شەوی قەدر كەیە و نیشانەكانی كامانەن؟


 

شەوی قەدر، یەكێكە لە شەوەكانی مانگی ڕەمەزان ‌و بەرزترینیانە، موسڵمانان لەو باوەڕەدان چاكترە لە ھەزار مانگ وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە ‌و لەو شەوەدا قورئان دابەزیووە بۆ پێغەمبەری خودا (د.خ).

شەوی قەدر لە قورئان و فەرموودەدا:
لەو ئایەتانەی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) دەربارەی ئەم شەوە ھاتوون، ئەمانەی خوارەوەن..

لە قورئاندا و لە سورەتی (القدر)دا دەربارەی ئەم شەوە ھاتووە (ئێمە بەڕاستی قورئانمان دابەزاندۆتە خوارەوە لە شەوێكی بەفەڕ و ڕێزداردا، جا تۆ چووزانی شەوی بەفەڕ كامەیە و چ خێر و بەرەكەتێكە؟،‌ شەوی قەدری بەڕێز لە ھەزار مانگ ڕێزدار و خێردارترە).

ھەر لە قورئاندا ھاتووە، لە سورەتی دوخاندا “بەڕاستی ئێمە لە شەوێكی بە فەڕ و پیرۆزدا (كە شەوی قەدرە) دامانبەزاندۆتە خوارەوە، بێگومان ئێمە ھەمیشە بێداركەرەرەی بەندەكانمانین، لەو شەوەدا ھەموو كار و كردەوە و بەرنامەیەكی پڕ لە حیكمەت و دانایی لە یەك جیا دەكرێتەوە، ئەمەش فەرمان و بڕیارێكە لەلایەن ئێمەوە، بێگومان ئێمەیش پێغەمبەران دەنێرین، ڕەوانە كردنی ئەم قورئانە، ڕەحمەتی پەروەردگاری تۆیە بۆ ئادەمیزاد، تا لە سەرگەردانی ڕزگاری ببێت، بەڕاستی هەر ئەویشە كە بیسەر و زانایە بە هەموو شتێك”.

پێغەمبەر (محەمەد) درودی خوای لەسەربێت دەربارەی ئەم شەوە فەرموویەتی: “هەر كەسێ شەوی قەدر زیندوو بكاتەوە و باوەڕی پێی ھەبێ و چاوەڕێی پاداشتی خوا بێ، خوا لە تاوانەكانی پێشووی خۆش دەبێ”.

عائیشە (ر.خ) خێزانی پێغەمبەر ( د.خ) گێڕاویەتییەوە: “وتم، ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر زانیم چ شەوێك شەوی قەدرە، چی بڵێم لەو شەوەدا ؟ فەرمووی: بڵێ ” خوایە تۆ لێبوردەیت و لیبوردنت خۆش ئەوێ، لێم ببورە”.

كاتی شەوی قەدەر
ئامۆژگاری موسڵمانان كراوە بەوەی ئەم شەوە ڕابگرن بە یاد و پەرستنی خوا و نەخەون تا بەیانی لەبەر ئەو چاكە و گەورەیەی لەم شەوەدا ھەیە زیاترە لە ھەزار مانگ، بۆ زانینی ئەم شەوە لە فەرموودەی پێغەمبەر ئیسلامدا ھاتووە، كەوا فەرموویەتی بۆ شەوی قەدر بگەڕێن لە 10 شەوی كۆتایی ڕەمەزاندا.

نیشانەكانی شەوی قەدر كامانەن؟
ئەم شەوە چەند نیشانەیەكی ھەیە كە پێغەمبەر (د.خ) ئاماژەی پێداون، لەوانە “بەرەبەیانی شەوی قەدر خۆر ھەڵدێت و تیشكی نییە و كەشوهەوا فێنك و ئارامە، ھەروەھا شەوی قەدر شەوێكی بێ دەنگ و ڕوونە، نە گەرمە و نەسارد، خۆری بەیانیەكەی لاواز و سوور دەبێ”.

تەندروستی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی دەرمانێكی ساختە دەدات
پێشت تەندروستی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی دەرمانێكی ساختە دەدات
بەرگریكارەكە بەهێزەكەی مانشستەر یونایتد تا وەرزی داهاتوو یاریی ناكات
دواتر بەرگریكارەكە بەهێزەكەی مانشستەر یونایتد تا وەرزی داهاتوو یاریی ناكات
پەیوەندیدار