ئایا منداڵەکەت لە کاتی ئازارپێگەییشتندا پێت دەڵێت؟ چۆن هانی بدەیت بۆ قسەکردن؟

زۆرێک لە دایک و باوکان وای بۆ دەچن کە پاراستنی منداڵ تەنها بە ناسینی هاوڕێکانی، چاودێریکردنی ئەو شوێنانەی دەچێتە سەر، و هۆشیارکردنەوەی لە کەسانی نەناسراو دەست پێدەکات. بەڵام پرسێکی گرنگتر هەیە: ئەگەر منداڵ تووشی شتێک بوو کە ترسی خستە دڵی یان ئازاری گەیاند، ئایا هەستی بە ئارامیی پێویست دەکات بۆ ئەوەی بۆت باس بکات؟
بێدەنگیی منداڵ لەوانەیە نیشانەی نەبوونی حەزی نەبێت بۆ قسەکردن، بەڵکو لەوانەیە هۆکارەکەی ترس بێت لەوەی کە کەس باوەڕی پێ نەكات، یان بترسێت لە سزادان، یان توانای نەبێت ئەوەی ڕوویداوە پێناسە بکات. بۆیە هاوکاریکردنی منداڵ بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکانی تەنها لە کاتی ڕوودانی کێشەکەدا دەست پێناکات، بەڵکو لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و شێوازی کاردانەوەی خێزان بەرامبەر بە هەست و هەڵەکانی دروست دەبێت.

چەند ڕێگەیەک بۆ دروستکردن و قووڵکردنەوەی متمانە لەگەڵ منداڵدا:

  • دڵنیابوونەوە لە متمانە و باوەڕپێکردن: منداڵ کاردانەوەی دایک و باوکی بە باشتر لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە دەخوێنێتەوە. ترس لە کاردانەوەی خەڵک و نەبوونی باوەڕ، یان هەستکردن بە شەرم و تاوانبارکردن، لەو هۆکارانەن کە ڕێگرن لە ئاشکراکردنی ئازارەکان. بۆیە منداڵ پێویستی بەوەیە هەست بکات دەتوانێت بێ ترسی لۆمەکردن و گاڵتەپێکردن قسە بکات.
  • شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەکاندا: کاتێک دانیپێداندان بە هەڵە بە هاوارکردن، سووکایەتیکردن یان سزادان گرێ بدرێت، منداڵ فێر دەبێت کێشەکانی شارەوێتەوە لە جێگەی داوای یارمەتیکردن. پێویستە منداڵ جیاوازی لە نێوان ڕاستکردنەوەی هەڵە و دابینکردنی پشتگیریدا بزانێت.
  • ئاسانکاریکردن بۆ باسکردنی بابەتە هەستیارەکان: قسەکردن لەسەر هەستەکان بە ڕاهێنان ئاسانتر دەبێت، بۆیە گرنگە دایک و باوکان لە منداڵییەوە ئەم گفتوگۆیانە دەست پێبکەن و چاوەڕێی ڕوودانی کێشە نەکەن.
  • فێرکردنی مافی وتنی “نەخێر”: پێویستە منداڵ تێبگات لە سنووری جەستە و مەودای کەسیی خۆی، و مافی هەیە ڕەتیکاتەوە دەستلێدان یان باوەشکردنێک کە بێزاری بکات، تەنانەت ئەگەر لەلایەن کەسێکی ناسراو یان گەورەشەوە بێت.
  • دابینکردنی سات و کاتی پێویست بۆ قسەکردن: پێویستە دایک و باوک بە هێمنی گوێ بگرن و بەبێ پچڕاندن و خێرا لێپرسینەوە کات بدەن بە منداڵەکە تا هەستەکانی خۆی دەرببڕێت.
  • چۆنیەتیی کاردانەوە کاتێک منداڵ راستییەکان دەگێڕێتەوە: کاتێک منداڵ ڕووداوێکی ئازاربەخش باس دەکات، ساتێکی هەستیارە و پێویستی بە دڵنیایی هەیە کە قسەکانی نابنە هۆی لۆمەکردن. دەکرێت پێی بگوترێت: “دەستخۆش کە پێت وتمن” و “ئەوەی ڕووی دا تاوانی تۆ نییە”.
لە کۆتاییدا، هەرچەندە دایک و باوکان ناتوانن دڵنیابن لەوەی منداڵ هەموو شتێک دەگێڕێتەوە، بەڵام دەتوانن پەیوەندییەک بونیاد بنێن کە تیایدا منداڵ دڵنیا بێت لەوەی قسەکردن بە مانای سزادان، گاڵتەپێکردن یان لەدەستدانی خۆشەویستی نایەت.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە