تێچووی پاسپۆرت زیادیکرد

تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیادکرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەبێ ڕاگەیاندنی پێشوەختە یان دەرکردنی ئاگادارییەکی فەرمی، تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە سیستمەکەدا زیادکرا، ئەمەش نیگەرانیی لای بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت و هاووڵاتیان دروستکردووە.

عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە کاتی دەستبەکاربوونی ڕۆژانەیاندا بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، تێبینییان کردووە نرخەکە لە ناو سیستمەکەدا گۆڕدراوە.

بەپێی بڕیارە نوێیەکە،  تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە ٩١ هەزار دینارەوە بۆ ١٠١ هەزار دینار بەرزکراوەتەوە (١٠ هەزار دینار زیادکراوە)، و  بڕیارەکە ڕاستەوخۆ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

 بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، زیادکردنەکە تەنها لە ڕێگەی سیستمەکەوە کراوە و هیچ فەرمانێکی فەرمی یان گەڕانەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە نەبووە.

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم بڕیارە لەگەڵ بارودۆخی دارایی هاووڵاتیاندا ناگونجێت، چونکە لە جیاتی کەمکردنەوەی بارگرانی، تێچووەکە زیاتر کراوە؛ بە جۆرێک ئەگەر خێزانێکی ١٠ کەسی بخوازن پاسپۆرت دەربهێنن یان نوێی بکەنەوە، دەبێت زیاتر لە ملیۆنێک دینار خەرج بکەن.

دەربارەی بەخشینی تووشبووانی نەخۆشییە تایبەتەکان، عەمید سالار باسی لەوە کرد کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە نووسراوی فەرمی داوایان کردبوو تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە و منداڵانی ئۆتیزم لە تێچووی پاسپۆرت ببەخشرێن، بەڵام لە وەڵامدا پێیان ڕاگەیەنرابوو کە بڕیارێکی لەو شێوەیە دەبێت لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەربچێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە