بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما نزم دەبێتەوە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک و موسڵ و دەوروبەری کەرکوک، مەودای نیوەڕۆی ئەمڕۆی ڕۆژی هەینی 16/10/2026 بۆ پێش نیوەڕۆی سبەینێی ڕۆژی شەممە ئاسمان زیاتر هەوراوی دەبێت و ناوبەناو باران بارین بەردەوامی دەبێت.
ڕاشیگەیاند، هەندێک کات تاوە بارانی بەخوڕ دەبارێت لەگەڵ ڕوودانی هەورەگرمە و هەورەبروسکەی بەهێز ، چالاکبوونی بای بەهێز و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما بۆ ماوەیەکی کاتی.
وتیشی، “ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و دەورووبەری ئیدارەی ڕاپەڕین ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت، پێشبینی کراوە بۆ ماوەی کاتی ئاسمان بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و بڕێک باران ببارێ، ئێستاش دۆخەکە بۆ باران بارین بۆ ئەم ناوچانە گونجاو نیە باران بشبارێ کەم دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، سبەینێ ڕۆژی شەممە 17/10/2026 پلەکانی گەرما بەڕێژەی 3 پلە نزم دەبنەوە.
