ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

هه‌ر هیچ نه‌بێت سه‌یری ئه‌و گرافیكه‌ بكه‌!


خەڵك – لوقمان غه‌فوور

له‌م ڕۆژانه‌دا هاورێیه‌كی نێو فه‌یسبووكه‌كه‌م زۆر هیلاكی كردم به‌ كۆمێنت، تا شه‌ش كۆمێنت پێكه‌وه‌ رۆیشتین، زۆریش پێداگری له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك ئه‌كرد، بۆچی له‌ساڵی 20 ی هه‌موو سه‌ده‌یه‌كدا (1720-1820-1920-2020) ده‌ردێكی كوشنده‌ بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌واته‌ ئه‌مریكا خۆیه‌تی ده‌رده‌ كوشنده‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی له‌ گفتوگۆكه‌دا وتی:”مامۆستای فیزیاكه‌م ئه‌م زانیارییه‌ی پێداوم”.

هه‌رچه‌ند من نازانم ئایا مامۆستای فیزیاكه‌ی وتوویه‌تی یان ئه‌یویست هه‌ڵه‌كه‌ بخاته‌ ملی مامۆستاكه‌ی و خۆی لێده‌رباز بكات، به‌ڵام راستی ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆی له‌سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس بڵاوبۆوه‌ كه‌ فه‌یك بوو  لۆگۆی سكای نیوزی عه‌ره‌بی لێدرابوو تا خوێنه‌ری فه‌یسبووك باوه‌ڕ بكات كاتی خۆی زۆر وه‌ڵامی هاورێكانم دایه‌وه‌.

له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ئه‌ڵێ هه‌ر هه‌موو 20ی سه‌ده‌یه‌ك په‌تایه‌ك بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ له‌ راستیدا وا نییه‌ په‌تای تریش بڵاوبۆته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی له‌رووی ساڵه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی تێدایه‌.

هه‌ر له‌و خه‌یاڵه‌شدا بووم بۆ خوێنه‌ر ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ راست بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پێش سه‌ده‌ی بیست وه‌رگرین ئافاته‌كان زۆرن ناكرێت 1720 و 1820 به‌ نمونه‌ وه‌رگرین و ئه‌وانی تری لێده‌ركه‌ین. به‌ڵام من زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر سه‌ده‌ی بیست و بیست و یه‌ك ئه‌كه‌مه‌وه‌.

پێش هه‌موو شتێك 1920 هیچ روینه‌داوه‌ به‌ڵكو 1918-1919 ئه‌نفلۆنزای ئیسپانی بڵاوبۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌كان.

لێره‌دا ئاماری ئامار و شوێن و مێژووی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان له‌ ته‌واوی وڵاتاندا ده‌خه‌مه‌ ڕوو.

راستییه‌ك هه‌یه‌ وه‌ك مرۆڤ بڵاوبووینه‌ته‌وه‌ به‌ دنیادا، بۆیه‌ ئه‌و نه‌خۆشی و ده‌ردانه‌ی بڵاوده‌بنه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌گه‌ڵماندا. هه‌تا مرۆڤایه‌تی به‌ره‌وپێش بڕوات، ڤایرۆسه‌كانیش به‌ره‌وپێش ده‌ڕۆن. من لێره‌دا ئه‌و ڤایرۆسانه‌ ئه‌خه‌مه‌ڕوو كه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤدا دوركه‌وتوون و زۆربه‌شیان سه‌رچاوه‌كه‌ی چین و هۆنكۆنگ-ن و بوونه‌ته‌ هۆی مردنی ئینسانه‌كان له‌ ساڵی 1900ه‌وه‌ تا ئێستا به‌نزیكه‌یی.

*ئه‌نفلۆنزای ئیسپانی: ساڵی 1918-1919، (40-50) ملیۆن كه‌سی كوشتووه‌.

*ئه‌نفلۆنزای ئاسیا: ساڵی 1957-1958، (1 ملیۆن و 100 هه‌زار) كه‌سی كوشتووه‌.

*ئه‌نفلۆنزای هۆنگكۆنگ: ساڵی 1968-1970، (1ملیۆن) كه‌سی كوشتووه‌.

*ئێچ ئای ڤی- ئایدز: ساڵی 1981- به‌رده‌وامه‌، (25-35) ملیۆن كه‌سی كوشتووه‌.

*كرۆنا ڤایرۆس سارس1: ساڵی 2002-2003، (770) كه‌سی كوشتووه‌.

*ئیبۆلا: ساڵی 2009-2010، (13 هه‌زار) كه‌سی كوشتووه‌.

*مێرس: ساڵی 2012-2013، (850) كه‌سی كوشتووه‌.

*ئه‌نفلۆنزای به‌راز: ساڵی 2014-2016، (200 هه‌زار) كه‌سی كوشتووه‌.

*كۆرۆنا ڤایرۆس سارس2: كۆڤید ناینتین: ساڵی 2019- به‌رده‌وامه‌. مردنیش به‌رده‌وامه‌.

به‌كورتی ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه‌ ناو هه‌ڵه‌وه‌ …. نابێت هه‌رشتێك هاته‌ به‌رده‌ممان پڕی پیاكه‌ین و بیخه‌ینه‌ مێشكمانه‌وه‌  به‌رله‌وه‌ی بیچه‌سپێنین له‌ مێشكماندا و بۆ گفتۆگۆ هه‌ڵیگرین، ئه‌بێت له‌لایه‌نی راستی دڵنیابینه‌وه‌و بیربكه‌ینه‌وه‌ له‌ راستی و دروستی ئه‌وكات شه‌نی بكه‌ین و سوودی لێوه‌رگرین.

راپۆرت

“بەشەخۆراكی سێ‌ مانگی هاووڵاتیان ئامادەیە”


خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزیری بازرگانی حكومەتی عیراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، كە بەشەخۆراكی 3 مانگ ئامادەیە و بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكی سلێمانی و بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی دەڵێن: “دابەشكردنی بەشەخۆراك و ئارد دەستی پێكردۆتەوە”.

محەمەد هاشم عانی، وەزیری بازرگانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقیە (واع)ی فەرمی ڕایگەیاند، كە بابەتەكانی ناو كۆبۆنی خۆراك دابین كراون و لەئێستادا بەشەخۆراكی 3 مانگی هاووڵاتیان ئامادەیە.

ڕاشیگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتیان داوایان كردبوو، كە بەشەخۆراك دابین بكرێت، بۆیە دڵنیایی دەدەین لەوەی، كە كێشەی خۆراك نیە و دەست بە دابەشكردنی دەكەنەوە.

لای خۆشیەوە، شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سبەینێ دوو شەممە 30-3-2020 دەستدەكرێت بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی یەك-ی هاووڵاتیان لە بنكەكانی یەك و دوو و سێی و چوارەوە.

ڕاشیگەیاند، كە ڕۆژانی دواتریش بەردەوام دەبن لە دابەشكردنی بەشەخۆراك و بڕی پێویستی خۆراك لە بەغداوە هاتووە.

شەوكەت محەمەد داواش لە بریكارەكانی خۆراك دەكات، “پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و بە شێوەیەكی تەندروست پێشوازی لە هاووڵاتیان بكەن”.

هاوكات، نەسرین محەمەد عەلی خان، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئەوەی پشووە، دەوامی ئاسایی خۆمان دەكەین بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەشە ئاردیان بەدەست بگات و دابەشكردنی بەشە ئارد بەسەر بریكارەكان بەردەوامی هەیە و ناو شاری سلێمانی كەمێك ماوە و دەرەوەی شاریش نزیكەی 800 تەن ماوە پێیان بگات.

وتیشی، “هەمووی نا، بەڵام هەندێك لە بریكارەكان قەدەغەی هاتووچۆیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی ئارد نەدەنە هاووڵاتیان بەو هیوایەی لەداهاتوو ئارد گران ببێت و بە نرخی گران بیفرۆشنەوە”.

ڕاشیگەیاند، هەموو بریكارەكان ئەو هاووڵاتیانەی لایانە هەمووی لە سنوری گەڕەكەكانی خۆیاندان هیچ ڕێگرییەك نیە لەوەی ئاردەكەیان وەربگرن، بۆیە ئەگەر مەرجەكانی تەندروستی جێبەجێ بكەن وەك دەست كێش و دەمامك دەتوانن كاربكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بریارەكان دەتوان لای خۆیانە هەموو خێزانەكان بەشەكانیان بۆ جیا بكەنەوە، كە هەر خێزانێك بەپێی ژمارەیان بڕی ئاردیان بۆ جیا بكاتەوە و ئاگاداریان بكاتەوە تاوەكو بڕۆن ئاردەكەیان وەربگرن.

ئاشكراشیكرد، هیچ كێشەیەك لە كەمی ئارد بوونی نیە، گەنمی تەواومان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بدرێتە ئاشەكان بۆ ئەوەی ئاردی مانگی ئازاریش دەست بە دابەشكردن بكەن، لە دوای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی بۆ دەردەچێت.

نەسرین محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بۆیە ئاردی مانگی ئازار دابەشناكرێت، چونكە زۆربەی بریكارەكان ئاردی مانگی شوباتیان دابەشنەكردووە، بەشە ئاردی مانگی ئازاریش وەربگرن لە كوێ دایبنێن.

لە هەمان كاتدا، كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراكی هەولێر لەنووسراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بریكارەكانی ژمارە (201 – 202 – 203) ئاگادار دەكەینەوە، لە كاتی پەیوەندیكردن پێیانەوە ئامادەبن بۆ كردنەوەی دوكانەكانیان.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دابەش دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بریكارەكان ئاگادار دەكەینەوە، دوكانەكیان بكەنەوە.

ماوەی مانگێكە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ و پشووی فەرمانگەكانەوە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان ڕاگیراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كۆرۆنا ڤایرۆس بڵاوبۆته‌وه‌، چ خواردنێك باشه‌ بیخۆم؟


خەڵک ـ لوقمان غه‌فوور

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس –دا به‌شی زۆری خه‌ڵك ده‌یه‌وێت بزانێت چ خواردنێك باشه‌ بیخوات تا به‌رگری له‌شی زیاد بكات، به‌شی ته‌ندروستی (كه‌ناڵی سی ئێن ئێن)، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 29ی ئادار میوانداری میلیسا ماجومدار، پسپۆری خۆراكزانی و وته‌بێژی ئه‌كادیمیای خۆراكپێدان و خۆراكزانی ئه‌مریكای كرد و رستێك خواردنی پێشكه‌ش به‌ بینه‌ره‌كانی كرد.

به‌رله‌ پێشكه‌شكردنی خواردنه‌كان وتی، هیچ خواردنێك نییه‌ پارێزگاری له‌ جه‌سته‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ ببین، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌لیژنه‌ی بازرگانی فیدرالی و ئیداره‌ی خۆراك و ده‌رمان لێكۆڵینه‌وه‌یان زۆر له‌و رووه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام خه‌وی پێویست و هه‌ندێك خۆراك ئه‌توانن به‌رگری له‌شت زیادبكه‌ن به‌رامبه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌.

ماجومدار لیستی كۆمه‌ڵئێك خۆراكی پێشكه‌ش كردین و بۆی راڤه‌كردین:

یه‌كه‌م: گێزه‌ر و كالی و قه‌یسی:
كه‌ پڕن له‌ بیتا كاروتین.

بیتا كاروتینه‌كان ئه‌گۆڕێن بۆ ڤیتامین ئه‌ی، كه‌ گرنگن بۆ به‌رگریی خانه‌كانی له‌ش، ماجومدار پێیوابوو كه‌ كارده‌كات بۆ هاوكاریكردنی دژه‌ ته‌نه‌كانی خانه‌ تا په‌رچه‌كرداری هه‌بێت بۆ ژه‌هراویبوونی خانه‌ و ته‌نه‌ بێگانه‌كانی وه‌ك ڤایرۆس و به‌كتریا كه‌ رووده‌كه‌نه‌ خانه‌كانی له‌ش.
جگه‌ له‌و چه‌ند خۆراكه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ په‌تاته‌ی پرته‌قاڵی و مانگۆ و سپیتاخ و برۆكلین و كۆله‌كه‌ی پرته‌قاڵی و گندۆره‌دا هه‌یه‌.

دووه‌م: پرته‌قاڵ، شیلك و برۆكلی بۆ ڤیتامین سی:
له‌هه‌موو ڤیتامینه‌كان، ڤیتامین سی له‌ هه‌موویان گرنگتره‌ له‌م كاته‌دا، چونكه‌ ئه‌بێت هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی دژه‌ ته‌نه‌كانی خانه‌ له‌ ناو خوێندا. ماجومدار پێیوابوو یارمه‌تی له‌ش ده‌دات بۆ دیاریكردنی جۆرێك له‌ پارێزگاری له‌ش كه‌ هیچ له‌ ڤیتامینه‌كانی تر ناتوانن به‌و شێوه‌یه‌ بیكه‌ن. وتیشی: “لانی كه‌م 200 ملیگرام پێویسته‌ تا پله‌ی گه‌رمی له‌ش پارێزراو بێت و سه‌رمات نه‌بێت”.

مرۆڤ به‌ ئاسانی ئه‌توانێت 200 ملیگرام ڤیتامین سی ده‌ستكه‌وێت له‌ گیراوه‌یه‌كی خۆراكی وه‌ك پرته‌قاڵ و گرێپ فرۆت و كیوی و بیبه‌ری سه‌وز و سور و قه‌رنابیت و لیمۆ.

سێه‌م: پاقله‌، برێشكه‌ و گه‌نم و خواردنه‌ ده‌ریاییه‌كان وه‌ك ماسی بۆ ده‌ستكه‌وتنی زنك (توتیا):
توتیا یه‌كێكه‌ له‌و مادده‌ خۆراكییانه‌ی كه‌ ئه‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌پێدانی خانه‌كانی به‌رگری له‌ش.

هه‌روه‌ها ماجومدار باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی توتیا-ی له‌ش ئه‌بێت هۆی دابه‌زینی پله‌ی گه‌رمی له‌ش.
ئه‌و خۆراكانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ توتیا، بریتین له‌ فاسۆلیا، پاقله‌، ساوه‌ر، نیسك، ئۆیستێرس، ماست ، گۆشتی سور و مریشك.

چواره‌م: هێلكه‌، شیر، چه‌ره‌سات بۆ پرۆتین:
پرۆتین كلیلی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ خانه‌كانی به‌رگری له‌ش و رۆلێكی گه‌وره‌ ده‌گێڕێت له‌ یارمه‌تی سیستمی به‌رگری له‌ش كه‌ به‌كاری خۆی هه‌ستێت.

پرۆتین له‌هه‌موو مادده‌ گۆشتی و گیاییه‌كان و شیرییه‌كاندا هه‌یه‌. گۆشتی سور، مریشك، ماسی، شیر، په‌تاته‌، كه‌ره‌، هێلكه‌ -دا هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای پاقله‌مه‌نییه‌كان. به‌ڵام ماجومدار داوا ده‌كات كه‌ به‌ ژه‌می كه‌م بخورێت پرۆتین.

پێنجه‌م: مۆز، فاسۆلیا زیاتر بۆ پرۆبایۆتیك:
ماجومدار رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پرۆبایۆتیك یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ چالاككردنی ته‌ندروستی مایكرۆبایۆم كه‌ رۆڵی هه‌یه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی سیتمی به‌رگری له‌ش.

ئه‌و خۆراكانه‌ كه‌ پرۆبایۆتیك-یان تێدایه‌ ماستاو، كه‌شك، په‌نیری پێسته‌، ترشیاتی خۆماڵی، هه‌ویرێك كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ خۆمره‌ی تیابێت نه‌ك سۆده‌، سیر و پیاز و شویت و نه‌عنا و كه‌ره‌وز. ماجومدار ده‌ڵێت: “به‌ڵام باشترین گیایی سروشتی یان رووه‌كی سروشتی بۆ كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ باشه‌ روه‌كی ئێڵدلبێرییه‌، ئه‌گه‌ر به‌ روه‌كیش ده‌ست نه‌كه‌وت ئه‌وا به‌ شێوه‌ی كولاج پێویسته‌ بخورێت”.
شه‌شه‌م: ئاو و شه‌ربه‌ت و شۆربا بۆ وشكنه‌بوونه‌وه‌.

دواهه‌مین شت پێویسته‌ نه‌هێڵیت وشكبوونه‌وه‌ رویدات. پێویسته‌ له‌ ئێستادا هه‌موو ژنێك رۆژی 2 لیتر و 70 ملیی لیتر ئاو زیاتر بخواته‌وه‌ و پیاویش 3 لیتر و 70 ملی لیتر. له‌سه‌رو هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ خۆت بێبه‌ش مه‌كه‌ له‌ شه‌ربه‌تی فرێشی پرته‌قاڵ و لیمۆ و مۆز و شیلك و بلوبێری.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

داوایەك لە مەرجەعیەت دەكرێت
بەخاسپاردنی قوربانیانی كۆرۆنا لە عیراق كێشەیەكی گەورەی دروستكردووە


خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عیراق، داوا لە مەرجەعیەتی ئاینی دەكات، بێتەپێش و ئاسانكاریی بۆ پرۆسەی بەخاسپاردنی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات لە عیراق.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاوكرایەوە”میكانیزمی كارپێكراو لە مامەڵەكردن لەگەڵ قوربانیاندا، پشت بە ڕێنماییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەبەستێت كە سەلامەتی بەخاسپاردنی لە هیچ گۆڕستانێك لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ڕەچاوكردنی ڕۆیشتن لەگەڵ مردووەكە و گواستنەوەی و بەخاسپاردنی، بەڵام لەدوای بەخاسپاردنی هیچ زیانێكی نییە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”داوا لە مەرجەعیەتی ئاینی دەكەین، بێتەپێش و ئاسانكاریی بۆ بەخاسپاردنی قوربانییەكان بكات، چونكە تائێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبینەوە، وێڕای ئەو هەوڵانەی لەلایەن تێكڕای لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە خراونەتەگەڕ”.

لای خۆیەوە عەتوان عەتوانی پەرلەمانتاری عیراقی، داوای لە شانەی قەیران كردبوو كە پەیوەندیدارە بە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، شوێنێكی شیاو بدۆزێتەوە بۆ بەخاسپاردنی تەرمی قوربانیانی پەتاكە.

عەتوانی ڕایگەیاندبوو، تەرمەكان چەندان ڕۆژە هەر لە فەرمانگەی پزیشكی دادوەریین، بۆیە ترسی ئەوە هەیە بۆگەن بكەن و شیببنەوە و ببنە بۆمبێكی نەخۆشی و كۆمەڵگە تەفروتونا بكەن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دكتۆر جاسب حەجامی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی ڕایگەیاندبوو، پیاوێك بۆ ماوەی هەفتەیەكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە و ڕێگەنادرێت بەخاكبسپێردرێت، ئایین لە كوێیە و ئیسلام لە كوێیە و ویژادان لەكوێیە و غیرەتی عیراقی لەكوێیە لەمەدا؟ ئایین و مرۆڤایەتی و ویژدانتان ڕێگەتان پێدەدات ڕێگە لە بەخاكسپاردنی تەرمی پیاوێك بگیرێت كە هەفتەیەك لەمەوبەر وەفاتی كردووە، لەكاتێكدا هاوسەر و كوڕی ئەو پیاوە تووشی كۆرۆنا بوون و لەئێستادا لەگەڵ هەموو ئەندامانی تری خێزانەكەیدا لە نەخۆشخانە كەرەنتینەكراون”.

ئەمڕۆ چوار شەممە، وەزارەتی تەندروستی عیراق، تۆماركردنی 30 حاڵەتی نوێی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاگەیاند، بەمشێوەیە ژمارەی تووشبوان بە كۆرۆنا لە عیراقدا گەیشتە 346 كە تائێستا 29 كەسیان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیانلەدەستداوە.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە 11ی ئەم مانگەدا ڤایرۆسی كۆرۆنای بە پەتایەكی جیهانی پۆلێنكرد و تەئكیدی لەسەر تەشەنەكردنی خێرای ڤایرۆسەكە كردەوە، و نیگەرانی خۆشی بەرانبەر ئەگەری زیادبوونی ژمارەی تووشبوان دەربڕی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان