ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

تەندروستی هەرێم: حاڵەتێكی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی تۆمار كرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاشكرایكرد: حاڵەتێكی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی تۆمار كرا.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند:”لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، تووشبوویەكی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانكرا.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕوونیشیكردووەتەوە:” تووشبووەكە ژنێكی تەمەن 56 ساڵە و خێزانی توشبوویەكی پێشووە”.
ك.ج

ئابوری

“پێویستە لەئێستاوە پلان بۆ زەوییەکانی دەوروبەری شەقامی ١٠٠ مەتری دابنرێت”

 

خەڵک – نزار جەزا

 

جێگری سەرۆکی لیژنەى خزمەتگوزاری و شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، زەوییەکانی دەوروبەری شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی زەوی زۆر باش و گرنگن، کە پێویستە لەئێستاوە بەڕاوێژ لەگەڵ شارەزایانی ناوخۆیی و دەرەکی پلانیان بۆ دابنرێن، کە چۆن بەکاربهێنرێن، چونکە زەوی زۆر باشن بۆ بابەتی گەشتوگوزاری و بارزگانی، کە هەلی کاری زۆر دابیندەکات و ژێرخانی ئابووری پێ دەبووژێتەوە.

 

شەقامی ١٠٠ مەتری لەشاری سالێمانی بەردی بناغەی بۆ دانرایەوە و بڕیارە لەماوەى سێ ساڵدا قۆناغی یەکەمی لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێبکرێت.

 

زیاد کاکە ڕەزا جێگری سەرۆکی لیژنەى خزمەتگوزاری و شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەو زەوییانەى دەوروبەری شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانى دەکەونە ناو ماستەرپلانی سلێمانییەوە و پلانێکی تایبەتی خۆی دەوێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو زەوییانە بکرێت.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەو زەوییانەی دەوروبەری شەقامەکە دەشتاییە و زۆر باشن بۆ ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەکی گونجاو، کە پێویستە لەئێستاوە حکومەتى هەرێم یان حکومەتی خۆجێی سلێمانى دەستبکات بەدانانی پلانێک بۆ ئەو زەوییانە کە چۆن بتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، دەکرێت لەئێستاوە پرس بە کەسانی شارەزا لەدەرەوە و ناوەوەی هەرێم، بەتایبەت کۆمپانیا بیانییەکان بکرێت، بۆئەوەی پلانێکی باش دابنێن، کە سوود لەو زەوییانە وەربگیرێن و خەسارنەبن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پڕۆژەى جۆراوجۆری لێ دروستبکرێت، بێگومان هەلی کار بۆ هاوڵاتییان دەڕەخسێت و ژێرخانی ئابووری پێ دەبووژێتەوە.

 

ناوبراو باسی لەئەوەشکرد، ئەو ناوچەیەی شەقامە ١٠٠ مەترییەکەی پێدا تێدەپەڕێت، لەناوچەى کشتووکاڵی دەردەچێت، بەجۆرێک دەبیتە ناوچەیەکی گەشتیاری و بازرگانی زۆر گرنگ، چونکە ئاو و ئاوەدانی بەیەکەوەیە، لەبەرئەوە دەکرێت پڕۆژەى گەشتیاری زۆر گەورەى تێدا دروستبکرێت.

 

وتیشی: ئەگەر پلان و بەرنامە هەبێت هەم حکومەت و هەم خەڵکیش سوودی باش لەو زەوییانە وەردەگرن.

 

پڕۆژەكە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا لە دوو شەقامی شێوە تەریب پێكهاتووە، كە لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی سلێمانی درێژدەبێتەوە، لەكاتی تەواوبوونی هەموو پڕۆژەكە شەقامەكانی 60 مەتری و 100 مەتری بەشێوەی تۆڕێك لە شەقام بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ڕووپۆشی ڕووبەری 472 كیلۆمەتر دووجا دەكات. تاوەكو 20 ساڵی دیكەش كێشەی جەنجاڵیی هاتووچۆ لە سلێمانی ناهێڵێت.

 

درێژیی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە، لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو دەبێت و لە 100 مەترییەوە دەستپێدەكات تاوەكو كۆتاییەكەی كە دەبێتە 40 مەتریی. پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، ئەوەی ئێستا قۆناغی یەكەمە، كە لە 33 كیلۆمەتر پێكدێت، هەشت یەكتربڕ و شەش ئاوبەری سندووقی تێدایە و بەپێی ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قوباد تاڵەبانی:ئەمرۆ هەنگاوێکی گرنگمان نا بەرەو خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییانی کوردستان

خەڵك – بەشی هەواڵ
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند بە خستنەگەڕی وێستگەی كارەبای خەبات، هەنگاوێکی گرنگمان نا بەرەو خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییانی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربارەی خستنەگەڕی وێستگەی هەڵمیی كارەبای خەبات لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیوێتی: “سەرۆكی حكومەت و بەندە لەگەڵ هەردوو وەزیری کارەبا و پلاندانان، بەشداربووین لە رێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەی بە‌رھە‌مھێنانی كارە‌بای 300 مێگاواتی هەڵمیی قەزای خەبات لە‌ ھە‌ولێر”.

ڕاشیگەیاند “ئەم پرۆژەیە كە لە كابینەی پێشوودا دەست بەدروستكردنی كراوە، لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی دەکەوێتە کار. كەوتنەگەڕی هەردوو یەکەی ئەم وێستگەیە کارەبای هەرێمی كوردستان بەرێژەی 10% زیاد دەكات”.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: “بە كردنەوەی ئەم وێستگەیە و دەستپێکردنی پرۆژەی شەقامی 100م سلێمانی خزمەتێکی باشتری هاووڵاتییان دەکرێت، هەلی کارێکی زۆریش دەڕەخسێنین. خەڵكی كوردستان شایستەی خزمەتی زیاترن و لەم پێناوەشدا هەرچی لە‌تواناماندا بێت درێغی ناكەین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

دوای پێكدادان لەگەڵ پەكەكە، هێزەكانی توركیا لە چیایەكی حەفتانین كشانەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
میدیای پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاویكردەوە كە هێزەكانی توركیا ناچاركراون لە چیایەكی ناوچەی حەفتانین سەر بە پارێزگای دهۆك بكشێنەوە.

ئەمڕۆ سێ شەممە، ئاژانسی فورات نیوز بڵاویكردەوە كە گەریلاكانی پەكەكە لە شاخی کارتاڵ چالاکییەكیان لە دژی هێزەكانی سوپای توركیا ئەنجامدا.

ڕاشیگەیاند لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا “ژمارەیەکی زۆر” سەربازی تورکیا کوژران و دوابەدوای ئەوەش هێزەكانی توركیا لە شاخی کارتاڵ دەستیان بە کشانەوە کرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان