شوان کەریم کابان
هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستورییە لە عێراقێکی فیدراڵدا کە شتێکی کەمی لە فیدراڵ دەچێت. هەم عێراق هەم هەرێم گیرۆدەی کۆمەڵێک گرفتن، هەرێم لەوانەی عێراقیشی بەردەکەوێت.
ئەو گرفتانە بەشێکیان بەرهەمی خواروخێچی و بێ پلانی و بێ بەرنامەیی ناوخۆن و هەندێکیشیان هۆکارەکەی دەرەکین، لە هەردوو حاڵەتەکەدا خەڵک باجەکەی دەدات. لە کوردستان بەهۆی باش نەخوێندنەوەی بارودۆخ و بە دیقەت هەڵنەسەنگاندنی هەڵوێستی بەغدا لەبارەی ئەگەرەکانی چی دەکەن بەرامبەر هەرێم و جۆرێک لەخۆبایی بوون و خۆشباوەڕی بە بەڵینی هەندێک دۆست! وایکرد بەغدا هەم لە مەسەلەی نەوت و ئەمجا داهات و بودجە و دواتر دەروازە سنورییەکاندا زۆر توندبێت و هەموو ئەوانە بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، ئێستا مەترسی ئەوە دەکرێت هەنگاوی نوێ بنێت کە هێندەی دیکە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم کەم بکاتەوە.
لەنێو ئەو شتانەدا کە بەغدا بردییەوە بەردەستی خۆی بودجەیە، لەنێو بودجەشدا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و وتوێژەکانی دیکەیە، ئەمە مووچەخۆرانی هەرێم لە ساڵی 2014ەوە بە دەستییەوە دەناڵێنن و هەر لە پاشەکەوتەکەوە تا فەوتانی چەند مانگێک لە ساڵێکدا و تا ئەوەی گەیشتووەتە ئێستا کە هێشتا کەس لەوە دڵنیانییە کە بەغدا مووچە وەک خۆی دەنێرێت یان نا، هەروەها مووچە هات بووەتە گرنگترین هەواڵی میدیاکان، هەمووشمان دەزانین هاتوو نەهاتەکەی پەیوەندی بە بەغدا و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمەوەیە بەو داوایانەی بەغدا لێی دەکات.
ئەوەی سەیرە ئەوەیە، وەزعی حکومەتی عێراق لە مەسەلەی پارە و داهاتدا زۆر لە هەرێم باشتر نییە، جگە لەو هەموو گەندەڵییەی لەوێ هەیە، کورتهێنانی بودجە و کەمیی پارەی نەختینەش لەولاوە بوەستێت، عێراق جیا لەوەی دەبێت هەموو شتێک بە رەزامەندی ئەمریکا بکات، پارەی نەوتەکەی لای ئەمریکایە و دەچێتە بانکی فیدراڵی ئەمریکا و ئەمریکاش چۆنی بوێت ئاوها دەیداتێ و هەر کاتێک بزانێت حکومەتی عێراق لەو رێگایەی ئەمریکا دیاریکردووە لایداوە، بارە دۆلارەکە نانێرێت و بارودۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و وەزعی ئابووری عێراقیش دەکەوێتە غەرغەرەوە.
ئێستا هەم ئێمە و هەم خەڵکی عێراق گیرۆدەین، ئێمە بە دەست عێراقەوە کە مووچە نانێرێت لەبەر ئەوەی هەرێم پابەندی داواکانی عێراق نابێت، عێراقیش بە دەست ئەمریکاوە کە بارە دۆلارەکە نانێرێت کاتێک عێراق لە خەت لادەدات.
