حکومەتەکەی زەیدیشم هیچ…….!

عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر

ئەم عێراقە بەدبەختە، لەوەتەی وەکو دەوڵەت ناسێنراوە، بەردەوام کێشەی ئیدارەیەکی ڕاست و دادپەروەر و دروستی هەبووە، لە هیچ سەردەمێکدا لە بەرژەوەندی گشتیدا نەبووە و هەر لە خزمەتی توێژێک یان حیزبێک یان چەند بنەماڵەیەکدا بووە، ڕەنگە هەندێ کەس هەبن بڵێن سەردەمی مەلەکیەت، لەچاو حکومەتەکانی دواتر باشتر بوو، بە هێنانەوەی چەند بیانوێک، ئەوەش هەر راستی تێدانەبووە، چونکە ئەوێ دەمێش، خواست و ویستی خەڵکی ڕەش و روتی تێدا نەبووە، بگرە چەند بنەماڵەیەک سودمەند و دەسەڵات بەدەست بوون.

ئینجا وەرە سەر دوای مەلەکیەت، پێویستە ئەوە بڵێین سەردەمی زەعیم عەبدولکەریم قاسم، هەندەک بەلای جوتیاران و کرێکاران و خەڵکی هەژار داشکایەوە و کاری باش و لە بەرژەوەندی گشتیدا کرا، ئەویش هەندەی نەبرد روبەڕوی سەد دەرد و باڵایان کردەوە و دواجار لەناویان برد. باسی ئەوانیتر ناکەم، چونکە ئەم بابەتەی من، بەوە ڕاناگات لایەنی کەمی زوڵم و زۆرداری و بێدادی ئەوانە بهێنمەوە یاد، ئەوەی بۆ من جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە، دەسەڵاتدارانی دوای ڕوخانی ڕژێمی دکتاتۆری گۆڕ بە گۆڕە کە هەمومان لە چاوەڕوانی ئەوەدا بووین، قەرەبووی ئەوەندە مەینەتی و ئازارەمان بۆ بکەنەوە، کەچی ئەوانەش یەک لە دوای یەک، ئەگەر کۆپی ڕژێمەکانی پێشویان نەکردبێتەوە، لێیانەوە نزیکبوون. راستە لە هەندێک سەر و سەودا جیاوازیان هەبوو، بەتایبەت لە مافە نەتەوەییەکان و جۆرێک لە دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەبڕین، لێ لە دزی و تاڵانی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و نادادپەروەری، شک نابەم جیاوازییەکیان هەبێت، دیارە ئەوەم لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمیشە، واتە ئەوانەی هەرێمیش بەدەر نین لەم سەرنج و خوێندنەوەیە.

هەروەک لە پێشدا باسمان کرد، دوای ڕوخاندنی سەددام، ئەو حکومەتە یەک لە دوای یەکانە، یەک کێشەی ئەم کۆمەڵگەیان، بە شێوەی بوونیادی چارەسەر نەکرد، ئەوەتا کارەبا سەرباری خەرجکردنی هەروەک خۆیان بە ئاشکرا دەڵێن، زیاد لە ٨٠ ملیار دۆلار، کێ دەڵی زیاتریش نیە، بەڵام بۆ خۆڵ لە چاوکردن هەر ئەوەندە دەڵێن، کەچی چارەسەر نەبووە و ڕۆژانە هەر سەرە تاتکێیەتی لەگەڵ خەڵکی خێر لە خۆ نەدیوی عێراق.

ئەوەش پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بەحیساب پارەیەکی زۆریان بۆ خەرجکردووە، کەچی هێشتا هەر بە کۆمەڵێک کێشە و کەموکوڕییەوە بەڕێوەدەچێت، وەک میلاکی ناتەواو، بیناو باڵەخانەکان وەک ئەوەی هی زەمەنی بەردین بن، هیچ ساڵێک بودجە بە پێی ستاندارەکان نەبووە و لە ٣% بۆ ٥.٣% تێپەڕی نەکردووە بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەوەش دەکاتە نیوەی راسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و بەرنامەی پۆست ٢٠١٥ کە نابێت لە ٦% کەمتر بێت. زۆر ئالنگاریتریش هەیە، ئەوە وردەکاری زۆر هەڵدەگرێت ئەگەر بمانەوێت باسیان بکەین، گەندەڵیش هەر مەپرسە هەتا بینا قاقای بەرپرسەکان ڕوچوە، تێریش نابن وەک ئەوەی کونیان لە پاشۆل بێت.

تەنها حکومەت لەو ماوەیە کە خەڵک پێیان خۆشبوو هیوایان لەسەر هەڵچنی، کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بوو، چونکە سەرەتا بە کۆمەڵێک گریمانەوە دەسەڵاتەکەی وەردەگرت و لەوانە دەچوو کە عێراقییەکان بەلایانەوە گرنگ بوو، کەچی هەر زوو کەوتە بەر شولی نەهەنگەکان و هەمان تاس و حەمام، ئەو کێشانەی هەبوون وەکو خۆیان مانەوە بگرە لە هەندێک بوار و بابەتدا بۆتە خراپتر لە پاشتر. خۆیان بانگەشە دەکەن قەرز لە سەردەمی کازمی (٧٠) ترلیۆن دینار بووە، کەچی لە کابینەکەی سودانیدا (٢١٠) ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، ئەمە وەکو حکومەتی هەرێم وابووە، لە جیاتی ئەوەی نەوتیان فرۆشتبێت دیارە کڕیویانە.

دوای ئەوەی لە (١١) تشرینی دووەمی (٢٠٢٥) هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا، دیسان هەمومان چاوەڕوانی ئەوە بوون هەڵبژاردنەکە خێرێ بداتەوە و حکومەتێک پێک بهێنرێت بە دڵیان بێت، ئەوەبوو بازەکە لەسەر (عەلی زەیدی) نیشت، ئەوەش هەر زوو کەوتە شیر و تیر سوین، وای دەرخست لە ناوەندی شەقامەکاندا گەندەڵکار و دز و جەردەکان لەسێدارە دەدات و عێراق دەکاتەوە شامی شەریف بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە لێرەش هەنگاوێکی لەوشێوەیەی لە لایەن زەیدیەوە وترا پێویستبوو، بۆ ئەوەی لەم مەمەلەکەتەی ئێمەش جێ بە پارەخۆر و چاوچنۆکەکان لەق بێت و زاتی ئەوە نەکەن چیتر درێژە بە دزی و فزیەکانیانەوە بدەن.

بەڵام بینیمان ئەو پیاوەش لە بری ئەوەی بە گژ نەهەنگەکانەوە دابچێت، چو یەخەی وەکیلەکانیانی گرت، وەک گەواهیش بۆ ئەو ڕاستییە، گرتنەکەی جومەیلی بوو، راستە ئەو پیاوە دزەکی گەورە بوو، بەڵام لە عێراق هەندێ سەرچاوە باس لە بەهەدەردانی زیاتر لە (٣٠٠) ملیار دۆلار دەکەن، بەهەر حاڵ جارێ لە بری هەمویان شەکەی لە سەری جومەیلی شکاند و نەهەنگەکانی تریش هەر بەرهەڵان.

دڵنیام ئەمجارە لە بری دزینی بە ملیار دینار دەیگەیێننە تریلیۆنیش، هەمووشی لەسەر حیسابی ئەم خەڵکە بەشمەینەتەی عێراق، باشترین بەڵگەش بۆ ئەو بۆچونەم دابەزاندنی نرخی دینار بوو بەرامبەر بە دۆلار، بەڕاستی ئەوە قومارێکی ئاشکرا بوو بە سەرمایەی هاووڵاتیان و بژێوی ژیانیان، ئەکید تەنها لە شەو و ڕۆژی ئەو دابەزاندنە مشەخۆر و دز و جەردەکان قازانجی بێشوماریان کردووە، لەوەش گەڕێ چەند زیانی گەورە بەر موچەخۆران کەوتووە، تەنها بە دابەزاندنی نرخی دینار بۆ (١٥٠٠٠٠) دینار بەرامبەر بە (١٠٠) دۆلار، موچەخۆر بە شێوەیەکی گشتی (١٥%) توانای کڕینی موچەکەی کەمبۆتەوە، بە هۆی ئەوە قومارەش کە لە بازاڕی دراودا دەکرێت کە لە ئێستادا لە نزیک (١٧٠٠٠٠) دینارە توانای کڕین موچە بۆ نزیکەی (٣٣%) دابەزیوە، لە بەرامبەردا هەموو ئەو پارەیە دیسان دەچێتە گیرفانی ئەوانەی کۆنترۆڵی بازاڕیان کردووە، ئەوانەش دیارە کێن.

پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە کێ ئەو بڕیارەیدا؟ بێگومان زەیدی، واتە ئەویش درێژە بە هەمان نەزم دەدات کە لە کابینەکانی رابردوودا پەیڕەو دەکرا، بەڵام بە مۆدێلێکی تازە، بۆیە دەڵێم حکومەتەکەی زەیدیشم هیچ، سوریشم لەسەر ئەو بۆچونەم، چونکە حکومەتی نیشتمانی بۆ پینەکردنی بارودۆخی دارایی خۆی نابێت پەنا بۆ سزادانی گەل ببات، بەڵکو دەبێ سزای ئەوانە بدات کە بوونەتە مۆتەکەی سەر دڵی ئەم خەڵکە خێر لە خۆ نەدیوە و سەرخان و بنخانیان مۆنۆپۆل کردووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە