ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

دیپۆرتیس کواترۆ: بەرشلۆنە بەم شێوەیە پلانی بۆ گەڕاندنەوەی نایمار داڕشتووە


خەڵک سپۆرت

بەهۆی فشاری یاریزانان و هاندەرانەوە، لە هاوینی ٢٠٢٠ یانەی بەرشلۆنە هەوڵی ڕاستەقینە و یەکلاکەرەوە دەدات بۆ گەڕاندنەوەی نایمار دا سیلڤا لە یانەی پاریس سانت جێرمانەوە.

ماڵپەڕی “دیپۆرتیس کواترۆ”ی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، لەگواستنەوەکانی هاوینی ٢٠٢٠ ئیدارەی یانەی بەرشلۆنە هەوڵی جدی بۆ گواستنەوەی نایمار دا سیلڤا دەنێن لە یانەی پاریس سانت جێرمانەوە، هەوڵەکانی ئەم هاوینەش جیاوازدەبن لە هاوینی ڕابردوو و یەکلاکەرەوە دەبن.

بەپێی سەرچاوەکە، جوسێپ ماریا بارتومیۆ بەتایبەتی سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکات و لەڕێگەی پێشکەشکردنی دوو یاریزانەوە کۆتایی بە پێداگری ئیدارەی یانەی پاریس سانت جێرمان و ناسڕ خلێفی خاوەنی ئەو یانەیە دەهێنێت.

ئەو دوو یاریزانەش کە بەرامبەر گواستنەوەی “نێی” پێشکەشی دەکرێن پێکهاتوون لە ئەنتوان گریزمان و عوسمان دیمبیلی فەرەنسی، بەم شێوەیە نایمار دەگەڕێننەوە کە داواکراوی سەرەکی لیۆ مێسی ئەفسانەی یانەکەیە، هەروەها خۆیان لە موچەی خەیاڵیی گریزمان دەرباز دەکەن و لەهەمان کاتیشدا ئەستێرەیەکی باشتر لە دیمبیلی لە باڵەکانی هێرشبەرییەوە مسۆگەر دەکەن.

دیپۆرتیس کواترۆ ئاماژەی کردووە، ئەم شێوە گواستنەوەیەی بارتومیۆ پلانی بۆ داڕشتووە ڕەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری بارسای بەدەستهێناوە، هەندێکی تریش پێیان وابووە ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێن دەبێتە هەڵەیەکی گەورە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان دەستنەکەوتنی هێرشبەرێکی تری وەک گریزمانە و دووەمیشیان نرخی گریزۆ و دیمبیلی لە نرخی ئێستای گواستنەوەی نایمار بەرزترە.

جیهانی

پاریس سانت جێرمان بۆندی شوێنگرەوەی تیاگۆ سیلڤای لە ئیتاڵیا مسۆگەرکردووە


خەڵک سپۆرت

یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی کالیدۆ کۆلیبالی بەرگریکاری یانەی ناپۆلی دەستپێکردووە و یانەی مانچستەر یونایتد زەرەرمەندی گفتوگۆکانی نێوان ئەو یانەیە و لیۆپناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی پاریس دەبێت.

ماڵپەڕی “فوتباڵ ئیتاڵیا” ئاشکرای کردووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لیۆناردۆی بەرازیلی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانت جێرمان چاوی بە ڤالی ڕەمەزانی لێپرسراوی کاروبارە کارگێڕییەکانی کالیدۆ کۆلیبالی کەوتووە.

لیۆناردۆ هەوڵیداوە لێپرسراوی کارەکانی کالیدۆ بە گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ یانەی پاریس سانت جێرمان قایلبکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی دەربڕیوە موچەی ساڵانەی بەبڕی ١٠ ملیۆن یورۆ بۆ تەرخانبکات هاوشانی چەندین ئیمتیازاتی تر کە هەرگیز یانەیەکی وەک ناپۆلی ناتوانێت بۆی دابین بکات.

بەپێی سەرچاوەکە، ئەو بۆندەی یانەی پاریس سانت جێرمان ئامادەیکردووە بۆماوەی پێنج وەرزە، لەو ماوەیەدا کۆلیبالی وەک یەکێک لە ئەستێرە سەرەکییەکانی پاریس جێگەی تیاگۆ سیلڤای بەرازیلی دەگرێتەوە.

فوتباڵ ئیتاڵیا دووپاتیکردۆتەوە، بەوپێیەی کالیدۆ کۆلیبالی لەدایکبووی فەرەنسایە، لە شاری پاریس ڤێلایەکی نوێی کڕیوە و ئەوەش ئاماژەیە بە گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ پاریس.

لەم گواستنەوەیەدا یانەی مانچستەر یونایتد زەرەرمەند دەبێت، چونکە ئەو یانەیەش ماوەی وەرزێکی تەواوە هەموو هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی بەرگریکارە ئەسمەرەکەی ناپۆلی دەستپێکردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

سوراێز هەواڵە خۆشەکەی ڕاگەیاند: کاتێک بەرشلۆنە دەگەڕێتەوە منیش دەگەڕێمەوە


خەڵک سپۆرت

لویس سوارێزی ئۆرۆگوایی ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە پەیام بە هاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکەی دەدات، کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولە ئەوروپییەکاندا ئەویش دەگەڕێتەوە.

سوارێزی هێرشبەری یانەی بەرشلۆنە بەهۆی پێکانی بەستەرەکانی ئەژنۆی ڕاستییەوە لەمانگی یەکی ٢٠٢٠ نەشتەرگەرییەکی قورسی ئەنجامدا، وادەی حەسانەوە و گەڕاندنەوەی توانا جەستەییەکانی بە چوار مانگ خەمڵێنرا.

ڕۆژنامەی “مارکا”ی ئیسپانی لەبارەی بەرەوپێشچوونی بارودۆخی تەندروستی هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکەوە ئاشکرای کردووە، ئەستێرە ٣٣ ساڵەکە لەماوەی کەرەنتین لە ماڵەکەی خۆی سەرقاڵی مەشقە جەستەییەکانە و هەنگاوی گەورەی ڕووە و گەڕانەوە نێو یاریگاکان بڕیوە.

لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە:” هەست دەکەم لە دۆخێکی زۆر باشدام، دەستم کردۆتەوە بە ڕاکردن و ڕۆیشتن، ئەوکاتەی یانەی بەرشلۆنە دەگەڕێتەوە سەر ململانێکانی وەرز منیش دەگەڕێمەوە”.

تائێستا نەزانیوە خولی ئیسپانیا کەی و بە چ میکانیزمێک دەستپێدەکاتەوە، ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەن لەمانگەکانی پێنج و شەش دەستبکرێتەوە بە یاریەکان و لەو وادەیەشدا سوارێز دەتوانێت بەوپەڕی تواناکانیەوە ئامادەبێت.

یاریزانەکەی ئورۆگوای جگە لەپێکانەکەی، ئاماژە بە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات و ڕایدەگەیەنێت :”حاڵەتەکان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەکەن، پەیامم بۆ ئۆرۆگوای ئەوەیە کە لەماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان بپارێزن”.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، کە لویس سوارێز دەستی بە کارە خێرخوازییەکانی کردووە و (٥٠٠) خانەوادەی هەژاری لە وڵاتەکەی بەسەرکردۆتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

زێدان ڕەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی کریستیانۆ بۆ ڕیاڵ مەدرید نیشانداوە


خەڵک سپۆرت

سەرچاوە لۆکاڵییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، کە یانەی ڕیاڵ مەدرید هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی کریستیانۆ ڕۆنالدۆی پورتوگالی دەدات و زینەدین زێدانی ڕاهێنەریش ڕەزامەندی نیشانداوە.

ماڵپەڕی “دیفێنسا سەنتڕاڵ”ی تایبەت بە هەواڵ و زانیارییەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید بڵاویکردۆتەوە، لە گواستنەوەکانی هاوینەی ٢٠٢٠دا دووبارە یانەی ڕیاڵ مەدرید هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەستپێدەکاتەوە.

سەرچاوەکە دووپاتیکردۆتەوە، زێدان و فلۆرنتینۆ پێرێز ڕاهێنەر و سەرۆکی ڕیاڵ خۆشحاڵترین کەسەکان دەبن ئەگەر کریستیانۆ ئامادەبێت ئەو هەنگاوە مێژووییە بنێت.

لەم بارەیەوە ئادو ئاگێری ڕۆژنامەوانی ناوداری ئیسپانیا و هاوڕێی نزیکی کریستیانۆ بە سەرچاوەکەی ڕاگەیاندووە، لەپێشوودا ئاستەم بووە کریستیانۆ بگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ، بەڵام لەئێستادا بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بگرە یاریزانەکەش ڕەنگە بەو هەنگاوە خۆشحاڵ بێت.

کێشەی یانەی ڕیاڵ مەدرید و هاندەرانی یانەکە لەوەدایە، یاریزانە پورتوگالییەکە بەتەمەندا ڕۆچووە و دەرفەتی ئەوەی نەماوە ماوەیەکی زۆر لەنێو یاریگاکاندا بەردەوامبێت.

سەرچاوەکە دەنوسێت، سەرەڕای ئەوەی هەوڵەکانی یانەی شاهانە بە ئاڕاستەی مباپێ و هالاند و یاریزانە لاوەکانە، بەڵام گەڕانەوەی کریستیانۆ دەبێتە مێژوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان