حکومەتی عێراق بڕیاریدا نرخی دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت بگەڕێنێتەوە بۆ نرخی پێشووی کە ٩١ هەزار دینار بووە، ئەمەش دوای ناڕەزایییە فراوانەکانی هاوڵاتییان بەرامبەر بە بەرزکردنەوەی نرخەکە هات.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی زیادکردنی نرخەکە و گەڕاندنەوەی بۆ نرخی پێشوو، لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دراوە.
بەم بڕیارەش نرخی پاسپۆرت لە ١٠١ هەزار دینارەوە دەگەڕێتەوە بۆ ٩١ هەزار دینار.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی هەروەها سوپاسی کەناڵ و دامەزراوە ڕاگەیاندنییەکانی کردووە، کە لە گەیاندنی ناڕەزایییەکانی هاووڵاتییان و داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی زیادکردنی نرخەکەدا ڕۆڵیان هەبووە.
