نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ چوارەم ڕۆژی بەردەوام دابەزی، بەوەی نرخی نەوتی برێنت بۆ ژێر ٩٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک هاتە خوارەوە، لە کاتێکدا بازاڕەکانی وزە چاویان لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٩٤ دۆلار و نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٨٧ دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات کە لە دانیشتنی پێشوودا نرخی هەردوو جۆری نەوت زیاتر لە ٨٪ دابەزیبوو و بۆ نزمترین ئاستی خۆیان لە ٣١ی ئابی ئەمساڵەوە گەیشتبوون.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی نرخی نەوت، زیادبوونی هیوای بازاڕەکانە بەرامبەر کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
بەپێی شیکردنەوەکانی بازاڕ، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لاوازبوونی پێگەی سیاسیی حیزبی کۆماری لە کۆنگرێسدا، ئەگەری فشار بۆ سەر دوناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی زیاتر کردووە.
لە هەمان کاتدا، گەڕانەوەی جوڵەی کەشتییەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ ئاستێکی نزیک لە پێش جەنگ، کاریگەریی لەسەر زیادبوونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا هەبووە.
