ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

“ئەم بڕیارانە هەرێمی كوردستان لە ڤایرۆس دەپارێزێ و بازاڕ و ئابوورییەكەشی دەبوژێنێتەوە و خەڵكەكەشی دڵخۆش دەكات”


خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان، بۆ بوژانەوەی ئابووری و دڵخۆشكردن و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و چەند پێشنیارێك ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی دەكات.

سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان لە یاداشتێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و جێگرەكەی كردووە دەڵێت: پێویستە حكومەت بۆ سەرجەم كۆمپانیا و كارگە و خاوەن پیشەكان، بڕیاری لێخۆشبوون لە باج و ڕسومات و پێبژاردنەكان لەسەرجەم وەزارەتەكان لە 1/3/2020 تاكو 1/6/2020 دەربكات و لێخۆش بوون لە پگێڕانەوەی پێشینە كەڵەكەبووەكان دەربچێت.

هەروەها، بە پێویستی دەزانێت بەهای گومرگی بۆ كاڵاكانی پێویست بە بازاڕ و بەكارهێنانی پێداویستی ڕۆژانەی خەڵك بۆ ئاستێكی باش كەم بكرێتەوە.

سۆران عومەر پێشنیاریش دەكات: بڕیاری كۆكردنەوەی داهاتی شارەوانییەكان لە كرێی تابلۆ و خۆڵ و خاشاك ڕابگیرێ، لێخۆش بوون لە كرێی كارەبا و ئاو بۆ ماوەی 3 مانگ لێخۆش بوونی بۆ دەرچێ بۆ ماڵان و كارگە و كۆمپانیا و بازاڕەكان.

دەشڵێت: دەتوانرێ كارێكی یاسایی بۆ ئازاد كردنی بەشێك لەو زیندانیانەش دەربچێ كە حوكمەكانیان كەمی ماوە وەك كاركردن بە ئازادبوونی بەمەرج بۆ سەرجەم زیندانیان تاكو لەم كاتەدا ئەوانەی دەگونجێ بگەڕێنەوە نێو خانەوادەكانیان.

 

دەقی یاداشتەكە:

بۆ : سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران

ئەم بڕیارانە هەرێمی كوردستان لە ڤایرۆس دەپارێزێ و بازاڕو ئابوریەكەشی دەبوژێنێتەوە و خەڵكەكەشی دڵخۆش دەكات

سۆران عومەر / ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان

خەڵكی كوردستان لە ساڵی 2014 ەوە بە خاوەن كارو سەرمایەو موچەخۆرو بێ موچەو كاسبكارەوە بارگرانی لەسەربووەو قەیران لەگەڵ ئەم حكومەتەدا تێدەپەڕێنێ، ئێستە كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ژیان چۆتەوە نێو ماڵەكان و هاتوچۆ ڕاگیراوە، بازاڕ وەستاوە، حكومەت ڕێكاری بەرەنگاربونەوەو خۆپارێزی لە نەخۆشییەكە پیادەكردووە، بارێكی نائاسایی بەڕێوە دەچێت، خەڵك پابەندی بەبڕیارو ڕێنماییەكانی حكومەتەوە دەربڕیوەو هەماهەنگ و هاوكاریشە، سەرەڕای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری 2020 دایە بەڵام هێشتا موچەی دوو وەزارەتی مانگی 12ی ساڵی 2019 ی پێ دراوە.

ئەركی حكومەتە لە وەها دۆخێك دا ساڵانە بەشە بودجەیەك تەرخان بكات بۆ ڕوداوی لەناكاوو سروشتی، وەك ئەمەی لەئێستەدا بەرۆكی دونیاو هەرێمی كوردستانی گرتووەو چاوەڕوان نەكراو بوو بەڵام حكومەتی تەندروست بەردەوام بڕێك لەبودجە دادەنێ بۆ هەر كارەسات و پێشهاتێك لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆی تا لەو كاتەدا توشی كەموكوڕی نەبێ، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم هیچ كات ئەمەی نەكردووە بۆیە ئێستە داوای كۆمەك و هاوكاری لەهاوڵاتیان و خاوەن سەرمایە دەكات بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بۆخۆی تاكو ئێستە هیچ بودجەیەكی دانەناوە بۆ خۆپارێزی و بەرەنگاربونەوەو چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا!

بەڵام خەڵك و خاوەن سەرمایەكانیش ئەوەی پێیان بكرێ و كرابێ لەكۆمەك و پشتیوانی و دروست كردنی نەخۆشخانەو پێداویستی پزیشكی درێغییان نەكردووە بەمەرجێ بەشێكی زۆر لەو خاوەن كارو كۆمپانیانە پارەی پرۆژەو كاریان لای حكومەتەو چەندین ساڵە حكومەت نەیتوانیوە ئەو مافەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، نەیتوانیوە بەچەند بڕیارێك بارگرانی سەرشانیان لە باج و ڕسومات و كارئاسانی گۆمرگی و هاوردەو هەناردە سوك بكات.

ئێستە كاتی ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك بدات لەبەرژەوەندی موچەخۆرو خەڵك و خاوەن كارو بەڵێندەرو وەبەرهێن و كۆمپانیاكان.

بۆ سەرجەم كۆمپانیاو كارگەو خاوەن پیشەكان، بڕیاری لێخۆش بوون لە باج و ڕسومات و پێبژاردنەكان لەسەرجەم وەزارەتەكان لە 1/3/2020 تاكو 1/6/2020 دەربچێت.

لێخۆش بوون لە پگێڕانەوەی پێشینە كەڵەكەبووەكان دەربچێت.

چونكە بەم بڕیارە وادەكات كۆمپانیاو كارگەكان و بازاڕەكان كە ئێستە بەهۆی ئەم دۆخەوە كاریان كەمیكردووەو بازاڕ بەتەواوی پوكاوەتەوە لەكردنەوەی بازاڕو كاردا جوڵەی بازاڕو بازرگانی بچێتە ئاستێكی باش و هاوكارییە بۆ ئەوەی پاش كۆرۆنا بازاڕی هەرێمی كوردستان توشی مایەپوچی نەبێ و كۆمپانیاو كارگەكان بەهۆی زیانكردنەوە نەوەستن لەكار.

پێویستە بەهای گومرگی بۆ كاڵاكانی پێویست بەبازاڕو بەكارهێنانی پێداویستی ڕۆژانەی خەڵك بۆ ئاستێكی باش كەم بكرێتەوە.
ئەو كۆمپانیاو وەبەرهێنانەی پارەیان لای حكومەتی هەرێمە پاش ئەم دۆخە پارەكانیان كە هی پرۆژەیە پێیان بدرێتەوە تا توشی مایەپوچی و پوكانەوە نەبن و پرۆژەكان زیاتر دەست پێ بكەنەوەو هەلی كار بڕەخسێت.

پێویستە بڕیاری كۆكردنەوەی داهاتی شارەوانیەكان لە كرێی تابلۆو خۆڵ و خاشاك ڕابگیرێ، لێخۆش بوون لە كرێی كارەباو ئاو بۆ ماوەی 3 مانگ لێخۆش بوونی بۆ دەرچێ بۆ ماڵان و كارگەو كۆمپانیاو بازاڕەكان.
دەتوانرێ كارێكی یاسایی بۆ ئازاد كردنی بەشێك لەو زیندانیانەش دەربچێ كە حوكمەكانیان كەمی ماوە وەك كاركردن بە ئازادبوونی بەمەرج بۆ سەرجەم زیندانیان تاكو لەم كاتەدا ئەوانەی دەگونجێ بگەڕێنەوە نێو خانەوادەكانیان.

بودجەیەكیش تەرخان بكات بۆ ئەم دۆخە نائاساییەی كۆرۆنا كە پێك بێت لەبودجەی بەكارخستنی سەرجەم وەزارەتەكان جگە لە بودجەی بەكارخستنی ئەو وەزارەتانەی كەلەم بەرەنگارییەی كۆرۆنادا لەكاری زیاتردان وەك تەندروستی و ناوخۆو ئاسایش.
حكومەتی هەرێم پێویستە سوپاس گوزاری خەڵكی كوردستان بەم بڕیارانە بكات، ئەوكات دەتوانی بەدەنگێكی بەرزتر داوای كۆمەكی زیاتر بكات لەهاوڵاتیان و سەرمایەداران.

زۆرینەی وڵاتان كە توشی ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون بڕە پارەیەكی زۆریان تەنها بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی بۆ دۆزینەوەی پێكوتەو چارەسەر تەرخان كردووە كە ئێستە ئەوەمان نیە.

چونكە خەرجی ئێستەی حكومەتی هەرێم بۆ خۆپارێزی و بەرەنگار بونەوەی ئەم ڤایرۆسە بۆ پارێزگاریە لە كۆی قەوارەی هەرێم و ئابورییەكەی و خەڵكی هەرێمی كوردستان.

ك.ج

ئابوری

ئەمڕۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 دەستپێدەكاتەوە


خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ یەك شەممە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو دەستپێدەكاتەوە.

بەپێی ئەو خشتەیەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاویكردەوە، وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ 12ی‌ ساڵی‌ ڕابردووی‌ وەزارەت و فەرمانگەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەستپێدەكاتەوە و بەپێی‌ خشتەكەش‌، ئەمڕۆ مووچەی‌ هەریەكە لە ئەنجومەنی‌ ئاسایش و دەزگای‌ گشتی‌ ئاسایش و بەشێك لە وەزارەتی پەروەردە دابەش دەكرێت.

هاوكات بەپێی خشتەیەكی پێشووی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ یەكشەممە دەست بە دابەشكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال و وارسی شەهیدان دەكرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە، چوار مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕ دەبێت كە پێویست بوو فەرمانبەران مووچەی مانگی 12 وەربگرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

لەپارێزگایەكی كوردستان نرخی مۆلیدە و كرێی دوكان كەمكرایەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
شانەی قەیرانەكانی كەركوك بەهۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێكی نوێی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەركرد.

ڕێبوار تەها، ئەنداكی پەڕلەمانی عیراق و ئەندامی شانەی قەیرانەكانی كەركوك لەڕووننكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەكۆبوونەوەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی شانەی قەیرانەكانی كەركوك چەند بڕیارێكمان دا.

سەبارەت بەبڕیارەكان ڕوونی كردۆتەوە، كە بڕیار دراوە بە دیاریكردنی نرخی ۳ هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە، هەروەها هەر خاوەن مۆلیدەیەك پابەند دەبێت بە بەخشینی ۱۰ ماڵی كەمدەرامەت لە وەرگرتنی پارەی مۆلیدەدا.

دەشڵێت: “بڕیار دراوە، بە بەكارهێنانی نەخۆشخانەی كەیوەن بۆ چاودێری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكاتی پێویستدا و ئامادەكردنی لیستی ناوی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی سەر بە خوێندنی كوردین بەمەبەستی دروستكردنی ڕێگەپێدانی هاتووچۆ لە كاتی چوونیان بۆ (هەولێر و سلێمانی) بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان”.

شانەی قەیرانەكانی كەركوك بڕیاریشی داوە بە تەرخانكردنی وێستگەی سووتەمەنی شۆریجە ڕۆژانی دوو شەممە و چوار شەممە بۆ كارمەندانی تەندروستی و بەرگری شارستانی و تەرخانكردنی وێستگەیەكی سووتەمەنی بۆ هەر قەزا و ناحییەیەك.

بڕیاریش دراوە هەموو كرێچییەكی دووكان و خانوو لەسەدا ٥۰٪ی كرێیەكەی دەدات بۆ هەردوو مانگی ۳ و ٤ .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

كات و بەرواری دابەشكردنی مووچەی قوتابخانەكانی هەولێر ڕاگەیەنرا


خەڵك-ئارام سەردار

ئەمڕۆ شەممە ۲۸ی ئاداری ۲۰۲۰ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر كات و بەرواری دابەشكردنی مووچەی سەرجەم قوتابخانەكانی ناو شاری هەولێری ڕاگەیاند.

لەئاگاداریەكدا كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر لیستی دابەشكردنی مووچەی سنووری بەرێوەبەرایەتیەكەی بۆ ڕۆژانی یەك شەممە و دوو شەممە بەرواری ٢٩-30 / 3/ 2020 ڕاگەیاند.

هاوكات لە چەند تێبینیەكدا بۆ مامۆستایان و بەڕێوەبەری قوتابخانە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، پێویستی ڕێنمایەكانی وەزارەتی پەروەردە بەوردی جێبەجێ بكرێت، تەنها بەڕێوەبەری قوتابخانە سەردانی دیوانی پەروەردە دەكات بۆ وەرگرتنی (چەك و لیستی مووچە) و وێنەیەك لەڕێنمایەكانی وەزارەتی پەروەردە و ماسك و دەستكێش لەگەڵ چەك و لیستی مووچە دابەشی سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەكان دەكرێت، هەروەها پێویستە بەڕێوەبەر پابەندی كات و بەروار و بانكی دیاری كراوبێت.

بۆ 29-3-2020

 

بۆ 30-3-2020

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان