سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە ئاگر لە دوو کەشتی نەوت و یەک بەلەمی یارمەتیدەری دەریایی لە گەرووی هورمز کەوتووەتەوە کە بە ڕێڕەوێکی جیاواز لەوەی ئێران دیاری کردووە، ڕۆیشتوون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە کەشتییەکانی نەوت لە کاتی تێپەڕبوون بەهۆی تەقینەوەی مینێکی دەریاییەوە ئاگری لێکەوتووەتەوە.
لە ڕووداوێکی تردا، کەشتییەکی گەورەی نەوت لە بەشی ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز ئاگری لێکەوتووەتەوە و بەلەمێکیش کە بۆ یارمەتیدانی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە نزیک بووەتەوە، ئاگر لەویش کەوتووەتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران ئەم ڕووداوانەی بە ئەنجامی بەکارهێنانی ڕێڕەوی نایاسایی لەلایەن ئەو کەشتییانەوە بەستووەتەوە و هۆشداری داوە کە پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی تێپەڕبوون لە گەرووکە زیان و لێکەوتەی زیاتر لێ بکەوێتەوە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان، کە بەشێکی گرنگ لە گواستنەوەی نەوت و وزەی جیهان لە ڕێگەیەوە ئەنجام دەدرێت. بۆیە هەر ڕووداوێکی ئەمنی لەم ناوچەیەدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی، گواستنەوەی نەوت و بازاڕەکانی وزەی جیهان هەبێت.
زیادبوونی ڕووداوەکانی دەریایی لە گەرووی هورمز لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەردەوامن و چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان سەرنجیان لەسەر بارودۆخی ئەمنی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە چڕ کردووەتەوە.
