د. محەمەد ئەمین
ئەگەر جاران ئەم وتەیە ئەوترا ،کە ئەم وەلاتە دەولەمەندە، کە دارستانی هەبیت ،ئەوا ئەمرۆ ئەوتریت ئە وەڵاتەی دارستانی هەبێ نەک هەر دەوڵەمەندە، بەلکو تەندروستیشە وە مەرجە بۆ بوونی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ژیانی هاوچەرخ.
دارستان بۆ ناوچە گوندنشینەکان گرنگیەکی ژیانی هەیە چونکە زۆر لایەنی گرنگی ئابووری جۆراوجۆری هەیە بۆ دانیشتوان لە گەڵ پاراستنی ژینگەی بنەڕەتی بە دروست کردنی پەرژینی سەلامەتی جێی متمانە بۆ بژێوی و مانەوە لە ژیان .بۆ نمونە لە کوردوستان دارستانەکان سەرچاوەی فەراهەم کردنی خۆراکن هەروەها شوێنی مۆلگە و لەوەڕگان بۆ زۆر جۆری ئاژەڵی ماڵی وەک بزن ،مەڕ وە رەشە وەڵاخ ، هەتا بالندە وئاژەڵی کێویش لە گەڵ زۆر جۆر روەک کە بە بێ دارستان ئەمانە ناتوانن بەردەوامی بە ژیان بدەن وەهەتا هەندی جۆری روەک و بالندە بێ دارستان توشی هەرەشەی لە ناو چوون ئەبن . گرنگی دارستانەکان بۆ ئابووری ،بە گویرەی زۆر سەرچاوە بزوێنەرێکی سەرەکی ئابووری جیهانین، ساڵانە زیاتر بە ۱.۳ تریلیۆن دۆلار بەشداری دەکەن لە بەرهینانی ئابوری دا وە زیاتر لە ۳۳ ملیۆن کەس ڕاستەوخۆ لە کارە فەرمیەکانی دارستانەکاندا کاردەکەن (لەگەڵ دەیان ملیۆن کەسی دیکە لە ڕۆڵی نافەرمیدا).*
ئیکۆلۆژی و سستەمی ژینگەیی زانیاری سەرەتایی لە زانستە سروشتییەکانی وەک فیزیا، بایۆلۆجی، کیمیا و ئیکۆلۆژیدا پێویستە بۆ ئەوەی تێبگەین چی بەسەر زەویدا دێت،لە بەر ئەوە دارستانەکان بۆ سستەمی ژینگەیی (Ecosystem) گرنگیان ، چونکە کەشوهەوای جیهانی ڕێکدەخەن و بڕێکی زۆر کاربۆن هەڵدەگرن و زیاتر لە ٨٠%ی جۆراوجۆری زیندووەکانی زەوی لەخۆدەگرن کە ئاو وخاکی پاک دەپارێزن.
جۆراوجۆری زیندوو پێویستە وە مەرجە بۆ پاراستنی ژیان و بوون چ لە سەر ئاستی لۆکالی یا جیهانی ، نمونەی لۆکاڵی نەهێشتنی دارستانەکانی بادینان وە ریشە کێش کردنی سستەمی ژینگەی، کە دەبیتە هۆی نەمانی جۆراو جۆری زیندو لەم ناوچەیە بە مرۆڤیشەوە، ئەگە ربەجۆری لە جۆرەکان جاریکی تر لەم شوێنەی ئەم ۹ ملیون دارەی براونەتەوە نەکریتەوە بە دارستان وەک خۆی . بەبێ ڕێژەیەکی زۆرو فراوان لە ئاژەڵ ، ڕووەک ،پەلەوەر، وردە زیندەوەرکان، ناتوانین ئەو سستەمە ژینگە تەندروستانەمان هەبێت کە پشتی پێدەبەستین بۆ ئەوەی ئەو هەوایەمان بۆ دابین بکات کە هەناسەی پێدەدەین و ئەو خۆراکانەی دەیخۆین.
وە لەسەئاستی جهیانیش لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو بۆتە گرفت و قەیرانێکی جیهانیی، کە بەهۆی مرۆڤەوە دروست بووەلەگۆڕینی سستەمی ژینگەی سروشتییەوە ،وە لە ئێستادا ڕێژەی لەناوچوون ١٠ بۆ ١٠٠ هێندە زیاترە لە هێڵی بنەڕەتی سروشتی. گۆرینی سستەمی ژینگەی سروشتی لە کوردوستان لە ۲۰۰۳ ەوە بە خێرایی هەستی پێ ئەکرێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لە سەر گۆڕینی سستەمی ژینگەیی وە دیمەنی سستەمی ژینگەیی،کە بوەتە هۆی نەمانی جۆراوجۆری ژیان لە زۆر شوین.**
دارستانەکان هاوسەنگی کە ش وهەوا وە سستەمی ژینگەیی و جۆراوجۆری ژیان ئەپاریزن ،کە بەم هۆیەوە داهاتوی ژیان و ئابوری بۆ سەر زەوی مسۆگەر ئەکەن. زیاتر لە دوو دەیەیە لە ناوەدەکانی زانستی ، کۆمەڵگای مەددەنی وە یاسا دانەرانەوە هەوڵ ئەدریت ،کە هەر کاریک ببێتە هۆی نەمانی دارستان وەک تاوانێکی جیهانی بناسرێت هاوتای تاوانەکانی تر وەک تاوانی وەشەڕ، کۆمەڵ کوژی ..هتد
بە شێکی زۆری برینەوەو نەمانی دارستانەکان پەیوندی بە گەندەلیەوە هەیە کەلە لایەن دەسەلات دارانەوە ئەنجام ئەدریت بۆ سودی خۆیان بە تایبەت لە وەڵاتانی جهیانی سێ کە زۆربەیان دیکتاتۆرین وە دەولەتی قانون وە سستە م و دامەزراوەی دیموکراسی بوونی نیە ،جگە لەمەش خەڵک بەشداری نیە لەهیچ بڕیارێکی سیاسی و ئابووری و کارگێری دا، هەربۆیە دژایەتی گەندڵی بە شێکە لە پاراستنی دارستانەکان، ژینگە وە داهاتووی وەڵات .
ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە گەلان بە ڕوونی سزای ئیکۆساید یان سزای تاوانکاری قورسیان بۆ زیانەکانی ئیکۆلۆژی لە یاسای سزادان یان یاسا نیشتمانییەکانیاندا کۆد کردووە:
لە دانیمارک وەک نمونە چەمکی تاوانی دارستانبڕین لە دوو لایەنی سەرەکیدا پۆلێن دەکرێت: ڕێساکانی ژینگەیی ناوخۆیی (بڕینی بێ مۆڵەت لە ناوخۆی وڵاتدا) و لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ دارستانبڕینی جیهانی (هاورەدان و بەکارهێنانی نایاسایی کاڵاکان کە بەستراوەتەوە بە لەناوبردنی دارستانەکانی جیهانی).بۆیە لە کوردەستانیش لانی کەمی یاسای پاراستنی دارستان لە سەر ئاستی ناوخۆ گەڵاڵە وە پەیرەوبکرێت بە پێوەرە جیهانیەکان وە بێ لە بەرچاو گرتنی پێگە وە دەسەلاتی دەسەلات داران.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم روون کردنەوانەی سەرەوە برینەوەی دارستانەکانی بادینان تاوانە، وە هەموو ئەوانەش ،کە بەشدارن لە بریار بۆ فرۆشتن، کرین، برینەوە، گواستنەوە وە یان هەرئاسان کاریەک لە سەر هەر ئاستێک ، لایەن وە هەر کەسێکەوە بۆ ئەنجام دانی ئەم کارە بەشدارە لە تاوان،
دەسە لاتێک نەتوانێ پارێزگاری لە دارستەکانی بکات ناشتوانی پارێزگاری لە ژیانی هاولاتیان وە داهاتوی وەلات بکات، بۆیە پرسیاری جددی لە سەرە لە سەر رەوایەت بوونی وە مانی .لە بەرئەوە گرنگە وە پێویستە ڕای گشتی کوردی دروست ببێت تادەنگ و کاریگەری هەبیت لە هەمبەر پرسە گرنگەکانی نەتەوەو نیشتیمان .
*https://l1nk.dev/cQWCDKE
**https://acesse.one/UAYgog1
