ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پەڕلەمانی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، سەرباری خراپیی دۆخ و گوزەرانیان و لەدەستدانی كاری ڕۆژانەیان سوپاسی هاووڵاتیان دەكەین، بەشێوەیەكی باش پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكانن ، دەشڵێت ،”ئەم قۆناغە لە هەر كات زیاتر پێویستیی بە گیانی هاوكاری و پێكەوەیی و هاوخەباتی و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەك و هەموو دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمە”.

سەرۆكایەتیی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كەوێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، هەرێمەكەمان و ناوچەكەو جیهان بەقۆناغێكی سەخت و هەستیاری مێژووی خۆیدا تێدەپەرێت، كە قۆناغی خۆپاراستن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆناو ئیدارەدانی لێكەوتە تەندروستی و ئابوورییەكانیەتی.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، داوا لە هەموو لایەك دەكەن، كە بەگیانی لێپرسراوێتیی نیشتیمانی هەموومان پیكەوە شان بدەینە بەر تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، ئەم قۆناغە لە هەر كات زیاتر پێویستیی بە گیانی هاوكاری و پێكەوەیی و هاوخەباتی و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەك و هەموو دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمە.

راگەیەندراوێك لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانەوە
هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو جیهان بەقۆناغێكی سەخت و هەستیاری مێژووی خۆیدا تێدەپەرێت كە قۆناغی خۆپاراستن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆناو ئیدارەدانی لێكەوتە تەندروستی و ئابوورییەكانیەتی.
هەر لە سەرەتای دەركەوتنی یەكەم كەیسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان پەرلەمانی كوردستان لە رێگەی لیژنەی تەندروستی و ژینگەو پاراستنی مافی بەكاربەر لەگەل لیژنە تایبەتمەندەكانی دیكە بەردەوام لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدا بووەو بەدواداچوونی وردی بۆ ئامادەكارییەكان و گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستەكان كردووە.
لێرەوە بەناوی پەرلەمانی كوردستانەوە دەستخۆشی لەهەوڵ و ماندووبوونی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەكەین بۆ هەموو هەوڵ و ماندووبوونەكانیان، هەروەها ویڕای دەستخۆشیی زۆرمان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە سەرباری خراپیی دۆخ و گوزەرانیان و لەدەستدانی كاری ڕۆژانەیان بەشێوەیەكی باش پابەندی رێنماییە تەندروستییەكانن، بەناوی پەرلەمانی كوردستانەوە داواو تكامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست ئەوەیە بەمانەوەیان لە ماڵەكانیان و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەكان بۆ سەلامەتیی خۆیان و تەواوی خەڵكی كوردستان پشوو درێژتربن و هاوكاریی زیاتر جێبەجیكردنی رێنماییەكان بن. هەروەها سوپاسی زۆرمان بۆ هەموو ئەو دامەزراو و لایەن و كەسانەی كە لەچوارچیوەی كاری خێرخوازی و بەدەمەوەچوونی ئەو كەس و خێزانانەی پێویستییان بەهاوكاری بووە، كاری باشیان كردووەو ئومێدەوارین وەك نەریتێكی مرۆیی و كوردستانیانە هەمووان بەپێی توانا زیاتر هاوكار بن.
ئەركی بەڕیوەبردن و ئیدارەدانی ئەم قۆناغە سەختە لەتایبەتمەندێتیی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە ،كە بەسوپاسەوە دامەزراوەكانی حكومەتی هەریمی كوردستان لە سنووری تواناكانی بەردەست درێغییان نەكردووە.
پەرلەمانی كوردستان بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەكان ناتوانێت دانیشتنەكانی خۆی و كۆبوونەوەی لیژنەكانی ئەنجامبدات، لەگەل ئەوەشدا لیژنەی تەندروستی و ژینگەو پاراستنی مافی بەكاربەر، لیژنەی پێشمەرگە، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان رادەسپێرێت كارەكانی چاودێری و بەدواداچوون و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەكان زیاتر بكەن، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەرچی لەچوارچیوەی تواناكاندایە زیاتر بخرێتەگەڕ بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە.
لەلایەكی دیكەوە پەرلەمانی كوردستان داوا لە هەموو لایەك دەكات بەگیانی لێپرسراوێتیی نیشتیمانی هەموومان پیكەوە شان بدەینە بەر تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە. ئەم قۆناغە لە هەر كات زیاتر پێویستیی بە گیانی هاوكاری و پێكەوەیی و هاوخەباتی و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەك و هەموو دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمە.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
2020/3/29

کوردستان

كۆبوونەوەی شاندی باڵای یەكێتی و یەكگرتوو دەستیپێكرد

خەڵك – بەشی هەواڵ
شاندی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سلێمانی كۆبوونەوە.

میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا ” پێشهاته‌ سیاسی و ئابوورییه‌كان” تاووتوێ ده‌كرێن.

پێشتریش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە سەردانێكیدا بۆ لای سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو باسیان لە چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردبوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

“نوێنەرانی كورد لە بەغدا نەك هەر بەرگری لە كورد ناكەن بەڵكو كۆمەڵێك بوون بەتابووری پێنجەم و لەوێوە دژی كوردستانن”

خەڵك-بەشی هەواڵ

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە ناوچەكە دەگوزەرێت، هاتنی سوپای توركی بۆ بەشێكی كوردستان، یان عیراق ڕەنگە شتێكی نوێ نەبێت بۆخۆی دێت و كەنار دەگرێت، دوو بابەتە یەكیان حكومەتی پێشووی عیراق لەگەڵ توركیا لە ساڵی 1984 ڕێكەوتنێكییان كردووە، ئەو ڕێكەوتنە توركیا نایەوێت پرس بە عیراق بكات واتە پێویست ناكات، پەڕلەمانی توركیا بڕیار دەدات ‌سوپای توركیا بێتە ناو خاكی عیراقەوە چەندین كیلۆمەتر یان چەندێك خۆی بیەوێت بۆ نموونە هاتووە لە كونە ماسی داوە و خەڵكی كوشتووە و خەڵكی بریندار كردووە، ئەمە یەكێكییانە كە حكومەتی عیراقی ئەوە شانزە ساڵە نەیتوانی پەڕلەمان كۆببنەوە و ئەو ڕێكەوتنە هەڵبوەشێننەوە ئەمەش مانای وایە عیراق ئەو ڕێكەوتنەی پێخۆشە،‌ بۆیە هەڵیان نەوەشاندووەتەوە، كوردیش بێدەنگ بووە لە بەغدا خۆ دەیانتوانی پەڕلەمان كۆبوونەوەیەك بكەن و دانیشتنێك دابنێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنی عیراق و توركیا.

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، پێموایە عیراق زۆر بەدڵیەتی توركیا بێت و خەڵك بكوژێت و ناوچە بسوتێنێت و‌ وێرانی بكات، چونكە لە كوردستان دەدات ئەو كوردستان بە هی خۆی نازانێت و بێدەنگ بووە لە ئاستی یەكێكی تر لەوانە بۆ نمونە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بێدەنگە؟! ئەمریكا بۆ بێدەنگە؟ لەكاتێكدا توركیا پەلاماری كوردستان دەدات پەلاماری كوردستانی سوریا دەدات و لایەكی داگیردەكات لە لیبیا یارمەتی دەدەن و پشتیوانی لێدەكەن! ئەمە هۆكەی چ لە ناوخۆ چ لە ناوچە چ لە هەموو دنیا هۆكەی چیە،‌ لە سەدەی بیستویەكدا كاتێك وڵاتێك بیەوێت وڵاتێكی تر داگیربكات، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش ئەمریكا بەرگری لێبكات.

وتیشی”خاڵێكی تر ئەوەیە لەو ناوچەیەدا بۆ كەس هیچ ناڵێت؟! حزبە كوردییەكان لە‌ناو یەكدا ناكۆكن هەریەكێكیشی ژێر بەژێر خۆی بۆ خۆی شتێكی لەگەڵ توركیادا هەیە كە جورئەتی ئەوەیان نییە شتێك بكەن یان قسەیەك بكەن لەسەر ئەوانە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، تا ئێستا ئێران سوپای نەهێناوەتە ناو خاكی كوردستانی عیراق و‌ نەشهاتووە، خۆم سێ هەفتە پێش ئێستا لەسەر سنوری هەورامان بووم، ئەوان نەهاتبوونە ئەو ناوچانە، بەڵام لە هەندێك ناوچە دەكرێت ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی لێبێت، ئەوە شتێكی ترە،‌ بەڵام لێرەوە لای توركیاوە سوپا هاتووە، ڕۆژانە دەیان فڕۆكەی “فانتۆم” دێت لە كونە ماسی داوە لە ‌شارباژێڕ لەپەنای سلێمانیدا لە شوێنەكانی تر بۆ كەس قسە ناكات!”

ڕوونیشیكردەوە، پێموایە كورد شارەزا نەبووە یان لێی نەزانیوە یان كەمتەرخەمە، ئەگەرنا كورد لە بەغدا دەیتوانی لەو 16 ساڵەدا پەڕلەمانیش كۆبكاتەوە و داوای لێبكات ڕێكەوتنی نێودەوڵەتی جەزائیر هەڵبوەشێننەوە، ڕێكەوتنی توركیا و عیراق هەڵبوەشێننەوە، كۆمەڵێك شتی گرنگ هەیە بەڵام كورد لە بەغدا نەك هەر بەرگری لە كورد ناكەن بەڵكو كۆمەڵێك هەن بوون بەتابووری پێنجەم و لەوێوە دژی كوردستانن دژی قەوارەی هەرێمی كوردستانن ئەمانە خۆی بۆ خۆی پەیوەندی بە كێشە و ململانێیەكانی كوردستانەوە هەیە، ئەوەش یەكێكە لەوانەی كە كاریگەری زۆری لەسەر ئەو ناوچەیە هەیە.

جەختی لەوەش كردەوە، مەبەستم حزبە كوردستانییەكانی ناو عیراقە، ئێستا ئێران تۆپێك بتەقێنێ بۆ باسی ئێران دەكەن، بەڵام باسی توركیا ناكەن بە فڕۆكە و بە سوپا بە‌ناو كوردستاندا دێن؟! بۆ یەك كەس بەیاننامەیەك دەرناكات و یەك كەس قسە ناكات؟! بڕۆ هەر شارێكی كوردستان، لە هەر خاڵێكدا بەدڵنیاییەوە بارەگایەكی توركیای تێدایە، پێموایە دوو حاڵەتە، حاڵەتێك دەوڵەتی توركیا كاردەكات جارێكی تر بۆ خەلافەتی عوسمانی، بەڵام بە عەقڵێكی تر و بەشێوەیەكی تر و ئەوە خۆی بۆ خۆی ویلایەتی موسڵ، كە لە كوردستانی عیراقە ئێستاش هەموو ساڵێك لە یاسای بودجەی توركیا دۆلارێكی بۆ دادەنێن بۆ ئەوەی لەبیریان نەچێت لە ‌بەرنامەی خۆیاندا، واتە ئێستاش ویلایەتی موسڵ بەهی خۆیان دەزانن، خاڵی دووەم ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان پاساوی داوە دەستی توركیای بۆ هاتنی توركیا بۆ كوردستانی عیراق. چونكە ئەو لێرە هەرێمێكی بۆ خۆی لە كوردستانی عیراق دروستكردووە.

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند، عیراق سەروەری نەماوە، بەڵكو عیراق وڵاتێكی لەبەریەك هەڵوەشاوی داماوی زەلیل، كە لە وڵاتانی ترەوە فرمانییان پێدەكرێت شت جێبەجێدەكەن.

دەشڵێت”دۆخی عیراق زۆر خراپە، بەڵام ڕەنگە كورد لە بەغدا خراپتر بێت بۆیە موحتاجی بەغدادە، لە ‌لایەكی ترەوە كورد ئێستا چی بكات باشە، بەڕای من دوو-سێ خاڵی گرنگ هەیە چونكە لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان كێشە هەیە تا ئێستا چارەسەر نەكراوە. یەكەم كورد ڕێكخستنی ماڵی خۆی و كێشەكانی ناوخۆی خۆی نەچنە دەرەوە ئەوە خاڵی یەكەمە،‌ كە بتوانێت ئەوكاتەش گفتوگۆ بكات بۆ نموونە لەگەڵ پارتی كرێكاران و‌ لەگەڵ توركیاشدا ئەگەر شەڕییان كرد ئەوا با لە ‌ماڵی خۆیان بیكەن”.

دەربارەی هەندێك لێكدانەوە و دەنگۆ كە دەوترێت توركیا نیازی داگیركردنی هەرێمی كوردستانی هەیە؟ ناوبراو ڕایگەیاند، هەر دەوڵەتێك بیەوێت جوگرافیای خۆی زیاد بكات، بەڵام ئەو ناتوانێت لەمكاتەدا ئەوە بكات، چونكە كوردستان هەرێمێكی دەستورییە، یاساییە، دانپیانراوە. ناتوانێت خاكی وڵاتێكی تر داگیربكات و بیخاتەسەر خۆی مەگەر وڵاتێكی وەكو ئەمەریكا و ئەنجومەنی ئاسایش پشتگیری بكەن كە چۆن كوردستانی سوریای داگیركرد بەبڕیاری ئەوان تیایدا دانیشتووە و خەڵكی بۆ دێنێ مەگەر شتێكی لەو بابەتە بكرێت، بەڵام پێموانییە ئەوە بكرێت، چونكە تا ئێستاش كوردستان بەشێكە لەو عیراقە شەق و شڕەی كە هەیە.

وتیشی”لەم هەرێمی كوردستانەدا بەس بە كوردی قسە مەكە، لە بازگەكان بە كوردی قسە مەكە هیچ بازگەیەك ڕاتناگرێت، واتە موخابەراتی هەر دەوڵەتێك ئازادە لە سەرانسەری كوردستاندا بگەڕێت كە قسەی كرد بە توركی و بە فارسی و بە عەرەبی و بە ئینگلیزی دەڵین ئەوە وەفدی دەرەوەیە و دەست مەهێننە ڕێگای با بڕوات واتە بە بازگەكان ڕاگەیەنراوە بەو شێوەیە”.

ڕوونیشیكردەوە، كورد وەكو كورد بەرگەی هەموو شتەكان دەگرێت توركیا و ئێرانیش و هەموو شوێنەكان لێی بدات، كورد ئەوە چەند ساڵە هەر بەردەوامە،‌ بەڵام ئەوەی ناوی سەروەری عیراقە هیچ سەروەرییەك نییە ئەوە تێكشكاوە هیچی نییە لە وڵاتان یەك سانیە فڕۆكەیەك بچێتە سەر وڵاتێكی تر لە ئەنجومەنی ئاسایش سكاڵا دەكات.

سەبارەت بە بێ هەڵوێستی حیزبیەكانی كوردستان محەمەدی حاجی مەحمود ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر شەڕی ناوخۆ بێت ئێستا سەدان كەس بەكوشت دەدەن لەسەر بەرزاییەك، ئەی بۆ دەسەڵاتییان نییە؟ بەڵێ دەسەڵاتییان هەیە، هیچ نەبێت بەیانێك دەربكەن، خۆ نایانگرن، بەیانیشییان پێدەرناكرێت؟!

بەبڕوای محەمەدی حاجی مەحمود حیزبە كوردییەكانی عیراق، ناتوانن بەیاننامەش دەربكەن دژی هێرشەكانی توركیا، چونكە هەریەك لەو حیزبانە بەشێوەیەك لە ‌شێوەكان پەیوەندی لەگەڵ توركیادا هەیە، ڕێكەوتووە لەگەڵ توركیا، توركیا عاجز دەبێت بەیان دەربكات، فڕۆكەخانەكەی سلێمانی و هەولێر دادەخات جاری پێشوو بە “ڕجاو تكا و دەست ماچكردن” كردییانەوە.

سەبارەت بە كارتی فشاری كورد بەرامبەر توركیا و عیراق، كاكە حەمە ڕایگەیاند، كارتی فشار لەگەڵ ئێران جۆرێكە و لەگەڵ توركیا جورێكە و لەگەڵ عیراقیش جۆرێكە، بەڵام كارتەكان بەرامبەر بە ‌بەغدا چونكە ئێستا بەغدا بودجەی كوردستانی بڕیوە، ئەگەر هەرێمێك بە عیراقی بزانێت، چۆن تۆ دەچێت بودجەی دەبڕیت لەكاتێكدا بودجەی ئەو ناوچانە دەدرا لەكاتی شەڕی داعشدا كە ‌ژێر دەستی داعش بوون، پێموایە كورد ئێستا كارتی هەیە كارتی یەكڕیزی و كۆكردنەوەی داهاتی كوردستان، بۆ خۆی ئەمە خاڵی یەكەمە، خاڵی دووەم گرتنەوەی ئاوی دوكان و دەربەندیخان لە عیراق، خاڵی سێیەم كشانەوەی كورد لە بەغدا، لە سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوە و پەڕلەمان و هەمووی بەغدا جێبهێڵت و بێتەوە، كە بەغدا دژت بێت تاسەر ئێسقان هیچت بۆ نەكات و هیچت نەداتێ بۆ لەگەڵیدا بیت، بەڵام بەردەوام ئەو وەفدانە دەڕۆنە بەغدا و دێنەوە كاتییان بەسەر دەچێت كەیفی خۆیانە ئەوانە، بەڵام كورد لە بەغدا بگەڕێتەوە، كارتی چوارەم كارتی ڕیفراندۆمە.

وتیشی”ئەگەر داهاتی كوردستان ڕێكبخرێتەوە و ڕادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت، دەتوانین بودجەش و خزمەتگوزاریشمان بكەین. پێموایە دەكرێت ئێستا 21% بڕدراوە،‌ با 30% ببڕدرێت، بەڵام هەموو مانگێك مووچەی خەڵكی كوردستان بدرێت، دوانەخرێت و لەسەری مانگدا مووچە بدرێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كچێك لەلایەن دەستگیرانەكەیەوە هێرشی كرایەسەر و بە سەختی بریندار بووە

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، كچێكی گەنجی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن دەزگیرانەكەیەوە بە چەقۆ هێرشی كراوەتە سەر و باری تەندروستی ناجێگیرە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كچێكی تەمەن 22 ساڵی خەڵكی گوندی “خوردەلووكی” سەر بە شاری سەقز بە ناوی پەریسا ڕەحمانی لەلایەن دەزگیرانەكەیەوە بە ناوی عەبدوڵڵا (ئەمیر) سادقی بە چەقۆ هێرشی كراوەتەسەر و بە سەختی برینداری كردووە.

ئاشكراشیكرد، ئەمیر لەو خانوەی بڕیار بووە ژیانی هاوبەشیان پێكبێنن زیاتر لە ٢٠ چەقۆی لە جەستەی پەریسا ڕەحمانی داوە و بە سەختی برینداری كردووە.

بە پێی بەدواداچوونەكانی ڕێكخراوەكە، ئەو دوو كەسە لە ڕۆژی ڕووداوەكە لەنێو بازاڕی سەقز شتومەكیان بۆ ماڵەكەیان كڕیوە و لەپێش چاوی خەڵك دەمەقاڵەیەكیان هەبووە و سەرچاوەیەكی پزیشكیش ئاشكرایكردووە، بەهۆی سەختی برینەكانییەوە زیندوومانەوەی پەریسا ئەگەرێكی لاوازە.

ڕێكخراوی هەنگاو ڕاشیگەیاند، ئەمیر سادقی دوای ئەنجامدانی تاوانەكەی هەڵهاتووە و هێزە ئەمنییەكانیش هەرچەند كاتێكی زۆریان لە بەر دەست دا بووە، بەڵام خێرا نەچوونەتە شوێنی تاوانەكە و تاوانباریان دەستبەسەر نەكردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان