ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

كۆرۆنا كارى خێرخوازیی دەمەزەرد كردەوە
كۆمپانیای بەڕێز 5 هەزار سەبەتەی خۆراك دەگەیەنێتە هاوڵاتیان

خەڵك – بەشی هەواڵ

پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناو دیاریكردنی چەند حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە و بڕیاردان لەسەر قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕ و چێشتخانەو ئەو شوێنانەی سەرچاوەی بژێوی هەزاران هاوڵاتی بوون، بەشێك لە كەسایەتی و خاوەن كۆمپانیاكان، هەوڵە خێرخوازییەكانیان خستەوەگەڕ، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز 5 هەزار سەبەتەی خۆراك بگەیەنێتە هاوڵاتیان و لەسەرەتای هەفتەی داهاتووش هەڵمەتەكەیان بۆ قەزاو ناحییە دوورە دەستەكانی پارێزگای سلێمانی دەست پێدەكەن.

نزیكەی مانگێكە هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەر شاڵاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوو تائێستا بەهۆی هەڵكشانی حاڵەتەكانی تووشبوون و توندكردنەوەی هەوڵەكانی خۆپارێزی و لە چوارچێوەشیدا قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە و كاری زۆرێك لەهاوڵاتییان ڕاگیراوە، بەمەش بەشێك لە هاوڵاتییان بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان كەمە و لەسەر كاری رۆژانە ژیانیان دەبەنە سەر، پێویستییان بەهاوكاری و دەستگیرۆیی سەرمایەداران و خەڵكانی خێرخواز هەیە.

لەپاش دروستبووی ئەم دۆخە سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، داوای ڕاگەیاندنی هەڵمەتێكی نیشتیمانی كردو وتی:”پێویستە هەڵمەتێكی نیشتیمانیی گەورە و بێوێنە بۆ دەستەبەری هەر پێداویستییەك ئەنجامبدەین، بۆئەوەی ھاوكار و ھەماھەنگی كردەوەیی بۆ حوكمەتەكەمان ڕابگەیەنین”.

دوای ئەم داوایە، حكومەت داوای لە هەمووان كرد، هاوكار بن بۆ بەهاناوەچوونی دۆخەكە و بۆ ئەو مەبەستەش هەژماری بانكی لە چەند بانكێك دانران بۆ كۆكردنەوەی داهات.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، خەمخۆران لە سلێمانی خۆكەوتن بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەك كە لەسەر ئەركی چەند خێرخوازێك بونیات نرا، لەم هەوڵەشدا گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، بەبەشداریی لە دابینكردنی ئامێر بۆ نەخۆشخانەی ئاسای تایبەت بە چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا،بەشداریكرد.

گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بەم هەوڵەشیەوە نەوەستا، بەڵكو لەدەستگیرۆیی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم و بەدەمەوە چوونی داواكاری حكومەت بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك لە ڕێی ژمارە بانكی دیاریكراو، هەنگاوینا بۆ ناو خەڵكانی كەمدەرامەت لەناو شار و ناوچە دوورە دەستەكان.

لەم هەنگاوەیدا گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز 5 هەزار سەبەتەی خۆراكی ئامادەكردووە بۆ هاووڵاتیان و لەماوەیەكی نزیكدا ئەم كاروانی هاوكارییە دەگاتە دەستیان.

لەم بارەیەوە یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند: پێویستە هەموو خێرخوازان گروپێك دروستبكەن لە نێوان خۆیاندا لەڕێگای یەكێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تاكو ئاگاداری هەڵمەتی دابەشكردنی كار و چالاكییەكانی یەكتربن، بۆئەوەی بەشێوازێكی باشتر و دادپەروەرانە پێداویستییەكان بگاتە هەموو شوێنێك.

كۆمپانیای بەڕێز هەنگاوی گەیاندنی 5000 سەبەتەی خۆراكی بەهاوكاری ڕێكخراوی خێرخوازی خەڵك دەنێت، كە ئەم ڕێكخراوەش سەر بەگروپی كۆمپانیاكانی بەڕێزە و ساڵانێكی درێژە هاوكاری كەمدەرامەتان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و خوێندكاران و بێسەرپەرشتان و هەر كەسێك دەكات كە پێویستی بەهاوكاریی و دەستگیرۆیی هەیە.

جگە لەگروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، ژمارەیەك كۆمپانیا و ڕێكخراو و كەسایەتی هەڵمەتی جۆراوجۆریان لەناوچە جیاوازەكان دەستپێكردووە، هاوكات لەڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە خێرخوازان ژمارە مۆبایلەكانیان بڵاودەكەنەوە، بۆئەوەی كەسانی كەمدەرامەت پەیوەندییان پێوەبكەن و هاوكارییان بكەن.

هاوكات گروپی كۆمپانیاكانی (قەیوان)-یش، خۆراك و پێداویستی  بۆ هاووڵاتیان دابیندەكات، كە لە ڕێگەی تیمەكانی خۆیانەوە دەیگەیەننە ماڵەكان، بێئەوەی هیچ كۆبوونەوەیەك دروست ببێت.

هەوڵە خێرخوازییەكان بە جۆری جیاواز بەردەوامن و لەونێوەندەشدا، ژمارەیەك خاوەن خانوو و دووكان لەكرێ دووكان و ماڵەكانیان خۆشبوون و كرێی مانگەكەیان گەڕاندەوە بۆ كرێچییەكانیان، ئەمەش وەك هاوكارییەك بوو بۆ ئەو كەسانە، كە كارەكانیان ڕاگیراوە.

راپۆرت

شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا ئێرانی گرتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

كۆماری ئیسلامی ئێران چووە ناو شەپۆلی سێیەمی كۆرۆناوە و بەوهۆیەوە ژمارەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسەكە ڕووی لە هەڵكشان كرد و سەرۆكی ئەو وڵاتەش داوا لە هاووڵاتیان دەكات خۆپارێزی بكەن.

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران لە كۆبوونەوەی لیژنەی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ڕایگەیاند، كە پێویستە لەسەر هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و هۆشداریشی دا، “لە ئێستادا بەهۆی هاتنی وەرزی پاییزەوە نەخۆشی ئەنفلۆنزا لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە”.

ڕاشیگەیاند، كە لە هەندێك لە وڵاتانی دراوسێ‌ نەخۆشییەكی مەترسیدارتر لە كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، بۆیە پێویستە ڕێكاری توند بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشیە نەیەتە ناو ئێرانەوە.

لای خۆشیەوە، داود بیام گبرسی، سەرۆكی بەشی نەخۆشیە گوازراوەكان لە نەخۆشخانەی (مسیح دانشفری) كە یەكێكە لە گەورەترین نەخۆشخانەكانی چارەسەری كۆرۆنا لە تاران ڕایگەیاند، كە شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا لە ئێران لەكۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە دەستی پێكردووە و ئەگەری ئەوە هەیە تاوەكو چوار مانگ بەردەوام بێت.

ئەو پزیشكە هۆشداریشی دا، “ژمارەی مردووان لە ئێران بۆ 600 كەس لە ڕۆژێكدا بەرز دەبێتەوە ئەگەر دۆخەكە وەكو ئێستا بێت، بۆیە پێویستە پابەندی پڕۆتۆكۆڵە تەندروستییەكان بین تاوەكو كارەسات دروست نەبێت”.

هاوكات، سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندوستی ئێران ڕایگەیاند، كە ماوەی هەفتەیەكە ڕێژەی بەكارهێنانی دەمامك لەلایەن هاووڵاتیانەوە كەمی كردووە بەجۆرێك بۆ 60% هاتۆتەخوارەوە.

كۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت بە یەكێك لەو وڵاتانەی ناوچەكە، كە زۆرترین زیانی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پێ‌ گەیشتووە، لەكاتێكدا بەدەست سزاكانی ئەمریكاوە دەناڵێنێت و ناشتوانێت دەستی بگات بە هاوكارییەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی تاوەكو باشتر ڕووبەڕووی قەیرانەكان و ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

هاتوچۆی سلێمانی پشکنینی بەڕاد دەداتە کۆمپانیایەک و پەڕلەمانی کوردستانیش داوای ڕوونکردنەوە دەکات

خەڵک – نزار جەزا

 

لەئێستادا هەوڵێک بۆ دەستبەکاربوونی کۆمپانیاک لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەیە، بۆئەوەی پشکنینی بەڕاد بۆ ئۆتۆمبێل بکات و لەبەرامبەردا بڕێک پارە لە شۆفێران وەربگرێت، لەکاتێکدا پێشتر بێ بەرامبەر ئەم پشکنینە بۆ شۆفێران دەکرا، لەبەرامبەریشدا لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لەپەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ داوای ڕوونکردنەوەی لەبەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی سلێمانی کردوو و دواتر لیژنەکە هەڵوێستیان ڕادەگەیەنن.

 

وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێم نوسراوی دەستبەکاربوونی بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت بە پشکنینی بەڕاد بۆ ئۆتۆمبێل کردووە، کە لەمەوداو بۆ هەر پشکنینێک پێنج تاکو ١٠ هەزار دینار لەشۆفێران وەردەگیرێت.

 

لەپێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ ئەم بڕیارە دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێگای گەیشتن بەم کۆمپانیایە گڵبووە، بڕیارەکە ڕاگیراوە تاکو ئەو کاتەى ڕێگاکەی قیرتاو دەکرێت، لەئێستاشدا، بەپێی زانیارییەکان ڕێگاکە قیرتاو کراوە و چاوەڕێدەکرێت، بەم نزیکانە کۆمپانیاکە دەستبەکاربێت.

 

لەبەرامبەر ئەم کۆمپانیایەدا، پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر ئەم دۆسیانە کردووە و سکاڵایان گەیاندۆتە داواکاری گشتی، بەڵام تاکو ئێستا بڕیارەکە هەڵنەوەشاوەتەوە.

 

لەو بارەیەوە جەزا محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مۆدێرن بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێل بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، چەند ساڵە لەبەردەم کۆمپانیاکەیان کاتێ پشکنینی توندوتۆڵی بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکەن، پشکنینی بەڕادیش بەبێ بەرامبەر بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکرێـت، بەڵام ئێستا بڕیاری دەستبەکاربوون بۆ ئەم کۆمپانیایە کراوە، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بۆ ئۆتۆمبێلی بچوک بڕی پێنج هەزار دینار وەردەگیرێت و بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە حەوت هەزار بۆ هەشت هەزار دینار وەردەگیرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کەس بیری لای بارگرانی سەر هاوڵاتییان نییە و حساب بۆ قسەی کەس ناکرێت، ئەگەرنا ئەبوو بیر لەدۆخی هاوڵاتییان بکرایەتەوە.

 

وتیشی: ئەم بڕیارە زۆر نابەجێیە، چونکە کاتێک شۆفێرێک دێت بۆ کۆمپانیاکانی پشکنین لەماوەیەکی کەمدا هەموو کارەکانی بۆ تەواو دەکەن، چونکە ڕۆژانە نزیکی ١٠٠ ئۆتۆمبێل لەکاتى جیاوازدا سەردانیان دەکەن و بێ بەرامبەر پشکنینی بەڕادیان بۆ دەکەن، بەڵام ڕۆژانە نزیکی ٥٠٠ بۆ هەزار ئۆتۆمبێل دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، ئایا لەماوەیەکی کەمدا کۆمپانیایەک دەتوانێت پشکنینی بۆ ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە بکات؟

 

پشکنینی بەڕاد پێکدێت لە پشکنینی ڕەسەنایەتى شانسی ئۆتۆمبێلەکە و پشکنینی بۆیاغ و گۆڕینی پلێت و بەراوردی ساڵانەى ئۆتۆمبێل بەشانسی ئۆتۆمبێلەکە.

 

بۆ زانیاری زیاتر (خەڵک) چەند جارێک پەیوەندی بە عەمید فەرەیدوون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
هەر لەوبارەیەوە شاخەوان ڕەئوف، سەرۆکی لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لەپەرلەمانی کوردستان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پەیوەندییان بە بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی کردووە، کە ڕوونکردنەوەی تەواویان لەبارەى کاری ئەو کۆمپانیایەوە بۆ بنێرێت، دواتر وەک لیژنەکەیان گفتوگۆی لەسەردەکەن و ڕا و هەوڵوێستی خۆیانی لەسەر دەخەنەڕوو، بۆیە لەئێستادا بۆچوونی خۆیان لەوبارەوە دەرنابڕن، تائەوکاتەى وردەکاری ئەو کارەیان نەیەتە بەردەست.
حکومەتى هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەوەی، ئەو کارانەى لەناو حکومەتدا پەیوەندییان بە هاوڵاتییانەوە هەیە بداتە دەستی کۆمپانیاکان، ئەمەش داهاتێکی بۆ حکومەت زیاد دەکات و کارێکیش بۆ کۆمپانیاکان دەدۆزێتەوە، لەبەرامبەریشدا بارگرانی زۆر دەکەوێتە سەرشانی هاوڵاتییان.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

پێدانی گۆڕ بە كۆمپانیا ناڕەزایی لێكەوتەوە
شارەوانی نرخی گۆڕی بۆ گەورە و منداڵ لە سلێمانی دیاریكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
پێدانی گۆڕ بە كۆمپانیای تایبەت ناڕەزایی هاووڵاتیان و چالاكوانان و ڕۆژنامەونووسانی لێدەكەوێتەوە و شارەوانی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە لە گۆڕستانی نوێی سلێمانی نرخی گۆڕ بۆ گەورە و منداڵ دیاری كراوە و دراوە بە كۆمپانیای تایبەت، هاوكات كۆمپانیاكەش دەڵێت: “گۆڕهەڵكەن بەردەوام لە گۆڕستانەكە ئامادە دەبێت”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە هەڵكەندنی گۆڕ لە سلێمانی كراوە دراوە بە كۆمپانیان و بە پارە و بە هەڵبەستنەوە نرخێكی زۆری تێدەچێت، كە زیاتر لە ملیۆنێك دینارە و ئەوەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێ‌ كەوتەوە.

لە بەدواداچوونێكی میدانی (خەڵك)دا هاووڵاتیان ناڕەزایی دەردەبڕن لە پێدانی گۆڕ بە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت و ئەوە بە “پێشێلكاری بەها كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان” وەسف دەكەن و ڕایدەگەیەنن، بەدرێژایی مێژوو كاتێك خێزانێك كەسێكی دەمرێت خۆی و كەسوكارەكەی گۆڕی بۆ هەڵدەكەن بە هاوكاری و هەماهەنگی یەكتری تاوەكو بارگرانی سەر خێزانی مردووەكە كەمبكەنەوە.

پرسە و مردنی كەسێك سەرەڕای ئەوەی خەمێكی زۆری بۆ كەسوكارەكەی جێدەهێڵێت، هاوكات بارگرانییەكی دارایی دەخاتە سەر خێزانی كەسی كۆچكردوو، بەڵام بەهۆی هاوكاری كەسوكاری كەسی كۆچكردوو و كۆبووونەوەیان لەدەوری خێزانەكە، كەمێك لە ئێش و ئازارەكان دەڕەوێنێتەوە و هاوكات كەمێكیش باری دارایی سووك دەكەن، بەتایبەتی لە هەڵكەندنی گۆڕ بە خۆڕایی و گرتنە ئەستۆی پارەی پرسەكە لەلایەن چەند كەسێكەوە، كە لە ئێستادا لە زۆر شوێن خزمان “صندوق”ی پرسە دادەنێن و پارەی تێدا كۆدەكەنەوە بۆ كاتی پرسەی كەسێكیان.

لای خۆشیەوە، سامان ساڵح، ڕۆژنامەنووس و چالاكوان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “بەکرێدانی ناشتنی مردوو لەشاری سلێمانی، بە که‌رتی تایبه‌ت سووکایەتییەکی گەورەیە بە خەڵکی ئەو شارە و نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا قبوڵبکرێت”.

لە هەمان كاتدا، مامۆستا عەبدولحەمید سیوەیلی، مامۆستای ئایینی لە سلێمانی لە بانگەوازێكی بەپەلەدا بۆ مامۆستایانی ئایینی و هاووڵاتیان و چالاكوانان و سەرۆك هۆزەكان ڕایگەیاندووە، ئیدارەی بێ باكی سلێیمانی و وەزارەتی شارەوانی، بەشێوازێكی مۆدێرن و دوورلەبەهای ئەخلاقی و ئاینی خەڵكی كوردستان، لەگەڵ دۆشینی خوێن وعارەقە و گیرفانی خەڵكی بەش مەینەت ( سەرانە ) لەمردووەكانیشمان دەسێنن.

دەشڵێت: “تا كەی بێ دەنگ دەبن و چاوەڕێی هەموو ستەم ونادادی وبێ ویژدانییەك دەكەن بەرانبەرتان بكرێت؟”.

هاوكات، زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ گۆڕستانێك لە ناو شاری سلێمانی دانەخراوە، بەڵام ئەو گۆڕستانانەی شوێنی ناشتنی مردویان نەماوە، بە فەرمی لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانییەوە دادەخرێن.

وتیشی، “لە سنوری سلێمانی گۆڕستانێكی نوێ كراوەتەوە، كە ڕووبەرەكەی (283) دۆنمە بۆ لەمەدوا لەو گۆڕستانە مردوو دەنێژرێت و لەلایەن كۆمپانیایەكەوە گۆڕ ئامادە دەكرێت، كە نرخی گۆڕی منداڵ تا (12) ساڵ بە (175) هەزار دینارە و سەروو (12) ساڵیش بە (260) هەزار دینارە”.

هەروەها، ژیر كامەران، پارێزەری كۆمپانیای دوز سەرپەرشتیاری گۆڕستانی نوێی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەوان بەبەردوامی لە (24) كاژمێریدا گۆڕهەڵكەنیان لە سەرقەبرانەكە ئامادە دەبێت و هاووڵاتیان دەتوانن بەردەوام بۆ هەڵكەندنی گۆڕ پەیوەندییان پێوەبكەن.

سەبارەت گرانی نرخی گۆڕەكان، پارێزەری كۆمپانیاكە دەڵێت: “داوامان لە شارەوانی كردووە ئەو نرخانە كەمبكرێنەوە، بەڵام ڕەزامەندی لەسەر كەمكردنەوەی نرخەكان نەدراوە. و لە هاتنەناوەوەی هاووڵاتیانیش بۆ گۆڕستانەكە پارە وەرناگیرێت”.

لە ئێستادا سەرەڕای دۆخی خراپی ئابووری هاووڵاتیان، زۆربەی كەرتە ئابووریی و هەستیارەكانی وڵات بەرەو پێدانیان بە كەرتی تایبەت دەڕوات، ئەوانیش وەك نەوت و ئاو و كارەبا و گۆڕستانەكان و چەندین شتی دیكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان