ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

دەربارەی هەردوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخان هۆشداری توند دەدرێت


خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگاداركردنەوەیەك بەمەبەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاڕاستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات و داوایان لێ‌ دەكات هەرچی زووە دەروازەكانی پەروێزخان و باشماخ دابخەن و دەشڵێت: تەندروستی هەرێم بەرگەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ناگرێت وەك ئەوەی لە ئێران هەیە”.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، شۆفێران و كاسبكاران كە لەو دەروازانە كاردەكەن لەم ماوەیەدا بەهیچ شێوەیەك سەردانی ئەو دەروزانە نەكەن و لە ماڵەكانی خۆیاندا بمێننەوە نەبنە هۆكار بۆ توشكردنی منداڵ و خێزان و كەسە نزیكەكانیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دەقی پەیامەكە:

ئیدارەی پارێزگای سلێمانی
ئیدارەی گەرمیان
تەوای شۆفێران و هاوڵاتیان
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان و ناوچەكە ئامارەكان ئاماژەی زۆرترسناك دەخەنەڕوو بەتایبەت لە وڵاتی ئێران كە بە پێی ئامارە فەرمییەكانی ئەو وڵاتە ڕۆژانە لەسەروی هەزار كەس توشی ئەو ڤایرۆسە دەبن لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە و ڕێژەی مردنیش زۆربەرزە ، ئەمە لە كاتێكدایە پێدەچێت ئامارەكان زۆرلەوە زیاتربێت كە ئەو وڵاتە دەیخاتە ڕوو .
بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەدووربن لەو ڤایرۆسە ترسناكە ئەم داواكاریانە دەخەممە ڕوو بە هیوام كاری جدی لەسەربكرێت لە لایەن لیژنەی باڵاو ئیدارەكانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەوە .

۱ ـ بە زووترین كات هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی ( باشماخ و پەروێزخان ) بەتەواوەتی دابخرێن و هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی ڕابگیرێت تا بەرواری ( ۲۰۲۰/٤/۱ ) چونكە بەریەك كەوتنی زۆرهەیە لە نێوان شۆفێران و بازرگانان و كاسبكاران هەردوو وڵات لەو دەروازانە ، ئەگەر ئەو دەروازانە دانەخرێن و كراوەبن بەدڵنیاییەو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەبێت چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بكەن بەشێوازێكی ترسناك .
۲ ـ داواكارم لە تەوای شۆفێران و كاسبكاران كە لەو دەروازانە كاردەكەن لەم ماوەیەدا بەهیچ شێوەیەك سەردانی ئەو دەروزانە نەكەن و لە ماڵەكانی خۆیاندا بمێننەوە نەبنە هۆكار بۆ توشكردنی منداڵ و خێزان و كەسە نزیكەكانیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پێناو داهاتێكی مادی كەم .
۳ ـ تكام لە هاوڵاتیان و دانیشتوان ئەوەیە كە بە هیچ شێوازێك نزیكی ئەو كەسانەو ماڵ و منداڵ و خێزانیان نەكەونەوە كە سەردانی دەروازەكان دەكەن و بەریەككەوتنیان هەیە لە گەڵ شۆفێر و كاسبكاری ئێرانی لەو دەروازانە .
هەموو لایەك ئاگاداردەكەمەوە كە كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەرگەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ناگرێت بەو شێوازەی كە لە وڵاتی ئێران بڵاوبووەتەوە بۆیە تەنها خۆپاراستنمان باشترین ڕێگرییە لەو ڤایرۆسە ترسناكە جیهانییە .

بەرواری / ۲۰۲۰/۳/۱۷

کوردستان

وێنە.. لە هەولێر سێ هۆتێل بۆ كەرەنتینەكردن بەخشرانە حكومەت


خەڵك – بەشی هەواڵ

سێ هۆتێلی شاری هەولێر، لەلایەن خاوەنەكانیانەوە بەخشرانە حكومەت، بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لەو شوێنانەی وەزارەتی تەندروستی بۆ كەرەنتینەكردن سوودیان لێ ببینێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم بڵاویكردەوە، لە سەرەتای دەستپێكردنی پڕۆسەی كەرەنتینەكردنی هاووڵاتییانی گەڕاوە بۆ هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان، شوێنەكانی گەشتیاریی هەرێمی كوردستانی كردووەتە‌ شوێنی پێشوازی و كەرەنتینەكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كە لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 5 هەزار و 500 گەڕاوە كەرەنتین كراون.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە، هەریەك لە هۆتێلەكانی “ماریانا” و “مای فلاوەر” و “دارین” لە شاری هەولێر، لەلایەن خاوەنەكانیانەوە، لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار/ دەستەی گشتیی گەشتوگوزارەوە، بەخشرانە حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا بۆ كەرەنتینەكردنی هاووڵاتییان بەكاریان بهێنێت، ئەمە جیا لەوەی چەند هۆتێلێكی تریش لە ڕێگەی هەمان دەستەوە ئامادەییان دەربڕیوە، ببنە بەشێك لە پلانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید19).

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەندروستی هەرێم: 8 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرا


خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، ھەشت تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 دەستنیشانكران.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕوونیشیكردووەتەوە: پێنج لە تووشبووان لە شاری سلێمانی (چوار ئافرەت و یەك پیاو) كە چوار لەوان بەركەوتەی تووشبووانی پێشوون و یەك لەوان حالەتی نوێیە، سێ لەتووشبووان دانیشتووی سلێمانی و دوو لە تووشبووان دانیشتووی شارۆچكەی دەربەندیخانن.
هەروەها، سێ لە تووشبووان لە شاری دهۆك (دوو پیاو و یەك ئافرەت) كە دوو لەوان دانیشتووی شارۆچكەی زاخۆ و یەك لەوان دانیشتووی شارۆچكەی ئامێدی یە.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
دەرەنجامی نوێ …
لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، ھەشت تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 دەستنیشانكران، بەم شێوەیەی خوارەوە:
پێنج لە تووشبووان لە شاری سلێمانی (چوار ئافرەت و یەك پیاو) كە چوار لەوان بەركەوتەی تووشبووانی پێشوون و یەك لەوان حالەتی نوێیە، سێ لەتووشبووان دانیشتووی سلێمانی و دوو لە تووشبووان دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن.
سێ لە تووشبووان لە شاری دهۆك (دوو پیاو و یەك ئافرەت) كە دوو لەوان دانیشتووی قەزای زاخۆ و یەك لەوان دانیشتووی قەزای ئامێدی یە.
وەزارەتی تەندروستی
31 ئازار ٢٠٢٠
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كاروانی كۆمەك و هاوكارییەكانی بەڕێز گرووپ گەیشتە دەربەندیخان


خەڵك – بەشی هەواڵ

هەڵمەتی گەیاندنی 5000 سەبەتەی خۆراك لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بەردەوامە و ئەمڕۆ 31-3-2020، كاروانی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ قەزاو ناحییەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی گەیشتە دەربەندیخان.

كۆمپانیای بەڕێز، لە پێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و پەیڕەوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆمەك و هاوكارییەكانی ڕادەستی بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكان لە قەزاو ناحییەكان دەكات و لە ڕێی كەسایەتی و رێكخراوەكان دابەشی سەر هاووڵاتیانی دەكەن.

ئەمڕۆش ژمارەیەكی بەرچاو لە بەشە خۆراك كە خۆی لە زیاتر لە 300 سەبەتەی خۆراك دەبینییەوە ڕادەستی قایمقامیەتی دەربەندیخان كرا تا بدرێتـە دەست هاونیشتمانیان.

لەچوارچێوەی ئەم هەوڵەى بەڕێز گرووپ دا ، تا ئێستا هەر یەكە لە ناوچەكانی، قەزای شارەزوور، پارێزگای هەڵەبجە، هەورامان، دووكان، ڕانیە،پێنجوێن و شارباژێری بەسەر كردووەتەوە و بە بڕی جیاواز سەبەتەی خۆراكی ڕادەستی كەسایەتی و بەرپرسانی ئیداریی ناوچەكان كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان