ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

“حوكمڕانی هەر دەركردنی ڕێنمایی نیە”
لەناو یەكێتی و گۆڕان دەنگی ناڕەزایی بۆ نەبوونی مووچە بەرزدەبێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دواكەوتنی مووچە بەتەواوی فەرمانبەران نیگەران دەكات و حكومەتی هەرێمیش هۆكارەكەی بۆ قەدەغەی هاتووچۆ دەگەڕێنێتەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سیستمی خۆپارێزی، بەڵام پەڕلەمانتارێكی یەكێتی دەڵێت: “حوكمڕانی هەر دەركرنی ڕێنمایی نیە، دابین كردنی ژیانی هاووڵاتیەكانیشیەتی”.

رێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) دەڵێت: “دەرگاكانتان دابخەن، بەڵام دەمتان دامەخەن بۆ مووچەكانتان و مافەكانتان”.

دەشڵێت: “دەبێت فەرمانبەران ھەموو ئەو نوێنەرانەی لەكاتی بانگەشەی ھەلبژاردن بەڵێنی پێداویت، كە بەرگری لەمافی پێشێلكراوت بكات، ئێستا بیری بخەرەوە، فەرموو بێدەنگ مەبە”.

لای خۆشیەوە، عەباس فەتاح، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لەهەژماری خۆی لەفەیسبووك ڕایگەیاندووە،” سەرۆك و جێگری حكومەتی كوردستان، حوكمڕانی هەر دەركرنی ڕێنمایی نیە، دابین كردنی ژیانی هاووڵاتیەكانیشیەتی، تكایە مووچەی مووچەخۆران چیتر دوامەخەن و میكانیزمی گونجاو هەیە بۆ دابەشكردن گەر مەبەستانە”.

هاوكات، عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، كە هاوكات سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕانە لە نووسینێكدا بۆ هەریەكە لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی ڕایدەگەیەنێت، خەڵك ئیلتیزامی بە ڕێنمایی و بڕیارەكانی حكومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كردووە، خەڵك لەماڵەوەیە، لەكەسابەت دابڕێنراون، مووچەخۆران ئیستیحقاقی مووچەیان دوا كەوتووە، ئێوەش وەك ئەرك و ئیلتیزامی خۆتان، پێویسته پەلە بكەن لە دابەشكردنی مووچە، هەرلە ئێستاوە حیساب بۆ مانگی داهاتووش بكەن.

دەشڵێت: “خەمێك لە قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانە بخۆن، كە بژێویان لەسەر كاركردنی ڕۆژانەیانە، چونكە بە بەڕك و باخەلی بەتاڵ، باری ژیان و گوزەران تێك دەچێت و ئامرازێكی گرنگی شەڕ لە دژی كۆرۆناش پەكی دەكەوێت”.

راپۆرت

ئێران، نزیكەی 5 ملیۆن دۆلار هاوكاری دارایی مانگانەی حەشدی شەعبی كەم كردووەتەوە

خەڵك-تەنیا هەورامی

 

هاوكارییە داراییەكانی حكومەتی ئێرانی بۆ گروپە شیعییەكانی عیراق كەمی كردووە و هۆكارەكەشی بۆ بوونی كۆرۆنا و سزا داراییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، سێ فەرماندەی سەربازی گروپە شیعییەكان لە عیراق كە ئاگاداری چالاكییەكانی حكومەتی ئێرانن ئاشكرایدەكەن، بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران و داخرانی خاڵە سنوورییەكان كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی هاوكارییەكانی ئێران بۆ گروپە شیعییەكان دروست كردووە.


ئەو سێ فەرماندەیە كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت ڕایدەگەیەنن، هاوكارییەكان ئێران بۆ ئەو گروپانە زیاتر بۆ ئەو گروپانەیە كە دژی چالاكییەكانی ئەمریكا دەوەستنەوە لە عیراق.
ڕۆیتەرز لەزاری یەكێك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی ئەوەی ئاشكرا كردووە، هاوكارییە داراییەكانی ئێران بۆ گروپە شیعییەكان نزیكەی 5 بۆ 2 ملیۆن دۆلار كەمی كردووە لە مانگێكدا و بەو هۆیەشەوە گروپەكان ناچارن چالاكی و جموجوڵەكانیان بە بابەتی دارایی دیكە بەڕێوەبەرن.
لای خۆشیەوە برایان هوك بەرپرسی كاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، كەمبوونەوەی هاوكارییەكانی ئێران بۆ گروپە شیعییەكان نیشانەی ئەوەیە كە سیاسەتی ئەمریكا بۆ فشارخستنەسەر ئێران بۆ دەستوەرنەدانی ئێران لە وڵاتانی دراوسێی كاریگەری هەبووە.
وتیشی”كەمبوونەوەی هاوكارییە داراییەكانی ئێران بۆ گروپە شیعییەكان هاوكاتە لەگەڵ كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران”.

 

“پێش سەپاندنی سزا داراییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران قەبارەی هاوكارییەكانی ئێران بۆ گروپە شیعییەكانی عیراق دەگەیشتە 12 بۆ 15 ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا”

 

بە وتەی ئەو سێ فەرماندەیەی حەشدی شەعبی، كوژرانی قاسم سولەیمانی كاریگەری لەسەر چالاكی و ئامانجەكانی ئێران و گروپە شیعییەكان دروست كردووە لە عیراق و سوریا.

عەلی ڕەزا میر یوسفی وتەبێژی نوێنەری ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، ئامانج لە بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە دەنگۆیانە بۆ جیاوازی بۆچوونەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە شكست دەهێنن.
وتیشی”كۆماری ئیسلامی ئێران بە بەردەوامی پارێزگاری لە حكومەتی عیراق دەكات، بەڵام هیچ كاتێك دەست وەرناداتە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە.
بە وتەی یەكێك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی، پێش سەپاندنی سزا داراییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران قەبارەی هاوكارییەكانی ئێران بۆ گروپە شیعییەكانی عیراق دەگەیشتە 12 بۆ 15 ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا.

گروپەكانی حەشدی شەعبی دوای سەرهەڵدانی ڕێكخراوی داعش لە عیراق و سوریا بە بڕیاری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعە مەزهەب لە عیراق دروستكران، بەڵام بە زۆرینەی دەنگی پەڕلەمانتارانی عیراق لە پەڕلەمانی عیراق وەك هێزێكی ڕەسمی عیراق مامەڵیان لەگەڵ دەكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە دەبوو دوای كۆتاییهاتنی داعش ئەوانیش هەڵوەشێنرێنەوە، بەڵام ئەو بڕیارە بە پێچەوانەوە گۆڕانكاری بەسەرداهات لە بەرژەوەندی حەشدی شەعبی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

تەندروستی جیهانی: سلێمانی دەچێتە قۆناغی نوێوە
ژمارەیەكی زۆری تووشبووان بە كۆرۆنا چاكبوونەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی داوای پابەندبوونی زیاتر لە هاووڵاتیان دەكات و دەڵێت: ” كۆرۆنا یەكسان نیە بە مردن” و پزیشكێكی پسپۆڕیش ئاشكرای دەكات، كە ژمارەیەكی زۆری تووشبووان بە كۆرۆنا چاكبوونەوە.

نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە سلێمانی ڕایگەیاند، تووشبوون بە كۆرۆنا خاوبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لەهەفتەكانی داهاتوودا سلێمانی لە ڕووی كۆرۆناوە بچێتە قۆناغێكی دیكە.

لای خۆشیەوە، د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، هاووڵاتیانی خۆشەویست كۆرۆنا یەكسان نیە بە مردن، چونكە تەنانەت نەخۆش هەیە شێرپەنجە و شەكرەی هەبووە و چاكبۆتەوە، دڵنیابن ژمارەی چاكبوونەوە زۆر زیاترە لە ژمارەی گیانلەدەستدان.

ڕاشیگەیاندووە، بوونی تەنها یەك حاڵەتی گیانلەدەستدان زۆرە بۆ خێزانێك، بۆیە تكا ئەكەم پابەندبن.

هاوكات، د. چالاك محێدین، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت: “دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گەرمیان تووشی پەتای كۆرۆنا بوون و ڕێژەیەكی زۆریان چاكبوونەوە ڕێژەیەكی تریان لە قۆناغی چاكبوونەوەن و ڕێژەیەكی تری كەم لە تووشبووندان.

دەشڵێت: “وەكو پێشتریش ئاماژەم پێی كرد بەھۆی دروست بوونی Herd Immunity لەمەولا تووشبوون بەرەو خاوبوونەوە ئەچێت و لە داھاتوویەكی نزیكدا ئەگەر تووشبوونیش ھەبێت تاك و تەرا ئەبێت و لە خاڵێكدا ئەوەستێت”.

ئاشكراشی كردووە، كە ئەمڕۆ پەیوەندیم كرد بە ھاوڕێم دكتۆر ئەیاد محەمەد لە تاقیگەی نەخۆشخانەی قەڵا وتی، دركی پێ ئەكەین ژمارەی تووشبووان بەرەو كەمبوونەوە ئەچێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

(خەڵک) هۆکاری درەنگ دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکانی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

خەڵک – نزار جەزا

بەهۆی کەمبوونەوەی کیت بۆ پشکنینی کۆرۆنا لەشاری سلێمانى، ئەنجامی پشکنینەکان لەوادەی خۆیان دوادەکەون، بەجۆرێک هەندێک پشکنین دوای زیاتر لە ۱۰ ڕۆژ ئەنجامەکەیان دەردەچێت، لەئێستاشدا هەزار و ٦٠٠ پشکنین لەسەرەدان، کە ٢٠٠ دانەی کۆتایی لە دوای نزیکی هەشت ڕۆژی دیکە ئەنجامەکەیان دەردەچێت، بەو هۆیەشەوە بەشێک لەتووشبووانی کۆرۆنا، تا ئەوکاتەى ئەنجامەکەیان دەردەچێت، چاکدەبنەوە.

 

هێڤی نمونەیەکە لەدەیان تووشبووی دیکەی کۆرۆنا، کە ئەنجامی پشکنینەکەی پاش ١١ ڕۆژ وەرگرتۆتەوە، ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، چونکە ئەو کەسانە بێ ئەوەی دڵنیابنەوە کە تووشبووی کۆرۆنان بەرکەوتەیان لەگەڵ خەڵکانی دیکە زیاتر دەبێت.

 

هێڤی خالید، ڕۆژنامەنوس بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ٢٢ی مانگی ڕابردوو واتە ١١ ڕۆژ پێش ئێستا لەگەڵ هاوڕێیەکی نمونەی پشکنینیان لەنەخۆشخانەى عەلی ناجی لێ وەرگیرا، چونکە پێشتر بەرکەوتەیان لەگەڵ چەند تووشبوویەکی کۆرۆنا هەبوو، بۆیە لەدواى ئەوەوە نزیکی هەفتەیەک خۆیان لەماڵەوە کەرەنتینەکرد، بەڵام کە هیچ نیشانەیەکیان نەبوو و لەنەخۆشخانەشەوە پەیوەندییان پێوەنەکردن، پێیانوابوو، کە چاکبوونەتەوە، بۆیە دەستیان بەژیانی ئاسایی خۆیان کردەوە، بەڵام لەدوای ١١ ڕۆژ نامەیەکی لەنەخۆشخانەوە پێ گەیشت کە تووشبووی کۆرۆنایە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، پشکنینێکی تر ئەنجامدەدەنەوە بۆئەوەی بەتەواوی دڵنیاببینەوە کە ئایا ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە یان نا.

 

لەشاری سلێمانی نمونەى پشکنین لەنەخۆشخانەی عەلی ناجی لەهاوڵاتییان وەردەگیرێت و هەروەها لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا بەهەمانشێوە نمونەى پشکنین وەردەگیرێت، پاشان کۆی نمونەکان بۆ نەخۆشخانەى شەهید تاهیر عەلی والی بەگ دەنێردرێت، بۆئەوەی پشکنینی بۆ بکرێت.

 

د. ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ماوەیەک ڕێژەى کیت بۆ پشکنینی کۆرۆنا زۆر کەمببۆوە، هاوکات نمونەکانی پشکنین زۆربوون و پشکنینێکی زۆریان لەسەربوو، بۆیە ئەمانە بوونە هۆکاری درەنگ دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکان.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، کەمی ئەو کیتە جیهانی بوو، واتە تەنها لەسلێمانی نییە، پێشتر ڕۆژانە ٤٠٠ تاکو ٥٠٠ پشکنینیان ئەنجامدەدا دواتر دابەزی بۆ نزیکی ١٤٠ پشکنین لەڕۆژێکدا، بەڵام لەئێستادا دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت و کیتی پێویستیان لەبەردەستە بۆیە ئێستا ڕۆژانە سەروو ٢٠٠ پشکنینی ئەنجامدەدەن، ئەمەش بەهۆی کوالیتی کیتەکەوەیە، کە هێواشترە لە جۆرەکانی پێشتر.

 

بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیە ئاشکراشی کرد، لەئێستادا هەزارو ٦٠٠ نمونەى پشکنین لەسەرەدان بۆ پشکنین.

 

بەپێی خەمڵاندنێکی (خەڵک)، ئەو هەزارو ٦٠٠ نمونەی پشکنینە، کە  لەنەخۆشخانەى  شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لەسەرەدان بۆئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت، بەپێی توانای پشکنینی ڕۆژانەی ئەو نەخۆشخانەیە بێت، لەماوەى هەشت ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامەکانیان دەردەچێت، ئەگەر زوو بەفریای ئەو نەخۆشخانەیەوە نەچن و پێویستییەکانیان بۆ دابین نەکەن.

 

دواکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکان کاریگەری خراپی لەسەر بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لەسلێمانی هەیە، چونکە ئەو کەسانەى پشکنین دەکەن، تاکو دوای زیاتر لەهەفتەیەک دڵنیانابنەوە لەوەی تووشی کۆرۆنا بوون یاخود نا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان