لە ئەمشەوەوە شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت.
زەكەریا كانی پاشایی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەشێکی ناوچەکانی باکوور باران باری بوو، ئەمشەو ئاستی باران بارین کراوە دەبێت بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانی باشی هەیە.
وتیشی، “سبەی پێنج شەممە 5\11\2026 ئاستی باران بارین زۆرتر دەبێت، ئەگەری بارانی زۆر باشی هەیە
و لە 7 و 8ی مانگ باران بارین زۆر بەهێز دەبێت و ئەگەری لافاوی زۆر و تەرزەی قەبارە گەورەی هەیە”.
ئاماژەی بەوەشدا، پشت بەخودا هەواڵەکان دڵخۆشکەرن و ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بارینی بەفری هەیە.
بەپێی پێشبینی ئەو شارەزا كەشناسییە، دواتر پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچەکان دادەبەزن و سەرما و کەشێکی سارد تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە.
