هەڵسوڕاوێکی پێشووی گۆڕان دەڵێت هەلێکی باش بۆ یەکێتی هاتووەتە پێش کە بەقسەی کاک نەوشیروان بکەن و ببن بە ئۆپۆزسیۆن و لەو ڕێیەوە حوکمڕانی لە ھەرێمدا بە ئاراستەیەکی دروستدا ببەن.
ئیسماعیل نامیق، هەڵسوڕاوی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان بابەتێکی بەناونیشانی “کاریزمای کاک نەوشیروان” نووسیوە و دەڵێت: “لە ململانێی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێمدا لە ساڵی 2015دا، کاک نەوشیروان توانی زۆرینەیەکی پەرلەمانی دروستبکات و بۆ یەکەمجار لە مێژووی پەرلەماندا پارتی ناچار کرد بایکۆتی دانیشتنەکە بکات، خۆ ئەگەر رێکەوتنی ژێر بەژێری ئەوکاتی یەکێتی و ترسی ھەندێک حیزب نەبوایە، ئەوا پرەنسیپی زۆرینە و کەمینە و مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی دەچەسپی”.
پێشنیازیش دەکات کە ئێستا یەکێتی ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەویش دوای ئەوەی دوێنێ پارتی بەڕێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتی و نەوەی نوێ و هەڵوێست و پێکهاتەکان، پەرلەمانی بەبێ یەکێتی کارا کردەوە.
ئیسماعیل نامیق دەڵێت: “بەرای من ھەلێکی باش ھاتووەتە پێش بۆ سەرکردایەتی یەکێتی، کە بە قسەی کاک نەوشیروان بکەن دوای ھەڵبژاردنی ساڵی 1992 کردی، و ببن بە ئۆپۆزسیۆن، چونکە بەمە دوو ئامانج بەدیدەھێنن”.
ئامانجی یەکەم وەک ئیسماعیل نامیق باسی کردووە ئەوەیە کە یەکێتی: “پاک دەکەنەوە لە کەسانی ھەلپەرست و خۆفرۆش، ئیتر نازانم چەند خاوەن پرەسیپ دەمێنێتەوە” و دوومیشی “حوکمڕانی لە ھەرێمدا بە ئاراستەیەکی دروستدا دەبەن”.
دەشڵێت: “خەڵکی دەستەبژێر و خوێندەوار دەبێت ھانی یەکێتی بدەن بەم ئاراستەیەدا بڕوات، نەک شەڕ و ئیدارە جیاکردنەوە و ئەو شتە بێمانایانە، چونکە ئەوانە لە ماڵوێرانی زیاتر ھیچیان لێ سەوز نەبووە”.
