ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا بە ڕێژەی 9.5% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 3.35 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە نزیکە لە ئاستەکانی پێش جەنگ.
ئەم زیادبوونە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی عەرەبیی بەرهەمهێنەری نەوت لە کەنداو هەناردەیان زیاد کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی فشار لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بەپێی داتاکانی (بلومبێرگ)، عێراق دووەم گەورەترین زیادبوونی لە هەناردەی نەوتدا لە نێوان وڵاتانی کەنداو تۆمار کردووە.
هەناردە لە بەندەری بەسرەوە زیادی کردووە، هەروەها لە ڕێڕەوی باکوورەوە کە بە تورکیادا تێدەپەڕێت، قەبارەی هەناردە نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
بە گشتی، هەناردەی عێراق، سعودیە، ئیمارات و کوەیت بە ڕێژەی 10% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 15.53 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لەبەرامبەردا، ئێران بۆ دووەم مانگی لەسەریەک هیچ نەوتێکی هەناردە نەکردووە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە.
