ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ژینگە

كەشناسی هەرێم لە بارەی كەش و هەوای ڕۆژانی داهاتوو هۆشداری دەدات


خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری درێژبوونەوەی نزمە پاڵە پەستۆكانی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور و نیمچە دوورگەی عەرەبی ، دەشڵیـَت،”جگە لە بارانبارین ئەگەری هاتنی بارستە هەوایەكی تۆزوخۆڵ هەیە و هەندێك جار هەورە تریشقەش دەبێت”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە ، ئەمڕۆ پێنج شەممە 26-3-2020 سەرەتای هاتنی كاریگەری شەپۆڵە لەسەر ناوچەجیاجیاكانی هەرێم دەردەكەوێت, باران بە شێوەی پچڕپچڕ لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت سەنتەری پارێزگاكانیش ئەگەری نمە بارانی هەیە.

دەشڵێت،” سبەی هەینی لە شەودا كاریگەری ئەم شەپۆڵە كاردەكاتە سەر تەواوی ناوچەكەمان بارانبارین لە تەواوی ناوچەشاخاوییەكان و سەنتەری پارێزگاكان دەبارێت, ناوچەشاخاوییەكانی پارێزگای دهۆك وەك (دینارتە و ئاكرێ و سەرسەنگ و ئامێدی كانی ماسی) هەروەها بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر وەك (ڕواندز و سۆران و چۆمان حاجی ئۆمەران و سیدەكان بارزان مێرگەسوور) بارانیان زیاتر دەبێت”.

ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی شەممە كاریگەری ئەم شەپۆڵە بەردەوامی دەبێت، جگە لە باران بارین ئەگەری هاتنی بارستە هەوایەكی تۆزوخۆڵ هەیە بۆ سەر ناوچەكەمان لە هەندێ ناوچە بە شێوەی تۆزوخۆڵ و لە هەندێ ناوچە لەگەڵ باران تێكەڵ دەبێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەداهاتووە، كاریگەری ئەم شەپۆڵە لە ڕۆژی یەكشەممە لاواز دەبێت و ئاسمان لەو رۆژەدا بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە ڕۆژی دووشەممە دووبارە لە زۆربەی ناوچەكان بارانبارین دەبێت و لە هەمان ڕۆژ باران بارین كۆتای دێت كاریگەری ئەم شەپۆڵە كۆتای دێت.
ئاشكراشیكردووە، لە ماوەی ئەم شەپۆڵەدا پلەكانی گەرما نزم دەبێتەوە و هەندێ جار هەورە تریشقەش دەبێت و ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای دهۆك ئەگەری تەزرە بارینەی هەیە.

ژینگە

بڕی باران بارین لە شارەكانی هەرێم بڵاوكرایەوە


خەڵك-بەشی هەواڵ

بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بڕی باران بارینی لە 24 كاتژمێری ڕابردوو لە شارەكانی هەرێم بڵاوكردەوە.

بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین باران لە ناوچەی بەرزنجە سەر بە پارێزگای سلێمانی بە بڕی 46.5 ملم باریوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

كەشناسی هۆشداری تەرزە و باران بارینی بەلێزمە و هەورە تریشقە دەدات


خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای سوور و باران بارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست هەندێك كات چالاك دەبێت، بۆیە باران بارین بەردەوامی دەبێت بۆ ئەمڕۆ و سبەی دوو شەممە.

ئاشكراشیكرد، پێشبینی دەكرێت ئەو ناوچانەی باران بارینی بە لێزمەی هەبێت بۆ سبەی بریتین لە (حاجی ئۆمەران، ڕواندز، سۆران، بارزان، مێرگەسوور، شەقڵاوە و هەندێ ناوچەی دەوروبەری – ئامێدی، ئاكرێ، سەرسەنگ، ڕانیە، چوارقوڕنە و ناوچەكانی دەوروبەری).

ڕوونیشیكردەوە، جگە لە باران بارین، سبەی پێشبینی بارینی تەرزە دەكرێت بە تایبەتی لەو ناوچانەی ئاماژەمان پێكردووە لە كاتی باران، كاریگەری ئەم شەپۆلە چالاكە سبەی ئێوارە كۆتای دێت، بەڵام باران بارین بەشێوەی پچڕ پچڕ لەسەر ناوچەكەمان بەردەوامی دەبێت و پلەكانی گەرماش نزم دەبنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

چیرۆكی چاكبوونەوەی دوو توشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی


سلێمانی – نزار جەزا

چرا كچێكی تەمەن 27 ساڵە، كە ماوەی 10 ڕۆژ لەنەخۆشخانەی سەرچناری تایبەت بەڤایرۆسی كۆرۆنا مایەوە و لەو ماوەیەدا هاوژووری سەلمەی تەمەن 50 ساڵ بووە، لەم ڕاپۆرتەدا چیرۆكی چۆنیەتی تووشبوونیان بە كۆرۆنا دەخەینەڕوو.

تەنها نزیكی 15 حاڵەتی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان تۆماركرابوو، كە (چرا) لەگەڵ هاوڕێیەكیدا چووبوونە بازاڕ بەمەبەستی شت كڕین، بەڵام نەیانزانی ئەمە دەستپێكی توشبوونی ئەوانیشە بەڤایرۆسی كۆرۆنا.

پاش چەند ڕۆژێك، چەند نیشانەیەكی وەك تا و سەرئێشەیان لێ دەركەوت، بۆیە كاتێك چوون پشكنین بكەن، لەبەرواری 16\3\2020 دەركەوت كە توشبوون، هەربۆیە بران بۆ نەخۆشخانەی سەرچناری تایبەت بە كۆرۆنا، هاوڕێكەی چرا، كە ناوی ڕازاو بوو، پاش چەند ڕۆژێك مانەوە لەنەخۆشخانە چاكبۆوە، بۆیە چۆوەوە ماڵەوە، بەڵام چارەسەرییەكانی چرا چەند ڕۆژێكی خایاند.

دوای تەواو چاكبوونەوەی و نەمانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە لەشیدا چرا-ش نەخۆشخانەی جێهێشت، باسی لەئەوەشكرد، باری تەندروستی باشە و هیچ دەرمانێكی تایبەت بەكۆرۆنای نەخواردووە، بەڵكو ئەگەر كۆكە یان تا یان سەرئیشەیەكی هەبووایە دەرمانی ئەوانەی پێدەدرا، بەڵام ئەگەر ئەو دەرمانانەی نەخواردایە تای بەرزدەبۆوە و سەرئێشەیەكی زۆری دەبوو.

چرا و ڕازاو، كە دوو ناوی خوازراوی دوو كچی توشبووی سلێمانین و ئێستا تەواو چاكبونەتەوە، بەڵێنی ئەوەیان بەخۆیانداوە، كە چوونە دەرەوەی نەخۆشخانەكە باشترین خزمەتی كارمەندانی ئەم نەخۆشخانەیە بكەن، چونكە زۆر خزمەتیان كردوون و زۆر ماندوبوون پێیانەوە، ئەوانیش خزمەتە تەندروستیەكانی ئەوانیان لەبەرچاو گرتوە.

سەلمە-ش، كە ناوی خوازراوی ژنێكی تەمەن 50 ساڵەی دانیشتووی شارۆچكەی دەربەندیخانە و هاوژووری چرا بوو، بە(خەڵك)ی وت، “من بەركەوتەی كوڕەكەمم، چونكە ئەو پێشتر بەركەوتنی لەگەڵ توشبوویەكی دەربەندیخان هەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەو هەر زوو چاكبووەوە، بەڵام من لەوەوە توشبووم”.

سەلمە، كە ماوەی 5 ڕۆژ لەنەخۆشخانە مایەوە و چۆتەوە ماڵەوە وتی، “لەئێستادا باری تەندروستیم زۆر باشە، لەسەرەتاشەوە نیشانەكانی ئەم نەخۆشییەشم زۆر پێوە دیارنەبوو، تەنها جار جار كەمێك تام بەرزدەبۆوە و تەنگەنەفەسیم هەبوو، بۆ ئەمانەش بەردەوام پشكنینیان بۆ دەكردم و چاودێرییان هەبوو بەسەرمەوە و كارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیەش زۆر زۆر باشن و خزمەتی باشمان دەكەن”.

ئەم چارەسەركراونە هاوڕابوون لەسەر باشی خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانە تایبەتەكەی كۆرۆنا لەسلێمانی، پێیانوابوو، كە “ئەو خزمەتەی ئەوان دەیكەن، ئەگەر خێزانەكەشیان بوونایە هەر بەو جۆرە خزمەتیان دەكردن”.

لەئێستادا كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ لە هەرێمی كوردستان 121 تووشبووە، كە لەناویاندا دوو حاڵەتی مردن هەیە و 53 نەخۆشیش چاكبوونەتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوڵاتی ئێران، ڕێوشوێنی تایبەتیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا گرتەبەر و لەشاری سلێمانی لەماوەیەكی زووترەوە ڕێكاری پێویست گیرانەبەر و نەخۆشخانەی سەرچنار تایبەت كرا بەنەخۆشانی كۆرۆنا.

لەبەر پاراستنی مافی تایبەتی نەخۆش و پاراستنی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی (خەڵك) ناوی ئەم سێ نەخۆشەی لای خۆی پاراستووە و ئەم ناوانەوەی بەكارهاتوون خوازراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان