بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، هۆشداری لە ناسەقامگیری بارودۆخی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری داوە و ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کاریگەری دوو نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەراست و دەریای سوور، شەپۆلێک لە باران و برووسکە ناوچەکە و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەئەنجامی کاریگەری هەردوو نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور، شەپۆلێکی تاوەباران و بروسکە ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە کاریگەریی چالاک بوون و بەهێز بوونی ئەم شەپۆلە ئێوارەی هەینییەوە دەست پێدەکات تاکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و لەم ماوەیەدا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، هەروەها مەترسی هەورە تریشقە هەیە بەگشتی لەناوچە دەشتاییەکان بەتایببەتی.
سەبارەت بە ئەمڕۆش کەشناسی ڕایگەیاند، ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانەوە نمەباران دەست پێدەکات، پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆدا کاریگەرییەکەی بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم، لەگەڵ ناوەندی شارەکان، فراوان دەبێتەوە.
لە هەندێک کاتدا بارانەکان دەگۆڕێن بۆ شەپۆلی تاوەباران و برووسکە. چڕیی بارانیش زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک پێشبینی دەکرێت.
کاریگەریی ناسەقامگیری کەشوهەوا بە لاوازی لە کاتەکانی شەودا بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە.
