جەی دی ڤانس: شەڕی ئێران، پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ ئیسرائیل و گرانی هۆکاری دۆڕاندنمان بوون لە هەڵبژاردنەکاندا
لە لێدوانێکی دانپێدانانیدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆکارەکانی دۆڕاندنی حزبی کۆماری (مابا) لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ چەند قەیرانێکی ناوخۆیی و دەرەکی گەڕاندەوە و جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک ترەمپ خۆیشی پێشتر ئاماژەی بەو هۆکارانە داوە.
بەپێی ئەو پەیامە درێژەی کە ڤانس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لایەنگرانیان بەشدارییەکی فراوانیان لە پرۆسەی دەنگداندا کردووە، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی ناڕەزایەتییەوە دەنگیان بە پارتەکەی دیموکرات داوە.
ڤانس ئاماژەی بەوە داوە که “شەڕی ئێران” و سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئیسرائیل، لە پاڵ پرسەکانی “هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان”، ئەو خاڵە بنەڕەتییانە بوون کە وای کردووە بەشێک لەو دەنگدەرانەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا پشتگیریان لە ترەمپ کردبوو، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٦دا ڕوو لە دیموکراتەکان بکەن.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەنجامی ڕاپرسییەک کردووە کە دەریخستووە گەڕانەوەی دەنگدەران بۆ ڕێبازی کۆمارییەکان مەرجدار کراوە بە چوار خاڵی سەرەکی:
١. کۆتاییهێنان بە شەڕ.
٢. گرنگیدانی زیاتر بە پرسەکانی هەڵاوسان و تێچووی ژیان.
٣. پابەندبوون بە ڕێبازی “ئەمریکا یەکەم”.
٤. گۆڕانکاری لە شێوازی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیلدا.
