ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سەرۆكایەتی یەكێتی: داوا لە عیراق دەكەین توانای دارایی و مرۆیی زیاتر بۆ بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌رخان بكات


خەڵك – بەشی هەواڵ
سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات توانای زیاتر ب بوژاندنەوەی پارێزگای هەڵەبجە تەرخان بكەن.

لەو پەیامەدا كە لە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا بڵاوكراوەتەوە، سەرۆكایەتی یەكێتی دەڵێت: “هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ قیبله‌ی فیداكاریی گه‌لی كوردستان ده‌زانین و، باوه‌ڕمانوایه‌ كه‌ پاش هه‌ره‌س، ناساندنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی كوردستانی باشور به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و، پاراستنی راپه‌ڕین و، ئه‌زموونی حوكمڕانیی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان، قه‌رزداری هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌هید و برینداره‌كانییه‌تی. هه‌روه‌ك چۆن قه‌رزاری ئه‌نفالكراوان و ته‌واوی شه‌هید و تێكۆشه‌رانی كوردستانه‌”.

دەقی پەیامەكە:
په‌یامی سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
له‌ یادی (32) ساڵه‌ی شه‌هیدكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ دا

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی كیمیاباران
بریندارانی چه‌كی كیمیایی
خه‌ڵكی شاری شه‌هیدپه‌روه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌
كۆمه‌ڵانی به‌شه‌ره‌فی خه‌ڵكی كوردستان

وا جارێكی تر، هه‌موومان له‌به‌رده‌م كۆست و كاره‌ساتی كیمیاباران و یادی شه‌هیدكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ دا، دڵ پڕ له‌ سوێ و چاو به‌ گریان راوه‌ستاوین و برینه‌كه‌مان گه‌وره‌یه‌. 16 ی 3 ی 1988، به‌به‌رچاوی دنیاوه‌، رژێمی دڕنده‌ی به‌عسی فاشیست، (5000) مناڵ و پیر، ژن و پیاوی خنكاندین. له‌وكاته‌وه‌، هاوارێكی گه‌وره‌ بۆ سزادانی به‌رپرسان و تاوانبارانی ئه‌م جینۆسایده‌، له‌ گه‌رومان دا تاساوه‌. و هێشتا نیگه‌رانین له‌و بێده‌نگییه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی دنیا به‌رامبه‌ر كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ڵیانبژارد.

ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ قیبله‌ی فیداكاریی گه‌لی كوردستان ده‌زانین و، باوه‌ڕمانوایه‌ كه‌ پاش هه‌ره‌س، ناساندنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی كوردستانی باشور به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و، پاراستنی راپه‌ڕین و، ئه‌زموونی حوكمڕانیی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان، قه‌رزداری هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌هید و برینداره‌كانییه‌تی. هه‌روه‌ك چۆن قه‌رزاری ئه‌نفالكراوان و ته‌واوی شه‌هید و تێكۆشه‌رانی كوردستانه‌.

سه‌رباری بێ ده‌نگییه‌ سیاسییه‌ كورتخایه‌نه‌كه‌ی دنیا به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌، وا (32) ساڵه‌ و هه‌موو رۆژێكی (16 ی 3)، له‌ هه‌ر كوێیه‌كی ئه‌م جیهانه‌ كوردێك، ئاشتیخوازێك و مرۆڤ دۆستێك هه‌بووبێت، یادی شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ به‌رز راگرتووه‌ و، یه‌كێتییش، ئه‌م یاده‌ی وه‌كو به‌شێك له‌ ناسنامه‌ی خه‌باتی گه‌لی كوردستان، له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی خۆی دا، به‌رز پاراستووه‌.

ئه‌م باوه‌ڕه‌ نه‌گۆڕه‌مان به‌ پێگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ بوونی نه‌ته‌وه‌ییماندا و، ئه‌م هاوخه‌مییه‌ قووڵه‌ بۆ قوربانییه‌كانی، رێنیشانده‌رمانه‌ له‌ كاركردنی زیاتر، وردتر و دڵسۆزانه‌تر بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدان، كه‌ هه‌ر به‌ ده‌ستپێشخه‌ری و هه‌وڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێستا بووه‌ به‌ پارێزگا و پایته‌ختی ئاشتی و، ئامانجمانه‌‌ كه‌ به‌ پشتیوانیی دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان، بكرێت به‌ پایته‌ختی بوژاندنه‌وه‌ و ئاوه‌دانیی نیشتمان و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، پلان و كاری نوێی وردمان ده‌بێت. داواش له‌ كادیر و ئۆرگانه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی یه‌كێتیی،‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ چالاكه‌كانی ناو هه‌رێم و عێراق ده‌كه‌ین، خزمه‌تی زیاتری كه‌سوكاری شه‌هیدان و بریندارانی چه‌كی كیمیاوی بكه‌ن و، توانایه‌كی دارایی و مرۆیی زیاتر بۆ بوژاندنه‌وه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌رخانبكه‌ن، كه‌ پێویستیانه‌.

له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تیی بریندارانی چه‌كی كیمیاوی و كه‌سوكاریان، و له‌ژێر كاریگه‌ریی هه‌ڕه‌شه‌ی په‌تای جیهانیی كۆرۆنا، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌،‌ بڕیاریاندا، ئه‌مساڵ بۆ به‌رز راگرتنی یادی (32) ساڵه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌ڕاسیم رێكنه‌خه‌ن. به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك ساڵانی تر، ئه‌مساڵیش یادی كیمیاباران كردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رز راده‌گرین و له‌ دڵماندا یادی شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه‌. ‌داواش ده‌كه‌ین دۆست و لایه‌نگر و ئه‌ندامانی یه‌كێتیی و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان، یادی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ دڵ و ده‌رونیان دا به‌ زیندوویی و به‌رز رابگرن و، ئه‌مساڵیش له‌ ساته‌وه‌ختی بۆردومانه‌ شوومه‌كه‌ی رژێمی فاشیستی به‌عس دا، له‌ كاتژمێر (11:35) ی پێش نیوه‌ڕۆ، له‌ هه‌رجێیه‌ك بن، بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ساتێك به‌ بێ ده‌نگی راوه‌ستن. ‌

دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كیمیاباران كردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوی شه‌هیدانی رێگه‌ی رزگاریی كوردستان

سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
16 ی 3 ی 2020

کوردستان

“هەرێمی كوردستان، دە ڕۆژی پڕ مەترسی لەبەردەمدایە”


خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تكایە لەماڵ بمێننەوە، پابەندی ڕێنماییەكان بن .

خالس قادر بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە هەژماری خۆی بڵاویكردەوە، بەداخەوە، ئێستا ئێمە بەرەو لوتكەی پەتاكە دەڕۆین، دە ڕۆژی داهاتوو بۆمان پڕ مەترسییە بۆ تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوە یان سنوورداركردنی ڤایرۆسەكە.
وتیشی”دوای ئەوە، دە ڕۆژی سەخت بۆ نەخۆشخانە پزیشك و كارمەندانمان دەست پێدەكات بۆ چارەسەر و چاودێری حاڵەتە قورس و توندەكان گیانلەدەستدانەكان، خودا پەنامان بدا و پشت و پەنامان بێت بتوانین بە كەمترین لەدەستدان ئەو قۆناغەسەختە تێبپەڕێنین”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دوای ئەوە پەتاكە هێور دەبێتەوە و حاڵەكان ڕوو لە كەمی دەكەن و بەرەو قۆناغی كۆنتڕۆڵكردن دەچین، ئەگەر خەڵك بەباشی پابەند بێت و لەماڵ بمێننەوە و تێكەڵ نەبن و خۆیان و خانەوادەكان و خەڵكی تر بپارێزن بەدڵنیایی پشت بەخوا زیانەكانمان زۆر كەم دەبێت ئەگەر نا ئەنجامەكان هەموومان ئازار دەدات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای كوردستان لە پارەی دوو مانگی ئاو و كارەبا بەخشران


خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان لە پارەی دوو مانگی سەرجەم هاووڵاتیان خۆش بوو.

بەپێی نووسراوێك كە واژووی سەرۆكایەتی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستانی لەسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە پارەی دوو مانگی ئاو و كارەبای هاوڵاتیان خۆشبوو.

ئاشكراشیدەكات، لێخۆشبوونەكە وەك هاوكارییەكە بۆ هاووڵاتیان لەم كاتی قەدەغەی هاتوچۆ و هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنایەدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزیری تەندروستی: هەرێمی كوردستان لەبەردەم كارەساتێكی گەورەی مرۆیی دایە


خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزیری تەندروستی هۆشداری دەدات لە دروستبوونی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی.

ئەمڕۆ دوو شەممە پەیجی وەزارەتی تەندروستی لە زاری د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستییەوە بڵاویكردەوە كە “هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیەکی گەورە و کارەساتی مرۆیی دایە”.

ئەمەش دوای ئەوە هات كە 41 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەولێر تۆمار كرا.

زۆربەی تووشبووەكان بەركەوتەی كەسانی دوو پرسەكەی هەولێرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان