ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، دیارترینی تەوەری کۆبوونەوەکە بێت.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی کۆبێتەوە و تێیدا دۆخی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکرێت.
دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان دیارترین تەوەری کۆبوونەوەکە دەبێت کە دوێنی بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنی یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی بەڕێوەچوو و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.
دانیشتنەکەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی فراکسیۆنی پارتی و پێکهاتەکان هەروەها هەشت پەرلەمانتاری یەکێتی و نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست بەڕێوەچوو کە وازهێنانیان لە حزبەکانیان ڕاگەیاند.
کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیە یەکێتی نیگەران کردووە و ژمارەیەک لە ئەندامەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی توندیان نیشانداوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ حزبەکە بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە ڕابگەیەنێت.
