ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

زیانی هەر پژمەیەک ملیارێک دۆلارە

هونەر تۆفیق

پێشتر دەگوترا ، ئەگەر بۆرسە لە ئەمریکا بپژمێت ئابووری جیهان توشی هەڵامەت دەبێت . بەڵام پژمەی کرۆناکەی چین ئەم مەقولەیەی بەجۆرێکی تر لێکرد .

بەپێ ی نیشانە سەرەتاییەکانی زیانی ئابووری پەتاکە هەر پژمەیەکی ئەنفلۆنزای کورۆنا بەراورد بە زەرەرە داراییەکان، بایی ملیاردێک دۆلارە .

ناوەندە ئابووریە جیهانیەکان لەپێناو تەشەنە نەکردنی زیاتری زیانەکان . هەموویان کۆکن لەسەر پێشنیارکردنی پاکێجێکی فریاکەوتن بۆ حکومەتەکان کەئەگەر جێبەجێی نەکەن ئەوا ڕەوتی پەتاکە بەهۆی قەیرانی دارایی و بێکاری و هەژاری لەو وڵاتەدا دەگۆڕێت بۆ بەهاری کورۆنا .

ئەم هوشیاریەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی ڕابردوو ، لەڕێگەی لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە بەتایبەتی بە وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیای دراوە .

لیژنەی ئسکوای نەتەوە یەکگرتووەکان ئامۆژگاری حکومەتەکان دەکات کە دەستبکەن بە گرتنەبەری ڕێکاری خێرای پاراستنی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی بۆ چینی هەژارو کەمدەرامەتەکان بۆئەوەی دۆخەکەیان لەدەست دەرنەچێت .

هەروەها بڕیاری بەخشینی باج لەسەر هاوڵاتیان دەربکەن ، بەپەلە سەرەڕای موچە ، پارەی کۆمەک بدەن بە هاوڵاتیەکانیان بۆ پشتیوانی لە داهاتەکانیان . ئەو قەرزانەی کە لەسەر خەڵکن ماوەی پێدانەوەی درێژبکرێنەوە ، بۆئەوەی زیانەکانی قەیرانەکەیان تەشەنە نەکات .

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچکام لەو ئامۆژگاری و ڕێکارانەی نەگرتۆتە بەر کەهاوکات بە ڕێگری لە تەشەنەی ڤایرۆسەکە ، دەبێت ڕێگریش لە تەشەنەکردنی زیانە داراییەکانی بکرێت وەک ئیسکوا پێشنیاری کردوون .

ریکلام

وتار

دەستەڵاتی چوارەم و درز بردنی پایەکانی

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

سنورداریی مافی دەستگەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاری؛ هۆكارێكی لەمێژینەی سەوزنەبوونی ژینگەی كاركردنی رۆژنامەگەریی بنكۆڵكاریی و لاوازیی رۆڵی چاودێریی میدیای كوردییە. ئەوەش دەرئەنجامی «سیستمێكی سیاسی»یە كە بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو؛ ئەزموونی فەرمانڕەوایی كوردیی بەرگریی لێکردووەو بەبەرنامە نەیویستووە قۆناغەكانی دیكتاتۆرییەتی خۆرهەڵاتیی بۆ دیموكراسییەتی خۆرئاوایی تێپەڕێنێت!

لەزۆرینەی وڵاتە دیموكراتییەكاندا؛ دەستەڵاتە دەستورییەکان بەسەر یاسادانان (legislature)، راپەڕاندن (executive) و دادوەریی (judiciary)دا بەشکراون. دەستەڵاتی گریمانەیی میدیا وەك بەشێكی گرنگی كۆمەڵگە رۆڵێكی ناڕاستەوخۆ، بەڵام سەرەكیی لە کاریگەریی دانان لەسەر سیستمی سیاسيی هەیە.

دەستەڵاتی چوارەم وەک چەمک، بۆ یەکەمجار لەساڵی 1787داو لەوتووێژێكی پەرلەمانییدا لەبارەی ئاوەڵاكردنی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئەنجومەنی گشتیی بەریتانیای مەزن؛ لەلایەن ئیدمۆند بێرک بەكارھێنرا. ئامانج لێی؛ رۆڵی چاودێریی میدیایە کە بەیەکێک لەئەرکە گرنگەکانی دیموکراسیی دادەنرێت. لەرۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەم چەمكە زۆرتر وەك ناوێكی کۆکراوە بۆ هەموو رۆژنامەوانان بەكاردێت، ھەروەک ئۆسكار وایڵد دەڵێت؛ رۆژنامەگەریی بوەتە دەستەڵاتی یەكەم و سێ دەستەڵاتەكەی دیكەی قووتداوە. دەستەڵاتی چوارەم؛ ئێستاش وەك ئامرازێكی هەواڵیی پەسەندكراو سەیردەكرێت كە لەهەناویدا كۆمەڵە رۆژنامەوانێكی پەروەردەكراوی پیشەگەر لەخۆدەگرێت. ئەمەش هەندێجار وەك دەستەڵاتی پێنجەم دەبینرێت كە بە رۆژنامەگەریی هاووڵاتی (Citizen Journalism) دەناسرێت و هەموو كەسێك دەتوانێت بیرۆكەكانی یاخود تێڕوانینەکانی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و لە رێگەی بلۆگەكەی یاخود ماڵپەرەكانی وەك یوتیوب دابەزێنێت (Cooke, 2019).

ئامرازەكانی بەكۆگەیاندن (mass media) زۆرتر وەها دەبینرێن كە رۆڵێكی زیندووی گرنگ لەپیادەکردنی دەستەڵاتی چوارەم، پاسەوانییكردنی دیموكراسیی و بەرگریكردنی بەرژەوەندی گشتییدا دەگێڕن. بەبڕوای تیۆرییزەکارانی لیبراڵی، هەبوونی رۆژنامەگەریی ئازاد و سەربەخۆ لەهەر دەوڵەتێك یاخود سیستمێكی سیاسییدا؛ پێشمەرجێكی بنچینەییە لەپرۆسەی وەرچەرخان بەرەو دیموكراسییبوون و بەشدارییكردن لەبەدەستهێنانی مافی ئازادیی دەربڕین و بیر و ویژدان، پتەوكردنی وەڵامدانەوەی حكومەتەكان و بەرپرسیاركردنییان لەبەرامبەر هەموو هاووڵاتیان و سەرپێخستنی فەرمانڕەواییەكی پێگەیشتوو و گەشەپێدانی مرۆییدا. ئامانجیش لەسەپاندنی دەستەڵاتی چوارەم؛ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی نمونەیی ئازاد و تەندروست و گونجاوە بۆ بەهێزكردنی دیموكراسییەتێكی راستەقینە کە گرنگترین ئەركەكانی بریتیین لەمانەی خوارەوە (Amodu, Usaini, Ige., 2014):

1. زانیاری: لەبارەی ئەو شتانەی كە لەرووی ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتیی و نێودەوڵەتییەوە روودەدەن؛ دەبێت میدیا زانیاریی ورد بەهاووڵاتیان بدات کە ئەوەش رەگەزێكی گرنگیی دیموكراسییەو وا لەهاووڵاتیان دەكات بڕیاری دروست بدەن.

2. كۆمەڵایەتییبوون: میدیا دەبێت یارمەتی گروپە ئیتنیكییە جیاوازەکانی كۆمەڵگە بدات و هەماهەنگیی نێوانیان پەرەپێبدات. بەتایبەت لەپرسە نیشتمانییەكاندا كە ئەمەش گرەنتی بەیەكگرتوویی مانەوەی وڵات دەكات.

3. هاندان: میدیا رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێت؛ ئەگەرھاتوو لەبارەی رۆژەڤێكی سنورداری دیاریكراوەوە زانیاریی بۆ هاندان و ورەبەخشینی جەماوەر بڵاوبکاتەوە. بۆنموونە، بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

4. وتووێژ و گفتوگۆكان: لەئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونی ئەندامانی كۆمەڵگەدا لەرێی پرۆگرامە شۆئامێزە تەلەڤزیۆنییەكان و دۆكیومێنتاری و ئەوانیدیکەوە؛ میدیا هەلی دەربڕینی بۆچوونەکانی ھاووڵاتیان لەبارەی دۆخی دیموكراسیی و سیاسیی وڵات دەڕەخسێنێت. ئەمانەش یارمەتی سیاسییەكان دەدەن؛ دیدوبۆچوونی هاووڵاتیان بزانن و ئەوەندەی لەتوانایاندا بێت دۆخەكە باشتربكەن.

5. پەروەردە: باشترین سەرمایە لەمڕۆدا؛ پەروەردەیە. بەتایبەت كە زانین (knowledge) بووەتە دراوێكی نوێ و میدیا دەتوانێت یارمەتی گەشەپێدانی هزریی هاووڵاتیان بدات و دواتر ئەوانیش رۆڵێكی ئەرێنیی لەكۆمەڵگەدا بگێڕن.

6. برەودانی كولتوری: لەرێگەی ئەو پرۆگرامانەی كولتوری نەوەكانی پێشوو دەگێڕنەوە؛ میدیا یارمەتی برەودان بەكەلەپوری كولتوریی كۆمەڵگە دەدات.

7. خۆشباری: گەنجان زیاتر گوێ لەمیوزیك دەگرن وەك لەهەواڵەكان، ھەربۆیە پێویستە بڕگەو بابەتەکانی خۆشباری (entertainment) لە لیستی سەرەكیی گرنگییپێدانی میدیاكاندا بێت، چونكە وەك يارى تۆپێن هاووڵاتیان لەدەوری یەكتری كۆدەكاتەوە. گۆرانییوتن و سەیركردنی فلم؛ ھەستی پێكەوەبوون بەهاووڵاتیان دەبەخشێت و وایان لێدەکات كاراتر بەشداریی بكەن.

ئەگەرچی لەراییکردنی ئەو ئەرکانەدا، میدیا وەك دەستەڵاتی چوارەم زیاتر گرنگیی و گەورەیی خۆی و پەیامەکانی دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی تیۆری بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی؛ بەدیھاتنی ئەستەم دەبێت. ھەربۆیە پێویستە میدیا هەوڵی راگرتنی هاوسەنگیی بدات لەنێوان ئازادیی کارکردنی خۆی و ئازادیی هاووڵاتیان لەدەستگەیشتنیان بەزانیارییەکان و مافی دەوڵەت لەئاسایشی نیشتمانییدا (Moemeka, 2000, p.15).

بەکورتیی و بە کوردی؛ میدیا لەھەرێمی کوردستاندا ھێشتا نەیتوانیوە ببێتە دەستەڵاتی چوارەم. ئەویش لەلایەک بەھۆی سنورداریی رۆڵی چاودێریی میدیا بەسەر سێ دەستەڵاتەکەی دیکە و نەبوونی سەربەخۆیی پیشەیی و نیشتمانیی ھەریەکێکیان. لەلایەکی دیکەشەوە، بەھۆی دەڵەمەیی سیستمی سیاسیی و درزبردنی پایەکانی دیموکراسیی لەوانە؛ ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی زانین!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

فرۆشتنی دۆلار لەبازاڕی کراوەدا

سەرکۆ یونس*

یەکێک لەبڕیارە باشەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم فرۆشتنی دۆلارە لەبازاڕی کراوەدا بەشێوەی ئاشکرا، ئەم بڕیارە هەرچەندە دەبووایە زووتر دەربکرایە بەڵام ئێستاش درەنگ نەبووە.

بازاڕی کراوە یەكێکە لەئامڕازەکانی دارایی و نەختینەیی بانکی ناوەندی لەزۆرێک وڵاتاندا کاری پێ دەکرێت و حکومەت لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ئامانجە دارایی و نەختینەییەکانی بەدی بهێنێت بەمەرجێک شەفافیەتی تێدا بێت و خستنەڕووی دراوەکان و چۆنیەتی فرۆشتن و ژمارە و ناوونیشانی هەموو ئەو بانک و کۆمپانیاو دەستانەی کە لەبازاڕەکەدا مامەڵە دەکەن بەیاسایی تۆمارکرا بن و مۆڵەتی فەرمیان هەبێت.

بڕیاری فرۆشتنی دۆلاری وەزارەتی دارایی پێویستە دۆلاری نەوتیش بگرێتەوە چونکە لەلایەک بڕەکەی گەورەترە و لەلایەکی ترەوە هەنگاوێکە بۆ شەفاف بوونی ئەم بوارە و پێمان وایە سەرکەوتنێکە بەسەر تۆڕی گەندەڵکاران و قۆرخکاراندا کەچەندین ساڵە لەم بوارەدا قازانجی باشیان کردوە و زەرەریان لە دارایی گشتی داوە کە بەدەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.

گریمان وەزارەتی دارایی مانگانە بری (300- 350)ملیۆن دۆلار بفرۆشێت ئەوا بەنرخی ڕۆژی دۆلار بەشێوازی ئاشکرا و کێبڕکێ ی لایەنەکان نزیکەی (10)ملیار دینار مانگانە بۆ داهاتی گشتی دەگەڕێتەوە.

ئەم بڕیارە لەپێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و دەست بەسەردانەگرتن و ڕەخساندنی کێبڕکێ ی کۆمپانیاو بانکەبازرگانییەکان و سەرئەنجام زیادکردنی داهاتی گشتی گرنگە و جێگای ئومێدە لەکاتێکدا دارایی هەرێم بەدەست نەبوونی داهاتەوە دەناڵێنێت و لەئێستادا تەنانەت پارەی بەردەست نی یە بۆ مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران و بەپێ ی ڕاگەیەندراوێک تەنها (100)ملیار دینار بەردەستە لەکاتێکدا کۆی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران بە لێبڕینی (21%)وە نزیکەی (700) ملیار دینارە.

یەکێکی تر لە باشیەکانی ئەم شێوازی فرۆشتنە جێگیربوون وسەقامگیربوونی نرخی دۆلارە لەبازارەکاندا و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر مامەڵەی بازرگانی ڕۆژانە.

هەروەها خستنەڕووی دۆلار جێگیر دەبێت و نرخی ئاڵوگۆر جێگیر دەبێت و تاڕادەیەک کاریگەری هەیە لەسەرهەڵاوسانی بازاڕ. گرنگە گۆڕینەوەی دۆلارەکانی حکومەت بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت بۆئەوەی لەمەترسی دیارنەمان بپارێزرێت جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەماوەی پێشوودا بڕی (2) ملیار دینار بەنایاسایی مامەڵەی گۆڕینەوەی پێ کرا.

بەو هیوایەیی ئەم پرۆسەیە ئاستەنگ و بەربەستی بۆ دروست نەکرێت و پاشان وەزارەتی دارایی مانگانە ڕاپۆرتی تایبەت بڵاوبکاتەوە تا خەڵک و لایەنەکان ئاگادار بن.

*ئابوریناس

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

مەترسیە نەزانراو و شاراوەکانی کۆرۆنا 

د. سیروان حەسەن

لە سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩) وەکو پەتایەکی ترسناک لە کۆتای سالی ٢٠١٩ لە شاری وۆھانی چینیی و زۆر بە خێرا و بە شێوەیەکی تەم و مژاوی بڵاوبونەوەی لە ھەموو جیھاندا لە ماوەیەکی کورتدا ، گومانێکی زۆری بەدواوە بوو کە ئەو ڤایرۆسە سروشتی نەبێت و دەستکرد بێت وەکو چەکێکی بایۆلۆجی لە ململانیە ئابوریە نێو دەوڵەتیەکان بەکارھێنرابێت. سەرباری ئەوەی ڤایرۆسەکە جۆرێکە لە جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ھێرش دەکەنە سەر کۆئەندامی ھەناسەدان و لە وەرزی زستان و بەھاردا زیاتر بلاودەبنەوە کە کەشێکی گونجاوە لە ڕووی نزمی پلەی گەرمی و رێژەیی شێ لە ھەوادا کەچی کۆڤید ١٩ بە دەر لە جۆرەکانی تر لە ھەموو وەرزێکدا چالاکەو لە گەشەکردن و تەشەنە سەندن ناوەستێت و بەردەوام بلاودەبێتەوە تەنانەت لە لە سەرووی پلەی گەرمی ٥٠ ی سلیلیزیشدا لە چالاکی و بلاوبونەوە بەردەوامە ئەمەش جێی سەرسوڕمانی زانایانی بوارەکەیە بۆیە تا ئێستا زۆربەی زانیاریەکان لە سەر ئەم ڤایرۆسە ئاشکرا نەبوون و چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، نیشانەکانی ئەم پەتایە گۆرانکاری بە سەردا دێت لە سەرەتادا تەنھا چوار نیشانە بوون:
ــ بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەشی تووش بوو بۆ ٣٨ پلە و سەرووتر
ــ کۆکەی وشک
ــ قورسی ھەناسەدان
ــ سنگ ئێشە
دوای بەردەوام بلاوبونەوەی ڤایرۆسەکە چەند جۆر نیشانەی تر دەرکەوتن لە توشبووەکاندا، لە سەرەتادا وا دەزانرا کە ئەم ڤایرۆسە تەنھا تایبەتە بە کۆئەندامی ھاناسەدان بەلام تاکو ئێستا دەرکەوتووە کە کاریگەری ھەیە لە سەر دڵ و مێشک و کۆئەندامی ھەرس و گون و گورچیلەکان و دەبێتە ھۆی کلۆت بوونی خوێن و کە ھۆکاری سەرەکی خوێن مەیینە لە دڵ و مێشک وە ھەروەھا دەرکەوتووە کە دەبێتە ھۆی نەزۆکی کاتی لە نێرەدا وە ڕەنگە لە ئایندەدا نیشانەی تر دەرکەون و ترسناکتر بن لە سەر ژیانی مرۆڤ .بە پێی دوایین زانیاری رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە ئێستادا نزیکەی ٢٤ نیشانە دەردەکەون لە سەر توشبوەکان بە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ و ئەو نیشانانە دەکرێنە سێ کۆمەلەوە:
کۆمەڵەی یەکەم: نیشانە زۆر باوەکان کە بریتین لە ١- بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ ٣٨ پلەی سەدی و سەرووتر ٢- ماندوبون ٣- کۆکەی وشک
کۆمەڵەی دووەم : نیشانە کەم باوەکان بریتین لە ٤- ئێش و ئازار ی گشتی لەش ٥- سەر ئێشە ٦- ھەوکردنی چاو ٧- ئاو بە لووتدا ھاتن ٨- ئازار و ھەوکردنی گەروو ٩- سک چوون ١٠- ھەستیاری پێست بە تایبەتی لە دەم وچاو ١١- بێ ھێزی ١٢- کرژبونی ماسۆلکەکان لەش ١٣- لە دەستدانی ھەستی بۆن ١٤- لە دسەتدانی ھەستی تام ١٥- گۆڕینی دەنگ ١٦- پشت ئێشە ١٧- سک ئێشە ١٨- لە دەستدان یان لاوازبوونی ئارەزوی خواردن ١٩- گێژبوون و سەر سووڕخواردن ٢٠- دەرکەوتنی پەڵەی پێست ٢١- گۆرینی رەنگی پەنجەکانی دەست و پێ.
کۆمەڵەی سێیەم : نيشانە سەخت و قورسەکان بریتین لە ٢٢- قورسی لە ھەناسەدان ٢٣- کۆکە و تای بەرز ٢٤- قورسی ھەناسەدان و سنگ ئێشە. رێژەی چاک بوونەوە لە ٨٠٪‏ یە کە تووشبوان پێویستیان بە چارەسەر نیە وە نیشانەکان بە سەختی دەردەکەون لە بەتەمەن و نەخۆشە درێژ خایەنەکان.
بەپێی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی گۆرانکاری لە جینۆمی ڤایرۆسەکەدا روویداوە وە کرداری پەڕینەوەی (Mutation) D614G لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠ دەرکەوتووە و لە ئەوروپا و ھەردوو ئەمریکا بلاوبوەتەوە ئەمەیان وای کردووە زۆرتر بلاوبێتەوە وە کەمتر کوشندە بێت. سەبارەت بە چۆنیەتی توشبون و سوکی و سەختی توشبوان زانیاری نوێ دەری خستوە کە تووش بوون بە پەتاکە نەک تەنھا پەیوەندی بە بەرگری لەشەوە ھەیە ھەروەھا پەیوەندی بە بۆماوەیی مرۆڤەوە ھەیە کە رەنگە بۆماوەی مرۆڤ کاریگەری لە سەر تووش بوون و تووش نەبوون بە پەتاکەوە ھەبێت.
کەواتە لە ئێستادا زۆر شتی شاراوە ھەیە لە سەر کۆڤید ١٩ کە تا ئێستا ئاشکرا نەبووە وە ھەندێ لە نیشانەکانی نەخۆشیەکە دوای چاکبونەوەش ئەمێنێتەوە لە گەل نەخۆشەکە بۆ ماوەیەکی نادیار و کاریگەری ئەبێت لە سەر تەندروستی تووشبوەکە واتە مرۆڤ دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا وەکو پێش توونی نابێت و گۆرانکاری سوک یان سەخت لە تەندروستیدا دەردەکەوێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان