بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سووکایەتیکردن بە یەکدی، یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەرۆکی نەگونجاو.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لایڤ ئەنجام دەدەن، پێویستە لە ماوەی (١٥ ڕۆژ)دا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکەن بە مەبەستی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت و پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی ڕێنماییە فەرمییەکان.
ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە…
بۆ سەرجەم ئەو هاووڵاتیانەی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن (بە تایبەت پلاتفۆرمی تیکتۆک) کە لە ڕێگەی دەرکەوتن و لایڤەوە مامەڵە دەکەن؛
بە مەبەستی پاراستنی دابونەریت و کەلتوری کۆمەڵایەتی، و ڕێگریکردن لە دیاردەی نەخوازراو، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر سەرجەم هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سووکایەتیکردن بە یەکدی، یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەرۆکی نەگونجاو.
ئەم جۆرە ڕەفتارانە جگە لەوەی دژ بە بەهای کۆمەڵایەتین، دەبنە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە و تاوان، بۆیە هەرکەسێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
لە هەمان کاتدا، ئاگاداری ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لایڤ ئەنجام دەدەن، پێویستە لە ماوەی (١٥ ڕۆژ)دا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن بە مەبەستی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت و پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی ڕێنماییە فەرمییەکان. هەر کەسێک بە پێچەوانەوە پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لەبەرامبەر یاسادا.
