فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دەرئەنجامی کۆتایی هەموارکردن و داڕشتنی پرۆژەیاسای پلەبەندی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی، ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکات، کە چەند پێشنیازێکی بۆ زیادکردنی مووچە کردووە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
پرسی جیاوازیی گەورە لە نێوان مووچەی وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکانی عێراق، لە ساڵی 2003 ـەوە تائێستا یەکێک بووە لە ناڕەزایەتیی شەقام و فەرمانبەران، حکومەتی عێراقیش لە ساڵی 2022 ـدا لە ڕێگەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24 ـەوە ئەم لیژنە هاوبەشەی پێکهێنا بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو هاوسەنگی ئابووری بازاڕ بپارێزێت، ڕەچاوی بێکاران و سودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بکات و بارگرانی دارایی سەر گەنجینەی گشتی کەم بکاتەوە.
پێشتر لەسەر داوای پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی پلاندانان و بە ئەندامێتی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی، چاودێری دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی پێکهێنرا، لیژنەکە دوای کۆبوونەوەیەکی زۆر، بە فەرمانێکی وەزارەتی پلاندان کە لە 15 ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە و ئاراستەی نووسینگەی پەرلەمانتار محەمەد حوسێن ئەبوئەلعیس کراوە، پوختەی ڕاسپاردەکانی خستووەتەڕوو.
لیژنەکە چەند پێشنیازێکی کردووە کە ئەمانەن؛
٠ زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی و هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەرماڵەکانی پێشووتری فەرمانبەران و بەخشینی یەک دەرماڵە بە ڕێژەی 50% بۆ بەشێک لە فەرمانبەران و 30% بۆ بەشێکی دیکەی فەرمانبەران بەپێی یاسای مووچە.
٠ یەکسانکردنی مووچە و دەرماڵەی کارمەندانی سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆمار، وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی بە مووچەخۆرانی دیکەی دەوڵەت.
٠ لەبارەی هەرێمی کوردستانیش، لیژنەکە لە کۆنووسی پێنجەمیدا ئاماژەی بە جێبەجێکردنی ئەم ڕاسپاردانە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا کردووە، بەو مەرجەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم میلاکاتی فەرمی فەرمانبەرانی خۆیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکەن لە کاتی داواکردنی شایستە داراییەکان و تەمویلدا.
٠ سەبارەت بە مووچەخۆرانی کۆمپانیا حکومییەکان، لیژنەکە پێشنیازی کەمکردنەوەی پشکی قازانجی فەرمانبەرانی ئەو کۆمپانیا حکومییەکانەی کردووە، بە جۆریک لە 50% ـی کۆی مووچە نوێیەکەی ئەو فەرمانبەرانە تێنەپەڕێت و ئەو زیادەیەشی کە پێشتر هەر فەرمانبەرێک وەریگرتووە دوای پەسەندکردنی ئەم یاسایە ببڕێت و بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێتەوە.
لەکۆتایی ڕاپۆرتی لیژنەکەدا هاتووە: کۆی گشتی فەرمانبەران لە خشتەی (ج)ـی یاسای بودجەدا گەیشتووەتە چوار ملیۆن و حەوت هەزار و 469 فەرمانبەر، بەلام داتای تەنیا ملیۆنێک و 97 هەزار و 109 فەرمانبەر گەیشتووەتە دەست لیژنەکە، بۆیە داوای لە پەرلەمان کردووە کاری جددی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەم و کوڕیانە لە زانیارییەکاندا بکات.




