دوای زیاتر لە (١٨) ساڵ وەزارەتی دارایی عێراق رێکارێکی پێدانی سەرمووچەی هەڵوەشاندەوە و ڕاوێژكارێكی یاسایی دەپرسێت: ئایا مەرجە بۆ پێدانی سەرمووچە بە فەرمانبەر فۆرمی هەڵسەنگاندنی بۆ پڕ بکرێتەوە؟
گشتاندنێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە ١٠/ ١٠/ ٢٠٢٦ دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم دامەزراوەکانی عێراق کراوە و دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کار نەکرێت بە فۆرمی هەلسەنگاندنی فەرمانبەر کاتێک سەرمووچەی پێ دەدرێت و ئەو رێکارە هەڵوەشێتەوە.
عەبدولقادر ساڵح، راوێژكاری یاسایی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەم نووسراوە لە میدیاکاندا دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، لێرەدا بە کورتی لە روانگەی ئەو دووپرسیارەی لای سەرەوە چەند سەرنجێک تۆمار دەکەین:
یەکەم:
وەزارەتی دارایی عێراق لەماوەی زیاتر لە 18 سالی رابردودا بە پێچەوانەی یاساوە پڕکردنەوەی فۆرمی هەلسەنگاندنی کردووە بە مەرج بۆ پێدانی سەرمووچە بە فەرمانبەران، چونکە لەبنەڕەتدا مەرجی هەڵسەنگاندنی فەرمانبەر بۆ پێدانی سەرمووچە دەگەڕێتەوە بۆ رێنمایی ژمارە (١٦)ی ساڵی ١٩٦٠ کە بەپێی ماددەی (٥)ی یاسای راژەی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠ بووە، بەڵام ئەم ماددەیە بەپێی مادەی (٢٠)ی یاسای مووچە ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ هەڵوەشاوەتەوە هەروەک لە گشتاندنەکەشدا ئاماژەی پێکراوە، بۆیە لەدوای دەرچوونی یاسای مووچەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ وەزارەتی دارایی عێراق بە هەڵە و بە نایاسایی کاری بە پڕکردنەوەی فۆرمی هەلسەنگاندن کردووە بۆ پێدانی سەرمووچە بە فەرمانبەران.
دووەم:
پێدانی سەرمووچە بە فەرمانبەران بەپێی ماددەی (٥)ی یاسای مووچەی فەرمانبەران گرێنەدراوە بە هیچ مەرجێکەوە و تەنها بە تەواوکردنی یەک ساڵی خزمەت فەرمانبەرەکە شایستەی سەرمووچە دەبێت بێ ئەوەی پێویست بەوە بکات هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای فەرمانبەرەکە بکرێت.
سێیەم:
ئەنجومەنی دەولەی عێراق لە بڕیارەکانی ژمارە (٦٣/ ٢٠١٥ ) و (٨١/ ٢٠١٨) بە روونی ئەم بابەتەی یەکلاکردۆتەوە و دووپاتی ئەوەی کردۆتەوە: نابێت بۆ پێدانی سەرمووچە بەفەرمانبەر هەڵسەنگاندن بکرێتە مەرجی پێدانی سەرمووچە.
ڕوونیشی کردۆتەوە، ئێمە لە چاپی دووەمی پەرتووکی شرۆڤەی یاسای راژەی شارستانی لە ساڵی ٢٠٢١ ئەم بابەتەمان شیکردۆتەوە لەبەر رۆشنایی هەردوو بڕیارەکەدا و ئاماژەمان بەوەداوە بۆ پێدانی سەرمووچە بە فەرمانبەر نابێت فۆرمی هەلسەنگاندنی فەرمانبەر بکرێتە مەرجی پێدانی سەرمووچەکە.

