ژینگەلۆجی وەک ئاسایشی نەتەوەیی
سێگۆشەی (یاسا، هاتوچۆ و ژینگە): بەرەو عیباداتی تەعامولی

ژینگەلۆجی وەک ئاسایشی نەتەوەیی؛ سێگۆشەی (یاسا، هاتوچۆ و ژینگە): بەرەو عیباداتی تەعامولی

*توێژەری مافپەروەر ڕەنج باراوی

کاتێک لە هەرێمی کوردستاندا باسی ژینگەپارێزی دەکرێت، زۆربەی کات قسەکان لەسەر ئامۆژگاریی ڕووکەش و دووبارە دەسوڕێنەوە؛ وەک دارچاندن، هەڵگرتنەوەی پاشماوە، یان کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک. بێ گوومان بەڵێ ئەم ڕێکارانە لەبنەڕەتدا بەسوودن، بەڵام بۆ سەردەمی ئێستا و بۆ دۆخی ژینگەی هەرێمەکەمان، کە بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان ڕووبەڕووی قەیرانی فرەڕەهەند بووەتەوە وەک دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزمینی بە ڕێژەی دەیان مەتر و ووشکبوونی کانییەکان و سووتانی هەزاران دۆنم دارستان، ئەمانە تەنها وەک چارەسەری کاتیی دەبینرێن و کێشەکە لە ڕیشەوە چارەسەر ناکەن. بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان لەم دۆخە هەستیارە، پێویستمان بە دیدگایەکی ستراتیژیی قووڵ و مەیدانی هەیە کە ناوی بنێین (ژینگەلۆجی)؛ دیدگایەک کە ژینگەپارێزی لە ئاستی ساناییەوە بباتە ناو تێکەڵەی ئاسایشی نەتەوەیی، سەروەریی یاسا، و قووڵایی کلتووری.

دەستپێکی ئەم وەرچەرخانە لەوەوە دەست پێدەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە بە شێوازێکی هاوسەنگ گرنگییەکی باڵا بە (سێگۆشەی هاتوچۆ، ژینگە و یاسا) بدات. ئەم سێگۆشەیە کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ستراتیژییەی کە تێیدا سەروەریی یاسا و ژینگەپارێزی وەک ئاسایشی نەتەوەیی و کلتوور دەچەسپێنرێن. چونکە دیارە کە قەیرانی ئاو و تێکچوونی خاک لە کوردستان تەنها دیاردەیەکی سرووشتی نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمتەرخەمیی کارگێڕی و نەبوونی ستراتیژیی درێژخایەنن.

بۆ ئەوەی ئەم دیدگایە تەنها لە چوارچێوەی دروشمدا نەمێنێتەوە و لە ڕووی مەیدانی و کارگێڕییەوە پەکی نەکەوێت، دەبێت ئەوە درک پێ بکەین ژینگەپارێزی لە کۆشکی کۆنفرانس وسیمینارەکاندا لەدایک نابێت بەڵکو بۆگرنگیپێدانێکی نیشتیمانی وکردەیی پێویستە کێشە پەیکەری و بودجەییەکان لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسایی و بەستنەوەیان بە دەسەڵاتی دادوەری و کارگێڕی چارەسەر بکرێن؛ لەم ڕوانگەیەوە، لەبری دروستکردنی پەیکەری قورس و خەرجیی گەورەی بێ بودجە، دەکرێت ئەم دەزگا نوێیانە لە ناوخۆی وەزارەت و دەستە موجودەکاندا (وەک ڕەخساندنی لقی تایبەتمەند لە دادگاکان و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ژینگە لەناو وەزارەتی ناوخۆدا) بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و ووتاربێژی مزگەوتەکان ڕێک بخرێنەوە تاوەکو هیچ بارگرانییەکی دارایی دروست نەکەن. هەروەها لە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا، دۆسیەی ئاو و زاگرۆس دەبێت لە ململانێ سیاسییەکان دوور بخرێتەوە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پاراستنی سامانی نیشتمانی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری و پشتگیریکردنی خاوەنکاران، ڕێکخستنی ئابووری پێویستی بە جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی بنەمای (پیسکەر دەدات) هەیە؛ بەجۆرێک باج و سزاکان تەنها وەک ئامرازێک بۆ سزادانی هاووڵاتیی هەژار و خاوەنکارە بچووکەکان سەیر نەکرێن، بەڵکو بە شێوازێکی پلەبەندی تەنها ئاراستەی کۆمپانیا گەورەکان، کارگە پیسکەرەکان و سەرچاوە گەورەکانی وێرانیی ژینگە ببن. ئەمەش لە ڕێگەی دامەزراندنی (سندوقی سەوزی نیشتمانی)یەوە جێبەجێ دەکرێت، کە سەرمایەکەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پشکی دەستپێکی داهاتی باج و سزای کارگە مەزنەکانەوە دابین دەکرێت بێ ئەوەی هیچ بارگرانییەکی دارایی بۆ سەر بودجەی گشتی دروست بکات؛ داهاتەکەشی دەکرێتە قەرزی بێ‌سوود و پاکێجی ئاسانکاری بۆ ئەو کەس و خاوەنکارانەی سیستمی کارکردنیان بۆ وزەی پاک دەگۆڕن. هەروەها لە ئاستی مەیدانیدا، پێویستمان بە بەکارخستنی ئابووریی بازنەیی گووندنشین هەیە؛ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی بچووک لە دەوروبەری شارەکان بۆ ئەوەی پاشماوەی کشتوکاڵیی باخ و دەشتەکانی هەورامان و شارەزوور و بادینان بە تەکنەلۆجیا بگۆڕدرێن بۆ وزەی پاک یان پەینی سروشتی کە سوودیان لێ ببینرێت بەکەمترین تێچوون وزۆرترین قازانج.

لێرەدا، پێویستە تیشک بخەینە سەر گرنگیدانی حکوومەت بە سێگۆشەی (هاتوچۆ، ژینگە و یاسا) کە دەبێتە پێوەری سەرەکی بۆ هۆشیاریی کۆمەڵگا. ئاشکرایە ژینگەپارێزی تەنها لە کوێستانەکاندا کوورت نابێتەوە، بەڵکو سەروەریی یاسا لە هاتوچۆی شۆفێرانی ڕۆژانەدا ڕەنگ دەداتەوە. پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان چاودێریی ووردی ئەو ئۆتۆمبێلە کۆنانە و بارهەڵگەرە گەورانە بکات کە بەهۆی دووکەڵ و کاربۆنەوە بوونەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان؛ بەتایبەت کە سووتەمەنیی جۆری گازی (دیزل) ڕێژەیەکی زۆری گۆگردی تێدایە و زیانێکی قووڵ بە هەوای شارەکان دەگەیەنێت.

ئەم پاشماوە و دووکەڵە ژەهراوییانە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی تەقینەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی سییەکان وەک ڕەبۆ و شێرپەنچەی سییەکان، کە جگە لە کاولبوونی جەستەی مرۆڤەکان، باری دەروونیی کۆمەڵگا پڕ لە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەکەن و ژینگەی نیشتمانیش بەرەو داڕمان دەبەن.بەڕای بەندە ولەتێڕوانینەکانمەوە دەڵێم کە بۆیە دەبێت ئەم دۆخە لە ڕێگەی ڕێنمایی تووند لە پرۆسەی پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل (هەززە) ڕێک بخرێتەوە و سزادانی دارایی تووند بۆ ئۆتۆمبێلی دووکەڵاوی و فڕێدانی پاشماوە لە پەنجەرەوە بسەپێنێت تاوەکو ژینگەپارێزی لە ڕەفتاری تاکدا دەبێتە بەشێک لە کلتووری ڕۆژانە لەژیانماندا.

لە چوارچێوەی سەپاندنی یاسادا، پێویستییەکی حاشاھەڵنەگرە کە دوو دامەزراوەی سەرەکی دابمەزرێن و لە ڕووی کارگێڕییەوە بەهێز بكرێن:

١.دامەزراوەی دادوەری و مەیدانی: پێکهێنانی «دادگای تایبەتمەندی ژینگە» لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەریدا بۆ یەکلاکردنەوەی تاوانەکانی ژینگە و بەخشینی مافی سکاڵای مەدەنی بە ڕێکخراوەکان، لەگەڵ بەهێزکردنی (پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەکانی ژینگە) سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ پاراستنی مەیدانیی زاگرۆس و ڕێگری لە سەرپێچییەکان، کە هاوکات هێڵێکی گەرم و سیستمی ئەلیکترۆنیی سکاڵای خێرای بۆ دابین دەکرێت تاوەکو هاووڵاتییان لە ڕێگەیەوە بتوانن سەرپێچییە ژینگەیییەکان بە خێرایی بە پۆلیس بگەیەنن.

٢.مەرجە ژینگەیییەکان لە فەرمانگە فەرمییەکاندا: لە کاتی ڕاییکردنی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و پێدانی مۆڵەتی دروستکردنیدا لە وەزارەتی شارەوانی، تاپۆ و باجدا، چاندنی نەمام دەبێتە مەرج؛ بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی و واژۆی مشتەری، تەواوی ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنیی مەرجدار و پشکنینی هەڕەمەکییەوە بەڕێوە دەچێت.

بۆ ئەوەی ئەم دیدگایە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم بگاتە لووتکەی داهێنانی یاسایی و کارگێڕی، پێویستە سیستمی ژمێریاریی داهاتی ژینگەیی نیشتمانی (Natural Capital Accounting) و (مافی زانایانە و پارێزگاریی یاسایی لە هەور و کەشوهەوای ناوچەکە (Cloud Sovereignty & Atmospheric Rights) بخرێنە ناو هاوکێشەکەوە؛ بەجۆرێک کە گۆڕینی ئاراستەی هەورەکان، درووستکردنی هەورەبروسکەی دەستکردی نایاسایی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ وە، یان پیسکردنی بۆشایی ئاسمانی هەرێم بە گازەکان، وەک دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خاک و ئاسمانی کوردستان بناسێنرێت، و هەموو بەردو و دارستانێک وەک سەروەتێکی خاوەن بەهای ژمێریاری لە بودجەی گشتیدا هەژمار بکرێت. لە ڕووی یاساییشەوە، تەواوی ئەم گۆڕانکارییانە پێویستییان بە پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاساکانی شارەوانی، تاپۆ، هاتوچۆ و سزادان هەیە تا پایەی فەرمی و دەستوورییان هەبێت و لە دادگاکاندا جێبەجێ بکرێن.

ئەم ڕێکارە مەیدانییانە کاتێک قوڵتر دەبنەوە کە پشت بە بەها فیکری، ئایینی و کلتوورییەکان ببەستن. لە ڕووی بنەما فقهییەکانەوە، پاراستنی ژینگە بنەمایەکی باڵایە بۆ پاراستنی نەسل و ماڵی گشتی، و هەر ڕەفتارێک هەوا و ئاو ژەهراوی بکات، بەپێی بنەمای فیقهیی ناسراو (لا ضرر ولا ضرار) قەدەغەیە. چەمکی (الحمى) لە مێژووی فەلسەفەی ئیسلامیدا بەردەوام مۆدێلێکی پێشەنگ بووە بۆ قەدەغەکردنی دەستدرێژی بۆ سەر سروشت وژینگە. هەروەها، کوردستان لانکەی پێکەوەژیانی ئایینەکانە؛ ئیسلام چاندنی دار بە (صدقة جاریة) دناسێنێت، مەسیحیەت ژینگە وەک (باخچەی ئێدن) دەبینێت، کاکایی و ئێزدی خاک و ئاو و داربەڕوو بە (پیرۆزی ڕەها )دەناسن، و لە زەردەشتیدا پاراستنی توخمە سروشتییەکان( فەرمانێکی پیرۆز بووە). حکوومەت دەبێت ئەم هاوبەشییە کلتووری و ئایینییە بکاتە کۆڵەکەی بزاوتێکی پەروەردەیی، تاوەکو لە زانکۆکانی هەرێمدا بابەتی ئیکۆلۆجی و یاسای ژینگە بکرێتە کۆرسێکی ناچاری لە سەرجەم بەشەکاندا بخوێندرێت وپراکتیکی هەبێت.

لەم سۆنگەیەوە، پێویستە موسوڵمانانی نوێژخوێن لە بازنەی عیباداتی شەعائریی ڕەهاوە بگوازنەوە بۆ بازنەی عیباداتی تەعامولی؛ واتە مامەڵەی تەندروست و لەسەر بنەمای ژینگەدۆستی لەگەڵ پاک وخاوێنی لە مزگەوتەکان و دەرەوەی مزگەوتەکاندا بکەن. چونکە هەمووان دەزانین مزگەوت کە لانکەی خوداپەرستییە، دەبێت یەکەم شوێن بێت کە پاکوخاوێنی، فڕێ نەدانی پاشماوە، و پاراستنی دار و باخچەکانی دەوروبەری تیایدا وەک ئەرکێکی ئایینی بە هاوکاریی ووتاربێژان جێبەجێ بکرێت تاوەکو مۆدێلی ( ئاینزایی ژینگە پارێزیی) وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی خوداناسیی لە کۆمەڵگەدا بچەسپێت.

بۆ گەیشتن بە لووتکەی هۆشیاریی نیشتمانی و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هزرییەی کە لە مێژووی سیاسەت و فکری عێراق و هەرێمدا تا ئێستا باسی نەکراوە، پێویستە (ئاراستەی ئابووریی جەنگاوەری و پاوانخوازیی نەمامی نیشتمانی و سیستمی پاداشتی مەنیعیی بنەماڵەیی بخرێنە کار؛ بەجۆرێک کە نەک هەر سزا بدرێن، بەڵکو ئەو خێزان و گووندنشینانەی لە سنورەکانی زاگرۆس و ناوچە ستراتیژییەکاندا پارێزگاری لە دارستان و سەرچاوە ئاوییەکان دەکەن،

لە ڕووی داراییەوە ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتەوە وەک (پێشمەرگەی ژینگە) مووچە یان ئیمتیازی تایبەتمەندی مانگانەیان بۆ ببڕدرێتەوە، چونکە پاراستنی قەراغی دارستانەکان لە پاراستنی سنورە سەربازییەکان کەمتر نییە.

لە کۆتاییدا، هەرچەندە دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ ماددەی (٣٣)٫دا مافی تاک لە ژیان لە ژینگەیەکی تەندروستدا مسۆگەر دەکات. لەبەر ئەوەی زۆربەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی عێراق لە چیاکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرن، پێویستە ژینگەی هەرێم وەک دەروازەی ستراتیژیی ئاوی عێراق سەیر بکرێت و هیچ پڕۆژەیەک بێ لێکۆڵینەوەی کاریگەریی ژینگەیی (EIA) مۆڵەتی پێ نەدرێت. ژینگەپارێزی لە هەرێمی کوردستاندا چیتر پێویستی بە دروشمی باق بریق و ڕووکەش نییە؛ کاتێک حکوومەت گرنگیی تایبەت بە سێگۆشەی (هاتوچۆ، ژینگە و یاسا بدات)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ پشکنینی تووند بۆ گازی ژەهراویی ئۆتۆمبێلەکان بکات، دادگای تایبەت و پۆلیسی ژینگە بە هەماهەنگیی فەرمی و دژەگەندەڵیی ئەلیکترۆنی هەبن، سندوقی سەوز یارمەتی کارگەکان بدات، و زاگرۆس وەک قەڵغانی ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزرێت، ئەوا ژینگەلۆجی دەبێتە ڕاستییەکی مەیدانی، کلتوورێکی باڵا و قەڵغانێکی پتەو بۆ ڕزگارکردنی نەتەوەکەمان لە قەیرانی وێرانبوون.

بەڕای بەندە وتێڕوانینی یاساییم چەندە یاسا و ڕێنمایی لەسەر کاغەز هەبن، ئەگەر یاسا بە ڕاستی سەروەر نەبێت و تێکدانی ژینگە وەک تاوانێکی قورسی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی سەیر نەکرێت، لەگەڵ نەبوونی چاودێریی مەیدانی و میدیایەکی نیشتمانیی تایبەتمەند بە ژینگە دۆستی وژینگە پارێزیی، مخابن ئەستەمە ژینگەپارێزی ببێتە بەشێک لە کلتوور و گەشەپێدانی ژینگەیی کە بگۆڕدرێت بۆ گەشەپێدانی مرۆیی ژینگەیی. چونکە بونیاتنانی هاووڵاتیبوونی ژینگەدۆست لە ڕووی کلتووری و هۆشیارییەوە، زۆر لە پێشتر و بنەڕەتیترە لە تەنها سەوزکردنی ڕووکەشی نیشتمان، چونکە مرۆڤی هۆشیار خۆی نیشتمان دەپارێزێت و دەیسەوزێنێت. سەرئەنجام، تەنها بەم گۆڕانکارییە فیکری و سێگۆشە یاسایی و مەیدانییەیە کە نەتەوەکەمان لە مەترسیی تینوێتی و کاولکاری ڕزگاری دەبێت.

سەرچاوە زانستییەکان :

یەکەم: سەرچاوە ئایینی و فیقهییەکان :

١:ابن ماجه، محمد بن يزيد القزويني. (١٩٩٨). سنن ابن ماجه (تحقيق: محمد فؤاد عبد الباقي). دار إحياء الكتب العربية. بەرگی ٢، کتاب الأحكام، حدیث ژمارە (٢٣٤١)، لاپەڕە ٧٨٤.

٢. البخاري، محمد بن إسماعيل. (٢٠٠١). صحيح البخاري (تحقيق: محمد زهير بن ناصر الناصر). دار طوق النجاة. بەرگی ٣، کتاب البيوع، باب لا حِمَى إلا لله ولرسوله، حدیث ژمارە (٢٣٧٠)، لاپەڕە ٥٥.

٣.النیسابوري، مسلم بن الحجاج.(١٩٥٥). صحيح مسلم (تحقيق: محمد فؤاد عبد الباقي). مطبعة عيسى البابي الحلبي وشركاه. بەرگی ٣، کتاب المساقاة، باب فضل الغرس والزرع، حدیث ژمارە (١٥٥٣)، لاپەڕە ١١٨٨.

دووەم: سەرچاوە یاسایی و دەستوورییە نیشتمانییەکان :

٤.ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق.(٢٠٠٥). دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥. ڕۆژنامەی فەرمیی وقایعی عێراقی، ژمارە (٤٠١٢)، لاپەڕە ٣-٣٤.

٥.پەرلەمانی عێراق. (٢٠٠٩). یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە عێراق (ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٩). ڕۆژنامەی فەرمیی وقایعی عێراقی، ژمارە (٤١٣٢)، لاپەڕە ١-١٨.

٦.ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق. (١٩٦٩). یاسای سزادانی عێراقی هەموارکراو (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩). مطبعة الحكومة، بەغدا.

سێیەم: سەرچاوە نێودەوڵەتی و ستراتیژییەکان :

7. Capitals Coalition. (2016). Natural Capital Protocol: A Conceptual Framework for Business and Policy Decisions. Natural Capital Coalition, London, UK. Retrieved from [https://capitalscoalition.org](https://capitalscoalition.org)

8. United Nations Environment Programme (UNEP). (2022). Global Environment Outlook (GEO-6): Regional Assessment for West Asia and Climate Vulnerability in Iraq. Cambridge University Press. [https://doi.org/10.1017/9781108627146](https://doi.org/10.1017/9781108627146)

9. World Bank Group. (2021).Iraq Country Climate and Development Report (CCDR). World Bank Publications, Washington, DC. [https://doi.org/10.1596/38202](https://doi.org/10.1596/38202)

 

*سەرۆکی پەیمانگای چاکسازی تاوانکاری کوردستان

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە