندروستی هەرێم: 33 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دهۆك دەستنیشان كران


خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، 33 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە دهۆك دەستنیشانكرا.

تەندروستی هەرێم ڕوونیشیكردووەتەوە: تووشبووەكان دوازدە پیاو و پازدە ئافرەت و شەش منداڵن و ھەموویان بەركەوتووی تووشبوێكی پێشوون لە بەشداربوونیان لە داوەتێكی نان خواردن و دانیشتووی ناو شاری دهۆكن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

دەرەنجامی نوێ …

لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، سی و سێ تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای دهۆك دەستنیشانكران، دوازدە پیاو و پازدە ئافرەت و شەش منداڵ.
ھەموویان بەركەوتووی تووشبوێكی پێشوون لە بەشداربوونیان لە داوەتێكی نان خواردن و دانیشتووی ناو شاری دهۆكن.

وەزارەتی تەندروستی
٣ حوزەیران ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەرێم.. وادەی دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران ئاشكرا كرا


خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا 6/6/2020ی مانگ دەوامی فەڕمییان ڕادەگیرێت و لە 7/6/2020 دەوامیان دەستپێدەكاتەوە.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەندروستی هەرێم: 5 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەولێر دەستنیشان كرا


خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، 5 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەولێر دەستنیشانكرا.

تەندروستی هەرێم ڕوونیشیكردووەتەوە: تووشبووەكان دوو پیاو تەمەن ٥٠ و ٢١ ساڵ و كچێكی تەمەن ١٨ ساڵ و دوو منداڵ تەمەن ١٣ و ٩ ساڵ، ھەموویان بەركەوتەی تووشبوێكی پێشوون، دانیشتووی گەڕەكی ئەندازیارانی شاری ھەولێرن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

دەرەنجامی نوێ …

لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، پێنج تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای ھەولێر دەستنیشانكرا، دوو پیاو تەمەن ٥٠ و ٢١ ساڵ و كچێكی تەمەن ١٨ ساڵ و دوو منداڵ تەمەن ١٣ و ٩ ساڵ، ھەموویان بەركەوتەی تووشبوێكی پێشوون، دانیشتووی گەڕەكی ئەندازیارانی شاری ھەولێرن.

وەزارەتی تەندروستی
٢ حوزەیران ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان