ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

كۆرۆنا مانای چییە؟
چەند زانیارییەكی ورد و نەبیستراو لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا

خەڵك-ئارام سەردار
پزیشكێكی شارەزا لەتەندروستی گشتی ئاماژە بەمێژوو و سەرهەڵدانی نەخۆشیە ڤایرۆسیەكان دەكات، دكتۆر فەیسەڵ عارەب، پزیشكی شارەزا لەتەندروستی گشتی لەدیمانەیەكی لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك) دەڵێت، یەكەم بەڵگەی هەبوونی ڤایرۆسیش لەو تاقیكردنەوەیەدا دەركەوت كە زانا (دیمتری ئیڤانۆفسكی 1864 – 1920) لەسەر گەڵای ڕووەكی تووتن كردی، لەبارەی كۆڕۆناش وتی، خێزانی كۆڕۆنا بۆ یەكەمجار لەساڵی 1960 دا دۆزرایەوە و بەدرێژایی لێی كۆڵراوەتەوە.

خەڵك: دۆزینەوە و مێژووی كۆڕۆنا و ڤایرۆسەكان دەگەڕێتەوە بۆ كەی؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەچین و هەندێك وڵاتی دیكەوە كەوتە ناو هاوڵاتیان. مێژووی دۆزینەوەی میكرۆبی (ڤایرس) Virus زۆر كۆن نیە هەرچەندە ڤایرۆس لەهەموو شوێنێكی سەر ئەم زەویە هەیە و زۆریش بڵاوە. هەردوو زانا (لویس پاستیۆر 1822 – 1895) و (ئیدوارد جینەر 1749 – 1823) بۆ یەكەمجار توانیان لەسەردەمی خۆیان كوتان Vaccine بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشیی خوریكە Smallpox دروست بكەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان نەیاندەزانی كە میكرۆبێك هەیە بەناوی ڤایرۆس كە ئەو نەخۆشیە تووشی منداڵان دەكات، بەڵام یەكەم بەڵگەی هەبوونی ڤایرۆس لەو تاقیكردنەوەیەدا دەركەوت كە زانا (دیمتری ئیڤانۆفسكی 1864 – 1920) لەسەر گەڵای ڕووەكی تووتن كردی، بەوەی گوشراوی ئەو گەڵایانەی كە تووشی نەخۆشیەك ببوون بەناوی Tobacco mosaic disease بەناو پاڵێوەریەكی (فیلتەرێكی) تایبەتدا برد كە نەیدەهێشت بەكتریا بەناو كونیلەكانیدا تێپەڕێ، كاتێك ئەو پاڵاوتەیەی دەستی كەوت بەسەر گەڵای تووتنی بێ نەخۆشی داكرد، بینی گەڵایەكان تووشی هەمان نەخۆشی بوون، بۆیە زانای هاوەڵی (مارتین بێژەرینگ 1851 – 1931) ئەو پاڵاوتەیەی ناونا ڤایرۆس (كە لەزمانی كۆن بەمانای ژەهر یان پاڵاوتە دێ).

خەڵك: لێكۆڵینەوەكان لەسەر ڤایرۆس بەچی گەیشتن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ئەم دۆزینەوەیە لەمێژوودا بەسەرەتای پەیدابوونی زانستی خوێندنی ڤایرۆس Virology دادەنرێ. ئەوكات وادەزانرا كە ڤایرۆس مادەیەكی شلە، بەڵام لێكۆڵینەوەكانی دواتر دەریانخست كە میكرۆبەكە لەسەر شێوەی دەنكۆڵەیە، هەروەها لەبەر ئەوەی ڤایرۆس زۆر بچووكە، بۆیە ئەوكات نەتوانرا بەوردبینی رووناكیی ئاسایی ببینرێ Light Microscope. هەتا ساڵی 1931 كە بۆ یەكەمجار وردبینێكی ئەلیكترۆنی Electron Microscope دروستكرا كە دەیتوانی تەنەكان بۆ 400 ئەوەندەی قەبارەی خۆیان گەورە بكا و بەمەش ڤایرۆس بینرا، لەبەر بچووكیی، قەبارەی ڤایرۆس بە (نانۆمەتر) دەپێورێ كە هەر یەك نانۆمەتر یەكسانە بە یەك هەزار ملیۆن بەشی مەترێك (یەك لەملیار بەشی مەتر). زۆربەی ڤایرۆسەكان لەنێوان 20 بۆ 200 نانۆمەتر درێژن.

خەڵك: ڤایرۆسەكان چەند جۆریان هەیە؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسەكان زۆر شێوەی جیاوازیان هەیە. هەتا ئەوڕۆ پتر لە 5000 ڤایرۆس دەستنیشان كراون بەڵام باوەڕ وایە ژمارەیان لەیەك ملیۆن جۆر پتر بێ، بەگشتی ڤایرۆس (بەدانەیەك دەگوترێ Virion) لە ناوكێك پێكدێ كە مادەی بۆماوەی تێدا هەڵگیراوە. ئەو ناوكەش بەپەردەیەك دەورە دراوە پێی دەگوترێ قەپێلك Capsid. لەهەندێك ڤایرۆسدا لەدەرەوەی ئەو قەپێلكەش پەردەی دیكەی لەپرۆتین و شەكر و چەوری دروستكراو هەیە كە بەزۆری لەخانەی زیندەوەران وەریگرتووە لەكاتی زۆربوونی لەناو ئەو خانانەدا. ڤایرۆسەكان شێوەشیان جیاوازە، هەیانە خڕ و هەشیانە درێژووكانی و هەیە چەند لایە و چەند رووی هەیە.

خەڵك: چۆن پۆلێن دەكرێن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بۆ پۆلێنكردنیان ڤایرۆسەكان دەكرێنە دوو پۆلی سەرەكی بەپێی مادەی بۆماوەی ناو ناوكەكەیان. ڤایرۆسەكان ماددە بۆماوەییەكەیان یان لەجۆری RNA یە یان لەجۆری DNA. ئەوجا ئەو مادە بۆماوەییەش لەهەندێكیان كورت و لەهەندێك درێژترەو لەهەندێكیان ڕستەیەكی ڕێكوڕاستە و لەهەندێكی دیكەیان پێچاوپێچ یان بازنەییە.
بێجگە لەوەش ڤایرۆسەكان لەسەر بنەمای شێوەو قەبارەش پۆلێن دەكرێن و هەندێكجار لەسەر بنەمای ئەو نەخۆشیانەشی كە پەیدای دەكەن دابەش دەكرێن، هەرچەندە بەگشتی زانایان هێشتا لەسەر پۆلێنكردنی تەواوی ڤایرۆسەكان ڕێك نەكەوتوون، چونكە هەر ڕۆژەو شتێكی تازەیان لەبارەوە دەدۆزرێتەوە، بەڵام بەگشتی ڤایرۆسەكانیان دابەش كردووە بۆ چەند خێزانێكFamily و هەر خێزانەی بۆ چەند ڕەگەزێك Genus و هەر ڕەگەزەش بۆ چەند ڕێچكەیەك Species هەر ڕێچكەیەكیش بۆ چەند زنجیرەیەك Strain.

خەڵك: ڤایرۆسەكان لەخانەی زیندوو یان نازیندوو زیاتر دەژین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆس لەدەرەوەی خانەی زیندوودا ناژی و هیچ نیشانەیەكی ژیانی لێ نابینرێ وەكو: هەناسەدان و گەشەكردن و زۆربوون…هتد. دەكرێ لەتاقیگەشدا وەكو كریستاڵ هەڵبگیرێ. بۆیە زاناكانی زیندەوەرزانی، بەتایبەتی ئەوانەی بڕوایان بەبیردۆزی گەشەسەندن هەیە، پێیان وایە ڤایرۆسەكان ئەڵقەیەكن لەنێوان مادەی نازیندوو و مادەی زیندوو و زنجیرەی گەشەكردنەكانیان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و دەتوانن تووشی هەموو خانەیەكی زیندوو ببن، هەر لەبەكتریاوە بگرە تا دەگاتە زیندەوەرە یەكخانەییەكان و ڕووەك و هەموو گیاندارەكان بەمرۆڤیشەوە. هەروەها ڤایرۆسەكان هەر جۆرەو تایبەتمەندیەكی خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە تایبەتە بەجۆرە شانەیەكی لەش Tissue Specific. بۆیە زۆر جۆرە نەخۆشیی ڤایرەسی هەنە، لەوانە: ڤایرەسی تایبەت بەنەخۆشیی پێست (بۆ نموونە: تامیسكە). ڤایرەسی جگەر (بۆ نموونە ڤایرەسەكانی سووتانەوەی جگەر كە چەند جۆرێكی هەیە لەوانە: A، B، C، D..)، ڤایرەسی كۆئەندامی هەناسە و سیپەلاكەكان (بۆ نموونە: ڤایرەسەكانی ئەنفلەوەنزا و كۆڕۆنا)، ڤایرەسی مێشك و دەمارەكان (بۆ نموونە: ڤایرەسی ئیفلیجی منداڵان)… تد. تەنانەت ڤایرەسی تووشبوون بەشێرپەنجەش هەیە (بۆ نموونە: نەخۆشیی لیمفۆما و هەندێك جۆری لوكیمیا).

خەڵك: ڕێگەكانی گواستنەوەی ڤایرۆس بۆ مرۆڤ جیاوازن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڕێگەكانی تووشبوون و گواستنەوەی ڤایرۆسەكان جیاوازن و هەر جۆرەو ڕێگەی تایبەت بەخۆی هەیە. بۆ نموونە، ڤایرۆسی كۆئەندامی هەناسە لەڕێی پڕیشكی دەم و كۆكەوە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسی جگەر هەیە لەڕێی خواردن و خواردنەوە و هەشیانە لەڕێی دەرزی لێدان و خوێن گواستنەوە و نەشتەرگەریی دیكەوە دەگوازرێنەوە، نەخۆشیە سێكسیەكانی ڤایرۆسی وەكو ئایدز لەڕێی كاری سێكسكردنەوە دەگوازرێنەوە.

خەڵك: بنەمای ناونانی ڤایرۆسەكان چین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ناونانی زانستیی ڤایرۆسەكان لەسەر بنەمای ئەو مادە پڕۆتینیانەی لەناو خوێندا كاریان تێدەكا ناودەنرێن، بۆ نموونە: ڤایرەسی H1N1 لەوشەكانی Hemagglutinin &Neuraminidase هاتووە كە ژمارەكانیشان دەگۆڕێن بۆ 1و 2و 3 و4…هتد

خەڵك: لەبارەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا چی دەڵێن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسی كۆڕۆنا تایبەتە بەتووشكردنی شانەكانی كۆئەندامی هەناسەدان، بەتایبەتیش ئەو خانانەی كە لەڕێبازی هەناسەدانن و مەمیلەیان هەیە بۆ گلدانەوەی هەر شتێك كە لەگەڵ هەناسە وەرگرتن بچێتە ژوورەوە. باوەڕ وایە كە لەسەرەتاوە ئەو ڤایرۆسە هی گیانداران بووە و دوایی بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە و پاشان وای لێهاتووە بتوانێ لەمرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی دیكە بگوازرێتەوە، خێزانی كۆڕۆنا بۆ یەكەمجار لەساڵی 1960 دا دۆزرایەوە و بەدرێژیی لێی كۆڵراوەتەوە. ئەو ناوەی كۆڕۆناشی Corona لەوەوە بەسەردا سەپێندراوە چونكە لەپەردەی دەرەوەیدا دڕكی لێ دێتە دەرەوە كە وەكو خەرمانە (جۆخینە)ی خۆر و مانگ وایە. (لەزمانی ئینگلیزیدا كۆڕۆنا واتە ئەوەی دەورەی شتێك دەدا و بۆ تاجی پاشایەتی و دەستوپێوەندەكانی دەوروپشتی بەكارهاتووە).
مادە بۆ ماوەییەكەی ئەم ڤایرۆسە لەجۆری RNAیە و بەدرێژترین رستەی ناو ناوكی ڤایرەسەكان دادەنرێ كە ژمارەی ئەمینەكانی كە پێكی دێنن Amine Bases دەگاتە 26000 هەتا 32000. تا ئێستا چوار رەگەز لەو خێزانە دۆزراونەتەوە كە پیتەكانی ئەلفا و بێتا و گاما و دەلتایان بۆ دانراوە.

خەڵك: جیاوازیان چیە؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: جۆری ئەلفا و بێتا تووشی گیاندارە شیردەرەكان دێن، لەوانە شەمشەمەكوێرە و بەراز و سەگ و مرۆڤیش. جۆری گاما بەزۆری تووشی باڵندەكان دەبن، بەڵام جۆری دەلتا دەتوانی تووشی باڵندە و شیردەرەكانیش ببێ.

خەڵك: نیشانەكان چین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: نیشانەكانی تووشبوون بەنەخۆشیەكە لەگیانداران و باڵندەكان جیاوازن. هەندێك لەو زنجیرە ڤایرۆسانە بەراز و عەلەشیش (قەل) تووشی زگچوون دەكەن، بەڵام نیشانەكانی لەمرۆیاندا زۆرتر بەهەڵامەت دەچێ و رێبازی هەناسەدان دەسووتێنێتەوە.
چەند زنجیرەیەكی بەترس لەم دواییە لەو ڤایرەس پەیدا بوون، لەوانە: ئەو كۆڕۆنایەی ئەمڕۆ كە ناویان لێناوە Covid-19 كە بۆ یەكەمجار لەوڵاتی چین و لەشاری (وهان) پەیدابوو. دەزگا تەندروستیەكانی ئەو وڵاتانە پێیان وایە ڤایرۆسەكە لەمارەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، بەڵام هەندێك دەڵێن لەشەمشەمەكوێرەوە بووە، چونكە یەكەمجار لەناو ئەو كەسانە بینرا كە ڕاوی ئەو گیاندارانە دەكەن و دەیانخۆن.
جۆری SARS لەو ڤایرۆسە یەكەمجار لەساڵی 2003 هەر لەوڵاتی چین وەكو پەتا پەیدابوو، كە هەر جۆرە زنجیرەیەكە لە كۆڕۆنا و سەرەتا لەساڵی 2002 لەشاری (كوانگدۆنگ) دەستنیشانكرابوو.
هەروەها جۆری MERS لەساڵی 2012 لەوڵاتی سعوودیە دۆزرایەوەو نیشانەكانی بریتیبوون لەكۆكە و پشمین و هەناسەسواری و هەندێك لەتووشبووان تووشی زگچوونیش دەهاتن. سەرچاوەی ئەو جۆرەیان دیار نەبوو، بەڵام هەندێك پێیان وابوو لەحوشترەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە.

خەڵك: ئەو كێشانە چین لەڤایرۆسەكانەوە تووشمان دەبن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: كێشەی ئەو نەخۆشیانەی ڤایرۆسەكان تووشمان دەكەن لەوەدایە كە میكڕۆبەكە هەرجارەو بەشێوەیەكی تازە مادە بۆماوەییەكەی خۆی دەگۆڕێ Mutation كە پێشتر جەستەی مرۆڤ نەیبینیووەو نایناسێتەوە بۆ ئەوەی بەرگریی لێبكا. جەستەی مرۆڤ سیستەمی بەرگریی خۆی هەیە كە بێجگە لەپێست و پەردەكانی ناوپۆشی ئەندامەكان، خانە و پڕۆتینیش Antibody دروست دەكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی میكڕۆب و تەنە نامۆیەكانی كە دێنە ناو لەشەوە. هەر میكڕۆب یان تەنێكی نامۆ بێتە ناو لەشەوە، ئەو سیستەمە خانە و پرۆتینی لەدژ دروست دەكا بۆ لەناوبردنی. ئەو خانە و پرۆتینانە هەر دەمێنن ئەگەر كەسەكە چاك ببێتەوەو ئەگەر جارێكی دیكە هەمان میكرۆب روو لەجەستەی بكەنەوە، ئەوا یەكسەر ئامادەن بۆ بەرگریكردن و لەناو بردنی، بەڵام ڤایرۆسەكان كە خۆیان دەگۆڕن، سیستەمی بەرگریی پێشوو نایاناسێتەوە، بۆیە بەرگریان لێناكا. هەتا بەرگریەكی تازەشیان بۆ ئامادە دەكا، ئەوا میكڕۆبەكە كاری خۆی دەكا، هەر لەبەر ئەوەشە هەتا كوتانێك بۆ نەخۆشیەكی لەوجۆرە دروست دەكرێ و دێتە بەرهەم، جۆرێكی دیكەی ڤایرۆس پەیدا دەبێ كە ئەو كوتانە بۆی هیچ سوودێكی نابێ، بۆیە نەخۆشیەكانی ڤایرۆس زۆرتر لەپیر و بەساڵاچوو و نەخۆش و ئەوانەی بەرگریان كەمە بەترسترە و كوشندەترە.
تا ئێستا چەندان دەرمان و كوتان بۆ ڤایرۆسەكانی پێشتر و ڤایرۆسەكانی ئەنفلەوەنزا بەتایبەتی دروست كراون، بەڵام هێشتا هەر خۆپاراستن لەهەموو ئەو رێگایانە باشترە.

خەڵك: هاووڵاتیان چۆن خۆیان بپارێزن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بۆ خۆپاراستن لەهەموو ڤایرۆسەكان و بەڤایرۆسی كۆڕۆناشەوە، پاكوخاوێنی و دووركەوتنەوە لەكەسی تووشبوو و بەكارنەهێنانی كەلوپەلی گومانلێكراو باشترین رێگەیە. هەروەها بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەوەی زانرابێ تەنیا لەڕێگەی پڕیشكی دەمولووت و دڵۆپی هەناسە و لیكاو دەگوازرێتەوە، بۆیە دەمامك بۆ دەمولووت گرنگە، پاشان زوو زوو دەستەكانت بشۆی، بەتایبەتی كە دەست دەدەیە شتێك كە ڕەنگە پڕیشكی دەمی كەسێكی تووشبووی لەسەر بێ. باشترە دەست نەدەیە دەمولووت و ناو چاوت پێش ئەوەی بیشۆی چونكە ڤایرۆسەكە بەسەر پەردەی لینجی ئەو شوێنانەوە دەگیرسێتەوەو دەچێتە ناوەوە. دەستگوشین و ماچكردنیش دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرەسەكە، لەهەمان كاتدا دووركەوتنەوە لەو شوێن و كەسانەی جێی گومانن بۆ مەترێك یان پتر نایەڵێ پڕیشكت بگاتێ، باوەڕ وایە لەڕێی هەواوە ناگوازرێتەوە، واتە لەشوێنێكی دوور بۆ شوێنێكی دیكە بەهەوا ناڕوا.

خەڵك: نیشانەكانی كۆڕۆنا لەماوەی چەند دەردەكەوێت؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسەكە لەو ڕۆژەی كە دەچێتە ناو جەستەوە تا یەكەمین نیشانەی نەخۆشیەكە دەردەكەوێ نزیكەی دوو حەفتەیە (لەزانستی پزیشكی پێی دەڵێن ماوەی هەڵهێنان) Incubation Period. باوەڕ وایە هەر لەیەكدوو ڕۆژی گرتنی ڤایرۆسەكە، ئەو كەسە ڤایرۆسەكە لەپڕیشكی دەمولووتی دەردەچێ و دەگوازرێتەوە. كە نیشانەكانیشی دەردەكەون، سەرەتا وەكو پەسیو (هەڵامەت) وایە، ئاو لەلووت و چاوەكان دێتە خوارێ و كۆكە و پشمین و تا و هەناسەسواری و سینگ ئێشان تا دەبێتە سووتانەوەیەكی تیژی سیەكان و هەناسەدان زەحمەت دەبێ و ئەوجا دەمرێ.
ئەو ئامێرانەی كە بۆ ڕووماڵكردنی خەڵك لەفڕۆكەخانە و شوێنە گشتیەكاندا بەكار دەهێنرێن، ئەوانە جۆرە كامێرایەكن كە بەتیشكی ژێرسوور كاردەكەن و دەتوانن وێنەی كەسێكی كە تای لێبێ لەیەكێكی دیكەی ساغ و بێ تا جودا بكەنەوە، چونكە ڕەنگی كەسی تادار لەسەر شاشەكەی پێشی پشكێنەر جیاواز دەردەكەوێ لەوەی كە تای لێ نیە. ئامێرەكان زۆرجۆر و شێوە و قەبارەیان هەیە و وڵاتی چین هەرخۆی ئێستا كارگەكانی برەویان تێكەوتووە و ڕۆژانە هەزاران لەو ئامێرانە بەرهەم دێنن بۆ خۆیان و وڵاتانی دیكەش. دەڵێن هەستیاریی ئەو ئامێرانە ئەوەندەیە كە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش بەبڕێكی بچووك وەك 0.07ی پلەیەك دەدۆزێتەوە.

چاوپێکەوتن

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی: دۆخی كۆرۆنا مەترسیدارە، بەڵام لە كۆنترۆڵ دەرنەچووە

خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ئاماژە دەدات بەوەی دۆخی كۆرۆنا لە پارێزگاكە مەترسیدارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختدەكاتەوە كە دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرنەچووە.

د. یاد نەقشبەندی وته‌بێژی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی له‌باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی سلێمانیه‌وه‌ وتی “له‌ئێستادا ژماره‌ی توشبووان له‌ شاری سلێمانی و بگره‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها وڵاتی عێراقیش له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ له‌ شاری سلێمانی له‌ دۆخێكی مه‌ترسیدارداین به‌ڵام به‌مانای له‌ده‌ستده‌رچوونی دۆخه‌كه‌ نایه‌ت یاخود با بڵێن له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رچووه‌ به‌ڵكو هێشتا ئێمه‌ توانیومانه‌ هه‌موو توشبوویه‌كی كۆرۆنا ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ پێشكه‌شی بكه‌ین، ڕاسته‌ نه‌خۆشخانه‌كانمان فشارێكی زۆری له‌سه‌ره‌ به‌ڵام هێشتا توانای وه‌رگرتنی نه‌خۆشمان هه‌یه‌، وه‌ دڵنیایی ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر بێتو هاوڵاتیان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن وه‌ هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه‌ی پێویسته‌ بیگرینه‌به‌ر به‌رامبه‌ر به‌ كۆرۆنا ، ده‌توانین له‌ داهاتوودا ئه‌م شه‌پۆله‌ خێرایه‌ خاو بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ته‌واو دۆخه‌كه‌ بخه‌ینه‌ ژێر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو تووشبوویه‌ک كه‌ بێته‌ نه‌خۆشخانه‌ وه‌ربگیرێت چونكه‌ ئێمه‌ ترسمان ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بێتو به‌م شێوازه‌ هه‌ڵكشان هه‌بێت ڕه‌نگه‌ وای لێبێت نه‌خۆشخانه‌كان ته‌واو پڕبن و نه‌توانرێت هه‌موو توشبوویه‌ک له‌ نه‌خۆشخانه‌ داخڵ بكرێت.”

د. یاد نه‌قشبه‌ندی ئه‌وه‌شی وت” به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن به‌شێوازێكی زۆر نابه‌رپرسانه‌، نامرۆڤانه‌، ناته‌ندروستانه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌كۆتایـیدا ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌نده‌ هاوڵاتییه‌ من دڵنیایی ده‌ده‌م تا ئه‌م ساته‌ نه‌خۆشخانه‌كانمان ئه‌وه‌نیه‌ بڵێین پڕنه‌بوون به‌ڵی قه‌ڕه‌باڵغیه‌كی زۆری له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كانه‌ ڕاسته‌ ژماره‌یه‌كی زۆری تووشبوومان هه‌یه‌ كه‌ له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كاندان به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌ خاڵێک بده‌م ، ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ شاری سلێمانی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت به‌شێكی كه‌میان پێویستیان به‌ نه‌خۆشخانه‌ هه‌یه‌، زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كان ده‌توانم بڵێم نیشانه‌یان نییه‌ یاخود نیشانه‌ی مام ناوه‌ندی یان هه‌یه‌ كه‌ ئێستا خۆم توشبوویه‌كم هه‌ڵگری ڤایڕه‌سه‌كه‌م نیشانه‌یه‌كی مام ناوه‌ندم هه‌بووه‌ له‌ماڵه‌وه‌م خۆم جیاكردۆته‌وه‌، ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه‌ ڕێنمایی پزیشكین جێبه‌جێم كردووه‌، ده‌توانم بڵێم قۆناغێكی زۆر باشیشم له‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ بڕیووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت زۆر به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ بكرێت.”

نه‌قشبه‌ندی له‌باره‌ی دۆخی نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێت” تا ئه‌م ساته‌ نه‌خۆشخانه‌كان ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێن پڕبوون، دڵنیابن ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ی له‌ ئێستادا له‌ شاری سلێمانی تایبه‌تكراوه‌ ته‌واو پڕبێت، بێگومان ئێمه‌ پلانی دیكه‌مان هه‌یه‌ كه‌ شوێنی تریش ته‌رخان بكه‌ین سه‌ره‌ڕای ئه‌و باره‌ قورسه‌ داراییه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانی كارمه‌ندان و پزیشكانه‌ كه‌ ئیداری و كارگێڕی و كارگوزاریه‌كانیشه‌ چونكه‌ گرنگترین كۆڵه‌كه‌ له‌ ته‌ندروستی دا سه‌رچاوه‌ی مرۆیی یه‌ پاشان بیناو ده‌زگای پزیشكی یه‌ به‌ڵام بێگومان پلانمان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێویستمان به‌ نه‌خۆشخانه‌ی تریش بێت له‌ئه‌گه‌ر پڕبوونی شوێنه‌كاندا ، بێگومان ئێمه‌ شوێنی تر ته‌رخان ده‌كه‌ین به‌ڵام تا ئێستا نه‌خێر پڕ نه‌بووه‌، ڕاسته‌ قه‌ڕه‌باڵغی هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ڕۆژانه‌ ژماره‌یه‌ک چاكبووه‌مان هه‌یه‌ كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه‌ ده‌نێردرێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ دڵنیاده‌بین كه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌له‌شیاندا نه‌ماوه‌.”

ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی وه‌ستانی پشكنینی كۆرۆنا له‌ سلێمانی وته‌بێژی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ڕه‌تیكرده‌وه‌ و وتی” نه‌خێر ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌، ئێمه‌ ته‌نها له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری ڕابردوودا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چه‌ند شوێنێكمان هه‌یه‌ كه‌ پشكنین تیایاندا ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، یه‌كێک له‌وانه‌ سه‌نته‌ری سه‌رچناره‌ كه‌ زۆرترین پشكنینه‌كان له‌وێ ده‌كرێن، وه‌ ئه‌و شوێنه‌ ته‌عقیم كراوه‌ پاشان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێستی تازه‌مان بۆ هاتبوو، جیهازه‌كان پێویستی به‌ جۆره‌ شتێک ده‌كرد بۆ داتا كردنه‌وه‌یان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ بوو له‌م 48 كاتژمێره‌دا ده‌توانم بڵێم ژماره‌ی پشكنینه‌كان به‌راورد به‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو كه‌مێک كه‌م بوون ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی بوو، له‌ دوێنێ شه‌ویشه‌وه‌ به‌ چڕی ده‌ستكراوه‌ته‌وه‌ به‌ پشكنین ، وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌ له‌ڕووی پشكنینه‌وه‌.”

“من ده‌توانم بڵێم له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌ شاری سلێمانی، ئاستێكی باشه‌ به‌وه‌ی ده‌بینرێت بازاڕ و دوكانه‌كان چۆڵن وه‌ خه‌ڵک به‌ شێوازێكی ته‌ندروستانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كەن به‌ڵام هێشتا له‌ ئاستی پێویستدا نییه‌، واته‌ دۆخه‌ پێویستی به‌ زیاتر خۆپارێزییه‌ وه‌ گرنگیشه‌ هاوڵاتیان ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ نه‌یه‌نه‌ بازاڕ ، گرنگه‌ شه‌وانیش كۆبوونه‌وه‌ نه‌كرێت، واته‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند خێزانێک له‌ شوێنێک كۆ ببنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌ركه‌وته‌یه‌. به‌ ڕاستی ئێستا خۆم كه‌ هه‌ڵگری ڤایڕه‌سه‌كه‌م به‌ نموونه‌ بهێنمه‌وه‌ من نازانم سه‌رچاوه‌ی توشبوونه‌كه‌م چی بووه‌، نازانم له‌ كوێووه‌ توش بووم ڕه‌نگه‌ براده‌رێكی خۆمم بینی بێت له‌ شوێنێكدا و قسه‌م له‌گه‌ڵ كردبێت و له‌ شوێنێكدا بوو بێت كه‌ پێشبینیم نه‌كردبێت ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بێت، بۆیه‌ هاوڵاتیان پێویسته‌ به‌ ته‌واوه‌تی پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن و به‌هه‌موو شێوازێک وا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێكدا كه‌ هه‌ڵگری ڤایڕه‌سه‌كه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو لایه‌ک بتوانیین دۆخه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ین.”دکتۆر یاد نه‌قشبه‌ندی وای وت.

د.یاد نه‌قشبه‌ندی له‌باره‌ی ڕێژه‌ی به‌رزی توشبووانی كۆرۆنا وه‌ ژماره‌ی مردووه‌كان له‌ سلێمانی ده‌ڵێت” یه‌ک واقیع هه‌یه‌ ده‌توانم بڵێم ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ له‌ شاری سلێمانی ڕاده‌گه‌یه‌نرێن ، ژماره‌یه‌كی واقیع و شه‌فافن . ئێمه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ واقیعی بوونی دۆخه‌كه‌یه‌ له‌ شاری سلێمانی داومانه‌ به‌ هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان ته‌واو ئاگاداری دۆخه‌كه‌بن، ڕاسته‌ ژماره‌كان جێی نیگه‌رانییه‌ به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌گه‌ر باسی ڕێژه‌ی مردن بكه‌ین به‌راورد به‌ ژماره‌ی تووشبووان هێشتا ڕه‌نگه‌ له‌ زۆر وڵاتی چوارده‌وری ئێمه‌دا یاخود له‌ جیهاندا هێشتا كه‌متربێت به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیدار نییه‌، به‌ڕاستی دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌وه‌ ژماره‌كان جێی نیگه‌رانیین ، وه‌ به‌ ڕاشكاویش ده‌یڵێم ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێن، ئه‌وه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ نیشانه‌یان هه‌یه‌ و دێن پشكنین ده‌كه‌ن، به‌ ڕاستی حاڵه‌ت هه‌یه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌ڵگریش بێت و هیچ پشكنینێک نه‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌كه‌ زیاتر بێت له‌وه‌ به‌ڵام گرنگه‌ خه‌ڵک دوو شت جیا بكاته‌وه‌ ترس له‌گه‌ڵ واقیع جیایه‌، ئێمه‌ نامانه‌وێت به‌ هیچ شێوازێک بترسن ، ناشمانه‌وێت هاوڵاتیان بابه‌ته‌كه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرن وه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌ واقیعیه‌كه‌دا مامه‌ڵه‌ نه‌كه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌نیا شت ده‌ڵێم ژماره‌كان هه‌رچه‌ندێک بێت، دۆخه‌كه‌ هه‌رچیه‌ک بێت دڵنیابن ئه‌گه‌ر خۆپارێزی بكه‌ن و هاوكاری كه‌رتی ته‌ندروستی و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بن ئه‌م دۆخه‌ تێده‌په‌ڕێنین.”

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ سلێمانی ڕاناگه‌یه‌نرێت؟ دکتۆر یاد نه‌قشبه‌ندی وتی” له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ پێشنیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆمان كردووه‌ ، پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌و پێش ، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێک دۆخ، له‌وانه‌ خراپی باری ئابوری هاوڵاتیان كه‌ ده‌توانم بڵێم ڕێگریه‌كی زۆر بووه‌ له‌به‌رده‌م ڕێو شوێنه‌كان و ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ پێویسته، كه‌واته‌ ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ زانستییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ ئێمه‌ تیاین ، ڕِه‌نگه‌ خراپی باری ئابوری هۆكارێک بێت نه‌مان توانیبێت وه‌كو خۆی جێبه‌جێی بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پێشنیاریش كراوه‌ له‌ناو لیژنه‌ی باڵای ئۆپەراسیۆنی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ به‌ڵام لای ئه‌وانیش هه‌مان قسه‌ هه‌بوو كه‌ دۆخی خراپی ئابوری هاوڵاتیان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ پێویسته‌ فرمانه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌ركی ئه‌وانه‌ كه‌ ئه‌وانیش كه‌سانێكی هیلاكن له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ شانبه‌شانی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا بوون له‌به‌ر نه‌بوونی موچه‌ و خراپی باری ئابوری بتوانن به‌و شێوازه‌ ڕێوشوێنه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ شاری سلێمانی ده‌ركرا، له‌ ئێستادا ده‌بینرێت له‌ شاری سلێمانیدا ته‌واو جێبه‌جێ ده‌كرێت و هاوڵاتیانیش ته‌واو باشدا پابه‌ندن پێوه‌ی كه‌ هیوادارم باشتریش بێت”

وته‌بێژی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد” هه‌واڵه‌ خۆشه‌كه‌ یه‌كه‌م ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت به‌شێكی كه‌میان پێویستیان به‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ و باری ته‌ندستیان ناجێگیره‌ هێشتا ده‌توانم بڵێم ئه‌و ڕێژه‌ مردنه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ڕاسته‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ نیه‌ بڵێین ئێمه‌ له‌ هه‌موو وڵاتانی تر زیاترین بگره‌ ڕه‌نگه‌ كه‌متربین به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، خاڵێكی تر گرنگه‌ دڵنیا بن له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا ده‌توانم بڵێم ژماره‌یه‌كی چاکبوونه‌وه‌ی زۆر له‌ شاری سلێمانی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت كه‌ له‌ دوو هه‌فته‌ له‌مه‌و پێش نزیكه‌ی430 حاڵه‌تمان ڕاگه‌یاندووه‌ “ئینشاالله” له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا ژماره‌یه‌كی تری چاكبوونه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و ڕاسته‌ نه‌خۆشخانه‌كان ڕۆژانه‌ نه‌خۆشی تێده‌چێت به‌ڵام نه‌خۆشیش چاک ده‌بێته‌وه‌ و ده‌نێردرێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.”

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری ڕێژه‌ی به‌رزی توشبووانی كۆرۆنا له‌ سلێمانی جیاواز له‌ شوێنه‌كانی تر دکتۆر یاد نه‌قشبه‌ندی ڕایگه‌یاند” ده‌توانم بڵێم واقعێكه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ جه‌ژن و له‌ ڕه‌مه‌زاندا به‌ركه‌وته‌یه‌كی زۆر هه‌بوو به‌ركه‌وته‌یه‌كی زۆر هه‌بوو له‌ شاری سلێمانی ئه‌مه‌ یه‌كێک بووه‌ له‌ هۆكاره‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مان وتووه‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا كۆتایی هاتووه‌، ڤایڕه‌سی كۆرۆنا شتێكی جیهانییه‌ شتێكی لۆكاڵی نییه‌ ته‌نها له‌ شاری سلێمانی بوونی هه‌بێت ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسیه‌كان هه‌یه‌ تا له‌ جیهاندا حاڵه‌تێک بمێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ شاری سلێمانی و بگره‌ هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی عێراقیش حاڵه‌ته‌كان هه‌ر مابوون، ئه‌وه‌ بوو به‌هۆی ئه‌و به‌ركه‌وتنه‌ زۆره‌. بێگومان ئه‌و ژماره‌ له‌ هه‌ڵكشاندا ده‌بێت به‌ڵام گرنگه‌ ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین چون بتوانیین ئه‌م شه‌پۆله‌ خاو بكه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین بڵێین ڤایڕه‌سی كۆرۆنا سه‌د له‌سه‌د بنبڕ ده‌كه‌ین به‌ڵام ته‌نها كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌م هه‌ڵكشانه‌ به‌ره‌و خاوی بڕواته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی بڕوات وه‌ بتوانیین هه‌موو ڕێ و شوێنانه‌ی كه‌ پێویستن جێبه‌جێی بكه‌ین.”

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌وترێت هه‌ندێک نه‌خۆشی تر له‌ ئێستادا له‌ ئارادایه‌ وه‌ك گرانه‌تا؟ دکتۆر یاد نه‌قشبه‌ندی وتی” نه‌خێر به‌ڕاستی ئێستا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یبینین له‌ پشكنینه‌كانه‌وه‌ كه‌ هاوڵاتیان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن نه‌خێر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌توانم بڵێم زۆرینه‌یان كۆرۆناین به‌ڵام گرنگه‌ ئێمه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی ڕاست له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا بكه‌ین، واته‌ گرنگه‌ هاوڵاتیان بزانن كه‌ توشی كۆرۆنا بوویت مه‌رج نییه‌ یه‌كسه‌ر پێویستت به‌ پلازما بێت، یا به‌ چاره‌سه‌ری دژه‌ ڤایڕه‌س بێت پێویستت به‌ چاره‌سه‌رێک بێت بایی 100 هه‌زار بێت كه‌ به‌ڕاستی به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک كه‌س نابه‌رپرسانه‌ و نه‌فس نزمانه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌دا ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زمه‌یه‌ک دروست بكرێت و بۆ هه‌ندێک ده‌ستكه‌وتی ماددی یاخود كه‌سی خۆیان هیوادارم خه‌ڵک له‌ ئاست ئه‌و هۆشیاریه‌دا بن، من باسی خۆم ده‌كه‌م به‌ نموونه‌ من تووش بوو بووم نه‌ ئۆكسجینیشم لابوو نه‌ پلازماشم به‌كارهێناوه‌ نه‌ دژه‌ ڤایڕه‌شم به‌كارهێناوه‌ ته‌نها چه‌ند چاره‌سه‌رێک له‌ چه‌ند ڤیتامینێک پێکهاتووه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ خواردنی ڕۆژانه‌شدا هه‌بێت ئه‌و كاته‌ی كه‌ تووش ده‌بیت ڕه‌نگه‌ جورعه‌یه‌كی زیاتر بێت كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ خواردنی ڕۆژانه‌شدا هه‌بێت، وه‌ باری ته‌ندروستیم به‌ به‌راورد به‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو زۆر زیاتر بێت ده‌توانم بڵێم به‌ره‌و قۆناغی كۆتایی نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌ڕۆم، بۆیه‌ ڕاسته‌ حاڵه‌ته‌كان زۆرن ، ئه‌و نیشانه‌ زۆرانه‌یان له‌م وه‌رزه‌دا ده‌ڕوات ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌توانم بڵێم زۆربه‌یان كۆرۆنان به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ نه‌بێته‌ هۆی شڵه‌ژان یان ترس چونكه‌ زۆر خراپه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌ڵگری ڤایڕه‌سه‌كه‌ن، بۆیه‌ دڵنیابه‌ ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانیش هه‌بێت،ته‌نها به‌ پشوودان و مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ، خۆ جیاكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه‌ تووش نه‌كه‌یت، ئاو زۆرخواردنه‌وه‌ ، میوه‌ خواردن ، ڕۆژانه‌ كه‌مێک بچیته‌ به‌ر خۆری به‌یانی ، جێبه‌جێكردنی چه‌ند وه‌رزشێكی ساده‌ كه‌ خۆ هیلاکكردنی تێدانه‌بێت ، وه‌ به‌كارهێنانی هه‌ندێک له‌و ڤیتامینانه‌ به‌ ئاسانترین شێوه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ تێپه‌ڕ ده‌كات.”

دکتۆر یاد نه‌قشبه‌ندی كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو ڕایگه‌یاند تووشی كۆرۆنا ڤایره‌س بووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌وته‌ی خۆی دۆخی ته‌ندروستی زۆرباشه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ وتی” من له‌ ئێستا بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 8-9 ڕۆژه‌ هه‌ڵگری ڤایڕه‌سه‌كه‌ بووم ، وه‌ چاره‌سه‌ره‌كان به‌كار دێنم ته‌نها چاره‌سه‌رێكی “سه‌پۆرتزه‌” ، هیچ چاره‌سه‌رێكی ئه‌وتۆ نییه‌ ئه‌و شێوازانه‌ی كه‌ دكتۆره‌كان هه‌ر هه‌مان ئه‌و دكتۆرانه‌ی كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری كۆرۆنان له‌ شاری سلێمانی ، ڕێنماییه‌كانم وه‌رگرتوون و “ئینشاالله” له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌توانم بڵێم له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا یان هه‌فته‌ی داهاتوودا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر كاری خۆم پاش ئه‌وه‌ی ده‌بێت بێگومان پشكنینه‌كانم نێگه‌تیف ده‌ربچێته‌وه‌.”

سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆی مانگرتنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ سلێمانی، دکتۆر یاد نه‌قشبه‌ندی وتی” من دڵنیایی ده‌ده‌م كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ شاری سلێمانی له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی یه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت به‌هه‌وڵ و كۆششی هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه‌ به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی، وه‌ ئێمه‌ تا ئێستا نه‌ له‌ هیچ سه‌نته‌رێكی كۆرونا نه‌ له‌ هیچ ئیمه‌رجێنسیه‌ک ده‌وام ڕانه‌گیراوه‌ ، ڕاسته‌ هه‌ندێک شوێن ده‌وامی تیادا ڕاگیراوه‌ به‌ڵام نه‌هێڵدراوه‌ كاربكاته‌ سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان و ژیانی هاوڵاتیان ، ئه‌وه‌ش واقیعێكه‌ كه‌ كارمه‌ند و پزیشک و كارگوزار و یه‌كه‌ ئیداری و كارگێڕیش وه‌كو هه‌موو مرۆڤێكی دیكه‌ پێویستی به‌ بژێوی ژیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌رده‌وامی به‌ ژیانی بدات، ئێستا كه‌رتی ته‌ندروستی توانیویه‌تی ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری پێویسته‌ پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیانی بكات به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌نته‌ره‌كانی كۆرۆنادا كه‌ ده‌توانم بڵێم باشترین خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی له‌ڕووی كوالێتی و له‌ڕووی “كوانتیتی- شه‌وه‌” پێشكه‌ش به‌ توشبووانی كۆرۆنا كراوه‌ له‌ شاری سلێمانی.”

VOA

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

پارێزگاری سلێمانی: تا ئێستا دۆخی كۆرۆنا پێویست بە قەدەغەكردنەوەی هاتووچۆ ناكات

خەڵك – بەشی هەواڵ
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغێك پێویست بكات قەدەغەی هاتووچۆ ڕابگەیەندرێتەوە، بەڵام ئەگەر ژمارەی تووشبووان بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ناچار دەبن خەڵك لە ماڵەكانی خۆیاندا كەرەنتین بكەن و نەبرێنە نەخۆشخانە، هاوكات سوپاسی هاووڵاتییانیش دەكات كە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پابەند نەبن بە ڕێكارە خۆپارێزییەكان.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە جێبەجێكردنی ڕێكارە خۆپارێزییەكان لەلایەن هاووڵاتییانەوە ڕایگەیاند له‌ ئێستادا ڕێكاره‌كان له‌لایه‌ن داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ زۆر زیاتربوون، فراونتربوون، وردتربوون، خێراتربوون، وه‌ توندتربوون، ڕێوشوێنه‌كان زۆر توند ده‌كرێت، هه‌موو شوێنێك ده‌سه‌ڵاتی ته‌واومان داوه‌تێ به‌یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانه‌وه‌، به‌ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌، به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ته‌وه‌، لیژنه‌كانی ئارامی له‌ قائیمقامیه‌ته‌كان، لیژنه‌ی به‌دواداچوونی كۆرۆنا، لیژنه‌ی خۆپاراستنی ته‌ندروستی ، وه‌ ته‌نانه‌ت وامانكردووه‌ كه‌ بنكه‌ی ته‌ندروستی و بنكه‌ی ئاسایش و پۆلیس له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیش هه‌ریه‌كێك له‌ سنوری خۆیدا ڕامانسپاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكاری توند بگرێته‌به‌ر هه‌ركه‌س و شوێنێك كه‌ سه‌رپێچی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بكات یان ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی په‌یڕه‌و نه‌كات یان قه‌له‌باڵغی و تێكه‌ڵاویی و به‌ریه‌ككه‌وتن یان كۆڕوكۆبوونه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌یه‌ دروست بكات.”

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ئه‌وه‌شی وت” ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا به‌ته‌واوه‌تی دركی پێده‌كرێت به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خۆپارێزییه‌ له‌لایه‌ن “هاوڵاتیانی به‌ڕێزه‌وه‌” كه‌جێگای سوپاسێكی زۆرن، ده‌توانم بڵێم ڕۆژانه‌ ئاستی خۆپارێزی له‌10%له‌ سلێمانی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، له‌ هه‌فته‌كانی داهاتوودا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی زۆر باش، هاوڵاتیان تا ئاستێكی زۆر باش پابه‌ندن به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌، خۆیان له‌ هه‌ر به‌ریه‌كه‌وتن و تێكه‌ڵاوبوون و قه‌ره‌باڵغیه‌ك به‌دوور ده‌گرن، ئه‌مه‌ش خۆی بۆ خۆی ئه‌نجامێكی گرنگ ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ ڕامانگه‌یاند و ناومان نا قۆناغی سزای كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسای هاوبه‌ش، ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سێك چووه‌ دوكانێك، شوێنێكی گشتی، ئه‌و شوێنه‌ پابه‌ند نه‌بوو ، خاوه‌نكاره‌كه‌یان كارمه‌نده‌كانی كه‌لوپه‌لی لێنه‌كڕێت ، وه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاگادار بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكاری به‌رامبه‌ر بگرنه‌به‌ر، هه‌روه‌ها دوامان له‌و شوێنانه‌ش كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ خۆیان كه‌لوپه‌لی خۆپارێزی بۆ كڕیاره‌كانیان و بۆ میوانه‌كانیان دابین بكه‌ن وه‌ ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ كه‌سێك به‌بێ ڕێكار و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان، سه‌ردان یان بازاڕكردن له‌و شوێنانه‌دا بكات كه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ئه‌مه‌ش تا ئاستێكی باش چۆته‌ پێشه‌وه‌.”

هه‌روه‌ها وتی” هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌مان ڕاگه‌یاند كه‌ ناومانا خۆپاراستن تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌. هاوڵاتیان تا ئاستێكی زۆر زۆر باش هاتوون به‌ده‌م ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه‌، وه‌ ئومێدم وایه‌ كه‌ ئه‌نجامی باشی لێ بكه‌وێته‌وه‌ . له‌و بارودۆخه‌ی كه‌ دروست بووه‌ له‌ سلێمانی، ده‌توانم بڵێم ئێستا ژماره‌یه‌كی زیاد له‌ پێویست ،وه‌ زیاد له‌ ڕاده‌ی پێویست، وه‌ زیاد له‌ ڕۆژانی ڕابردوو، خه‌ڵك ده‌چن پشكنین ده‌كه‌ن، ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ له‌ سلێمانی ده‌بینرێت به‌رزبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئاماژه‌ و به‌ڵگه‌نییه‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رفراوانی په‌تاكه‌ به‌ڵكو به‌ڵگه‌ و ئاماژه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خه‌ڵك له‌ ناوه‌نده‌كانی پشكنین، خۆیان ده‌پشكنن، وه‌ خویان به‌ دوای ته‌ندروستی خۆیانه‌وه‌ن كه‌ به‌ بڕوای من له‌ هه‌فته‌كانی داهاتوودا ، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ باسم كردن به‌و شێوازه‌ بمێننه‌وه‌ ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كه‌یسی هه‌ڵگرانی ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌ سلێمانی به‌ره‌و خواره‌وه‌ دێت.”
“ئه‌وه‌ی كه‌ كێشه‌یه‌ ، یه‌كه‌میان سه‌رمایه‌ی مرۆییه‌، ئه‌و پزیشك و كارمه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌ به‌ڕێزانه‌ن كه‌ به‌ گیانێكی به‌رزی خۆبه‌خشی و خۆنه‌ویستیه‌وه‌ ، دڵسۆزانه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ به‌تایبه‌تی له‌بواری كۆرۆنایه‌ كارده‌كه‌ن، وه‌ ئه‌مانه‌ پێویسته‌ كه‌ مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆیدا دیاری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش وبه‌رده‌وام پێشكه‌ش بكه‌ن ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ی كه‌ دیاری كراوه‌ بۆ كۆرۆنا له‌دوێنێوه‌ شوێنیان نه‌ماوه‌ بۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ئه‌و كه‌سانه‌ی نیشانه‌كانیان له‌سه‌ر ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ یان نیشانه‌كانیان به‌ سوكی له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتووه‌، خراونه‌ته‌ كه‌ره‌نتینه‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ناچار ده‌بین خه‌ڵك له‌ماڵه‌كانی خۆیان كه‌ره‌نتینه‌ بكه‌ین، ماڵه‌كان ببێت به‌ نه‌خۆشخانه‌ وه‌كو ئه‌و دیارده‌یه‌ی كه‌هه‌موو وڵاتانی تر له‌ ڕابردوودا كراوه‌ و بینراوه‌، به‌ڵام ئومێدده‌كه‌م نه‌گه‌ینه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ .نه‌خۆشخانه‌كانی ئێمه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستیه‌كانی به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌م بارودۆخه‌ سه‌خته‌ داراییه‌ و بژێویه‌شی كه‌ خه‌ڵك تێیكه‌وتووه‌ به‌رده‌وامه‌، چ پزیشك و كارمه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌ڕێزه‌كان ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێده‌كه‌ن، وه‌ ناوه‌ندی ته‌ندروستی ئێمه‌ كاری خۆی ده‌كات، كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌ش تا ڕاده‌یه‌كی پێویست هه‌یه‌ كه‌ ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ نه‌بن به‌ كێشه‌.” د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وای وت”

پارێزگاری سلێمانی وتیشی” هیوادارین مه‌سه‌له‌ی بژێوی خه‌ڵك، وه‌ مه‌سه‌له‌ی ئابوری ده‌وڵه‌ت، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیدارتر له‌ كۆرۆنا دروست نه‌كه‌ن، وه‌ نه‌بنه‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه‌ی گرتومانه‌ته‌به‌ر به‌هه‌ده‌ر بچێت، قسه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان چ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ له‌ وه‌زاره‌ته‌كان كردووه‌، ئومێد ده‌كه‌ین له‌م هه‌فته‌یه‌دا بابه‌تی مووچه‌ تاڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ببێت ، وه‌ وانه‌كه‌ین كه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ قۆناغی كه‌ره‌نتینه‌ كردنی گشتی و قه‌ده‌غه‌ كردنی ته‌واوی هاتوچۆ چونكه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ناتوانێت هۆكاری سه‌ره‌كی بێت بۆ سنورداركردنی په‌تاكه‌، به‌ڵام ده‌بێته‌ مایه‌یی دروستكردنی دوو قه‌یرانی تریش كه‌ مه‌سه‌له‌ی بژێوی هاوڵاتیان و كارو كه‌سابه‌تی بازاڕه‌، دووه‌میشیان كه‌مكردنه‌وه‌ و له‌ناوبردنی ئابوری و داهاتی ده‌وڵه‌ته‌.”

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا به‌نیازن قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕابگه‌یه‌ننه‌وه‌ جارێكی تر چ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی به‌شێك یا به‌ته‌واوی ؟ د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وتی” ئێمه‌ ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی بۆڵ بژێرانه‌ ده‌ستمان به‌ قه‌ده‌غه‌ و كه‌ره‌نتینه‌ كردووه‌، له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ مایه‌ی په‌یڕه‌ونه‌كردنی ڕێنماییه‌كان بووبن یا شوێنی دروستكردنی قه‌ڵه‌باڵغی بوون دامان خستوون هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌داخستنی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین كه‌ به‌ریه‌كه‌وتن و قه‌ڕه‌باڵغی لێدروست ده‌بێت، له‌ قۆناغی داهاتوودا ئه‌گه‌ر خوانه‌كرده‌ ئاستی پارێزبه‌ندی وخۆپارێزی خه‌ڵك دابه‌زی وه‌ هاوڵاتیان پابه‌ند نه‌بوون ، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناچار ده‌بین قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوی هاتوچۆ ڕابگه‌یه‌نینیه‌وه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ پێویست بكات جارێكی تر قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوی هاتوچۆ ڕابگه‌یه‌نیین.”

پاڕێزگاری سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕانه‌گه‌یه‌نرێته‌وه‌ جارێكی تر”ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ هاوڵاتیان بتوانن ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی په‌یڕه‌و بكه‌ن وه‌ هه‌ماهه‌نگی دامو ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بن به‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌رشوێنێك سه‌رپێچیان بینی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ له‌پێشه‌وه‌ باسم كرد ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكاری توندیان به‌رامبه‌ر بگرنه‌به‌ر.”

پارێزگاری سلێمانی ئه‌وه‌شی وت” ده‌خوازین كه‌ به‌ هیچ جۆرێك نه‌ هاوڵاتیان و نه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، نه‌ حكومه‌ت دۆسیه‌ی ته‌ندروستی تێكه‌ڵ نه‌كات به‌ هیچ دۆسیه‌و ئه‌جینداو دۆزێكیتر، دۆسیه‌ی ته‌ندروستی ته‌ندروستی وبڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كاریگه‌ری و په‌یوه‌نده‌ به‌ هه‌موو هاوڵاتیه‌كه‌وه‌ ، تاك به‌تاكی هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌مان و جیهان، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌،ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنه‌ هه‌موومان ده‌گرێته‌وه‌ له‌ هه‌ر ئاست و ته‌مه‌ن و شوێنێك بین، بۆیه‌ ئومێدده‌كه‌م هیچ كه‌سێك ئه‌و دووبابه‌ته‌ تێكه‌ڵ نه‌كات، ئه‌وی تریش مافێكی ڕه‌وایه‌، به‌فه‌رمی داوامان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆران دابین بكات . وه‌ ئومێد ده‌كه‌ین له‌ ڕۆژانی داهاتوو و هه‌فته‌كانی داهاتوودا حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن و لێك تێگه‌یشتنێكی وه‌ها كه‌ به‌ڕیشه‌یی بتوانێت ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات.”

ده‌رباره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ماسك و ده‌ستكێش له‌بازاڕێكاندا؟ د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ڕایگه‌یاند” نه‌خێر به‌هیچ جۆرێك شتی وا نابێت، ئێمه‌ لێره‌ هانی كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌دارمان داوه‌، وه‌ ده‌ستمان كردووه‌ به‌به‌رهه‌م هێنانی ماسك و ده‌ستكێش له‌ناو شاری سلێمانیدا ، وه‌ له‌ شاره‌كانی وه‌كو هه‌ولێر و ئه‌و شوێنانه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، ڕێگا و كار ئاسانیمان كردۆته‌وه‌ بۆهه‌ر كه‌س و بازرگانێك كه‌ ئه‌م كاڵایانه‌ به‌پێی مه‌رجه‌ ته‌ندروستیه‌كان و كوالیتیه‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنێته‌ ناو كوردستانه‌وه‌، وه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانه‌وه‌ ئێمه‌ش وه‌كو پارێزگا بۆ هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت توانیومانه‌ ئه‌م پێداویستیانه‌دابین بكه‌ین، له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆرهاتۆته‌ بازاڕ، هیوادارم له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا به‌ ژماره‌یه‌كی وا بێته‌ بازاڕ كه‌ به‌ته‌واوی بتوانێت ئه‌و نرخه‌ی كه‌ هه‌یه‌دایبه‌زێنێت ، وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ببێت به‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌و نرخه‌ی كه‌ له‌چه‌ند ڕوژی ڕابردوودا پێی فرۆشراوه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ شتێكی زۆر گرنگ نیین ، به‌ بڕوای من مه‌رج نیه‌ هاوڵاتی ته‌نیا ئه‌و ماسكانه‌ی له‌بازاڕدا هه‌یه‌ بیكڕێت به‌ڵكو ده‌توانێت خۆی له‌ماڵه‌وه‌ دروستی بكات وه‌یان هه‌رشتێكی پاكژبه‌كار بهێنێت بۆ دوور خستنه‌وه‌ وده‌م ولێو و چاوی له‌ هه‌ر به‌ركه‌وته‌یه‌كی ده‌ره‌كی كه‌ ده‌كرێت به‌ هه‌ر شتێك بێت خۆی لێ بپارێزێت، ئامانجه‌كه‌ خۆپارێزییه‌ نه‌ك ته‌نها دروستكردنی بازاڕێك بۆ ماسك و ده‌ستكێش، بۆ مه‌سه‌له‌ی ده‌ستكێش یش هاوڵاتیان ده‌توانن به‌هۆكاری خۆپاكژ ڕاگرتن له‌ هه‌موو شوێنه‌كان دانراوه‌ و كراوه‌ به‌ مه‌رج، ڕۆژی چه‌ند جارێك له‌و شوێنانه‌ كه‌ ده‌ستیان به‌ر شتێك ده‌كه‌وێت، جارێكی تر خۆیان ڕێك بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گرفتی ئه‌وه‌ نه‌مێنێت كه‌ خه‌ڵك كه‌ ده‌ستكێش ببێت به‌ گرفتێكی گه‌وره‌ بۆی و ڕۆژان چه‌ند دانه‌یه‌ك به‌كار بهێنێت.”

وتیشی” داوامان له‌ هاوڵاتیان كردووه‌ خۆیان ده‌توانن پشت به‌خۆیان ببه‌ستن ، وه‌ په‌یوه‌ست به‌دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كارنه‌كاته‌ سه‌رقه‌باره‌ی خسته‌ڕوو له‌ بازاڕدا. به‌شی هه‌ره‌ زۆری داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، ئێمه‌ له‌لایه‌ن پارێزگای سلێمانیه‌وه‌ خۆمانه‌وه‌ بۆمان دابین كردوون.”

د.هه‌ڤاڵ سه‌باره‌ت به‌ مانگرتنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌م كاته‌دا به‌هۆی پێنه‌دانی موچه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ڵێت” له‌ به‌شێك له‌ پێداویستیه‌كانیاندا له‌ ڕابردوو ، وه‌ له‌ ئێستاشدا ، به‌كارمه‌نده‌ خۆبه‌خشه‌كان وبه‌و پزیشكانه‌شی كه‌ تازه‌ دامه‌زراون، له‌ڕابردوو ، له‌ ئێستاشدا بۆ چه‌ندین مانگ هاوكاریان بووین، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و هاوكاریانه‌مان به‌رده‌وام بین، وه‌ پشتیوانی و كۆمه‌ك پێشكه‌ش به‌وانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا به‌تایبه‌تی كارده‌كه‌ن، له‌ماوه‌ی ڕابردووشدا هه‌مان پشتیوانمان له‌ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ی پێنجوێن و شوێنه‌كانی تر كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌یه‌ی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین، به‌فه‌رمیش ئێمه‌ سوپاسنامه‌ی خۆمان پێشكه‌ش به‌و “خۆشه‌ویستانه‌” هه‌موویان ده‌كه‌ین وه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردووشدا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی و كۆلیژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی ڕێزلێنانمان كرد بۆ ئه‌و ده‌یان خوێنكاره‌ خۆبه‌خشه‌ی كۆلیژی پزیشكی كه‌ له‌ هێڵی گه‌رمی 122 تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌مه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.”
پارێزگاری سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو” داوامان له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ سوپاسنامه‌ وپێشخستنی خزمه‌ت بۆ هه‌موو ئه‌و سێكته‌رانه‌ بكات كه‌ له‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنایه‌دا ڕۆڵی به‌رچاوی خۆیان بینیووه‌. هه‌ر دوو ڕۆژی ڕابردوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و به‌ڕێزان وه‌زیری دارایی و وه‌زیری ته‌ندروستی و وه‌زیری ناوخۆ قسه‌مان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ مووچه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی بده‌ن و به‌خێرایی دابه‌ش بكرێت، وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قسه‌مان كردووه‌، وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕابردووی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕی 5 ملیار دینار ته‌رخانكرایه‌وه‌ بۆ سێكته‌ری ته‌ندروستی كوردستان وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و شانه‌ی قه‌یرانه‌كان گفتوگۆمان كردووه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ كه‌ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی عێراق كه‌ هه‌ماهه‌نگ بوون له‌گه‌ڵماندا كه‌ بودجه‌یه‌كی تر له‌ حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بۆ پشتیوانی كردنی كه‌رتی ته‌ندروستی دابین كراووه‌، وه‌ له‌ پێداویستیه‌ ڕۆژانه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستیدا، كه‌لوپه‌لی خۆپارێزییان له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی كه‌ پێویستیانه‌ له‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كارگه‌ی ئۆكسجینیشه‌وه‌، ئێمه‌ ڕۆڵمان بینیووه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌زوویی بتوانیین هه‌ماهه‌نگ بین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌تانه‌و گرفت له‌ڕووی پێداویستی و كه‌لوپه‌له‌وه‌ دروست نه‌بێت.”

له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌دا د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌باره‌ت به‌ پێشبینی-ییان بۆ دۆخی سلێمانی ده‌ڵێت” ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ئاستی خۆپارێزیه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بین وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شێواز و ڕێكارانه‌ و چاودێریكردنی دۆخه‌كه‌ به‌رده‌وام بین له‌ هه‌فته‌كانی داهاتوودا بارودۆخه‌كان به‌ره‌و باشی ده‌چن، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر خۆپارێزی به‌رده‌وام نه‌بین وه‌ ئه‌گه‌ر ڕێكاره‌كان شل بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی ته‌واو نه‌بێت له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی پارێزگاكه‌ماندا، ئه‌وا بارودۆخه‌كان به‌ره‌و سه‌ختی ده‌ڕۆن.”
VOA

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

محەمەد عوسمان: ڕادەستكردنی تۆمەتبارەكان بە بەغدا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئەنجام دراوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك ڕایدەگەیەنێت كە ڕادەستیكردنەوەی تۆمەتبارەكان بە حكومەتی ناوەنی كارێكی حزبی نەبووە و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دراوە، جەختیش دەكاتەوە كە لە پێناو كەركوك و ناوچە كوردستانییەكاندا هەر دەستپێشخەرییەك پێویست بێت دەیكەن.

محه‌مه‌د عوسمان لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كه‌ركوك سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 170 دیلی تۆمه‌تبارانی تیرۆر به ‌حكومه‌تی عیراقی ڕایگەیاند “دیاره‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له ‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ هه‌میشه‌ ڕاهاتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێمان وایه‌ و بڕوای ته‌واویشمان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌بێت كۆی پێكهاته‌كان پێكه‌وه‌ له‌م وڵاته‌دا به‌تایبه‌تی له‌ كه‌ركوك پێكه‌وه‌ بژین وه پێكه‌وه‌ خزمه‌ت بكه‌ین و‌ پێكه‌وه‌ هه‌نگاو بنێین و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆین، ناكرێت ئێمه‌ پێكهاته‌كان له‌ نێوان خۆماندا بكه‌وینه‌ گومان له‌ یه‌كتر وبڕوامان به‌ یه‌كتر نه‌مێنێت و هیچ خۆشه‌ویستی و ڕێزێك له‌نێوانماندا نه‌مێنێت، بۆیه‌ ده‌كرێت ئێمه‌ له‌م گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ به‌ ڕێنمایی هاوسه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسی ئێمه‌ ده‌ستمان كرد به‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵده‌ین هه‌م حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌ك نزیك بكه‌ینه‌وه”.

محه‌مه‌د عوسمان ڕوونیكرده‌وه‌ “ئێستاش ئه‌م ڕێكه‌وتنه ‌به‌ده‌ستپێشخه‌ری ئێمه‌ له‌نێوان داموده‌زگای ئه‌منی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگای ئه‌منی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌مانه‌ ئازاد ناكرێن بڵێن خواحافیزتان بێت و بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆتان، ئه‌مانه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كرێن به‌ میكانزمێك و حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌مانه‌ ڕووبه‌ڕووی دادگا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ پێویسته‌ دادگایی بكرێن یان حكوم بدرێن یان ئه‌وه‌ی كه‌ دادگا به‌سه‌ریاندا ده‌یسه‌پێنێت به‌و شێوه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، ئێمه‌ هه‌وڵماندا نێوه‌ندگیرێكی باش بین له‌نێوان هه‌ردوولادا”.

سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی ڕاده‌ستكراونه‌ته‌وه‌، لێپرسراوەكەی یەكێتی ده‌ڵێت: “ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ من تا ئێستا زانیبێتم ژماره‌یان نزكه‌ی 160 بۆ 170 كه‌س ده‌بن و ئه‌مانه‌ كاتی خۆی له‌كاتی شه‌ڕی داعش دا كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌م ناوچانه‌ بوونی نه‌بووه‌، هه‌ندێكیان به‌شداربوون له‌ كۆمه‌ڵێك كرده‌ی تیرۆریستی جۆراوجۆر، دیاره‌ زانیاری هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستگیركراون و به‌شێكی زۆریشیان دانیان ناوه‌ به‌تاوانه‌كانیاندا، ئه‌م تیرۆرستانه‌ یان ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی كه‌ گیراون، تۆمه‌تبار كراون یان تۆمه‌تبارن یان هه‌ریه‌ك له‌و شتانه‌ وا ڕێكه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مانه‌یان گرتووه‌، له‌و كاته‌ به‌ره‌و سلێمانی كشاونه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ له‌وێوه‌ بووه‌ یان ئه‌و ده‌زگایه‌ی كه‌ پێویست بوو ڕووبه‌ڕووی ئه‌وان ببێته‌وه‌، مه‌فره‌زه‌كانی ئه‌وان گرتوویانه‌ كه‌ ناوه‌ندی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ سلێمانی بووه”.

هه‌روه‌ها محه‌مه‌د عوسمان وتی: “من زۆر ئاگام له‌ ورده‌كاری نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو كادیرانی مه‌ڵبه‌ند، وه‌كو حیزبێكی سیاسی به‌ ڕێپێدانی به‌غداد ئێمه‌ هه‌وڵماندا ئه‌م نێوه‌ندگیریه‌مان كرد، و به‌ڕاستی لێره‌وه‌ پێشم خۆشه‌ ئه‌و سوپاس بۆ هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ ئه‌وان بڕیاریاندا كه‌ به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی تازه‌ پیاده‌ بكه‌ن و یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌ و سیاسه‌ته‌ تازه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانیین خزمه‌ت بكه‌ین و خه‌بات بكه‌ین و و ژیان بۆ خه‌ڵك بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و یارمه‌تی ژیان و هۆكارێك بین بۆ به‌ره‌وپێش چوونی ژیانی خه‌ڵك له‌م ناوچه‌یه”.

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر چیدا بۆ كورد كراوه‌؟ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یەكێتی له‌ كه‌ركوك ڕایگه‌یاند “هیچ به‌رامبه‌رێكی تیا نیه‌، به‌بێ به‌رامبه‌ر ئه‌م نێوه‌ندگیرییه‌ كراوه‌، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مه‌ بزانێت كه‌ یه‌ك به‌رامبه‌ری تیایه‌، ئه‌ویش خاكه‌ ئێمه‌ تا ئه‌م ده‌قه‌یه‌ له‌پێناو خاكه‌كه‌مان و میلله‌ته‌كه‌مان، نه‌ك ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، چه‌ند ده‌ستپێشخه‌ری تریش هه‌بێت ده‌یكه‌ین، چونكه‌ له‌م وڵاته‌ به‌م ته‌شه‌نوج ‌و به‌م یه‌ك نه‌خوێندنه‌وه‌یه‌ خه‌ریكه‌ ئێمه‌ خاك زیاتر له‌ده‌ست ده‌ده‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی خاك له‌ده‌ست نه‌ده‌ین و مێژوو له‌ده‌ست نه‌ده‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لتوری ئه‌م میلله‌ته‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ین، ئێمه‌ ده‌بێت بچین له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كان برایه‌تی بنوێنین”.

محه‌مه‌د عوسمان جه‌ختیكرده‌وه‌ ” ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت میلله‌ته‌كه‌مان له‌م ته‌شه‌نوجه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌ و ئه‌م كوشتن و بڕینه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی ناوچه‌كانمان بۆته‌وه‌، خانوو ته‌قاندنه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ناوچه‌كانمان بۆته‌وه‌، ڕۆژانه‌ گه‌نمی جوتیاران ده‌سوتێت و ڕۆژانه‌ خه‌ڵكمان لێ ده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه‌ بتوانیین به‌رامبه‌ر خاو بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ له‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان كه‌م ببێته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بمانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بڕوا و سیقه‌ له‌لای به‌رامبه‌ره‌كه‌مان دروست ببێت، ده‌بێت كارێكی له‌م بابه‌تانه‌ بكرێت، كه‌ ئه‌مانه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌مانه‌ ئازاد ناكرێن ته‌نها زیندانه‌كه‌یان ده‌گۆڕدرێت زیندانه‌كه‌یان له‌ سلێمانیه‌وه‌ ده‌گۆردرێت بۆ كه‌ركوك و بۆ به‌غدا و شوێنه‌كانی تر ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌پێی به‌نده‌كانی یاسای سزادانی عیراقی و یاسای سزادانی سه‌ربازی ئه‌مانه‌ هه‌ركه‌سه‌و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت”.

محه‌مه‌د عوسمان ئه‌وه‌شی وت “قه‌زیه‌ێكی سیاسی یه‌ نه‌ك یاسایی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ دۆسیه‌ یاساییه‌كه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌، ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنی ڕووداوەكە كه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كه‌یه‌تی ده‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ بێت ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌شه‌نوج زیاتر دروست نه‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ژن و منداڵی خه‌ڵك نه‌كوژرێت، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك جارێكی تر ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر نه‌بێت، زۆر زۆر ئاساییه‌ ئێمه‌ ئه‌م زیندانیانه‌ له‌وێوه‌ بگوازینه‌وه‌ و بیده‌ینه‌ ده‌ست حكومه‌تی ناوه‌ندی چونكه‌ ئه‌وان زیاتر پەیوەندیدارن به‌شێكی زۆری زیندانییەكانی حكومه‌تی عیراقی، به‌شێكیان له‌ سوسێ و به‌شێكیان له‌ شوێنی تردایه‌ چونكه‌ زیندانی فیدڕاڵی ده‌توانێت له‌ هه‌موو شوێنێك بوونی هه‌بێت، و ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌شه‌نوجێكی دروست كردبوو، بێ متمانه‌یی دروستكردبوو له‌نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بۆیه‌ هه‌وڵماندا ئه‌مانه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌م هه‌مه‌یه‌ له‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان نه‌بێت چونكه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌ هیچ شتێك نیه‌ ته‌نها برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیان نه‌بێت له‌و شاره‌دا”.

لێپرسراوەكەی یەكێتی ڕاشیگەیاند كە ئەوان حیزبێكی سۆشیال- دیموكراتن و “مه‌بده‌ئی ئێمه‌ پێكه‌وه‌ ژیان و پێكه‌وه‌ كاركردن و پێكه‌وه‌ خزمه‌تكردنه‌ له‌گه‌ڵ كۆی ئاین و ته‌ته‌وه‌ و لایه‌ن و زمانه‌كان، و زۆر ده‌مێكه‌ ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام دۆخ و سه‌رده‌م جاری وا هه‌یه‌ ده‌رفه‌تت بۆ ناڕه‌خسێنێت، و ئه‌مجاره‌ كه‌ وتمان له‌گه‌ڵ كۆی سیاسه‌تی تازه‌ی یه‌كێتی، به‌رنامه‌ و پلانی تازه‌ی یه‌كێتی بڕیاری ئه‌وه‌ماندا كه‌ ئاشته‌وایی ڕابگه‌یه‌نیین له‌ نێوان كۆی پێكهاته‌كانی عیراق و به‌ كوردستانیشه‌وه‌، و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م ئاشته‌واییه‌ ڕابگه‌یه‌نین، ده‌بێت هه‌ندێك هه‌نگاوی كرداری بنێین و ئه‌و هه‌نگاوه‌ كرداریانه‌ ئه‌گه‌ر نه‌بێت ئه‌و باوه‌ڕ و متمانه‌یه‌ دروست نابێت و ئه‌و متمانه‌یه‌ ناگه‌ڕێته‌وه”.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا كورد له‌ناو ئه‌و تۆمه‌تباره‌ ڕاده‌ستكراوانه‌دا هه‌ن؟ محه‌مه‌د عوسمان ده‌ڵێت” من ورده‌كاریه‌كه‌ نازانم، هه‌موو پێكهاته‌كانی تیایه‌ یان نا؟ به‌ڵام ئێمه‌ له‌ڕابردوودا ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوك كراوه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ خه‌ڵكیان كوشتووه‌، به‌ڵێ كوردی تێدا بووه‌، كورد و عه‌ره‌ب و توركمانیشمان گرتووه‌. به‌ڵام من ئێستا نازانم ئه‌مانه‌ كێن و چ قه‌ومیه‌تێكن به‌ڵام ده‌زانم ئه‌مانه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوكیان تێدایه‌ و خه‌ڵكی موسل و دیاله‌ و هه‌تا ئه‌نبار و تكریت و شوێنی تریشیان تێدایه‌.”

له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئایا گه‌ره‌نتییان هه‌یه‌ دوای ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ كێشه‌ی هاوڵاتیانی كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌تایبه‌ت سوتاندنی ده‌غڵ و دان و كوشتن و ئاواره‌كردنیان كۆتایی پێبێت كه‌ وه‌ك خۆت له‌وه‌ڵامه‌كان وتت له‌و پێناوه‌دا كردومانه‌؟

محه‌مه‌د عوسمان لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی” ئێمه‌ هیچ گه‌ره‌نتییه‌كمان نیه‌ چونكه‌ ده‌ست له‌ ناوچه‌كه‌دا گه‌لێك زۆره‌، ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ستی توركیا و ئێران و داعش هه‌یه‌، ده‌ستی ئه‌حزابی سیاسی عیراقی و كوردستانی هه‌یه‌، ده‌ستی لایه‌ن و مخابه‌راتی وڵاتانی تری تێدایه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ر بۆ ئاژاوه‌ هه‌وڵ بده‌ن گه‌نمی خه‌ڵكی تر بسوتێنن”.

محه‌مه‌د عوسمان ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت” كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت كرد كه‌ عه‌ره‌به‌، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كه‌ركوك و ڕاوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عیراق و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی عه‌ره‌بی و كوردی و توركمانی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌وا هه‌بوون، هه‌موو ڕێكه‌وتین له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ نێوه‌نگیریه‌كه‌ی خۆمان به‌رده‌وام بین و ئێستا ساز و ئاماده‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ڕاده‌ست بكرێن و بنێرنه‌ زیندانه‌كانی فیدڕاڵی، به‌ڵام ئیتر كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌مشه‌و یان به‌یانی یان دووبه‌یانی ئیتر ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ولیژنه‌یه‌ی كه‌ له‌ نێواندا دروستكراوه”.

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌ه‌تی نیشتمانی كوردستان له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌شی وت “لیژنه‌كه‌ دوولایه‌نه‌، لایه‌نی حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نی حكومه‌تی ناوه‌ندی، لایه‌نه‌كان هیچ كه‌سی تێدا نیه‌ به‌ یه‌كێتیشه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ تیایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌كو مه‌ڵبه‌ندی ڕێكخستنی كه‌ركوك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ نێوه‌ندگیریه‌كه‌مان كردووه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی هاوسه‌رۆكه‌كان كه‌ به‌ڕێزیان فه‌رمانیان به‌ ئێمه‌ كرد كه‌ ئێمه‌ به‌و كاره‌ هه‌ڵسین ئێمه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی كرداریی جێبه‌جێمان كرد”.

VOA

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان