دوای دابەزینە یەک بەدوای یەکەکانی چەند رۆژی رابردووی، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا شەپۆلێکی بەهێزی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و جارێکی دیکە گەڕایەوە سەروو ئاستی 4,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
بەپێی داتاکانی بازاڕ لە چارتی 4 کاتژمێریدا، پاش ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 3,875 دۆلار دابەزیبوو، ئەمڕۆ بە بەرزبوونەوەیەکی خێرا توانی ئاستی 4,043 دۆلار تۆمار بکات.
شارەزایانی بازاڕی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن، ئاستی 3,900 دۆلار وەک خاڵێکی وەرچەرخان و پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ کڕیاران کاری کرد؛ لە ئێستاشدا بەربەستی سەرەکی لەبەردەم بەردەوامبوونی ئەم هەڵکشانەی زێڕ، گەیشتنە بە ئاستەکانی 4,075 و دواتریش 4,150 دۆلار.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) وتی، ئێستا نرخی ئۆنسەی زێر 4043.60 دۆلارە.
وتیشی، “نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە ملیۆنێك و 110 هەزار دینارە و عەیاری 21 بە 971 هەزارە و عەیاری 18 بووە بە 832 هەزار دینار”.
