ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، داوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی دەكات و ڕێگاچارەش ئاشكرا دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، ناكرێت بەبیانووی كۆرۆناوە نوێژی هەینی بوەستێنرێت.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەیامێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ناكرێت بە بیانووی ئەم ڤایروسە شەعائیرەكان بە تایبەت نوێژی هەینی بوەستێنرێت لەوە زیاتر و دەكرێت چارەسەری شەرعی بۆ ئەم گرفتە بدۆزینەوە.
ناوبراو لە پەیامەكەیدا چارەسەری ئەنجامدانی نوێژی هەینی ئاشكرا دەكات و داواش دەكات لەیەنە پەیوەندیدارەكان كاری لەسەر بكەن.

دەقی پەیامەكە…
بەناوی خوای گەورە
پەیامێك بۆ موسوڵمانانی كوردستان و زانایانی پایەبەرز
الحمدلله والصلاە والسلام علی رسول لله
امابعد:
دەستی نزا و پاڕانەوە بەرزدەكەینەوە بۆ لای پەروەردگاری بێ هاوتا كە جیهان بپارێزێت لەم پەتاسامناكە و مسوڵمانان و خەڵكی خوشەویستی كوردستانیشمان بە لەشساغی و سەربەرزیی ئەم قەیرانە تێپەڕێنن، هەروەها دەستی ماندووی تیمە پزیشكییەكان و هاوكارەكانیان دەگوشین و داواكارین لە خودای گەورە بیانپارێزێت لە هەر ناخۆشیەك.
خۆشەویستان دەركەوت بۆ هەمووان كە چۆن دەسەڵاتی جیهانی مروڤ لە ئاست ڤایرۆسێكی بچوك كە شەش ملیۆن جار بچوكترە لە مرۆڤ دەستپاچە و بێ دەسەڵاتە، ئومێد دەكەین ئەم ڕاچڵەكاندنە ببێتە مایەی گەڕانەوەی مرۆڤەكان بۆ لای خودای گەورە و ئاینی پاكی ئیسلامی عەزیز.

خۆشەویستان، لەسەرڤایرۆسی كۆرۆنا ئەم ماوەیە بە تێر و تەسەل هەم لە ڕووی شەرعی و هەم لە ڕووی تەندروستییەوە قسەی باشی لەسەركراوە، نامانەوێت دووبارەیان بكەینەوە ئەوەندە نەبێت كە بیری مسوڵمانانی عەزیزی بخەینەوە كە پاراستنی گیانی مرۆڤ و ڕێكارە گونجاوەكان یەكێكە لە مەقاصیدی شەریعەت وە كەس لاری لێی نیە، بەڵام ناكرێت بە بیانوی ئەم ڤایروسەوە شەعائیرەكان بە تایبەت نوێژی هەینی بوەستێنرێت لەوە زیاتر.
بۆیە دەكرێت چارەسەری شەرعی بۆ ئەم گرفتە بدۆزینەوە ئەویش بە ڕای ئێمە لەم چەند خاڵەدایە

١-بەردەوامیی مانەوەی خەڵك لەناو ماڵەكانیان و دەرنەچوونیان بە مەبەستی پاراستنیان.
٢- مسوڵمانان دەكرێت بچینەسەر ڕای ئەو زانایانەی كە فەرمویانە دەكرێت نوێژی هەینی لە ٣ كەسیش پێكبێت ئەوكات لە مزگەوتەكان تەنها ووتاربێژی هەینی و دوو كەسی تر هەینی ئەنجام بدەن و لە تەلەفزیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەخش بكرێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ.

٣- هاوكات مسوڵمانان لە ماڵەكانی خۆیانەوە دەستنوێژ بگرن و ڕووەو قیبلە دابنیشن بە بێ دەنگ وابزانن لەمزگەوتن لەگەڵ مامۆستا شعائیرەكان جێبەجێبكەن و نوێژەكەیان بە جەماعەت ئەنجام بدەن لە ڕێگەی تەلەفزیۆن یان هەر ئامێرێكی تر.

٤.زانایان پێیانوایە ئەمە چارەسەرێكی كاتی گونجاوە بۆ ئەم حاڵەتە زۆر زەرورانە ئەگینا هیچ پاساوێك نییە بۆ تەرككردنی شەعائیری خودا,
٥- ان شا لله خوای گەورە خێری هەینی و ئەنجامدانی فەریزەكە وەك خۆی دەنوسێت لە بەربوونی عوزری شەرعی ئەگەر ئەم ڕێكارانە جێبەجێ بكرێت لەمكاتە ناهەموارەدا .
بەهیوای تێپەراندنی ئەم دۆخە و سەركەوتن بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا و شیفای زوو بۆ نەخۆشەكانیش.
وصلی الله علی محمد واله
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی
24-3-2020

کوردستان

سبەینێ‌ لە سلێمانی گەڕەكێك بێ‌ كارەبا دەبێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی تۆڕی زیرەكی كارەبا لە سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتیانی دانیشتووی گەڕەكی بەختیاری دەكات، كە سبەینێ‌ بەهۆی بەستنی پێوەری زیرەكەوە بێ‌ كارەبا دەبن.

لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی تۆڕی زیرەكی كارەبا لە سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئاگاداری دانیشتوانی گەڕەكی (بەختیاری) نزیك بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكان، فیدەری (۱۹) دەكەین، سبەینێ پێنج شە‌ممە (6/8/2020) پێوەری زیرەكی كارەبایان بۆ دەبەسترێت.

دەشڵێت: “سبەینێ لە كاتژمێر (7 ی بەیانی بۆ 12ی نیوەڕۆ) كارەبای نیشتمانی و مۆلیدەیان نابێت، واتە مۆلیدەی ئەهلی سەر ئەو فیدەرە نابێت كار بكەن‌، ئەوەش لە پێناو سەلامەتی گیانی تیمەكانی كارەبا و هاووڵاتیان خۆیان”.

جەختیشی كردۆتەوە، بەستنی پێوەرەكە بێ بەرامبەر و هیچ بڕە پارەیەك لە هاووڵاتی وەرناگیرێت و خەرجییەكەی لەسەر حكومەتە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، لە پێناو پاراستنی ئامێرە كارەباییەكان ئێوارە پێش لێدانەوەی كارەبا بۆ یەكەمجار هەموو ئامێرە كارەباییەكانیان بكوژێننەوە و دواتر لەدوای یەك هەڵیان بكەنەوە .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە نزیك پردی كۆبانێ‌ ئۆتۆمبێلێك ئاگری گرت

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە لە نزیك پردی كۆبانێ‌ ئۆتۆمبێلێك لە جۆری تایبەت ئاگری گرتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە ئۆتۆمبێلێك لەجۆری شۆفرلێت بلایزەر، لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود نزیك پردی كۆبانێ ئاگری گرت و سووتا.

ڕاشیگەیاندووە، زیانی گیان بەدواوە نەبووە، تەنها زەرەری ماددی بەر ئۆتۆمبێلەكە كەوتووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تووشبوانی كۆرۆنا زیادیان كردووە
پارێزگایەكی هەرێم ئاماژە بە سەپاندنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
پارێزگاری دهۆك ڕایدەگەیەنێت، پارێزگاكەیان پەنادەباتەوە بەر قەدەغەكردنی هاتووچۆ، گەر ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون بكەن.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لە میانی سەردانێكیدا بۆ هەردوو قەزای ئاكرێ‌ و بەردەڕەش لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە هاووڵاتیان كرد “پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و بڕیارە حكومییەكان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

عەلی تەتەر، هۆشداریدا لەبارەی”گرتنەبەری سزای توند دژ بەوانەی سەرپێچی ڕێنماییەكان دەكەن”.

پارێزگاری دهۆك دەڵێت: “ئیدارەی پارێزگەكە پەنادەباتەوە بەر قەدەغەكردنی هاتووچۆ بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، گەر ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون بكات”.

تائێستا ژمارەی ئەوانەی لە پارێزگەی دهۆك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون گەیشتۆتە 801 كەس و لەو نێوەندەشدا 6 كەس گیانیانلەدەستداوە و 376 كەسی تر چاكبوونەتەوە.

كۆی گشتی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 15173 كەس كە 586 كەسیان گیانیانلەدەستداوە و 9551 كەسی تر نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، 5036 كەسی تر تائێستا لە نەخۆشخانەدان و چارەسەر وەردەگرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان