كەوتنی ئەردۆغان



هەندرێن شێخ راغب

ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا، تەنها گرێدراوی رەوشی ناوخۆی توركیا نیە، بەڵكو زنجیرەیەك گۆڕانگاری دروست دەكات، كاتێك ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكان بدۆڕێت، ئەوا لێكەوتەكانی هەر پرۆسەی سیاسی ناوخۆی توركیا ناگرێتەوە. كەوتنی ئەردۆغان كۆمەڵێك گۆڕانكارییە پێكەوە، هەر لە پەیوەندی نێوان توركیاو ئێران، توركیاو سوریا، توركیاو عێراق، تاوەكو توركیا و ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو ناتۆ. ئینجا پەیوەندی نێوان توركیاو روسیا. هەموو ئەم گۆڕانكاریانە رەنگدانەوەی راستەوخۆیان لەسەر كورد هەیە لە هەر چوارپارچەكەی.
هەڵبژاردنەكانی توركیا بۆ ناوخۆی توركیا مانای گۆڕانكارییە، بۆ كورد مانای زۆرتری هەیە، ئەوەندەی كورد لەم هەڵبژاردنە چاوەڕێی شتە، ئەوەندە تورك چاوەڕێ نیە، دەتوانین بڵێین ئەمە هەڵبژاردنێكی كوردییە لەناو دەوڵەتی توركی!. چونكە ئەردۆغان سەرۆكی ئێستای توركیا چنگی لەناو كێشەی كورد گیركردووە لەهەر چوارپارچەكەی. بۆ نمونە با روداوێك وە بیر بهێنینەوە، رۆژانی رابردوو خۆپیشاندانەكانی ئێران لەسەر كوشتنی كچە كورد ژینا ئەمینی ئێرانی تەنی، بینیمان ئەردۆغان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران كۆدەبوویەوە، نەك ئۆپۆزسیۆن و شەقامی ناڕازی ئێران. بەڵام ئەگەر جەهەپە بێتە دەسەڵات لە توركیا لەوانەیە لە روداوێكی ئاوادا رای دیكەی هەبێت. ئەمەش راستەوخۆ پەیوەستە بە كێشەی كوردەوەو كاریگەری لەسەری دەبێت.
ئەوەی بۆ من جێگای پرسیارە، ئەم خۆشحاڵیە زۆرەی كوردە بە كەوتنی ئەردۆغان، راستە ئەم پیاوە عەفرینی داگیركردو دەستی لە كۆمەڵكوژی كورد نەپاراست، راستە سەركردەكانی كوردی لە توركیا زیندانی كردووە، راستە پاكێجی چارەسەری شكستی هێنا. بەڵام جەهەپەو ئۆپۆزسیۆنی توركیاش هیچ بەڵێنێكی ئەوتۆیان بە كورد نەداوە، تەنها دوو شت دەڵێن: لەناو پەرلەمانی توركیا كێشەی كورد چارەسەر دەكەین، دووەم سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەكەین. هیچ پڕۆژەو نوسراوو پاكێجێكی فەرمی ئۆپۆزسیۆن بڵاونەبۆتەوە سەبارەت بە كێشەی كورد. ئازادكردنی دەمیرتاش هەواڵێكی خۆشە، بەڵام مانای چارەسەری كێشەی كورد نیە. ئینجا پرسیارێكی دیكە ئەوەیە كە لەناو پەرلەمان چۆن كێشەی كورد چارەسەر دەكەن، بە فكری توركی خۆتان، یان بە واقعی بەش مەینەتی كورد لە توركیا. بۆیە ئەمە هیچ جێگای دڵخۆشی و باوەڕكردن نیە بۆ كورد كاتێك جەهەپەو ئۆپۆزسیۆنی توركیا باسی چارەسەری پەرلەمانی دەكەن.
ئەگەر دیقەت بدەین هۆكاری شكستی ئەردۆغان و پاشەكشەی ئەم دیكتاتۆرە، لەبەر ئەوە نیە كە كێشەی كوردی چارەسەر نەكردووە، مافی مرۆڤی پێشێل كردووە، دیموكراسی نیە.. بەڵكو هۆكارەكەی بژێوی ژیان و ئابوری و بێكاری و دابەزینی لیرەی توركیە، پڕوپاگەندەی كەمال كلچدارئۆغڵۆی ركابەری و ئۆپۆزسیۆنی توركیا تەنها ئابوری و بژێوی ژیان و داهات و خەرجی ناو توركیایە، واتە بابەتی كوردو دیموكراسی نیە. ئەمەش مانای وایە سبەینێ دەتوانن ئاسان پاشگەزببنەوە لەهەر بەڵێنێك كە بە كوردیان داوە.
دەسەڵاتی داهاتووی توركیا ئامانجی باشكردن و راستكردنەوەی ئابوری توركیایە، لە ئێستادا بەهۆی شەڕی ئۆكرانیا روو لە بازاڕی ئەوروپا ناكات، سوریاو ئێرانیش لەروی ئابوریەوە زۆر خراپن، تەنها عێراق خاوەنی بودجەیەكی زەبەلاحی گەورەیە، رەوشی ئابوری عێراق زۆرباشە لەروی داهاتەوە، چاوەڕێ دەكرێ توركیا روو لە عێراق بكات و بەغدا مەنزڵی داهاتووی دەسەڵاتی توركیا بێت. ئەمەش راستەوخۆ لەسەر كێشەی كورد لە توركیاو عێراق كاریگەری دادەنیًت.
سەركەوتنی لیستی هەدەپەو پارتی چەپی سەوز، بۆ ناو پەرلەمانی توركیا، بۆ كورد سەركەوتنێكی گەورەیەو باڵانسی زۆر شت دەگۆڕێت، ئەمەش وا دەكات دەسەڵاتی داهاتووی توركیا بڕێك هەڵوەستە بكات. ئەگینا هێشتا زۆر شت بۆ كورد روون نیە. بەهیوای كەوتنی ئەردۆغان و توركیایەكی نوێ بە دەستكاریكردنی دەستور و هەمواركردنەوەی لەبەرژەوەندی كوردو دیموكراسی.
“ئەگەر کورد یەکگرتوو بوایە، ئێستا سنورمان لە دەریای ناوەڕاست دەبوو”
پێت “ئەگەر کورد یەکگرتوو بوایە، ئێستا سنورمان لە دەریای ناوەڕاست دەبوو”
حكومەتی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزێكی هاووڵاتیان دەركرد
دوات حكومەتی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزێكی هاووڵاتیان دەركرد
پەیوەندیدار